کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1194 بابەت

مەلا نەسووری شارەزووری

لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی کۆچی لە شارەزوور لەدایکبووە. لە منداڵییەوە چووتە حوجره و بۆ خوێندن چووەتە بەغداد. گەڕاوەتەوە مەڵبەندی خۆی و خەریکی ڕێنوێنی خەڵکی و وانەوتنەوە بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٣٦٥ کۆچیدواییکردووە. تەنها چەند هۆنراوەیەکی کەمی لەبەردەستدایه.

مەهدی هەورامی

شاعیر و شێوەکار و ڕاگەیاندکارە. ناوی(مەهدی عەزیز حەمە)یە. لە ساڵی ١٩٧١ لە بەڵخەی هەورامان لەدایکبووە. تا پۆلی سێیەمی ناوەندی دەخوێنێت. بەهۆی ڕاپەڕینی ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ی هەڵەبجەوە ئـاوارەی ئێران دەبن. لە سنە بەشداری خولێکی کامێرامانی دەکات. ١٩٨٨ دەبێتە پێشمەرگەی بزوتنەوەی ئیسلامی و لەڕاپەڕیندا بەشداریدەکات. وێنەگر بووە لە تەلەفزیۆنی بزوتنەوە و بەرنامەی (گوڵزاری هەورامان)ی ئامادە و پێشکەشکردووە. سێ ساڵیش بەرنامەی(بە هۆرامی) لە تەلەفزیۆنی پەیام پێشکەشدەکات. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری هەڵەبجە بووە. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بووە. بەڕێوەبەری هونەری گۆڤاری (هەڵەبجە، گۆران، دیلانێ) بووە. ١٩ ساڵ کاری ئامادەکردن و پێشکەشکردنی کردووە لە ڕادوێی دەنگی نوێ و تەلەفزیۆنی پەیام و بزوتنەوە. فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بووە. ساڵی ٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە و لە هەڵەبجە بەخاکدەسپێرراوە. خاوەنی چوار منداڵ بووە.

مەولەوی

ناوی (سەید عەبدولڕەحیمی کوڕی مەلا سەعید)ە. لە نەوەی مەلایوسف جانی مەلا ئەبوبەکری چۆڕییە. نازناوی شیعری (مەعدووم)یە. ساڵی ١٨٠٦ لە سەرشاتەی سەروو لەدایکبووە. سەرەتا لای باوکی و پاشان لە هەڵەبجە و مەدرەسەکانی دەوروپشتی هەورامان، جوانڕۆ و پاوە و سنە و مەریوان خوێندوویەتی. مورشدەکانی، مەولانا خالد و شێخ عوسمان و ئەبولبەها و ئەبولوەفا و شێخ ئەحمەدی سراجەدین و شێخ عومەر و حسامەدین بوون. شافعی مەزهەب و ئەشعەری بووە. لە هەردوو میرنشینی بابان و ئەردەڵان ڕیزلێگیراو بووە، چەندین شوێنیان پێبەخشیوە و فرمانی حەسانەوە و خزمەتیان بۆ دەرکردووە، بەڵام خۆی نەیویستووە. لە مزگەوتەکانی: وەزیر و دارلاحسان لە سنە و مزگەوتی گەورەی سلێمانی دامەزراوە. دۆستایەتی گەلێک میر و پاشا و زانا و شاعیری هاوچەرخی خۆی کردووە و خۆشەویستی شێخانی نەقشبەندیی هەورامان و کاک ئەحمەدی شێخ بووە. بێجگە لە زمانی کوردی شێوە ماچۆ و جاف، عەرەبی و فارسی بە باشی زانیوە و پێی نوسیوە. شارەزایەکی باشی لە زانستە ئیسلامیەکاندا هەبووە و بە تایبەت لە علمی کەلامدا، لە نێو کورد سوێند بە کەلام و مەرقەدی خوراوە و وتراوە و کەلامەکەی مەولەوی. بەسەرهات و قسەی خۆش و ئامۆژگارییەکانی بەسەر زمانی خەڵکەوەن، بێجگە دیوانی شیعرەکان، ئەم کتێبانەی نوسیوە. عەقیدەی ئیسلامی، العقیدە المرضیە، بەکوردی، الفوائح بە فارسی، الفضیلە، بە عەرەبی، نامیلکەی دروستیی رابطة، زوبدەی عەقیدە، پەخشانی مەولەوی و دەوترێت خاتراتی خۆیشی نوسیوەتەوە. وەک ڕاوێژکار و چاکەکار و وەفد گەلێک سەفەری کردووە. متمانەپێکراوی شێخانی نەقشبەندی بووە. لەناو کۆڕی ئەدەبیی سەردەمەکەی خۆیدا شوێنی شایستەی گرتووە و نزیکەی ٥٠ کەشکۆڵ بایەخیان بە نوسینەوەی شیعری داوە، لەوانە: کەشکۆڵی مەحمودپاشای جاف، مەحموود یاروەیس، سەیدەکانی باینجۆ، شێخ حسامەدین،... هتد. مینۆرسکی بە گەورە شاعیری ڕۆژهەڵات ناودێری کردووە. لە دنیای مەعنەویاتدا بە توجارباشی سەرقافڵەی ئەدەب ناسراوە. پیرەمێرد لە ڕێگەی ڕۆحی مەولەوییەوە بە دەرەوەی ماچۆ گۆیانی، ناساندووە. لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا زۆری لەسەر نوسراوە و مەولەویناسی وەک ڕشتەیەکی ئەدەبیاتناسی کوردی بایەخی پێدراوە و چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرای لەسەر نوسراوە و چەندین دیداری ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە باشور و خۆرهەڵات بۆ گیراوە. دیوانەکەی و هەندێک لە کتێبەکانی چەندینجار لەچاپ دراونەتەوە وەرگێڕراون. لەلایەن دەنگبێژانەوە شیعرەکانی خوێنراونەتەوە و بەشێوەی سیدی، فلاش تۆمارکراون و لەلایەن گۆرانیبێژانی کۆن و سەردەمەوە کراون بە گۆرانی. خێزانداربووە و عەنبەر خاتوونی ژنی لە ئەوغانییەکانی هەڵەبجە بووە و چەند کوڕ و کچی لێى بووە. ساڵی ١٨٨٦ کۆچیدواییکردووە و لە سەرشاتە بەخاکسپێرراوە. مەزارەکەی بە شێوەیەکی جوان هەڵبەسراوە و شەیدایانی سەردانیدەکەن.

محی

ناوی (شێخ محێدین کوڕی شێخ ئیسماعیل)ـە. لە شێخەکانی (خوڕخوڕە)ی نزیک (سەقز)ە. بۆ خوێندن هاتووەتە (بیارە)‌ و لای شێخ نەجمەدین تەمەسسوکی کردووە و ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. لە هەڵەبجە دامەزراوە و لە مزگەوتی (خانم/ خێزانی عوسمان پاشای جاف) بووە بە پێشنوێژ و مودەڕیس. جگە لە زمانی کوردی، فارسیشی زانیوە و هۆنراوەی پێ نوسیوە‌. نازناوی (محی) بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٤ ‌کۆچیدواییکردووە‌.

میرزا سەید فەتاحی گوڵعەنبەری

لەبارەی ژیان و هۆنراوەکانییەوە زانیاریی زۆر لەبەردەستدا نییە. هێندە نەبێت لە سەردەمی شێخ عوسمانی سراجەدیینی تەوێڵەدا ژیاوە. زیاد لە حەوت قەسیدەی درێژی هەیە. درێژترینیان شیننامەیەکە بۆ کۆچیدوایی شێخی سراجەدین.

میرزا عەبدولقادری تەوێڵەیی

شاعیر و سیاسی و کارگێڕ و حەکیم و پزیشکی میللی بووە. ناوی عەبدولقادری کوڕی حەمەیوسفی کوڕی وەستا محەممەدە. ساڵی ١٨٧٣ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لەتەوێڵە لای مەلا عەبدوڵای مالێدەر و مەلا عەبدەی چلانە خوێندوویەتی. یەکێک بووە لە ئەندامانی چەپڕەوی مەشرووتە، لە بڕیاردەران و ئەندامانی لیژنەی ڕێکخستن و دابەشکردنی ئاوی تەوێڵە بووە بەسەر باخەکاندا. لە ساڵی ١٩٣٥، کە شارەوانیی تەوێڵە دامەزراوە، ماوەیەک سەرۆکی شارەوانی بووە. لە کردنەوەی قوتابخانەی تەوێڵەدا لە ساڵی ١٩٢٨ ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. بە شیعر پێشبینیی بەفرە زۆرەکەی ساڵی ١٩١١ کردووە. کتێبێکی ١٠٠ لاپەڕەیی دەربارەی پزیشکی و دەرمانگەریی میللی هەیە. ساڵی ١٩٤٩ کۆچیدواییکردووە و لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.

میرزا لوتفوڵای سەعیدی سارۆخانی

شاعیر و گۆرانیبێژ بووە. ساڵی ١٩٢١ لە ئاواییی سارۆخانی جوانڕۆ لەدایکبووە. سێ ساڵێک لە سەرەتایی خوێندوویەتی. پیاوێکی خۆش کەیف و پۆشتەبووە. چەند جار سەردانی باشوری کردووە. شیعرەکانی لە ڕیگەی کاسێت و گۆرانییەکانییەوە بە ناو هەڵەبجە و هەوراماندا گەڕاون. لە گەڵ (جیهانبەخشی غەفوری مەردا مەرد، بۆتۆرت کرد بۆ تۆریا)ی وتووە، کە دوای خۆی زۆربەی گۆرانیبێژە میلییەکان وتویانەتوە. خیزاندار بووەو خاوەنی منداڵە. ساڵی ١٩٩١ کۆچیدواییکردووە.

میرزا مەنگوڕی

شاعیر و نوسەر و شانۆکارە. ناوی (محەممەد ئەمین مەنگوڕی)یە. ساڵی ١٩١٠ لە قەڵادزێ لەدایکبووە. نازناوی (مەنگوری) و هەندێک جاریش(پشدەری) بووە. ساڵی١٩٣٥ لەگەڵ مەلاحەسەنی قازی(شاهۆ) حیزبی خوێنڕێژی دامەزراندووە و دواتر بووەتە سەرۆکی. ساڵی ١٩٤٥ بەشداری کۆماری کوردستانی لە مەهەباد کردووە. ساڵی ١٩٤٨ لە سلێمانی بووە بە فەرمانبەر. ساڵی ١٩٧١ لەسەر چاپکردنی (گەشتی ئەستێرەی مەریخ) تووشی کێشە بووە ڕووی لە شارەدێی تەوێڵە کردووە لەشارەوانیی تەوێڵە چووەتەوە سەر کارەکەی. نزیکەی چوارساڵ لە تەوێڵە و ساڵێک وەک پەنابەر لە ئێران ژیاوە. ساڵی ١٩٧٦ خۆی خانەنشین کردووە. لە بەرهەمەکانی: (زێرینای ئامێدی، قارەمان فەیرۆزخانی پشتکۆ، ماهراکۆ، بەسەرهاتی نەریمان بەختیاری، ئارات پوور، حەمەدەمین و بەسکێ، بوکێکی ناکام، کۆنگرێسی دوڕندەو مەل، شەوێک لە عوسبەتول ئومەمدا، گەشتی ئەستێرەی مەریخ، خەونی چوونە بەهەشتی مەنگوڕی، خوداو ئایین). ساڵی ١٩٨٨ کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە. پاشان ساڵی ١٩٩٢ لەسەر وەسیەتی خۆی، تەرمەکەی دەبرێتەوە بۆ سەر شاخی کێوەڕەش لە ڕانییە.

ناتيق

شاعیره. ناوی (مەلا کەریم کوڕی مەعروف کوڕی وەسمان)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٦ لەدایکبووە. بە خوێندنی قورئان دەستیپێکردووە و چەند ساڵێکی کەم فەقێ بووە‌. بەهۆی هەژارییەوە دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و کاری توتن و جگەرەفرۆشتنی کردووە. ژمارەیەکی باش لە دەستنوس و هۆنراوەی هەبووە، بەڵام له ‌کاتی لەشکرکێشییەکەی زەعیم سدیق بۆ سەر هەڵەبجه،‌ سووتاون. ئەوەی، کە ماوەتەوە لە دیوانەکەیدا، لە(ديوانى ناتيق)دا چاپ بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی زانيوە. ساڵی ١٩٦٧ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (گوڵان) بەخاکسپێرراوە‌.

نالى

ناوی (خدر کوڕی ئەحمەد شاویس) یان (نالی کوڕی ئەحمەد بەگی قەرەوەیسی کوڕی وەیس کوڕی مستەفا بەگی کوڕی وەیسی کوڕی عەلی بەگ)ـە. زۆربەی سەرچاوەکان پێیانوایە لە دەوروبەری ساڵی ١٨٠٠ لە گوندی (خاکوخۆڵ)ی شارەزوور لەدایکبووە. ‌لە تیرەی ئاڵی بەگی میکایەڵی عەشیرەتی جافە. بۆ خوێندن زۆر ناوچە و شاری کوردستان گەڕاوە. لەگەڵ میری بابان (ئەحمەد پاشا) پەیوەندی زۆر بووە. لە هۆنراوەکانیدا، خۆی بە (خدر) و (نالی) ناساندووە. لە بەڵگەنامەکانیشدا بە (خضـرالسليماني المعروف بنالي)، (خزر افندي الشهير بنالي السليمانيةيی)، (الشيخ خزر افندى نالي الکردي)، (خواجة نالي افندي)، (حاجي نالي افندى) و (نالي افندي) ئاماژەی بۆ کراوه. هۆنراوەکانی کۆکراوەتەوە و لە (دیوانی نالی)دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لە نوسینی هۆنراوەی کوردی (شێوەی کرمانجی ناوەڕاست)دا داهێنانی کردووە و ناوی لە پاڵ (سالم) و (کوردی)دا‌ پێکەوە دێت. له ‌ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا سلێمانی بەجێهێشتووە و تا کۆتایی ژیانی نەگەڕاوەتەوە. لە زمانی ئەحمەد پاشا و(خۆدزکۆ)ی دیبلۆماتەوە، بە (سەرۆکی زمانەوانەکانی وڵات) ناسێنراوە. سەفەری ئێران، شام، حیجاز، میسر و تورکیای کردووە. کاتێک لە ئەستەنبوڵ بووه، لە دانراوەکانی (بعض فوائد عقلية و نقلية) و (مناظر الانشاء)دا بەشداریکردووه. لە حیجاز، ژیانی هاوسەری لەگەڵ (زەینەب) ناوێکدا پێکهێناوە. پاش ئەوەی لە دەوروبەری ساڵی ١٨٧٤ لە سەفەری حەج گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ، لە ٢٣ی ١١ی ١٨٧٧ لەوێ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی قاراجا ئەحمەد karaka Ahmed بەخاکسپێرراوە.

نەبەز ھەورامی

شاعیر، نوسەر و هونەرمەندە‌‌. ناوی (نەبەز کەمال محەممەد سەعید)ه. ساڵی ١٩٦٧ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە پەروەردە و دەروونناسیدا هەیە. یەکەمین نوسینی لە ساڵی ١٩٨٨دا بە ناوی خوازراوی (ن. ش. جوامێر)ەوە بڵاوکردووەتەوە‌. فێرخوازی چەند تیپێکی مۆسیقا بووە. لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی١٩٩١ەوە بە ناوی (نەبەز ھەورامی)یەوە بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە. لە چەند ناوەند و کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیریدا ئەندام بووه. ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٢ لە فیستیڤاڵی ھەڵەبجەدا، بەشداری چالاکی هەبووە. سەرپەرشتیی دەرکردنی بڵاوکراوەی (خەزان) کردووە و ئەندامی دەستەی نوسەرەرانی گۆڤاری (ڕابەر) بووە. چاپکراوەکانی: (ئاوابوون، پێغەمبەرێتیی موحەممەد "د. خ"، ئیمان و ئازادی، بزوتن لە خولگەکانی عیشقدا، شیعر و عیشق و عیرفان، ئاوێتەبوون "شیعر"، عیشقی زێد و سروشت لە گۆرانی ھەورامیدا) لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.

نەجمی

ناوی (محەممەد کوڕی شێخ نەجمەدینی کوڕی عومەر زیائەدین‌)ـە. زانیاری لەسەر ژیان و هۆنراوەکانی زۆر کەمە. ئەوەندە دەزانرێت، کە لە (بیارە) لەدایکبووە و هەر لەوێ خوێندنی ئاینی خوێندووە. هۆنراوەی هەبووە و نازناوی شیعریی (نەجمی) بووە. بە لاوی کۆچیدواییکردووە.

هادی بەهمەنی

ناوی (هادی ڕەشید سلێمان)ـە. بە پێنج پشتی تر دەچێتەوە سەر عەلی مەردان سانی هەورامان، کە پشتەکانی، سانیەتی هەورامانیان کردووە. ساڵی ١٩٥١ لە شارۆچکەی بیارە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە دایک و دوو براو دوو خوشکی شەهید دەکرێن. ساڵی ١٩٦٩ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە و بووەتە مامۆستا. لە قوتابخانەکانی شارەزوور و هەورامان وانەی وتووەتەوە. ١٩٧٠ دەکرێت سەرباز و دەنێردرێت بۆ ئوردن. لەساڵی ١٩٨٢ لە سەربازی هەڵدێت و بە خێزانەوە دەچنە تاران و لەوێوە بۆ ئەوروپا. لە ئەڵمانیا تا قۆناغی چوارەم لە زانکۆ دەخوێنێت و لەبەر هەندێک هۆکار وازی لێدەهێنێت. خێزاندارە و خاوەنی کوڕ و کچێکە. لەسەر ئەرکی خۆی چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە. لەوانە لە هەورامانەوە بۆ ئەڵمان، بەهمەنینامە، داڵانی،... هتد. دیارترین کتێبی پەیامی هەورامانە، کە تا ئێستا پێنج جار چاپ بووە. ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.

هێمن لەتیف تالب

ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٩ەوە هۆنراوە دەنوسێت و لە بڵاوکراوەکاندا بڵاوی کردووەتەوە. ئەندامی لیژنەی باڵا و سەرپەرشتیاری چەندین دیدار و فیستیڤاڵی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بووە، لەوانە: دیداری ئەحمەدموختار بۆ چیرۆک، دیاری وێژەی هەورامی، فیستیڤاڵەکانی گوڵەهەنار. وەک لایەنی هونەری لە چەندین کورتە فلیم و شانۆدا کاریکردووە، لەوانە: تارمایی دەستەکان، ئێمە. نامیلکەی شیعری (بەفری خەم، ئەوینی تۆ بوونی منە)ی چاپکردووە. بەشێک لە شیعرەکانی لەلایەن هونەرمەندانەوە کراون بە گۆرانی، لەوانە: هۆشیار حەمەفەرەج، سامان عومەر، هەڵوێست محەممەد، هونەر محەممەد، بەرهەم جەلال، شاخەوان حەمەڕەزا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌. فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی هەڵەبجە.

هێمنی مام نادر

ناوی (هێمن نادر قادر)ە. ساڵی ١٩٦٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجه ‌و ئامادەیی لە هەولێر و بەشی میکانیکی لە پەیمانگای تەکنیکی کەرکوک تەواکردووە و دواتر بووە بە پێشمەرگە و ساڵی ٢٠٠٠ چووەتە هەندەران و ساڵی ٢٠٠٦ بە یەکجاری گەڕاوەتەوە کوردستان. زۆرێک لە شیعرەکانی لە لایەن هونەرمەندانەوە کراون بە گۆرانی، لەوانە: بەهجەت یەحیا، ئارا ئەحمەد، سارەنگی سەیفی زادە، نازێ عەزیزی، شێرکۆ مستەفا، کیژان ئیبراهیم... ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی یەک منداڵە.

وافی

ناوی (مەلا مستەفای کوڕی مەلا عەلی کوڕی مەلا غەفوری مەلا خدری بانەییە). باپیری بە مەلایی هاتووەتە گوندی خەرپانیی نزیک هەڵەبجە. ساڵی ١٨٩٠ لەدایکبووە. بە منداڵی دەستیکردووە بە خوێندنی ئایینی و گەلێک شوێنی کوردستان گەڕاوە. خوێندنی تەواوکردووە و ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. لە دەوڵەتی عوسمانیدا کاربەدەست بووە. لە زۆربەی بابەتەکان شیعری هەیە. نیشتمانپەروەر و دۆستی شێخ مەحمودی نەمربووە. ساڵی ١٩٣٢ کۆچیدوییکردووە.

وەرزێر حەمەسەلیم

شاعیر، نوسەر و هونەرمەندە. ناوی (ڕێبوار حەمەسەلیم)ـه. ساڵی ١٩٦٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە، ساڵی ١٩٨٣ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە، لەو ساڵەوە تا ئێستا مامۆستای قوتابخانەیه.‌ لە دامەزرێنەرانی یەکێتی ڕۆشنبیرانی موسڵمانی کوردە، خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ڕابەر بووه ١٩٩١ بۆ ١٩٩٩، خاوەنی دیوانە شیعری (گەردانه)‌ و کتێبی (ژێر بەڕەکەم له بیست ساڵدا)یە، چەند کتێبیشی وەرگێڕاوە. لەوانە (حیکمەتی حوکمە شەرعییەکان). لە ساڵی ١٩٨٢ دەستی بە کاری سیاسی کردووە و وەک کادیرێکی ڕاگەیاندن دەرکەوتووە، بووە بە بەڕێوبەری چەند ڕادوێ و تەلەفزیۆنێک. چەندین دەقی شانۆیی نوسیوە و خۆیشی لە نمایشکردنیاندا کارەکتەری سەرەکی بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

وەستا سەباحی ئاسنگەر

ناوی (سەباح عەبدولڕەحمان محەممەد فەقێ عەلی)یە و بە وەستا (سەباحی ئاسنگەر) ناسراوە. ساڵی١٩٧٠ لە (گریانە) لەدایکبووە. ناوەندیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی دوکاندارە. هۆنراوەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەری نوسیوە و لە کۆڕ و بۆنەکاندا خوێندوویەتییەوە و لە ڕادوێ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیشدا ژمارەیەکیانی بڵاوکردووەتەوه. چەند شیعرێکی کراون بە گۆرانی. چەند جارێک خەڵات کراوە. گروپێکی شاعیرانی میللیان لە ئاستی چەند شارێکی کوردستان دروستکردووە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

وەستا مستەفای ئەلە

ناوی (مستەفا عەلی محەممەد)ە. ساڵی ١٩٢٩ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. کڵاشچنێکی بەتوانا بووە. لای مەلا عەبدولحەمیدی مالێدەر و حاجی مامۆسا خوێندوویەتی. لای وەستا ئەبوبەکری برای فێری کڵاشکردن بووە. لە لاوێتیدا زۆر لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە بە شیعر و هۆنراوە. ناوەڕۆکی شیعرەکانی تەنز و موناجات و شۆخییە. ساڵی ١٩٩٧ لە کرماشان کۆچیدواییکردووە و لە سەر ڕاسپاردەی خۆی تەرمەکەی هێنراوەتەوە و لە گۆڕستانی باباسەرهەنگ لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

وەلی دێوانە

ناوی (وەلیدی کوڕی کوێخا محەممەد)ە. بەپێی بۆچوونێکی تر، ناوی (میرزا محەممەد یان "ڕەزا""‌) یه. لە دەوروبەری ساڵی ١٧٤٥ لە (بەکراوا) و بەپێی بۆچوونێکی تر، لە نزیک (دەشتی "شاکەل" و "شێروانە") لەدایکبووە. نەخوێندەوار بووە. شەیدای (شەم: شەمسە) بووە، کە سەر بەهۆزێکی تری هەمان تیرەی (کەماڵەیی)‌ بووه، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان هۆزەکانیانەوە بەیەک نەگەیشتوون. زمانی فارسی زانیوە. زۆرتر بە شێوەی گۆران شیعری نوسیوه و هۆنراوەکانی لە (دیوانی وەلی دێوانە)دا کۆکراونەتەوە و چاپکراون‌‌. لە دەوروبەری ١٨٠١ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی قەدپاڵی کێوی (سەیدسادق) بەخاکسپێرراوە.

پێشتر 1
...
13 14 15
...
60 دواتر