بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
وەرزش لە ئۆردوگای سەحنە (ئۆردوگای سەفید چیا، یان سەفید چەقای سەحەنە) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢. ژمارەیەک لە وەرزشەوانان و یاریزانانی هەڵەبجە لەم ئۆردوگایە سەرگەرمی مەشق و ڕاهێنان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە و بەشداریکردن لە خولی وەرزشی تۆپیپێ لە دەرەوەی ئوردوگا بوون. تەنها یەک تیپی لەخۆگرتووە، بە ناوی: تیپی ئاوارەکانی ئۆردوگای سەحنە. تۆپیپێ و تۆپی بالە دوو یاریی سەرەکی و وەرزشی ئۆردوگا بوون. شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشانە.
چالاکیی وەرزشەوانان و یاریزانانی هەڵەبجە و دەوروبەری لەم ئۆردوگایە دەگەڕێتەوە بۆ چەند قۆناغێک: یەکەم: ساڵی ١٩٧٤ لە کاتی ئاوارەبوونی دانیشتووانی هەڵەبجە و دەوروبەری بۆ وڵاتی ئێران، لە ئۆردوگای سەریاس سەر بە شاری پاوە گیرسانەوە و نیشتەجێبوون، یاریزانان و وەرزشەوانانی هەڵەبجە تیپیان پێکهێنا و کەوتنە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانە لەگەڵ تیپەکانی ناحیە و شارەکانی دەوروبەری ئۆردوگای سەریاس و پاوە و کرماشان. وەک لە یارییەکانی: تۆپیپێ و تۆپی بالە، ژمارەیەک یاریزانی بەتوانا و لێهاتووی هەڵەبجەیی لەو قۆناغەدا هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی شارەکانی وەک سلێمانی و خانەقین، کە ئەوانیش ئاوارە بووبوون و لە هەمان ئۆردوگا نیشتەجێبوون. پێکەوە تیپیان دروستکرد و مەشق و ڕاهێنان و یارییان ئەنجامدەدا. پاشان گوازرایەوە بۆ (ئۆردوگای ئەنزل) نزیک شاری قەسری شیرین، لەم ئۆردوگایەش مەشق و ڕاهێنان و چالاکیی وەرزشییان ئەنجامدەدا، پاش ماوەیەک گەڕانەوە بۆ کوردستانی عێراق و جارێکی تر لە هەڵەبجە وەرزشەوانان و یاریزانەکان کەوتنەوە چالاکی و جموجوڵی وەرزشی. دووەم: ساڵی ١٩٨٧ نزیکەی دە هەزار کەسی شاری هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوون و لە ئوردوگای سەریاسی سەر بە قەزای پاوە و چەند شوێنێکی تر نیشتەجێبوون، پاشان وەرزشدۆستان و یاریزانانی هەڵەبجەیی، تیپی وەرزشی تۆپیپێیان دامەزراند و لەگەڵ گوند و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری یارییاندەکرد. تیپی وەرزشی تۆپیپێی ئاوارەکانی ئۆردوگای سەریاس لە ماوەیەکی کەمدا بوونە یەکێک لە تیپە بەهێزەکانی ناوچەکە و لەگەڵ شارەکانی وەک: پاوە، ڕوانسەر، جوانرۆ و کرماشان و هەروەها لەگەڵ تیپی گوندەکانی دەوروبەری ئۆردوگادا، یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا. سێیەم: ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە ناپاڵم و چەکی کیمیاوی لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨دا، دانیشتوانی شار ژمارەیەکی زۆریان لێ شەهیدبوون، لەناو شار و دەوروبەری، ژمارەیەکی زۆری تر بە شێوەیەکی گشتی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوونەوە و لە چەند ئۆردوگایەکدا نیشتەجێکران، لەوانە ئۆردوگای سەریاس لە پاوە، ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانان و وەرزشەوانی شار، لەم ئۆردوگایەش نیشتەجێبوون و دەستیانکرد بە چالاکی و مەشق و ڕاهێنان و پاشان ئەنجامدانی یاریی دۆستانە لە تۆپیپێدا، تیپە میللییە وەرزشیەکانی تۆپیپێ لەم قۆناغەدا لە ئۆردوگای سەریاس، ئەمانە بوون: ئاوارە، ڕاستی، قوتابیان، بێکەس، ئاشتی، بەڵێن. ئەم تیپە وەرزشییانە لەگەڵ تیپەکانی تری ئۆردوگاکانی تر بە شێوەی هاتن و چوون لەگەڵ تیپەکانی شار و شارەکانی تری دەوروبەری خۆیان، یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا و لە خولەکانیان بەشداردەبوون لە یاریی تۆپیپێ و تۆپی بالە بەتایبەت.
ئەو وەرزشەوانانەن پاش کیمیابارانی هەڵەبجه، ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩١ لە ئۆردوگای سەقز ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا و لەگەڵ تیپەکانی شاری سەقز و دەوروبەریدا، پەیوەندیی وەرزشیان هەبوو. تیپە وەرزشیەکانی ئۆردوگای سەقز ئەمانە بوون: لاوان، شەهیدان، سەرگەڵو، قەندیل. ساڵی ١٩٨٩ خولێکی تۆپیپێ بە بۆنەی یادی شەهیدانی هەڵەبجە بۆ دوانزە تیپی بەهێزی شاری سەقز لە یاریگای نێودەوڵەتیی ئەم شارە بەڕێوە چوو، لە کۆتاییدا تیپی وەرزشی قەندیل لە ئۆردوگای سەقز و تیپی پیروزیی سەقز، گەیشتنە یاریی کۆتایی، یارییەکە بە ئەنجامی یەک بە سفر بە بردنەوەی تیپی وەرزشی پیرووزی کۆتاییپێهات.
ئەو وەرزشەوانانەن، کە پاش کیمیابارانی هەڵەبجه، ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای سەلاسی باوەجانی ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانەیان ئەنجامداوە و لە خولی نێوخۆیی ئۆردوگا و شارەکانی دەوروبەریان بەشدارییاندەکرد. تیپە وەرزشییەکانی ئەم ئۆردوگایە بریتیبوون لە: تیپی وەرزشی مەولەوی، تیپی وەرزشی ئاوارەکانی ئۆردوگای سەلاسی باوەجانی.
ئەو وەرزشەوانانەن، پاش کیمیابارانی هەڵەبجە، ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای شاری سنغوری کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانەیان لە یارییەکانی تۆپیپێ و تۆپی بالە و تۆپی سەرمێز، ئەنجامداوە. خولی نێو ئۆردوگایان ڕێکدەخست و جارجار لە خولەکانی شاری سەنغور و دەوروبەری بەشدارییانکردووە. چەندین یاریزانی بەتوانا و لێهاتووی هەڵەبجەیی لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم ئۆردوگایەدا نیشتەجێبوون. تیپەکانی ئۆردوگای سەنغوری کولیایی ئەمانە بوون: ١ - هەڵبژاردەی ئۆردوگای سەنغوری کولیایی. ٢ - تیپی وەرزشی هیجرەت. ٣ - تیپی وەرزشی کوردستان. ٤ - تیپی وەرزشی حەمرین. ٥ - تیپی وەرزشی هەڵۆ. ٦ - تیپی وەرزشی برایەتی. ٧ - تیپی وەرزشی ئاسۆ. ٨ - تیپی وەرزشی پەیام. ٩ - تیپی وەرزشی کۆچەر. ١٠ - تیپی وەرزشی ئاوارەکان.
ئەو وەرزشەوانانەن، کە پاش کیمیابارانی هەڵەبجە ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای کامیاران ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانەیان لە نێو خۆیاندا و لەگەڵ تیپەکانی شاری کامیاران و گوندەکانی دەوروبەریاندا ئەنجامداوە و لەگەڵ یاریزانانی ئۆردوگاکانی تردا پەیوەندییان هەبووە و بە شێوەی سەردانیکردنی یەکتری، یان هاتن و چوون، یاریی دۆستانەیان پێکەوە ئەنجامداوە و لە هەندێک خولیشدا، کە لە ئۆردوگایەک ڕێکخرابێت، بەشداربوون. ژمارەیەک یاریزانی بەتوانا و لێهاتووی لەخۆگرتبوو، کە زۆر جار بۆ یارییە بەهێزەکان لە لایەن تیپەکانی شاری کامیاران و دەوروبەرەوە بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی یارییان بۆ بکەن. بە گشتی شاری کامیاران دوو ئۆردوگای لەخۆدەگرت، ئەوانیش: (شەهرەک و وەرمەهەنگ) بوون. هەردوو ئۆردوگاکە بە دووریی کیلۆمەترێک یان کەم تریش لە شارەوە نزیکبوون. تیپی هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهرەک تیپێکی بەتوانا و ئاستبەرزبوون، هەروەها تیپی وەرزشی هیجرەت لە ئۆردوگای شەهرەک لاوانی هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهرەک بوو.
ئەو وەرزشەوانانەن، کە پاش کیمیابارانی هەڵەبجە ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای کەنگاوەری سەر بە پارێزگای کرماشان ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە بوون، هەروەها هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهیدانی هەڵەبجە لە خولەکانی شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەریاندا، کە ڕێکیاندەخست، بەشدارییاندەکرد. بە هۆی بەشداریکردنێکی تیپی هەڵبژاردەی ئۆردوگا، هەمیشە خولەکان تام و چێژی تایبەتیان هەبوو، چونکە ململانێ و کێبرکێی وەرزشی لە نێوان تیپی ئۆردوگا و تیپەکانی تر دروستدەبوو، پەیوەندیی وەرزشی ئەم ئۆردوگایە لەگەڵ ئۆردوگاکانی تردا هەبوو، بە شێوەی هاتن یان ڕۆشتن یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا. لەم ئۆردوگایەدا ئەم تیپانە هەبوون: ١ - تیپی هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهیدانی هەڵەبجە (ئۆردوگای گەلیارانی کەنگاوەر) ٢ - تیپی وەرزشی مەولەوی. ٣ - تیپی وەرزی نەوڕەسی. ٤ - تیپی وەرزشی برایەتی. ٥ - تیپی وەرزشی شنروێ. ٦ - تیپی وەرزشی هیجرەت. ٧ - تیپی وەرزشی زەورا. ٨ - تیپی وەرزشی پەرلەمان. تیپی ئۆردوگا لەگەڵ ژمارەیەک تیپی بەهێزی گوندەکان و شاری کەنگاوەر یاریکردووە. نمونەی تیپەکانی شاری کەنگاوەر ئەمانەن: ئاناهیتا، هیلال ئەحمەر، فەرمانداری، عوقاب. تیپی گوندەکان وەک: حسێن ئاباد، تاهیر ئاباد، کوچە، گۆدین، دوم بادام، سەراوفەرش. یاریی تۆپیپێی و تۆپی بالە و تۆپی سەرمێز، یاریی سەرەکیبوون لەم ئۆردوگایەدا. هەندێک لەو وەرزشدۆست و وەرزشەوان، یان یاریزانانەی، کە سەرەڕای ئەوەی خۆیان یاریزان بوون، وەک سەرپەرشتیار، یان ڕێکخەر و هەڵسوڕێنەر بوون، لە وەرزشی ئۆردوگادا، لەوانە: عەلی سەعید ئەحمەد (عەلی مامە سەعید)، عوسمان حەمەئەمین، لوقمان عەبدوڵا سادق، سۆران عەبدوڵا سادق، ئەحمەد حەمەئەمین مستەفا، مەحموود حەمەئەمین مستەفا، حەمید عەبدولقادر، قارەمان عەبدوڵا، ئەمجەد حەمە تۆفیق ئەبوبەکر، بەهجەت تۆفیق ئەبوبەکر، ڕزگار ڕەشید، حەسەن حەمەمین ناوخاس، حەمید حەمە ڕەشید عەبدوڵا، فازیل ئیبراهیم، عەتا حەمە شەریف، ئەرسەلان کاکەبرا. ئەوانەی، کە دەبوونە ناوبژیوان بۆ بەڕێوبردنی یارییەکان لە ئۆردوگا، چەند کەسێک بوون، لەوانە: حەسەن حەمەئەمین، غالب حەمەساڵح، شوان ئەفراسیاب عەلی.
ئەو وەرزشەوانانەن، کە پاش کیمیابارانی هەڵەبجە ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشان ژیاون. چالاکیی وەرزشییان لە یارییەکانی تۆپیپێ و تۆپی بالە و تۆپی سەرمێزدا هەبووە و چەندین یاریی دۆستانەیان ئەنجامداوە و بەشدارییان لە خولی نێوخۆیی ئۆردوگا و خولی دەوروبەریاندا کردووە و پەیوەندیی وەرزشییان لەگەڵ تیپ و یاریزانانی ئێرانیدا هەبووە. لە خولەکاندا پێکەوە یارییانکردووە و ململانێی وەرزشی لە نێوانیاندا هەبووە، لە کاتی یاریکردنی هەردوو تیپی وەرزشی ئۆردوگای هەرسین و تیپی شاری هەرسیندا، جەماوەرێکی زۆر ئامادە دەبوون.
وەرزشەوانان و یاریزانانی هەڵەبجە و خورماڵ و سیروان دوای کیمیاباران، چالاکی وەرزشییان لە یارییەکانی تۆپیپێ و تۆپی بالە لە ئۆردوگای ( هەزارخانی) سەر بە شاری مەریوان ئەنجامداوە. بە شێوەیەکی گشتی لە ئۆردوگا تییەکان بە ناوی گوندەکانیانەوە ناونراون و ئەم تیپانە هەبوون: ١ - تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی ئەحمەدئاوا ٢ - تیپی وەرزشی برایەتی ٣- تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی دەرەیمەڕ ٤- تیپی وەرزشی تۆپیپێی زەڵم ٥- تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی سەرگەت ٦- تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی گوڵپ ٧- تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی گەچێنە ٨- تیپی وەرزشی غەمبار ٩- تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی هانەی قوڵ ١٠- تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی هێڵانپێ خولی ئۆردوگادا ملمڵانێی قورس لە نێوان برایەتی و غەمباردا بووە. ئەم تیپە وەرزشیانە بە شێوەی هاتن و ڕۆشتن لەگەڵ تیپەکانی تری ئۆردوگاکاندا تیپە میللییە وەرزشییەکانی گوند و شار و شارۆچکەکانی دەورووبەریاندا، پەیوەندیان هەبوو و سەردانی یەکتریان دەکرد و یاری و چالاکیی دۆستانەیان ئەنجامدەدا، لە کاتی بەشداری لە خولی دەرەوەی ئۆردوگا بە ناوی هەڵبژادەی ئاوارەکانی ئۆردوگاوە بەشدارییانکردووە.
لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڕێگەی وڵاتی ئێرانەوە چەند خێزانێکی هەڵەبجەیی کۆچدەکەن بۆ وڵاتی پاکستان لە ولایەتی بلوجستان و لە شاری کوەیتە نیشتەجێدەبن، لەنێو ئەم چەند خێزانەدا چەند وەرزشەوانێکی هەڵەبجەیی بەتوانا و لێهاتوو درێژە بە کار و چالاکیی وەرزشی دەدەن و تیپێک بە ناوی تیپی وەرزشی کوردستان لە پاکستان لە شاری کوەیتە دادەمەزرێنن و مەشق و ڕاهێنان و یاری دۆستانە ئەنجامدەدەن و لە خولەکانی پاکستاندا بەشداریدەکەن. یاریزانە هەڵەبجەییەکان یارییەکانی تۆپیپێ، تۆپی بالە، تۆپی باسکەیان لە گۆڕەپانی ئەیوب ستادیۆم ئەنجامدەدا. باشترین یاریزانەکانی تۆپیپێ لە پاکستان ئەمانە بوون: عوسمان حەمەئەمین مەحموود، مەحموود حەمەئەمین مەحموود، ئەبوبەکر مەحموود، فەرهاد مەحموود شەریف، فوئاد مەحموود شەریف. ساڵی ١٩٩١ - ١٩٩٤ عوسمان حەمەئەمین مەحموود لە دوو خولی تۆپیپێ لە ویلایەتی بلوجستانی پاکستان خەڵاتی باشترین یاریزانی پێبەخشرا.
وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٦٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، تا پۆلی دووەمی ناوەندی خوێندووە. لە سەردەمی خۆیدا، یاریزانێکی دیاری تۆپیپێ بووە. ساڵی ١٩٧٩ لە تیپی تازەپێگەیشتووان و پاشان لە تیپی مەڵبەندی لاوان و دواتر لە تیپی وەزشی سیروانی هەڵەبجە و پاشان لە تیپی وەرزشی خەباتی هەڵەبجە، یاریکردووە. لە کاتی ئاوارەییدا لە ئۆردوگای سەریاسی پاوە، یاری بۆ تیپی وەرزشی ئاوارە کردووە. لە شاری سلێمانی بۆ تیپی وەرزشی سەروو یاریکردووە. یاریی بۆ یانەی وەرزشی هەڵەبجە کردووە، تا ساڵی ١٩٩٤ بەردەوامبووە.
وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (وەهبی غەفور شەریف محەممەد)ە. ساڵی ١٩٤٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پۆلی سێهەمی ناوەندییە لە سلێمانی. لە ئێستادا خانەنشینە. ژیانی وەرزشی لە قوتابخانەکانی هەڵەبجە و بە یاریی تۆپیپێ دەستپێکردووە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (تیپی وەرزشی نەبەز، تیپی وەرزشی هیوا).
وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (وەهبی مستەفا محەممەد ئەمین)ە. ساڵی ١٩٥٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠ ئامادەیی پیشەسازیی سلێمانی تەواوکردووە. ئەو تیپە میللییە وەرزشیانەی، کە یاری تێدا کردوون، ئەمانە بوون: تیپی وەرزشی چیمەن ساڵی ١٩٧٠، تیپی وەرزشی لاوانی هیوا، تیپی وەرزشی هیوای هەڵەبجە، هەروەها لە هەڵبژاردەی پەروەردەی سلێمانی و هەڵبژاردەی هەڵەبجەدا یاریکردووە و چەند یارییەکیشی بۆ تیپی وەرزشی مەولەوی سلێمانی ئەنجامداوە.
وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، ساڵی ١٩٨٨، پەیمانگای تەکنەلۆژیی بەغدادی تەواوکردووە. لە سەردەمی خۆیدا یەکێک بووە لە یاریزانە بەتوانا و دیارەکانی شار. لە دەستەی دامەزرێنەری تیپی شنروێ بووە. لەم تیپانەدا یاریکردووە: لە ساڵی ١٩٧٩ لە تیپی وەرزشی مەولەوی، مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە، تیپی وەرزشی شنروێ، هەڵیژاردەی تۆپیپێی هەڵەبجە، یانەی وەرزشی هەڵەبجە. لە ئێستادا وەک یاریزانی دێرین یاریدەکات.
یاریزانی (ئەکادیمای کاراتیی خورماڵ)ـە. ساڵی ٢٠٠٨ لەدایکبووە. خوێندکاری پۆلی دەیەمی زانستییە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لە (ئەکادیمای کاراتیی خورماڵ) دەستی بە یاریکردووە و پشتوێنی (ڕەشی دان یەکی) هەیە. بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی کردووە، لەوانە: ساڵی ٢٠١٩ پلەی دووەم لە پاڵەوانیەتیی کاراتی لە تاران، هەمان ساڵ پلەی سێیەم لە پاڵەوانیەتیی کوردستان لە خورماڵ. ساڵی ٢٠٢٣ لە پاڵەوانیەتیی کاراتیی یانەکانی باکوری عێراق لە سلێمانی پلەی دووەم و لە پاڵەوانیەتیی هـەڵبژاردەی عێراق لـە شـاری بەغداد پلـەی یـەکـەمـی بەدەستهێناوە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (یاسین ڕەسوڵ عوسمان عارف)ـە. ساڵی ١٩٦٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی وەرزشی خانەی مامۆستانی سلێمانی و کۆلێژی پەروەردەی زانکۆ، بەشی مێژووی تەواوکردووە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: ساڵی ١٩٨٠ لە تیپی وەرزشی میللیی سپۆرت و ساڵی ١٩٨٤ لە تیپی وەرزشی میللیی شنروێ لە هەڵەبجە، لە پاش کیمابارانکردنی هەڵەبجە لە تیپی وەرزشی ڕێبینی سلێمانی. ساڵی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٠ لە تیپی وەرزشی ئاوارەکان لە ئۆردوگای گردەچاڵ لە هەولێر یاریکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١ سکرتێری یانەی وەرزشی دەربەندیخان بووە، لە شاری دەربەندیخان تیپی وەرزشی سیروانی دامەزراندووە، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یانەی وەرزشی گەرمیان لە دەربەندیخان، پاشان ئەم یانەیە لەگەڵ یانەی وەرزشی دەربەندیخان یەکیانگرت. لە ئێستادا سەرپەرشتیاری پەروەردەیی یەکەی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و ڕاوێژکاری کاری خێرخوازی و ڕۆشنبیری و وەرزشییە لە گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (یاسین عەبدوڵا تاماس ڕۆبیتان)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (دەلێن) لەدایکبووە. دەرچووی قۆناغی ئامادەییە. لە ئێستادا کارمەندە لە وەزارەتی ناوخۆ. ژیانی وەرزشی لە شارۆچکەی سیروان بە یارییەکانی تۆپیپێ، تۆپی بالە، تۆپی باسکە، گۆڕەپان و مەیدان، لە قوتابخانەوە دەستپێکردووە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (هەڵبژاردەی تۆپیپێی سیروان، کوردستانی هەڵەبجە، زێڕینی سلێمانی).
ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی سەڵاحەدین. پیشەی مامۆستای وەرزشە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە دەستی بە وەرزش کردووە. لە یانەی وەرزشی پەیام، یاریزانی کیک بۆکس بووە. ساڵی ١٩٩٧ لە کێشی ٤٨ کیلۆ پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی قەزا و ناحیەکانی سلێمانی بەدەستهێناوە. یاری بۆ یانەی وەرزشی هەولێر کردووە. ساڵی ٢٠٠١ هەڵبژێرراوە بۆ لاوانی عێراق و هەمان ساڵ بووە بە خاوەنی پشتێنی ڕەشی دان یەک. ساڵی ٢٠٠٧ یەکەمی یانەکانی سلێمانی بووە و دەستنیشانکراوە بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە کێشی ٦٧ کیلۆ، ساڵی ٢٠١١ بووە بە خاوەنی پشتێنی ڕەشی دان سێ. چەند خولێکی دادوەری و ڕاهێنەری لە یاری کیک بۆکسینگ بینیوە.
یاریزانى کاراتیى (فێرگەى کچانى خورماڵ)ـە. ساڵی ٢٠٠٨ لە شارۆچکەی (خورماڵ)ی سەر بە پارێزگای (هەڵەبجه) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ تەواوکردووه. لە ئێستادا خوێندکاری نۆی بنەڕەتییە. ساڵی ٢٠٢٢ پەیوەندیکردووە به فێرگەی کاراتیی کچانی خورماڵەوە. ساڵی ٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی، لە تەمەنی ١٤ ساڵ و ١٥ ساڵدا، بەشداری پاڵەوانێتیی عێراقی کردووە و توانیویەتی خەڵاتی سێیەم له ئاستی یاریی کاراتیی کاتا بەدەستبهێنێت.
ساڵی ٢٠٠٠ لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی تەواوکردووە. نزیکەی ١٠ ساڵە دەستی بە یاری کاراتی کردووە و خاوەنى پشتوێنى ڕەشى دان دووە. بەشدارى چەندین پاڵەوانیەتى کردووە و ئاستی باشی بەدەستهێناوە، لەوانە: ساڵی ٢٠١١ پلەی سێیەم لەسەر ئاستی کوردستان لە شاری سلێمانی. ساڵی ٢٠١٢ پلەی دووەم لەسەر ئاستی کوردستان لە شاری سلێمانی. ساڵی ٢٠١٣ پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی کوردستان لە شاری هەولێر. ساڵی ٢٠١٤ پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق لە شاری دهۆک. ساڵی ٢٠١٥ وەک یەکەم یاریزانی خورماڵ، لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقدا، بەشداری لە پاڵەوانیەتیی عەرەب لە وڵاتی میسر کردووە. ساڵی ٢٠١٥ پلەی سێیەمی لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتیی ئێران لە شاری ئەسفەهان بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٦ پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کوردستان لە شاری سلێمانی. ساڵی ٢٠١٧ پلەی دووەم لە سەر ئاستی عێراق لەشاری کەرکوک. هەمان ساڵ پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق لە شاری بەغداد. ساڵی ٢٠١٨ پلەی دووەم لەسەر ئاستی کوردستان لە شاری سلێمانی. ساڵی ٢٠٢٠ پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە.