کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1194 بابەت

حەسەن محەممەد ئەمین

ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٦ەوە لە IMK TV دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە. بەڕێوبەری هەردوو کەناڵی IMK TV و IMK SPORT٢ بووە. ساڵی ٢٠١٧ وەک ستافى کارگێرى لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان دەستبەکاربووە و لە ١ی ٧ی ٢٠٢٢ تا ١ی ١ی ٢٠٢٣ سکرتێری لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان بووە. لە ئێستادا بەڕێوبەری هەردوو کەناڵی IMK TV و ڕادوێی دەنگی ئیسلامە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

دارەوان حاجی حامید غەفار

ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوانە. نوێنەرى حکومەتى هەرێمە. ساڵى ١٩٩٠ لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایى و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی لە سلێمانی خوێندووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی لیۆنی فەڕەنسا و ماستەرى لە زانکۆی کلێرمۆ فێراند لە فەڕەنسا بەدەستهێناوە. ماوەى چەندین ساڵ لە بواری دیبلۆماسی کاریکردووە. وەک تاکە ڕاگەیاندکاری وەرزشیی کورد لەناو یاریگاکانی ئەوروپا هەواڵی گواستووەتەوە. چەند خەڵاتێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە، لەوانە (فاوندەیشى سەنتەرى فەڕەنسى کوردى بۆ گەشەپێدان و کلتور، سەنتەرى فەڕەنسى بۆ توێژینەوە لە عێراق، ژوورى بازرگانیى عێراق/ئیسپانیا). وەک پەیامنێر و بەرپرسى نوسینگەى کەناڵى کوردسات زیاتر لە ٧سأڵ لە چەند وڵاتێکى ئەوروپا، وەکو فەڕەنسا و ئیسپانیا کاریکردووە. ماوەى دوو ساڵە بە پلەى وەکیل وەزیر وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتى ئیسپانیا دەستبەکارە.

دانا حاميد عەبدولوەهاب

ڕۆژنامەوان‌ و شاعیرە. ساڵى ١٩٧٩ لە گوندى (زەمەقیی خواروو) لەدایکبووە. ٢٠ ساڵە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات. لە دەزگا و میدیاکانی: ڕادوێی شارەزوور، ڕادوێی دەنگی نوێ‌، ڕادوێی خاک، کاریکردووە. وەک ئامادەکار و پێشکەشکاری (شنەی مۆردانە)، کە بەرنامەیەکی (مێژوویی و ڕۆشنبیری)ی تایبەت بوو بە شاری هەڵەبجە، ئاژانسی هەواڵ و ڕادوێی ناوخۆ، ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی، ڕادوێی نەوا، ماڵپەڕی PUKMEDIA، ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، کەناڵی KNN، کەناڵی ئاسمانیی (ستێرک تی ڤی)، لەئێستاشدا لە دەزگای میدیایی پۆڵەتیک پرێس، کاردەکات. خاوەنى بەرهەمێکى چاپکراوى شيعريي بەناونیشانی: (نيشتمانى ئەوينى من جێمەهێڵە) هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

درەو مەهدی حەسەن

ساڵی ١٩٨٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بەدەستهێناوە. لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندن و بڵاوکراوەدا کاریکردووە، لەوانە (ڕۆژنامەی هاوڵاتی، ڕادوێی گۆڕان، ماڵپەری دیپلۆماتیک مەگەزین، گۆڤاری ستاندارد، گۆڤاری لڤین، ئاژانسی فورات نیوز، ئاکانیوز، شار پرێس)، هەروەها وتار و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و سیاسی بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنى دوو منداڵە. لە ئێستادا لە شارى سلێمانى دەژی و پیشەی مامۆستايە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

دڵشاد سەیفەدین ئەحمەد

ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی و هەڵەبجە خوێندووە. پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی هەڵەبجەى تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی مێژوو لە سلێمانی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. جگە لە کاری مامۆستایەتی، وەک ڕاگەیاندکار لە: ڕادوێی هەڵەبجە، ڕادوێ و تەلەفزیۆنی یەکگرتوو، کەناڵى سپێدە و بەرپرسى نوسینگەی سلێمانی کەناڵی سپێدە، ئاژانسی کوردستان بۆ دەنگوباس ئاکانیوز، ئاژانسی ئەنادۆڵ، کاریکردووە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

دیاری دێکۆنی

ڕۆژنامەوان، شانۆکار‌ و شاعیرە. لە ژیاندایە. ناوی (دیاری خالد)ە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی دێکۆنی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازیی هەڵەبجەی تەواوکردووە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەی خورماڵ و ناوەندی ڕوناکبیری خورماڵ بووە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ديارى محەممەد ئەمین

ساڵی ١٩٨٩ لە شارى سلێمانى لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٥ لە تەلەڤزيۆنى imk دەستى بەکارى ڕاگەياندن کردووە و تا ساڵى ٢٠١٣ لەو کەناڵە بەردەوامبووە. ساڵی ٢٠١٣ لە تۆڕى ميدياى ڕووداو کارى کامێرامانى و سەرنوسەرى کردووە. ماوەى ١٢ ساڵ لە تۆرى ميديایى ڕووداو کاردەکات. چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی لە بواری ڕاگەیاندندا وەرگرتووە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

دیلان شاوەیس محەممەد ئەمین

ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی بازرگانیی هەڵەبجەی تەواوکردووە. لەکاری ڕێکخراوەیی و ڕاگەیاندندا خزمەتدەکات. ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢ وێنەگری تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بووە. ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢٢ ئامادەکاری بەرنامە بووە لە ڕادوێی دەنگی نوێ، لە ساڵی ٢٠١٢وە تا ئێستا لە تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، کە ٧ کەناڵی بینراو، ٢ بیستراو، ١ نوسراوە، کاردەکات. لەوانە عێراقیە، ڕادوێ جمهوری، شباب، ڕۆژنامەی صباح. لە‌ئێستادا وەک بەر پرسی نوسینگە و کامێرامانی ئەو تۆڕە لە هەڵەبجە کاردەکات.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

دیلمان خەسرەو محەممەد

ناوی (دیلمان خەسرەو محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٨٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. ساڵی ٣٠٠٤ وەک مۆنتێر لە ڕادوێی دەنگی کوردستان -هەڵەبجە کاریکردووە و پێشکەشکاری بەرنامەی ئێمە و ئێوە بووە. ئامادەکار و مۆنتێری بەرنامەکانی: شرۆڤە، ڕازی ئێواران، ژووانی ئەوینداران بووە. چەند ستۆدیۆیەکی ڕادوێیی لە هەڵەبجە دروستکردووە. ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی ئیستاتیکایە و تا ئێستا بەردەوامە. ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی لە نزیکەوە و مۆنتێر و جێبەجێکاری بەرنامەی شەوڕاز بووە. بەڕێوەبەری بەرنامەکان و ئەندامی بۆرد و ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی ئیستاتیکایە لە ڕادوێ و تەلەفزیۆنی سلێمانی. ئەزموونی ٢٠ ساڵ کاری ڕاگەیاندنی هەیە لە ڕیپۆرتاژ و مۆنتاژ و گرین سکرین.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

ڕاستگۆ خەلیل عەزیز

ڕۆژنامەوان و شاعیرە. بە (ڕاستگۆ خورماڵی و گوڵعەنبەری) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٩ لە خورماڵ لەدایکبووە. زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سلێمانی خوێندووە. ئەندامی تیپی پێشەنگی خورماڵ بووە و لە چەند شانۆیەکدا بەشداربووە. خاوەنی بیرۆکە و بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی ستاییش بۆ شیعری ئایینی و موناجات و میهر بۆ بانگدان بووە. بەڕێوەبەری زۆرێک لە فیستیڤاڵەکانی گوڵعەنبەر و سەرپەرشتیاری حەوت فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی خاڵ بووە. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئێرانناسی و پڕۆژە و پەنجەرە بووە. نوسینەکانی لە ڕۆژنامەکانی داهێنان، یەکگرتوو، سلێمانی، خورماڵ و خوێندنی لیبراڵ و سۆلیدارێتی و گۆڤارەکانی هەورامان و چاوی هەژان و شرام و ئێرانناسیدا بڵاوکردووەتەوە. شەش کتێبی چاپکردووە، لەوانە: پەندی پێشینان لە ئەدەبی کوردیدا، هاوڕاز، نەسیمی سەوزی موناجات، میهری دڵان، چۆن دەبیتە دەسگیرانی شایستە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕەزوان ئەبوبەکر محەممەد

ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیى لە خورماڵ خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی مامۆستایە. بەشداری دەیان شانۆگەری و کورتە فلیمى کردووە. لە کەناڵى ئاسمانیى سپێدە، کەناڵى ئاسمانیى پەیام، ڕۆژنامەکانى: داهێنان، ئاوێنە کاریکردووە. دامەزرێنەری دامەزراوەی میدیایی (مۆجۆکورد)ە.

ڕەمەزان ئۆزتورک

ڕۆژنامەوان و کامێرامانە. ناوی(ڕەمەزان ئۆزتورک)ە. ساڵی ١٩٥٦ لە شاری ماڵاتی ناوچەی پیتورگی کوردستانی باکور لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە کارگێریدا لە زانکۆی ئەستەنبوڵ وەرگرتووە. لە ١٦ساڵیيەوە لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاردا کاریکردووە، وەک(گیون ئادن، سەباح، ستار، یەنی شەفەق، یەنی بینین) کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. وەک ڕۆژنامەوانی جەنگی لە ڕۆژی ١٨ی ٣ی ١٩٨٨ هاتووەتە شاری هەڵەبجە. توانیویەتی (٧٥) وێنەی ڕوداوەکە بگرێت. دیارترینیان وێنەی شەهید(عومەری خاوەر و کۆرپەکەی) بووە، کە لە ڕۆژنامەی سەباح و دواتر لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی بڵاوبوویەوە و خەڵاتی یەکەمی یەکێتی ڕۆژنامەوانانی ئەمریکا و چەندین خەڵاتی تری ئەوروپی پێ وەرگرتووە. دوای ٢١ ساڵ بۆ جارێکی تر هاتووەتەوە هەڵەبجە. ئەو کامێرایەی وێنەکانی پێ گرتووە، بەخشیویەتی بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و وەک بەڵگە پارێزراوە. بەدەر لەو وێنانە کارێکی تری وەک فلیم لەسەر هەڵەبجە بۆ کەناڵی(TRT) بەرهەمهێناوە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕەنگین سەلام مەحموود ئەحمەد

بە (ڕەنگین سەلام) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە کۆمەڵایەتی بەدەستهێناوە. لەساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستی بە کاری میدیایی کردووە. ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١١ پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی کوردسات بووە لە شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامان. لە ساڵی ٢٠٠٦ چووەتە ڕادوێی دەنگی نوێ. وەک بێژەر و پێشکەشکار، چەندین فیستیڤاڵ و بۆنەی گرنگی بەڕێوەبردووە. لەوانە فیستیڤاڵی یادی کیمیاباران و هەنار و نەورۆز و مەرگەساتی شەنگال. بەشداریی شانۆیی مەملەکەتی ئاشوبی کردووە. دەیان خەڵات و ڕێزلێنانی پێبەخشراوە. لەوانە: بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانی ژنان ڕێکخراوی تاژی ئەڵمانی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی باڵای خانمان، پلەی سێیەمی لە فیستیڤاڵی دەنگەکانمان بۆ پرسەکانی ژنان ساڵی ٢٠١٢ لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە. لە ئێستادا خوێندکاری قۆناغی دووەمە لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی هەڵەبجە و ئامادەکار و سەرپەرشتیار و پێشکەشکاری بەرنامەکانی ڕادوێی دەنگی نوێیە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕیاز مەحمود کاکە مەحمود

ساڵی ١٩٩١ لە مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. بە مانیا ناسراوە. بەکالۆریۆسی لە بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی بە دەستهێناوە، ئەندامی سەنديکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستانە، خولياى کارى ڕۆژنامەنوسى هەبووە، لە گۆڤار و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و ڕادوێدا کاریکردووە. چەندین بەرنامەی ئەدەبی و فەرهەنگی ئامادە و لە کەناڵی پەیام و سپێدە پێشکەشکردووە. دوو کتێبى چاپکردووە، خێزاندارە و خاوەنى دوو منداڵە. ئێستا لەشارى سلێمانى نيشتەجێیە. لە کارى ڕۆژنامەنوسى بەردەوامە.

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

ڕیچارد بیستن

کامێرامان و ڕۆژنامەوانێکی بەریتانییە. ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە. لە ١٧ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕێگەی ئێرانەوە هاتووەتە هەڵەبجە و وەک شاهیدی کیمیاباران وێنەی چەندین شەهید و دیمەنی کارەساتە‌کەی گرتووە. لە ناویاندا وێنەی عومەری خاوەر. وێنە و ڕاپۆرتەکانی لە ڕۆژنامەی تایمز بڵاکراوەتەوە و لەو ڕێیەوە کارەساتەکە گەیشتووەتە دەرەوە و دەنگیداوەتەوە. یەکێک بووە لە ئامادەبووانی دادگای باڵای تاوانەکان سەبارەت بە کەیسی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١٣ بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕێباز گوڵپی

ڕاگەیاندکار و نوسەرە. ناوی (ڕێباز ڕەشاد حەمەعەزیز)ە. ساڵی ١٩٩٤ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندی لە قەڵا و ئامادەیی لە خورماڵ خوێندووە. بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. دەستی بە کاری میدیایی لە بینراو، بیسراوـ خوێنراو و سۆشیالمیدیادا کردووە. سێ ساڵ ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی پەیامنێر بووە لە هەڵەبجە تیڤی و پێنج ساڵیش لە ڕادوێی شارەزوور. لە گروپی شانۆیی خورماڵیشدا کاریکردووە و سەرۆکی گروپەکەیە و تا ئێستا بەشداری لە ٣٠ بەرهەمی شانۆیی و کورتەفلیمداکردووە. لەوانە (خەیاڵێک لە ئەنفال، ڕژان، کەللەپوچ). هاوکار و یارمەتیدەری گروپی پەپولەکانی خورماڵیش بووە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (مێژووی ڕۆژنامەگەری هەورامان)ـە. چەند خەڵاتێکی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.

ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوانە. ساڵى ١٩٨٧ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. قۆناغى سەرەتایى و ئامادەیى لە خورماڵ خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشى ماتماتیک و کۆمپیتەر بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٥ بە دەرکردنی بڵاوکراوەیەکی تایبەت بە خوێندکاران بەناوی (پێزان) دەستى بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ ئەندامی دەستەی نوسەران لە ڕۆژنامەی خورماڵ بووە. لە ڕۆژنامەی ئاوێنە، تەلەفزیۆنی پەیام، کەناڵی NRT، ڕۆژنامەى ژیان، کاریکردووە. دوو ساڵە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی دەزگای میدیایی حەوت ڕۆژە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕێبوار هەورامی

ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارە. ناوی (عەبدولعەزیز محەممەد ئەمین محێدین)ـە. ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی خوێندووە و لە ئێستادا خوێندکاری بەشی ئینگلیزییە لە زانکۆی هەڵەبجە. دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئاژینە، کە بە هەورامی و سۆرانی پەخشی هەیە. سەرەتای کاری لە وێستگە و هاوڵاتی بووە، ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی فەرهەنگی و کلتوری بووە بە ناوی کۆمسای لە ڕادوێی هەمووان، ئامادەکاری بەرنامەی کلتوری ڕۆجیار و بەرنامەی ماچۆی تەلەفزیۆنی کەرکوک بووە. لە ڕێکخەرانی فیستیڤاڵی هەنارە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕێبوار هۆشیار ئەبوبەکر

ڕۆژنامەوان و ڕاگەیاندکارێکی نابینایە. ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە کاردەکات. ١٢ ساڵە ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی ڕادوێیی ژووانی بیسەرانه،‌ کە هەفتانە پێنج جار پێشکەشکراوە. وەک مۆنتێر و نواندنی دەنگی لە درامای دەنگی کێشەی سامانی میرات، کە ١٠٠ زنجیرەبووە، ڕۆڵی بینیووە. ٤٠ کورتەفلیمی مۆنتاژکردووە و بە نواندنی دەنگی تێیدا بەشداریکردووە. وەک مۆنتێر لە ڕادوێی نابینایان کاریکردووە. ١٥ وتاری بۆ ڕێکخراوی دەریای فەڕەنسی ئامادەکردووە. لە ئێستادا کارمەندی ڕادوێی دەنگی کوردستانە لە هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان

ڕێبین یارئەحمەد ڕەحیم شاقوڵی

ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە جیۆلۆجیدا وەرگرتووە. لە بوارەکانی میدیای بینراو، بیستراو، نوسراو، دیجیتاڵیدا کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٥ لە ڕۆژنامەی گۆڕانی کۆمەڵەی خوێندکاران دەستیپێکردووە. ساڵی ٢٠٠٦ بووەتە پەیامنێری ڕۆژنامەی خەندان لە هەڵەبجە، ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٢ پەیامنێری گەلی کوردستان بووە، لەو ماوەدا کاری بۆ وێبسایتی واڵاپرێس و گۆڤاری هەرێم و ڕادوێی گەلی کوردستان کردووە. ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٧ پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو بووە لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان. ٢٠١٨ پەیامنێر و پێشکەشکار و ئامادەکاربووە لە تەلەفزیۆنی خەندان، ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان. ئێستا پەیامنێری کەناڵ هەشتە لە هەڵەبجە و سلێمانی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
ڕۆژنامەوان
پێشتر 1 2 3 4
...
60 دواتر