کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

حاجی ئەمینی جەڕاح

ناوی سیدامینی سۆفی سەیدحەمەئەمینی سەید مستەفایە. بە پیاوە ئاڵتونییە نورانییەکە، دەلیلی داماوان ناسراوە. ساڵی ١٩١٧ لە سەرشاتە لەدایکبووە. بە گەنجی لەسەر ئاژەڵ دەست بە گرتنەوە و چاککردنەوەی شکاوی و درز و لەجێچووندەکات. پاشان دەبێتە حەکیم و جەڕاحی مرۆڤ و شێخ عوسمان و شیخ عەلادینی بیارە پشتگیری و دوعای سەرکەوتنی بۆ دەکەن. ژیری و زیرەکی دەنگدەداتەوە و لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دێنە لای، چیرۆکی هەندێک چارەسەری وەک موعجیزە و کەرامات بە ناو خەڵکیدا بڵاوە. خۆبەخش و بەخێر کاریکردووە و پاداشت و پارەی وەرنەگرتووە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە و لە زەڕایەن نێژراوە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

حاجی حەمەعەلی کەلهوڕ

جەراح و کەسایەتیی دیاری کەلهوڕە. ناوی (حەمەعەلی حسەین محەممەد). ساڵی ١٩١٤ لە گوندی (دێی حسەین) لەدایکبووە. شەش جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا موختاری گوندی (تەپەگوڵاویی سەروو: لامەرکەزی) بووە. ساڵی ٢٠٠٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان لە شاری هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

حاجی ژەنە خورشید

جەڕاح و پزیشکی میللییە. ناوی (خورشید حەکیم مەولود)ە. ساڵی ١٩١٠ لە گوندی (سۆسەکان) لەدایکبووە، شارەزایی لە شکاوی و گرتنەوەی ئێسک و هەندێک نەخۆشی ژناندا هەبووە. خام و سابوون و نەیجە و هێلکەی کوردی و نیوەنمەکی بۆ چارەسەرکردن بەکارهێناوە. زیاتر وەک خۆبەخش کاریکردووە. لە گوندەکانی دەوروبەریشدا سەردانیانکردووە. ساڵی ٢٠١٢ کۆچیدواییکردووە.

حاجی عێزەت عەلی عەبدولڕەحمان

ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی (کانی گوێز) لەدایکبووە. لە بنەماڵەی عێل بەگییە و کوڕە گەورە بووە. جەڕاحێکی بەناوبانگی گوندەکە و دەوروبەری بووە. هەمانکاتیش وەستای دیواربووە. لەپاش خۆی ١١ نەوەی هەبووە، کە شەشیان لە ژیاندا ماونەتەوە.

حاجی محەممەد ڕەمەزان

ساڵی ١٩٢٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (بۆین)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. بەهۆی سەختیی گوندی (بۆین) و دووریی لە شار و نەبوونی نەخۆشخانەوە، کە ڕووداوی شکان و دەرچوون زۆر بووە، خەڵکی گوندەکانی دەوروپشت پەنایان بۆ بردووە و زۆرجاریش خۆی بۆ گوندەکان ڕۆشتووە. ساڵی ٢٠١٨ کۆچیدواییکردووە.

حەسەن مەلا ساڵح

جەڕاح و پزیشکی میللی بووە. لە ساڵی ١٩١٥ لە گوندی خەرپانی لەدایکبووە. بە حاجی حەسەنی جەڕاح ناسراوە، لە زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەردا هاوڵاتیان بەمەبەستی گرتنەوەی دەست و قاچیان سەردانیانکردووە. شارەزایی باشی لە هەڵکێشانی دان و تیمارکردنی برینی حەیوان و مەڕوماڵاتدا هەبووە. لەساڵی ١٩٨٠ کۆچیدواییکردووە

حەمەساڵح بەگ

خەڵکی گوندی (بەڵخە)یە. ناوی (حەمەساڵح کوڕی عەلی بەگی ساڵح بەگ)ـە. ساڵی ١٩٣٤ لە بەڵخە لەدایکبووە. لەبەردەستی باوکیدا فێری پیشەی جەڕاحی بووە. لە هەورامان و دەرەوەی هەورامانیش، سەردانیکراوە. چەندین نمونەی سەرسامکەر لە چارەسەرییەکانی دەگێڕنەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ٢٠٠٣ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی غەریبان بەخاکسپێرراوە.

حاجی عەباسى جەڕاح

ناوی (عەباس حەمەکەریم وەیس)ـه. ‌ساڵی ١٩١٤ له ‌گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. وەک جەڕاح و دانساز و پزیشکێکی میللی لە سنوری گوندەکە و گوندەکانی دەوروپشتی، بەناوبانگە. ‌ساڵی ١٩٧٤ تاقمێکی دانهەڵکێشانی لە شاری تاران کڕیوە و بەو کەرەستانە کاریکردووە. یەکێک لە کوڕەکانى فێرى کارەکە کردووە. ساڵى ١٩٩٧ کۆچیدواییکردووە.

حەمەعەزیز مستەفا

بە (حاجى حەماییز هانەدنى) ناسراوە. ساڵى ١٩٤٥ لە گوندى (هانەیدن) لەدایکبووە. خوێندەواری نییە‌. ساڵى ١٩٦٤ دەستیکردووە بە پیشەکە و بە بێبەرانبەر کاردەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە. ساڵى ٢٠٠٩ لە خورماڵ کۆچیدواییکردووە هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە. یەکێک لە کوڕەکانى بەناوى (کامیل) درێژەی بەکارەکەی باوکی داوە و لە خورمأڵ نیشتەجێیە.

حەمەلاو بەگی بامۆک

ناوی (حەمەلاو قادر فەتاح ئێناخی)یە. ساڵی ١٩٢٤ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. لە شکاوی و بریندا شارەزایی هەبووە. خۆبەخشانە و بێبەرانبەر بە کەرەستەی سادەی وە: قامیش، خام، هێلکە، سابوونی ڕەقی، سرێش، کەتان، بنێشتە تاڵ... چارەسەری نەخۆشی کردووە. ساڵی ١٩٩٤ کۆچیدواییکردووە و لە گوندی بامۆک بەخاکسپێرراوە.

حەمەی فەرەج

ناوی (محەممەد فەرەج ڕۆستەم)ـە. ‌ساڵی ١٩١١ لە(ئاواییی حەمەی فەرەج) لەدایکبووە. له ‌سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە هاتووەتە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەربەشارۆچکەی (خورماڵ)، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە. دانسازی گوندەکەبووە و بێ بەنج بەگاز دانی دەردەهێنا. لەگوندەکانی تریشەوە هاتوون بۆ لای. لەکۆتای حەفتاکاندا کۆچیدواییکردووە.

سادقی جەڕاح

ناوی (سادق حەمەئەمین حەمەعزیز)ە. ساڵی ١٩٥٥ لەگوندی (عامورە) لەدایکبووە. ‌ساڵی ١٩٧١ بەماڵەوە چونەتە گوندی (شیرەمەڕ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. لە ‌ساڵی ١٩٧١ لە بوارەکانی شکان و دەرچوونی جومگەدا،‌ دەستیکردووە بە کاری جەڕاحی. لەگەڵ کاری جەڕاحیدا کاری گۆڕهەڵکەندن و گۆڕهەڵبەستنیشى کردووە. خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی (خورماڵ و پێنجوێن و شارەزوور) بەمەبەستى چارەسەر سەردانیدەکەن.

خەرامان

ناوی (خەرامان کچی وەستا ئەولعەزیز عەلی)یە. کچی جەڕاحی بەناوبانگ (مەتی گوڵێ) بووە. ساڵی ١٩٥١ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. لە دایکییەوە فێری پیشەکە بووە. لەکاتی ئاوارەبوونی هەڵەبجەدا لە ئۆردوگای وەرمەهەنگی ئێران بە فەرمی دەستی بە جەڕاحی کردووە و خزمەتیکی زۆری بە لێقەوماوان کردووە. پاش گەڕانەوەی لە ئێران و ساڵی ١٩٩٢ لە هەڵەبجەی تازە نیشتەجێبووە و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دەوروبەریدا ناسراوە و هاوڵاتیان سەردانیدەکەن. تائێستاش لەو خزمەتە بەردەوامە.

خەزان تۆفیق بارام

ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە، کچی جەراحی بەناوبانگ کوێخای تۆفیق هاواری جەراحە. لە باوکییەوە فێری جەراحی بووە. لە خێزانەکەی خۆیدا دەستی بە جەراحی کردووە و لە دوای ساڵی ٢٠٠١ بەهۆی ناوبانگییەکەیەوە، خەڵک لە دوور و نزیک سەردانیانکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، لەگەڕەکی شارەوانی لە شاری هەڵەبجەی شەهید دادەنیشێت.

شەمسەی پاشای نەخشین

ناوی (شەمسە کچی مستەفا پاشای نەخشین)ـە. لەسەری باوکەوە خەڵکی خەرپانین و دایکی بە پیرۆز بانەیی ناسراوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خانمی وەسمان پاشا بردویەتییە کۆشک و وەک حەکیم و پزیشکی میللی کۆشک و دەرمانگەری تایبەتی خانم دانراوە. دەرمانی نەزۆکی و نەخۆشی ژنان و منداڵانی دروستکردووە. چاوتەکاندن و سەرتەکاندن و ناوک_کەوتن و بە بۆن_کەوتن و شکاوی چارەسەرکردووە. بە دروستکردنی ترشیاتیش ناوبانگی ڕۆشتووە و لە تەواوی شاردا ناسراوبووە. ساڵی ١٩٩٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی سەروو بەخاکسپێرراوە.

فایەق ئەحمەد حەمەئەمین

ناوی (فایەق ئەحمەد حەمەئەمین زۆراب)ـە. ساڵی ١٩٤١ لە گوندی چناری کۆکۆیی لەدایکبووە. منداڵ بووە، کە باوکی کۆچیدواییکردووه. لە دایکییەوە فێری پیشەی جەڕاحی بووە. به ‌زۆری شارەزایی لە شکانی: شان، باڵ، ئانیشک، ئێسکەکانی ڕان، ئەژنۆ، پەنجەکانی پێ، مەچەک و پەنجەکاندا هەبووە. لە ناوکگرتنەوەشدا توانای هەبووە و هەندێک جاریش ناوکی گرتووەتەوە. لە دوکانەکەی خۆیدا بە بێبەرانبەر چارەسەریکردووە. ساڵی ٢٠١١ کۆچیدواییکردووە.

کەمالی جەڕاح

ناوی (کەمال حامید محەممەد ئەمین)ـە. ‌ساڵی ١٩٦٢ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خورماڵ و ئامادەیی پیشەسازی لە هەڵەبجه تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەشە منداڵە. ساڵی ١٩٩٦ دەستیکردووە بە‌ کاری جەڕاحی و لە هەردوو بواری ئینزیلاق و فەقەراتدا کاردەکات. لە ماڵەکەی لە گەڕەکی(ئاشتی) چارەسەری نەخۆشەکان دەکات. له شارەکانی کوردستان و بەغداد و عەممارەوە نەخۆش سەردانیدەکەن.

کوێخا حەمەئەمین

ساڵی ١٩١٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (بۆین)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. بەهۆی سەختیی گوندی (بۆین) و دووریی لە ئاوەدانییەوە، کە ڕووداوی شکان و دەرچوون زۆر بووە، خەڵکی گوندەکانی دەوروپشت پەنایان بۆ بردووە و زۆرجاریش خۆی بۆ گوندەکان ڕۆشتووە. ساڵی ١٩٧٦ کۆچیدواییکردووە.

گوڵە ئەڵڵاوەیس

مامان و جەراح و پزیشکی میللی بووە. بە مەتێ گوڵێ ناسراوە. ناوی تەواوی گوڵە ئەڵڵاوەیس ڕەحمان ئیبراهیمە. ساڵی ١٩٠٨ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. خێزانی شاعیری میللی و هاوڕێی مەلا حەسەنی دزڵی، وەسا ئەولعەزیز بووە. شەش کوڕ و یەک کچی هەبووە. منداڵەکانی سەلیقەی پیشەکەیان وەرگرتووە. بە تایبەت بەختیار و خەرامان. لەگەڵ باپیریدا ژیاوە و جەراحی لەوەوە فێربووە. لە ئاوی گەرم و خام و هێلکە و سابوون و تەتەڵە و دووگ و پێست و... هتد بۆ چارەسەرەکان بە پێی شکاویەکە، کەڵکی وەرگرتووە. لە کتێب و سەرچاوەکاندا ناوی هاتووە. ساڵی ١٩٨٦ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.

لەتیف نەورۆڵی

ناوی(لەتیف حەمە حەمەعەزیز)ە. ‌ساڵی ١٩٦٧ لەگوندی(خێڵی حەمه) لەدایکبووه،. قۆناغی ناوەندی لە شارۆچکەی (سیروان) تەواوکردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵه. ‌ساڵی ١٩٨٨ بۆیەکەمجار دەستیکردووە بەکاری جەڕاحی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە بووه،‌ چەند جارێک ئاوارە بووە و وازی لەکارەکەی هێناوه، بەڵام دەستیپێکردووەتەوە، لە بواری ئینزیلاق و فەقەراتدا کاردەکات. له شارەکانی کوردستانەوە نەخۆش سەردانیدەکەن.

پێشتر 1
...
56 57 58
...
60 دواتر