سادقی جەڕاح
ناوی (سادق حەمەئەمین حەمەعزیز)ە. ساڵی ١٩٥٥ لەگوندی (عامورە) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧١ بەماڵەوە چونەتە گوندی (شیرەمەڕ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لە ساڵی ١٩٧١ لە بوارەکانی شکان و دەرچوونی جومگەدا، دەستیکردووە بە کاری جەڕاحی. لەگەڵ کاری جەڕاحیدا کاری گۆڕهەڵکەندن و گۆڕهەڵبەستنیشى کردووە. خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی (خورماڵ و پێنجوێن و شارەزوور) بەمەبەستى چارەسەر سەردانیدەکەن.
فایەق ئەحمەد حەمەئەمین
ناوی (فایەق ئەحمەد حەمەئەمین زۆراب)ـە. ساڵی ١٩٤١ لە گوندی چناری کۆکۆیی لەدایکبووە. منداڵ بووە، کە باوکی کۆچیدواییکردووه. لە دایکییەوە فێری پیشەی جەڕاحی بووە. به زۆری شارەزایی لە شکانی: شان، باڵ، ئانیشک، ئێسکەکانی ڕان، ئەژنۆ، پەنجەکانی پێ، مەچەک و پەنجەکاندا هەبووە. لە ناوکگرتنەوەشدا توانای هەبووە و هەندێک جاریش ناوکی گرتووەتەوە. لە دوکانەکەی خۆیدا بە بێبەرانبەر چارەسەریکردووە. ساڵی ٢٠١١ کۆچیدواییکردووە.
کەمالی جەڕاح
ناوی (کەمال حامید محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٦٢ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خورماڵ و ئامادەیی پیشەسازی لە هەڵەبجه تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەشە منداڵە. ساڵی ١٩٩٦ دەستیکردووە بە کاری جەڕاحی و لە هەردوو بواری ئینزیلاق و فەقەراتدا کاردەکات. لە ماڵەکەی لە گەڕەکی(ئاشتی) چارەسەری نەخۆشەکان دەکات. له شارەکانی کوردستان و بەغداد و عەممارەوە نەخۆش سەردانیدەکەن.
کوێخا حەمەئەمین
ساڵی ١٩١٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (بۆین)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. بەهۆی سەختیی گوندی (بۆین) و دووریی لە ئاوەدانییەوە، کە ڕووداوی شکان و دەرچوون زۆر بووە، خەڵکی گوندەکانی دەوروپشت پەنایان بۆ بردووە و زۆرجاریش خۆی بۆ گوندەکان ڕۆشتووە. ساڵی ١٩٧٦ کۆچیدواییکردووە.
گوڵە ئەڵڵاوەیس
مامان و جەراح و پزیشکی میللی بووە. بە مەتێ گوڵێ ناسراوە. ناوی تەواوی گوڵە ئەڵڵاوەیس ڕەحمان ئیبراهیمە. ساڵی ١٩٠٨ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. خێزانی شاعیری میللی و هاوڕێی مەلا حەسەنی دزڵی، وەسا ئەولعەزیز بووە. شەش کوڕ و یەک کچی هەبووە. منداڵەکانی سەلیقەی پیشەکەیان وەرگرتووە. بە تایبەت بەختیار و خەرامان. لەگەڵ باپیریدا ژیاوە و جەراحی لەوەوە فێربووە. لە ئاوی گەرم و خام و هێلکە و سابوون و تەتەڵە و دووگ و پێست و... هتد بۆ چارەسەرەکان بە پێی شکاویەکە، کەڵکی وەرگرتووە. لە کتێب و سەرچاوەکاندا ناوی هاتووە. ساڵی ١٩٨٦ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.
لەتیف نەورۆڵی
ناوی(لەتیف حەمە حەمەعەزیز)ە. ساڵی ١٩٦٧ لەگوندی(خێڵی حەمه) لەدایکبووه،. قۆناغی ناوەندی لە شارۆچکەی (سیروان) تەواوکردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵه. ساڵی ١٩٨٨ بۆیەکەمجار دەستیکردووە بەکاری جەڕاحی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە بووه، چەند جارێک ئاوارە بووە و وازی لەکارەکەی هێناوه، بەڵام دەستیپێکردووەتەوە، لە بواری ئینزیلاق و فەقەراتدا کاردەکات. له شارەکانی کوردستانەوە نەخۆش سەردانیدەکەن.