بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٩ بەشداری بەرنامەی کوردستاری لە تەلەفزیۆنی کوردسات کردووە. دواتر یەکەم ئەلبومی گۆرانیی خۆی بەناوی (تاج) لەسەر ئەرکی کوردسات و دواتر ئەلبومی دووەمی بەناوی (هەتادەمرم) بڵاوکردووەتەوە. بە تەنها و لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەشدا گۆرانی هەیە. لەوانە لەگەڵ ناسری ڕەزازی، ئاڤان عوسمان، مەریوان سەفادین. لە چەندین فیستیڤاڵ لە ناوەوە و دەروەی کوردستاندا بەشداریکردووە. لەگەڵ تیپی مۆسیقای شنروێ و سلێمانی و چەند تیپی تر بەرهەمەکانی پێشکەشکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی کارمەندی کۆمپانیایەکی ئەهلییە.
ناوی (ئازاد کەریم عەلی ڕەسوڵ). ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (شێخ هۆمەر)ی شارەزوور لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە. لە بواری مۆسیقا و گۆرانیدا کاریکردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە. لە هۆنراوە و ئاوازوتن، ئاواز و هۆنراوەی هونەرمەندانی تر و فۆلکلۆریشی وتووە. هەندێک لەوانە: (چاوەڕوانی، کاڵێ، تا ئومێدی کە بە ژیانی پڕ لەمەینەتە لەناو خەڵکدا ناسراوە، شەوانی خەم، شەماڵ بیشەنێ، ساقی، بەلەنجە) بەشداری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی کردووە و لەگەڵ تیپەکانی شنروێ، سلێمانی، فۆلکلۆر، گروپی میوزیکی لوڕ و چەند گروپی تر بەرهەمی پێشکەشکردووە. بەرهەمی کاڵێ خەڵاتی باشترین بەرهەمی فیستیڤاڵی کوردساتی لە ٢٠٠٢ وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
گۆرانیبێژ و تفەنگچییە. ناوی (ئەحمەد حەمەحسەین حەمەمراد)ە. ساڵی ١٨٩٠ لە شارۆچەی (بیارە) لەدایکبووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. لەگەڵ گۆرانیبێژە بە ناوبانگەکانی هەوراماندا گۆرانی چڕیووە. داهێنەری چەند بەزم و سیاچەمانەیەکە، لەوانە(با من بچمۆ قاسم خان، بەزمەکەی ئەحمەدی نازارێ). ساڵی ١٩٧٨ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (ملەی چنار) بەخاکسپێرراوە.
ناوی (ئەدهەم سوبحان جافر مەحموود)ە. ساڵی ١٩٦٩ لە تەوێڵە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٨ پێش کیمیابارانی هەڵەبجە لە شاری بەغداد کاسێتێکی گۆرانیان لەگەڵ هونەرمەند(یونس میرزا) تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ چەند هونەرمەندێک لە ئەڵقەیەکی بەرنامەی (کەشکۆڵ) لە تەوێڵە بەشداربووە. ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ نەجمەدین هەورامی دوو گۆرانی بۆ ڕادوێی مەریوان و گۆرانی (مەردا مەردانێ) بۆ تەلەفزیۆنی سۆسیالیست تۆمارکردووە. ساڵی ٢٠٠٣ گۆرانییەکی شێخانە بۆ تەلەفزیۆنی یەکگرتوو تۆمارکردووە. لەگەڵ هونەرمەند نەوزاد نەسروڵڵا لە سیدیەکدا ١٠ گۆرانی بڵاوکردووەتەوە. لە دیدار و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا بەشداربووە و گۆرانی وتووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. لە سلێمانی دەژی و دوکانی(سەرتاشی) هەیە.
ناوی (ئەرسەلان ئادەم عەبدولڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیکردووە بە گۆرانی وتن. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هەڵەبجە و هەورامان گۆرانی وتووە، لەوانە (سەباح هەورامی، حەسەن حسێن، نەوشیروان هەورامی، فەرزاد ئەمینی، ئیسماعیل هانەگەرمڵەیی، وەهبی و یەعقوب سۆسەکانی، عادل هەورامی و... ). چەندین سیدی و کاسێت و کلیپی وێنەگیراوی هەیە. یەکەم کۆنسێرتی لەگەڵ ئاریان کەریم و هۆشیار حەمەفەرەج بووە لە هەڵەبجە. بەشداری دەیان ئاهەنگ و فیستیڤاڵی ئەدەبی و هونەری کردووە و بەرهەمی پێشکەشکردووە. وەک بێژەر لە زنار تیڤی و دێرین تیڤی بەرنامەی پێشکەشکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ناوی (جهانبەخش غەفووری)یە. ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی (دەرەیمەڕه) لەدایکبووە. خوێندنەوە و نوسین فێربووە. لە دایکییەوه دەنگخۆشی بۆ ماوەتەوه و لە تەمەنی پازدە ساڵییەوە دەستی بە گۆرانیوتن کردووە. سەرەتا بە ژەنینی شمشاڵ و ئامێری زووڕنا و دەهۆڵ دەستیپێکردووە و دواتر بووە بە گۆرانیبیژ و بە (بەخشە) ناسراوە. ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ خێزانەکەیدا چوونەتە(نەوسوود) و لەوێ نیشەجێبوون. چەند جارێک لەنێوان خۆرهەڵات و باشوردا کۆچ و باریان کردووە و دواتر لە (جوانڕۆ) گیرساونەتەوە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و حەوت منداڵیان بووه. ماوەی چل ساڵ وەک گۆرانیبێژی میللی گۆرانی وتووە. لەگەڵ زۆر هونەرمەندانی تردا گۆرانییان وتووە، لەوانە (فەتحوڵڵا)، کە زۆرجار ناویان پێکەوە دێت. لەگەڵ (عوسمان هەورامی)شدا گۆرانی وتووە و کاسێتی هاوبەشیان هەیە. چەند گۆرانییەکی لە ڕادوێ وتووە. بە پلەی یەکەم سوودی لە هۆنراوەی فۆلکلۆر و دواتریش شاعیرانی کلاسیک وەرگرتووه، هەندێک جاریش پشتی بە چەند هۆنراوەکی خۆی بەستووە. پاش گۆڕینی ڕژێمی حوکمڕان لە ئێران، هاتووەتە هەڵەبجە و بۆ ماوەیەک ماوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٢ بە دەستپێشخەری (ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەویی کورد) ڕێزی لێنراوە. لە ٣ی ١١ی ٢٠٢٣ کۆچیدواییکردووە.
ناوى (ئەبوبەکر عەلى محەممەد)ە. ساڵى ١٩٧٣ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. قۆناغى سەرەتایى و ئامادەیی خوێندووە. لە سەرەتای ساڵانى نەوەدەکانەوە دەستى بە گۆرانیوتن کردووە و لەگەڵ هونەرمەند (عەتا زەڵمى) کاسێتێکیان تۆمارکردووە. لە دانیشتن و ئاهەنگ و زەماوەنددا بەشدارىکردووە و لەگەڵ زۆربەى هونەرمەندەکانى وەک (عوسمان هەورامى، سەباح هەورامى، عەلى گوڵپى، نەوزاد هانەدنى، عەتازەڵمى، ڕزگار گەچێنەییى، یەحیا ڕوارى، عەلى بەڵخەیى) پێکەوە گۆرانیان وتووە. دەیان کاسیەتى گۆرانیى تۆمارکراوی هەیە. چەند گۆرانییەکى تایبەت بە خۆی هەیە لەوانه: (ئازیز بزانە، هەورامانم، گریان، هاوار هى هاوار، دڵناڵانشەن).
ناوی (بەهرۆز عەلی حەمەڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە بەڵخەی هەورامان لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی کارەبای پەیمانگای تەکنیکی هەولێری بەدەستهێناوە. پیشەی فەرمانبەرە. لە دەنگە نوێیەکانی گۆرانیی هەورامییە، چەندین ئاوازی نوێی داناوە و بە شیعری نوێوە وتویەتی. هەندێک لە کارەکانی کلیپ کراون و لە تەلەفزیۆنەکانەوە پەخشکراون. لەگەڵ تیپی مۆسیقای شنروێدا کاریکردووە. لەوانە (کزەی شەماڵ، وەیادی ساڵان، بۆ مەلە، دووری وەسێشا، شەکەتەنا لالۆ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
ناوی (بۆکان حەسەن حەمەسەعید)ە. ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. بەشی ماتماتیکی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. لە ئێستادا مامۆستایە. له ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستیکردووە بە گۆرانی وتن. چوار گۆرانی تۆمارکردووە و بە کلیپەوە بڵاوبووەتەوە: (سەوزە های سەوزە، دەردی دڵ، سەرگەرم و دڵتەنگ، چرای نمرە بیست). لە دەیان بەرنامە و پرۆگرامی هونەریدا بەشداریکردووە. زۆرترین کاری بە لایڤ_میوزیک بووە. لە قەزای شارەزوور نیشتەجێیە.
ناوی (پەیوەند بارام ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٧١ له شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە. لە بنەماڵەی بەگزادەی جافی ھەڵەبجەیە و عادیلە خانم داپیرە گەورەیەتی. لە تەمەنی ١٠ ساڵی و کاتێک قوتابی بووە لە قوتابخانە، سروودی نیشتمانیی وتووە. زیاتر حەزی لە مەقام بووە و سوودی لە ھونەرمەندی فارس (گولپایگانی) وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٠ لەگەڵ تیپی مۆسیقای دەشتی کاریکردووە، یەکەم گۆرانی لەسەر شانۆ لە یانەی سەلاحەدین لە شاری بەغداد وتووە. یەکەم گۆرانی تۆمارکراوی گۆرانی (ئاخۆ کەی دێ) بووە، کە لە ھۆنراوەی (عوسمان جاف) و ئاوازی هونەرمەند خۆی بووە. ساڵی ١٩٩٣ چووەتە ھەندەران و بۆ ماوەیەک لە گۆرانی_وتن دابڕاوە. ساڵی ١٩٩٦ لە تەلەفزیۆنی (مێد تیڤی) گۆرانی تۆمارکردووە. خاوەنی چەندین ئەلبوم و ڤیدیۆکلیپە، لەوانە ئەلبومی (بۆ گوڵێک)، کە گۆرانییەکانی: (بێدەنگی، جێم مەھێڵە، دڵم تەنگە، سکاڵا، نھێنی، پرسیار، کۆچ، یارەکەم، ئەی چاوەکەم... ھتد)ی تێدایە. ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوو ھانای شێرکۆ بێکەسدا پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵن.
ناوی (پشتیوان عەلی عەبدولمحەممەد پریسیی)یە و بە (پشتیوان نەورۆڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە دەستی بە گۆرانی_وتن کردووە و لە چەندین بۆنە و ئاهەنگدا بەشداریکردووە. ساڵی ٢٠٠٠ یەکەمین بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە. تا ئێستا ١٤ بەرهەمی بە شێوەی کلیپ بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی زیاتر لە سەد بەرهەمە، کە زۆرینەیان لە ئاواز و هۆنراوەی خۆیەتی. شارەزایی لە بواری مەقامدا هەیە. پیشەی پێشمەرگەیە.
ناوی (پێشڕەو کەمال حەمەلەتیف)ـە. ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووە. بە کلیپی (ئامە کوڵێ گیان فاتەگوڵێ) لەکاتی ئازادکردنی هەورامان لە ساڵی ٢٠٠٣ تۆمارکراوە، ناسراوە. لەگەڵ گۆرانیبێژان: یەعقبوب، وەهبی، سیروان لهۆنی، یونس میرزادا گۆرانی وتووە و ئێستاش لەگەڵ هونەرمەندانی دەرەوەی هەورامانیش ئاهەنگ و گۆرانی هەیە. خاوەنی چوار کلیپ و دەیان سیدی و کاسێتی تۆمارکراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ناوی (جەمیل عەبدوڵا ئەحمەد)ە. بە (جەمیل نەوسوودی) بەناوبانگە. ساڵی ١٩٤٨ لە خانەباخی خەنانەکەڕێی سەر بە شارۆچکەی نەوسوود لە خۆرهەڵات لەدایکبووە. هەر بە لاوی وەک دەنگخۆش و شمشاڵژەن دەرکەوتووە. ماوەیەکی درێژ هاوتایی عوسمان هەورامی کردووە و ناویان پێکەوە هاتووە. یەکێکە لە پایەکانی سیانەی سیاچەمانە_چڕی هەورامان. لەلایەن مامۆستایانی وەک حەمەحسێن و عوسمان و تەواوی گۆرانیبێژانی هەورامانەوە دەنگی پەسەندکراوە. مامۆستا عوسمان بە باشترین و کۆکترینی هاوتای خۆی زانیوە. داهێنەری چەندین بەزمی گۆرانییە، کە لە هەموو هەوراماندا وتراونەتەوە، لەوانە: نەرەی دارەپان و بابەتی شێنگێڕی پەروین گیان، سەوزێم وتێنە، و سیاچەمانەی بەناوبانگی(خواڵەداد). بەشداری چەندین زەماوەند و فیستیڤاڵی کردووە و لەگەڵ عوسمان هەورامیدا لە تەمەنی هونەرییاندا نزیکەی ٧٠٠ کاسێتیان تۆمارکردووە. چەندین جار ڕێزی لێنراوە و لە ناوەندە هونەری و جەماوەرییەکاندا خەڵات کراوە. لەوانە ئەنجومەنی مۆسیقی پاوە، نەوسوود، ڕێزلێنان و خەڵاتی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان. بەشدای بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی کردووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و باوکی هونەرمەندی ناسراو سەعدی ئەحمەدییە. ساڵی ٢٠٢٤ کۆچیدواییکردووە و لە شارۆچکەی نەوسود بەخاکسپێرراوە.
ناوی (عەزیز حەمەئەمین محەممەد)ە. ساڵی ١٨٩٢ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. شەیدای خوێندن و خوێندەواری بووە. کەبابچییەتی و قەسابی کردووە و حەزیشی لە ڕاو بووە. هاونشین و هاومەجلیسی بەگزادە و بەگەکانی جاف بووە و زۆر هاوڕێی ئەحمەدموختار بووە، تا کاتی شەهیدکردنی ئەحمەد بەگیش لە ماڵی ئەحمەدموختاردا بووە. لەگەڵ گۆرانیبێژە ناودارەکانی هەورامان لە ماڵان و بۆنەکاندا گۆرانی وتووە، لەوانە، ئەحمەدی نازارێ و ئەلیلە و مامۆ هەیدەر و نەسکۆڵ و حەمەی ئەلی محەممەد و عوسمان و جەمیل. چەند کاسێتی تۆمارکراوی هەیە. خاوەن شێوازی وتن بووە و هەر بە گوێگرتن دەنگی دەناسرێتەوە. ساڵی ١٩٩٧ کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.
ناوی (ڕەحمان فەتاح ڕۆستەم)ـە و بە (حاجی ڕەحمان) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٨ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٤٦ بووە بە سەرباز و بەشداری شەڕی فەڵەستینی کردووە و بریندار بووە. کارمەندی شارەوانیی تەویڵەبووە و لە فەرمانگەکانی ئاو و کارەبادا خزمەتیکردووە و ساڵانێکی زۆریش متەوەلی مزگەوتی گەورەی تەوێڵە بووە. هاونشیین هونەرمەندانی گەورەی کردووە و گۆرانی لەگەڵ وتوون، بە تایبەت لە بەزمەکانی شێخانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و منداڵی نەبووە. ساڵی ٢٠٢١ کۆچیدواییکردووە و لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.
ناوی (ساڵح محەممەد مولود)ە. ساڵی ١٩٤٨ لە گونی خەرپانی لەدایکبووە بە دەنگخۆش و گۆرانیبێژی ناوچەکە ناوبانگی دەرکردووە و توانای چڕینی سیاچەمانەکانی هەیە. لە زۆربەی کۆبوونەوە و بۆنە و ئاهەنگەکاندا بە گۆرانی_وتن بەشداربووە، چەندین بەرهەمی تۆمارکراوی لەگەڵ هونەرمەندانی دیاری ناوچەی هەورامان تۆمارکردووە، لەوانە: (عوسمان کێمنەیی و جەمیل نەوسودی و سەباح هەورامی). ژیانی ڕۆژانەشی وەک کرێکار بەسەربردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پازدە منداڵە. ساڵی ٢٠٠٩ کۆچیدواییکردووە.
ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی خارگێڵانی هەورامان لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە گۆرانیوتن کردووە و لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هەوراماندا گۆرانی وتووە، لەوانە: عوسمان هەورامی، عەتا زەڵمی، سەباح خارگێڵانەیی، سیروان لهۆنی، یونس میرزا، ڕزگار گەچێنەیی و گۆرانیبێژانی خۆرهەڵات. دەیان کاسێت و سیدیی تۆمارکراوی هەیە و خاوەنی هەشت کلیپی وێنەگیراوە، کە لە تەلەفزیۆنەکانەوە پەخشکراون. بەشداری دەیان فیستیڤاڵی هونەریی و مۆسیقی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. پیشەی فەرمانبەرە لە کشتوکاڵی خورماڵ.
گۆرانیبێژێکى میللیە. ناوی (محەممەد ئەمین ڕەحمان ڕەحیم)ـه و بە ناوی دایکییەوە بە(حەمەئەمینی جەمه خورماڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٧ له شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. بەشداری زۆربەی ئاهەنگەکانی (خورماڵ، هەڵەبجه، هەورامان)ى کردووە. چەندین کاسێتی تۆمارکراوی هەیە، هەروەها ئەسپسوارێکی لێهاتوو بووە و له ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا خاوەنی ئەسپی خۆی بووە. بەناوی (ئەسپەبۆر)ەوە، بەشداری چەندین پێشبڕکێ کردووە. ساڵی ١٩٧٠ بەشداری دوانزە سوارەی مەریوان کردووه و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. ساڵی ٢٠١٠ له شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
ناوی (محەممەد ئیبراھیم عەبدول)ـە. ساڵی ١٩٣٩ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. بەھۆی ئەوەی کەسێکی پۆشتە و ڕێکپۆش بووە، بە (حەمەقوتوو) ناسراوە. لە ژیانییدا چەند کارێکی کردووە، لەوانە شۆفێریی هێڵی (سلێمانی - ھەڵەبجە) بووە. ماوەیەک لە دەزگای ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنیش فەرمانبەر بووە. سەرەتای گۆرانیوتنی بۆ سەردەمی لاوێتی دەگەڕێتەوه، کاتێک لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا بە کۆڵانەکاندا (بەتایبەتی کۆڵانەکانی گەڕەکی جوولەکان)دا ڕۆیشتوون و گۆرانی وتووە. ساڵی ١٩٥٤ بۆ تاقیکردنەوەی دەنگی چووەتە ئێستگەی بەغداد و شەش گۆرانی تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٦١ ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ھەرچەندە کەسێکی نەخوێندەواربووە، بەڵام زۆربەی گۆرانییەکانی لە ھۆنراوە و ئاوازی خۆیەتی و تێکەڵ بە فۆلکلۆری کردوون. بەشداری چەندین فیستیڤاڵ و ئاھەنگی لە شارەکانی: سلێمانی، ھەولێر و دھۆک کردووە و لەگەڵ (تیپی مۆسیقای سلێمانی) و (تیپی مۆسیقای مەولەوی)دا بەرھەمی ھەیە. نزیکەی بیست گۆرانی و ستایشێکی ئایینی لە تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٩٢ کۆچیدواییکردووە.
گۆرانیبێژە. (حەمەکەریم سلێمان وەیسی). ساڵی ١٩٠٧ لە تەوێڵە لەدایکبووە. وەستایەکی باشی کڵاشکردن بووە. ١٩٣١ هاوسەرگیریکردووە. ١٩٥٠وەک کارگوزاری شارەوانیی تەوێڵە دامەزراوە. چەند ساڵێک دەگوێزرێتەوە بۆ هەڵەبجە. بەهۆی شەڕی عێراق - ئێرانەوە نیشتەجێی سلێمانی دەبێت. ساڵی ١٩٨٥ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکدەسپێردرێت.