بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ناوی (سەید حسێنی تاوەگۆزیی)یە. ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدوایی نەزانراوە. هێندە لەبەردەستدایە، کە هاوسەردەمی (مەولەوی ١٨٠٦- ١٨٨٢) بووە. ژمارەیەکی کەمی هۆنراوەکانی لەبەردەستدان، کە بە زمانی کوردی نوسیونی. نازناوی (مەحرووم) بووە.
ناوی (عەبدولقادر کوڕی ئەحمەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٢٤ لە گوندی (سەرشاتە)ی ناوچەی تاوەگۆز لەدایکبووە. لە گوندەکەی دەستی بە خوێندن کردووە و دواتر بۆ هەمان مەبەست زۆر شوێن و ناوچە ڕۆیشتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، کە مەلا بووە، کاری کشتوکاڵیشی کردووە. هۆنراوەی نوسیوە و نازناوی (مەخمووری) بووە. هێشتا بەرهەمەکانی لە کتێبێکدا کۆنەکراونەتەوە و بە چاپ نەگەیشتوون. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٩٧ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (ڕەسول ئەفەندی)یە. ساڵی ١٨٢٣ له شارەزوور لەدایکبووه. بەمەبەستی خوێندنی ئاینی، چووەتە (هەورامان، سنە، ڕەواندز)، دواتر چووەتە ئەستەنبوڵ و لە قوتابخانە خوێندویەتی. لە ئەنجامی ئەوەی دانراوێکی تایبەت بە زانستی(فیزیا)ی ئامادەکردووە، لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە خەڵات کراوە. گەڕاوەتەوە عێراق و لە موسڵ و کەرکوک وانەی وتووەتەوە. چووەتە میسر و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ و کراوە بە بەڕێوەبەری ڕۆشنبریی لە شاری وان. سەردانی ئەوروپای کردووە و جگە لە زمانی کوردی، شارەزایی لە زمانی فارسی و فەرەنسیشدا هەیە. هۆنراوەی بە کوردی و فارسی نوسیوە و نازناوی (مەستی) بووە. لەگەڵ (شێخ ڕەزای تاڵەبانی)دا هەجووی یەکیان کردووە. ئەم دانراوانەشی هەیە: (تشریح الأدراک فی تشریح الأفلاک)، (إثبات واجب الوجود)، (حوادث عناصر)، (زلزلە وراه جلوگيرى از خسارات آن) و (فیزیک جدید) ١٩٠٨ کۆچیدواییکردووە.
شاعیر، ئەدیب و سیاسییە. ناوی (ئەحمەد کوڕی حاجی عەلی)یە و بە (فەوزی) ناسراوە. لە ساڵی ١٨٧٥ لە گوندی عەبابەیلێ لەدایکبووە. یەکێک بووە لە منەوەرەکانی سەردەمی شێخ مەحموود، پاش لەناوچوونی حکومەتی شێخ مەحمود، یان دوای کوژرانی جەمال عیرفان، پەڕیوەی ڕۆژهەڵات دەبێت و لە موکریان دەگیرسێتەوە و لە گوندی کولیجە قوتابخانەیەک دەکاتەوە و دەرسی بە گەلێک لە ناوداران وتووە. پاشان دەبێتە مەلا گوندی حاجیکەند. لە پاش مردنی شێخول ئیسلامی گەورە، ژنەکەی شێخ مارەدەکات. بە فێربوونی منداڵان و مێردمنداڵانەوە خەریک دەبێت. بیری کوردایەتی دەخاتە مێشکی دەستەی یەکەمی گەنجانی کۆماری کوردستان. لە قوتابییەکانی (پێشەوا قازی محەممەد و هێمن و هەژار... هتد) بووە. پێشەوا شانازی کردووە بەوەی شاگردی فەوزی بووە. هێمنی موکریانی لە تاریک و ڕووندا: دەڵێت من دەستکردی فەوزیم. مامۆستا هەژار دەڵێت: فەوزی زۆر زانا و شاعیر بووە. خەڵکی عەبابەیلێ بووە. شیعری کوردی و فارسی هەبووە. لە ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی حاجیکەند کۆچیدواییکردووە و لە خانەقای شێخی برهان بەخاکسپێرراوە.
شاعیر، قازی، شاعیر و خەتخۆشە. ناوی (ئەحمەد کوڕی موعینەدینی کوڕی مەلا نەزیری گەورەیە ساڵی ١٨٨٤ لە تەوێڵە لەدایکبووە. گەرچی لە سەرتاوە دەستی بەخوێندن کردووە، بەڵام تەواوی نەکردووە. خۆی دواتر مەیلی لە خوێندنەوە و نوسین زۆر بووە. بۆیە خوێندەوارێکی باشی لێدەرچووە. لە تەوێڵە و هەڵەبجە و سلێمانی قازیەتی کردووە. چوار ژنی هێناوە. لە تەوێڵە قوتابی زۆری هەبووە. کەشکۆڵێکی بە خەتەخۆش و نایابەکەی نوسیوەتەوە، کە سەرچاوەی باشی دیوانی سەیدی بووە. ساڵی ١٩٥٦ کۆچیدواییکردووە.
لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی کۆچیدا لە شارەزوور لەدایکبووە. بۆ خوێندن تەواوی شارەزوور، دینەوەر و بەغداد گەڕاوە. دوای تەواوکردنی خوێندن، گەڕاوەتەوە شارەزوور و ڕێنوێنی خەڵکی کردووە. مامۆستای سوڵتانی ساقی بەرزنجی و عابدیینی جاف بووە. سەردەستەی ئەو مەلایانەی شارەزوور بووە، کە دژ و نەیاری سەرسەختی سەرهەڵدانە دینییەکەی سوڵتان و یارانی بوون. هەوڵی پاشگەزبوونەوەی عابدین دەدات لە ڕەچەی یاریدا. شیعرەکانی پارێزەری دەیان وشەی پاراو و ڕەسەنی زمانی کوردین. لە ساڵی ١٣٧١ لە شارەزوور کۆچیدواییکردووە.
شاعیر و وتاربێژ و قسەخۆش و زانایە. حەسەن کوڕی محەمەدی کوڕی محەمەدڕەزای وەیسیایی هەورامانە، نازناوی هیجریە، ساڵی ١٨٥٨ لە دایکبووە، لە هەورامان و شنۆ و موکریان و سلێمانی خوێندوویەتی و لە هەولێر لای مەلای گەورە مۆڵەتی وەرگرتووە. والیی بەغداد بانگی کردووە؛ ببێتە موفتی یان قازی ئەلقەزا. دەچیتە ئەزهەر و خوێندن تەواودەکات، دەگەڕێتەوە عێراق و گەلێک پۆستی زانستی و شەرعی دەخرێتە بەردەم، قبوڵیانناکات. دەگەڕێتەوە هەورامان و دەبێتە مەلای هانەی قوڵی نزیک خورماڵ، تا کۆتایی ژیانی. زانایان دانیان بە توانای زانستی و ئەدەبیی مەلا حيسەندا ناوە و لە سەرچاوەکاندا باسیکراوە. لەسەر مەسەلەی تەڵاق و چارەسەری ئەو دەمەی مامۆستایان ناکۆک بووە و لە دژیان وەستاوەتەوە. خوتبەکەی مزگەوتی خورماڵی دەنگدانەوەی زۆر بووەو کاریگەربووە لەسەر فەقێ و قوتابیان و چەند فەقێ و مامۆستا نوسیویانەتەوە. شیعری گاڵتەوگەپی زۆرە و هاوڕێی نزیکی وەستا ئەولعەزیز و کوێخا حەمەسەلیم و محەمەدی حاجی حەمەساڵحی تەوێڵەیی بووە و شیعر و سوعبەتیان هەبووە. خێزاندار بووە و نەوەی نەبووە. ساڵی ١٩٤٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی ئەسحابان بەخاکسپێردراوە. دیوانی چاپکراوی هەیە.
ناوی (مەلا محەممەد کوڕی مەلا ئیسماعیل کوڕی مەلا یوسف کوڕی مەلا حسێن "حسکه"ی کوڕی مەلا ئەحمەدی دەرمانکوتـ)ـه. لە دەوروبەری ساڵى ١٨٥٢ بە نابینایی لە سلێمانى و لە بنەماڵەیەکی هەژار لەدایکبووە. بە منداڵی قورئانی پیرۆزی پێ لەبەرکراوە و درێژەی بە خوێندن نەداوە. لەبەر هەژاری و بۆ بژێوی ژیان، هاتوچۆى ئێران و چەند گوندێکی کردووە و توانيويەتى دەورەى فێربوونی قورئان بکاتەوە و خەڵکی فێربکات. ماوەیەک ڕووی لە ئەستەنبوڵ کردووە و دواتر گەڕاوەتەوە. زمانی فارسی و تورکی زانیوە. بەشی زۆری هۆنراوەکانی تیاچوون و تەنها چەند شیعرێکی کەمی لەبەردەستدان، بۆیە تا ئێستا دیوانی چاپکراوی نییە. چیرۆک و بەسەرهاتی سەرسوڕهێن لەسەر توانا و لێهاتوویی دەگێڕنەوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٧ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە نزیک دارەکەى (پير محەممەد) بەخاکسپێرراوە.
لە کۆتایی سەدەی حەوتی کۆچی لە شارەزوور لەدایکبووە. لە منداڵییەوە چووتە حوجره و هەر لە شارەزوور خوێندویەتی. ڕێنوێنی خەڵکی کردووە و وانەی وتووەتەوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٣٦٨ کۆچیدواییکردووە و لە شوێنی لەدایکبوونی بەخاکسپێرراوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدان و تۆمارکراون.
لە کۆتاییەکانی سەدەی حەوتەمی کۆچیدا لە شارەزوور لەدایکبووە. لە منداڵییەوە لای باوکی خوێندویەتی. لە (دینەوەر) خوێندنی تەواوکردووە و دواتر گەڕاوەتەوە مەڵبەندی لەدایکبوونی و خەریکی ڕێنوێنی وانەوتنەوە بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٣٦٧ کۆچیدواییکردووە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدان و تۆمارکراون.
لە دەوروبەری ١٢٩٢ لە شارەزوور لەدایکبووە. لە منداڵییەوە چووتە حوجره و بۆ هەمان مەبەست زۆر شوێنی کوردستان و بەغداد و شام چووە. دواتر گەڕاوەتەوە مەڵبەندی لەدایکبوونی و خەریکی ڕێنوێنیی وانەوتنەوە بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٣٨١ کۆچیدواییکردووە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدان و تۆمارکراون.
ناوى (محەممەدى کوڕى مەلا عەبدولڕەحیمى چروستانی کوڕى مەلا عومەر)ە. ساڵى ١٨٩٠ لە گوندى (ئابڵاغ)، کە ئێستا گەڕەکێکە لە شارى سلێمانى، لەدایکبووە. لە تەمەنى شەش ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندنى ئایینى. دواتر لەگەڵ باوکى چوونەتە هەڵەبجە و لەوێ درێژەى بە خوێندن داوە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. مامۆستا مەلا موحەممەد لەگەڵ ئەوەى زانایەکى ئاینى بووە، لە هەمان کاتیشدا شاعیر، نالیزان و پارێزەرێکى زۆر باشى شیعرەکانى نالى بووە. زۆرێک لە شیعرەکانى نالى لەبەر بووە و شیعرەکانى شیکردووە، کە بە یەکەمین لێکۆڵەرى شیعرەکانى نالى ناسراوە. مامۆستا مەلا محەممەد لەو کاتەى خۆى لە ژیاندا بووە چەند پارچە شیعرێکی لە گۆڤارى گەلاوێژ بە ناوى (دایکى وەتەن) بڵاوکردووەتەوە. ساڵى ١٩٦٣ کۆچیدواییکردووە و لە (گردى جۆگە) بەخاکسپێرراوە.
شاعیر، نوسەر، مێژوونوس و دەنگخۆشە. کوڕی قازیی مەلا عەبدولعەزیزی قازیی مەلاحسێنی قازیی مەلا سەعیدە. لە بنەماڵەی قازییانی هەورامانە. ساڵی ١٨٤٣ لە هەورامان لەدایکبووە. لە چوار ساڵیدا باوکی مردووە و لە شەش ساڵیدا لە مەدرەسەکەی باوکی دەست بە خوێندن دەکات. بۆ خوێند دەچێتە دەگاشێخان و دەرەوەی هەورامان. لە دەگاشێخان خوێندن تەواودەکات و ئیجازەی فتوا و تەدریس وەردەگرێت و دەبێتە مودەرس و قازیی توتمەر. لە سنە و مەریوان و شارەزوورەوە خەڵکی بۆ چاەسەری کێشەکانیان دێنە لای. لەپأڵ حەزی دەرس وتنەوە و ئەدەبیات و مێژوودا، زۆر حەزی لە کشتوکاڵ و باخداری بووە. بە گوێرەی وتەی خۆی ٤٦ بەرهەمی بە فارسی و عەرەبی و هەورامی نوسیوە، کە بەشی زۆی نوسراوەکانی لە شەڕی نێوان جەعفەر بەگی دەگاشێخان و محەممەد کەریمی قازیی کوڕەزایدا لە ساڵی ١٩٤٥ سووتاون. تەنیا ئەم کتێبانەی بەردەستن: (تاریخ شارەزوور، تاریخ سلاتین هەورامان، مێژووی هەورامان بە شیعری هەورامی، رجال من الاکراد بە عەرەبی، عەواڵان ژیانی سەحابە و ناودارانی کورد، کەماجار پەند و ئامۆژگاری). ساڵی ١٩٠٦ لە توتمەر کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.
خەڵکی(ولەژێری) مەریوانە. ساڵی ١٨٧١ لەدایکبووە. ماوەیەکی زۆر ژیانی لە تەوێڵە بەسەربردووە. ئیمام و خەتیبی مزگەوتی گەورەی تەوێڵە و کاتبی شێخ حسامەدین و قازیی دیوەخانی قادربەگی جافرسان بووە. کەشکۆڵێکی شیعری نوسراوی هەیە. ساڵی ١٩٢٩ نوسیوویەتییەوە. هاوڕێی پیرەمێردی شاعیر بووە. یەکێکە لەو مەولەویناسانەی بۆ وەرگیڕانی شیعری مەولەوی یارمەتی پیرەمێردی داوە. ساڵی ١٩٣٨ لەسلێمانی کۆچیدواییکردووە.
ناوی (قادری کوڕی مەلا مۆمن)ـە. ساڵی لەدایکبوونی نازانرێت. لە عەشرەتی (جاف)ـە. بە منداڵی لای باوکی و دواتر لە مەدرەسەکانی دەوروپشتی هەڵەبجە خوێندوویەتی. لەسەردەمی فەقێیەتیدا بووە بە مەنسوبی شێخ عومەر زیائەدین. خەتخۆشی سەردەمەکەی بووە. دەرسی مەنتیق و حیکمەت و کەلامی وتووەتەوە. جگە لە زمانی کوردی، فارسیشی زانیوە و هۆنراوەی پێ نوسیون. مامۆستا مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس لە کتێبی (یادی مەردان، بەرگی دووەم) چەند هۆنراوەیەکی بڵاوکردووەتەوە. بە فەرمانی مەحموود پاشای جاف چووەتە (قزرابات) تا لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٨ کۆچیدواییکردووە، لەوێ ماوەتەوە.
لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی کۆچی لە شارەزوور لەدایکبووە. لە منداڵییەوە چووتە حوجره و هەر لە شارەزوور خوێندویەتی. ڕێنوێنی خەڵکی کردووە و وانەی وتووەتەوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٣٩١ کۆچیدواییکردووە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستداین و تۆمارکراون.
ناوی(کامیل کوڕی مەلاحەمەمین کوڕی وەستا قادری کوڕی سەیدئەحمەدی خالد)ە. ساڵی ١٩٣٢ لە تەوێڵە لەدایکبووە. تا شەشی سەرەتایی خوێندووە. پاشان لە حوجرە لای مەلا ساحیبی تەوێڵە دەستی بە خوێندن کردووە. دوایی هاتووە بۆ خورماڵ و لای مەلا بەها و مەلا سەید عارف خوێندوویەتی. بەڵام تەواوینەکردووە. ساڵی ١٩٦٨ بە بانگدەر و خادمی مزگەوتی تەوێڵە دامەزراوە. ساڵی ١٩٧٨ خۆی خانەنشین کردووە. لە دوای چۆڵکردنی تەوێڵە هاتوەتە سلێمانی. شیعری زۆربەی شاعیرە گەورەکانی لەبەرە. کاریگەریی حاجی مامۆستای باوکی بەسەر دانیشتن و حکایەت و شیعرەکانیەوە دیارە. کەشکۆڵە شیعرێکی لایە. پێدەچێت هەمان ئەو کەشکۆڵە نایابەی مەلا ئەحمەدی قازی بێت، کە کەوتوەتە لای باوکی. شیعری میرزا عەبدولقادر و مەولەوی و باوکی و... تێدایە. شیعرەکانی مەلا کامیل لە سروشت و عیرفان دەدوێن.
ناوی (مەلا محەممەدی حەمە میرزا حەمە شەریفی کەماڵایی)یە. ساڵی ١٨٩٠ لە کەماڵای هەورامانی تەخت لەدایکبووە. لە هەورامان و مەریوان و بیارە خوێندوویەتی، تا گەشتوەتە پلەی شەرحی عەقائد. ساڵی ١٩٠٩ ژنی هێناوە. ١٩١٤ بوە بە مەلای بانیبنۆک لە شارەزوور. ساڵی ١٩٣٣ شێخ عەلادین دەیکات بە مەلای دەرەیمەڕ. ١٩٤٠ دەچێتە سەرگەت و باخێکی وێرانە دەکڕێت و ئاوەدانیدەکاتەوە. باخی قەڵا مەشهوورە. ١٩٤٥ز بوە بە مەلای هانەیدن. لەو دێیانەدا زیاد لە ٦٠ کەسی فێری خوێندەواری کردووە. نامەی شیعری بۆ هاوەڵەکانی نوسیوە. نامیلکەیەکی عەقائیدی بە ناوی(عەقیدەی محمەدی) بە هۆنراوە داناوە. نامیلکەیەکی تری بۆ تەجوید بە هۆنراوە نوسیوە. سێ جار هاوسەرگیری کردووە. ساڵی ١٩٥٧ لە سەیدسادق کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش نێژراوە.
ناوی (مستەفای کوڕی حاجی عەبدولڕەحیمی سەرگەتی کوڕی ڕەحمانی خواکەرەم)ە. ساڵی ١٩٣٥ لە سەرگەت لەدایکبووە. سەرەتا قورئانی لای باوکی خوێندووە. پاشان بووە بە فەقێ و زۆر شوێنی کوردستان گەڕاوە. لە بیارە خوێندن تەواودەکات و لە سەردەستی مەلا حەمەئەمینی کانی سانان ئیجازەی وەرگرتووە. پێشنوێژ و وتارخوێن بووە لە چەند گوندێک. خاوەنی پەرتوکی شیعریی:(نوورو بەسەری)یە. ساڵی ١٩٧٨ز کۆچیدواییکردووە.
ناوی (مەجید کوڕی کوڕی مەلا حامیدی کاتب)ـە. دایکی، برازای مەولانا خالیدی نەقشبەندییە. تا کۆچیدواییکردووە پێشنوێژی خانەقای بیارە بووە. جگە لە زمانی کوردی، شارەزای فارسی بووە و بەم زمانە هۆنراوەی نوسیوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (ملەگای چنار)ی بیارە بەخاکسپێرراوە.