کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

بەرگی پێنجەم

کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.

ناوەڕۆک

797 بابەت

هەڵەبجە ٣

گۆڤارێکی ئەدەبی و ڕووناکبیرییە. خاوەنی ئیمتاز: لیژنەی باڵای فیستیڤاڵ. سەرنوسەر: هاوژین مەلا ئەمین. بەڕێوەبەری نوسین: سەڵاحەڕەش. سەرپەرشتیاری چاپ: ئاگر بورهان، تاهیر زاهیر. ١٦ی ٣ی ٢٠٠٢ تایبەت بە چواردەیەمین ساڵیادی هەڵەبجە دەرچووە.

هەڵەبجە ٤

حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و پارێزگای هەڵەبجە تایبەت بە (٢٨)ەمین ساڵیادی کیمیاباران دەریکردووە. ستاف (پەروێز نیازی، سەبا ئەحمەد، ماردین ئەبوبکر. ئەردەڵان کاکەیی) بوون.

هەڵەبجە ٥

گۆڤارێکی ڕووناکبیریی وەرزییە، بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەڵەبجە دەریکردووە. (کەمال هەورامی) سەرنوسەری بووە و (سەڵاحەڕەش) سەرپەرشتیکردووە. دەستەی نوسەران (ئیبراهیم هەورامانی و نەجمەدین گۆریان و عومەر عەبدول و موحسین ئەدیب و وەرزێر حەمەسەلیم و ئیدریس عەلی) بوون. لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٠٣دا ژمارە سفری دەرچووە، ژمارە ١ی لە ١٦ى ٣ى ٢٠٠٤دا دەرچووە. قەبارەکەی ئەیفۆڕ و بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ و ناوەڕۆکەکەی ڕەشوسپی بووە. ژمارەی لاپەڕەکانی ١٧٠ بۆ ١٨٠ لاپەڕە و تیراژەکەی لەنێوان ٧٥٠ بۆ ١٠٠٠ دانەدا بووە. لە ژمارە ٢دا لە ٤ى ٨ى ٢٠٠٤ لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم مۆڵەتی بۆ وەرگیرا. ناوەڕۆکەکەی زیاتر بابەتی ئەدەبی و هونەری و چالاکییەکانی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە و چیرۆکەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەی تێدابڵاودەکرایەوە و لە سنوری هەڵەبجە و سلێمانی بەخشراوە. هەتا ژمارە ٩ی لێدەرچووە و سەرەتای ساڵی ٢٠٠٦ داخراوە.

هەڵوێستە

بڵاوکراوەیەکی سەربەخۆی ڕۆشنبیریی ڕەخنەیی تەنزئامێزە. لەلایەن چەند فێرخوازێکی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی هەڵەبجەوە دەردەکرا. ژمارە سفری لە ٢٠ى ١١ى ٢٠٠٥ دەرچووە. سەرپەرشتیاری (بەهمەن ڕەحیم مستەفا) و ئەنجومەنی نوسەرانی (سەلام کەریم و مەیوان عوسمان و ئەکرەم عەبدولڕەحیم و ئەحمەد عەلی) بوون. ژمارەی لاپەڕەکانی هەشت لاپەڕەی و ڕەنگاوڕەنگ بووە، چوار ژمارەی لێدەرچووە و ژمارە سێ وەکو کۆتا ژمارەی لە ٢٣ى ٥ى ٢٠٠٦ دەرکراوە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوه

هەناسە

بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی قوتابیانە. ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان لقی هەورامان دەریدەکات. یەکەم ژمارەی لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥ لێدەرچووە. ناوەڕۆکی (ئایینی، عیرفانی، مەعنەویەت، فیکری و زانستی...) هەیە. ٤٤ ژمارەی لێدەرچووە. سێ سەرنوسەری هەبووە: (ڕەزوان زەڵمی، میقداد دەرەمەڕی، مەریوان مەعسووم). لە ژمارە ٣٦ بە دواوە شێوەکەی گۆڕاوە بۆ ڕۆژنامەیەکی ئاسایی. دوای شەش ساڵ بەردەوامی بە هۆی نەبوونی مۆڵەتی یاساییەوە، داخراوە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوه

هەنگاو

بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی مانگانەیە. ڕاگەیاندنی لقی هەڵەبجەی یەکگرتوی قوتابیانی ئیسلامیی کوردستان دەریکردووە. سەرنوسەر: دڵشاد محەممەد ڕەحیم. بەڕێوەبەری نوسین: ئومێد کەمال. لە ساڵی ١٩٩٩، ٥٦ ژمارەی بەقەبارەی (A٣) لە هەشت لاپەڕەدا و بە تیراژی ٤٠٠ دانە لە چاپخانەی پیرەمێرد لێدەرچووە. لاپەڕەی سەرەتا و کۆتایی ڕەنگاوڕەنگ بوون. بایەخی بە هەواڵی ناوەندەکانی خوێندن و زانست و پەروەردە و ڕەخنە لە ئیدارەدان و سیاسەتی حزبایەتیکردن و بابەتی ئەدەبی داوە. لە ناوەڕاستی ٢٠٠٥دا دوا ژمارەی لێدەرچووە و بە هۆی گۆڕانکاری لە کاری ڕێکخراوەکەدا ڕاگیراوە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوه

هەوارگە

بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی ئازادە. بەشێوەیەکی ناوبەناو کۆمەڵیک لاو بۆ خستنەڕووی گیروگرفتەکانی ناوچەکە و دروستکردنی پەیوەندی نێوان خەڵک و بەرپرسان، دەریدەکەن. خاوەنی ئیمتیاز (مەریوان دەرەمەڕی) و سەرنوسەر (میقداد دەرەمەڕی) بووە. بە شێوەی ڕەش و سپی دەرچووە. ١٦ ژمارەی لێدەرچووە و کۆتا ژمارەی ساڵی ٢٠٠٩ دەرچووە.

هەواڵی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە هەفتەنامە و گۆڤارە‌ جیهانییەکاندا

١- ئەفریکائیڤێنتز: گۆڤارێکی بەریتانییە. ڕۆژی ی ئایایی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی (قەسابخانەی هەڵەبجە) وای بڵاوکردووەتەوە کە (عێراق دوای دۆڕاندنی جەنگی هەڵەبجە، شارەکەی بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد و ٥٠٠٠ هاوڵاتی کوشت). ٢- زە ئیکۆنۆمیست (THE Economist): هەفتەنامەیەکی بەریتانییە. ڕۆژی ٢٦ی ٤ی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتەهەواڵێکدا وای بڵاوکردووەتەوه، ‌کە(عێراقییەکان دەڵێن: ئێرانییەکان شاری هەڵەبجەیان کیمیابارانکردووە، بەڵام ئەمە لەگەڵ شایەتیدانی زۆرینەی دەربازبوواندا ناگونجێت). ٣- ئۆبزێرڤەر (The Obserer): هەفتەنامەیەکی بەریتانییە. ڕۆژی ٢٧ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتێکی (هێلگا گراهام)دا بە ناونیشانی: (ئاشکرابوون: جەنگی کیمیایی عێراق)، وای بڵاوکردووەتەوە و باس لەو بەڵگانە دەکات، کە دەیسەلمێنن عێراق بە گازی کیمیایی پەلاماری هەڵەبجەی داوە. ٤- تایم: گۆڤارێکی ئەمرییکییە. ڕۆژی ٤ی ٤ی ١٩٨٨، ڕاپۆرتەهەواڵێکی بەناونیشانی: (مردنی لەناکاو لە پەڵەهەورەکانەوە)، لەگەڵ وێنەیەکی (عومەری خاوەر) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت (عێراق پەلامارەکەی لەپێناو سزادانی کوردە جودایخوازەکاندا ئەنجامداوە). ٥- نیوزویک (newsweek): هەفتەنامەیەکی ئەمریکییە. ڕۆژی ٤ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە باسی لە مەترسی بەکارهێنانەوەی چەکی کیمیایی لە لایەن عێراقەوە خستووەتەڕوو و باسی مردنی هاوڵاتیانی مەدەنیی شاری هەڵەبجەی کردووە و چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە. ٦- ژۆن ئەفریکJEUNE AFRIQUE)): گۆڤاێکی فەڕەنسییە. ڕۆژی ٦ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتێکی شیکاری و چەند وێنەیەکی بەناونیشانی: (چەکی کیمیایی: گەڕانەوەی عێراق بەرەو تاوانکاری) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت (لە هەڵەبجە بە گازی خەردەل و سیانید و سارین هەزاران هاوڵاتی کوژراون. وردەکاریی کارەساتەکە لەبەردەستی پسپۆڕاندایە. بۆمبەکان لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقەوە هاوێژراون. نیشانەی شێتی لە سەدامدا دەبینرێت. عێراق بە مەبەستی چاوترسان و وریاکردنەوەی ئێران لە تاران ئەم کارەی کردووە). ٧- لە نۆڤڵ ئۆبسێرڤاتۆر (le nouvel Observateur): هەفتەنامەیەکی فەرەنسییە. ڕۆژی ١ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتەهەواڵێکی بەناونیشانی (چەکە چەپەڵەکانی سەدام) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت (چەکی ڕەشەکوژ بە بڕیاری سەدام حسێن دژ بە دانیشتوانی وڵاتەکەی خۆی بەکارهاتووه،‌ کە بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگە). ٨- تەمپۆ(tempo): هەفتەنامەیەکی تورکییە. ڕۆژی ٤ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتەهەواڵیکی لەگەڵ چەند وێنەیەکی قوربانیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: (هەڵەبجە لەلایەن عێراقەوە کیمیاباران کراوە. ئەو مرۆڤانەش کوژراون، کە پەیوەندییان بە جەنگەوە نییە. عێراق چاوپۆشی لە بەکارهێنانی کیمیایی ناکات. هاوڵاتییەکانی خۆی کوشتووە. ئەم ڕەفتارە پێشێلکرنی مەسەلەی دێرینی ئەخلاقی جەنگە). ٩- هیراڵد تریبۆن: ڕۆژنامەییەکی ئەمەریکییە. ڕۆژی ٢٤ی ٣ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتەهەواڵیکی ڕۆژنامەنوس (پاتریک. ئی. تایلەر)ی بڵاوکردووەتەوە، کە دەڵێت: (پڕوکێنەرترین و کارەساتبارترینی گۆڕەپانی ئەم جەنگە سەرسوڕهێنەرە، ڕوخساری ماتومەلولی قوربانییە مەدەنییەکانە). باس لە شەهیدبوونی هەندێک هاوڵاتی لە منداڵ و گەنج و پیر دەکات، بە شێوەیەکی تراژیدی وێنەکانی گواستووەتەوە. ١٠- کامبیۆ ١٦: گۆڤارێکی ئیکوادۆرییە. ڕۆژی ١٨ی ٤ی ١٩٨٨ڕاپۆرتێکی شیکاری بەناونیشانی: (جینۆسایدی کیمیایی دژ بەکوردەکان) بڵاوکردووەتەوە و دیمەنە ترسناکەکانی هەڵەبجە، وێنە دێرینەکانی سەنگەرەکانی جەنگی جیهانیی یەکەمی هێناوەتەوە یاد، کە چۆن جەستە شێواوەکان بە خۆڵەمێشێکی سپی داپۆشراون و قوربانییەکان کەسانی مەدەنین. ١١- پۆلیتیس politis)): هەفتەنامەیەکی فەڕەنسییە. ڕۆژی ٣١ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتە هەواڵێکیدا بەناونیشانی: (کوردستان هێرۆشیمایە) بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات بە چەکی کیمیایی ٥٠٠٠ هاوڵاتی لە شاری هەڵەبجە گیانیانسپاردووە.

هەورامان پۆست

گۆڤارێکی (سیاسی، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، گشتیی سەربەخۆیە). لە خورماڵ دەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەری (مامۆستا نیازی هەورامانی)بووە. کار لەسەر ڕەوتە ئیسلامییەکان و بابەتی گشتی دەکات. سەرجەم لاپەڕەکانی ڕەنگاورەنگ بوون. ستافی نوسەرانی بریتیبوون لە (ماکوان خەلیل فەتاح، عومەر ئەحمەد محەممەد). لە ٢٥ی ١٠ی ٢٠٢١دا، یەک ژمارەی لێدەرچووە.

هەورامان ١

بڵاوکراوەیەکی هەورامانناسیی وەرزییە. لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٠٤ وەک یەکەم بڵاوکراوە بە شێوەزاری هەورامی دەرچووە. دەستەی نوسەرانی بریتیبوون‌ لە (یادگار ڕەئوف، مەسعود گوڵپی، شەوقی شەیدا). ناوەڕۆکی بابەتەکان بە گشتی تایبەت بوون بە هەورامانناسی. لە هەرچوار پارچەی کوردستان و نوسەرانی تاراوگەوە بابەتی بۆ هاتووە، ستافی گۆڤارەکە بابەتەکانیان کردووە بە هەورامی. هیچ بابەتێکی سیاسی لەخۆنەگرتووە. (نەعمان فائیق تۆفیق) سەرنوسەری بووە. ٣٣ ژمارەی لێدەرچووە و ساڵی ٢٠١٠ ڕاگیراوە.

هەورامان ٢

گۆڤارێکی فیکریی ڕۆشنبیریی وەرزییە. مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان لە سلێمانی دەریدەکات، یەکەم ژمارەی زستانی ٢٠٠٣ دەرچووە. مامۆستا عوسمان محەممەد هەورامی و ئەیوب ڕۆستەم سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسینی ژمارە یەک و دووی گۆڤارەکە بووە. دواتر و لە ژمارە سێوە، ئەیوب ڕۆستەم بووەتە سەرنوسەر و ئبیراهیم حاجی زەڵمی بەڕێوەبەری نوسینی بووە. جیا لە نوسەرانی هەورامان، نوسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە باشور و ڕۆژهەڵات تیایدا نوسیویانە. چەندین ژمارەی تایبەت بە دیدارە کلتوریی و ئەدەبییەکانی هەڵەبجە و هەورامان تەرخانکردووە. تا ئێستا بەردەوامە و ژمارە (٥٠)ی، کە تاوەکو ئێستا کۆتا ژمارەیەتی، لە ٢٦ی ١٠ی ٢٠٢٤ دەرچووە.

هونەر

بڵاوکراوەیەکی تایبەتی هونەرییە. تیپی هونەری ئوسامە دەریکردووە. ژمارە یەکی لە ١ى ١ى ١٩٩٦ دەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز: عەبدولڕەحمان نەجمەدین تەها و سەرنوسەر: جەمیل قادر، بوون. پێنج ژمارەی شەش لاپەڕەیی نیو ئەیفۆڕی لێدەرچووە. کۆتا ژمارەی ٦ى ٩ى ١٩٩٦ دەرچووە و ئیتر ڕاگیراوە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوه

هۆرامان

بڵاوکراوەیەکی مانگانەی گشتییە. کۆمەڵێک نوسەر لە هەورامان دەریدەکەن. سەرنوسەر و خاوەنی ئیمتیاز (حەمەئەمین مەحموود بەگ) بووە. پاشان (ئیبراهیم حاجی زەڵمی) بووەتە سەرنوسەر. دەستەی نوسەرانی (ناسیح ئەحمەد، غالب سەلیم. عەبدوڵا گۆران و فەریبورز موسازادە و سیروان هەورامی) بوون. پێنج ژمارەی لێدەرچووە، ١٠ی ١١ی ٢٠٠٦ بۆ ١٠ی ٣ی ٢٠٠٧.

هێشتا

گۆڤارێکی فیکریی سیاسیی وەرزییە، خاوەنی ئیمتیاز: سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان - لقی هەڵەبجە. ژمارە ١ی لە ١٦ی ٣ی ٢٠٠٥ دەرچووە. سەرنوسەر: (ئەرسەلان عابید) بووە. بە دروشمی گومان، ڕەخنە، بەرپرسیارێتی، هەشت ژمارەی لێدەرچووە. قەبارەی لاپەڕەکانی ١٥ بە ٢٥سم بووە. ژمارەی لاپەڕەکانیشی ٢٧٥ بۆ٣٠٠ لاپەڕە بووە و تیراژەکەی ٥٠٠ دانە بووە. بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ و ناوەڕۆکەکەی ڕەشوسپی بووە. لە کتێبخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە بڵاودەکرایەوە. کۆتا ژمارەی لە ساڵی ٢٠١٠ دەرچووە، بە هۆی گرفتی داراییەوە ڕاگیراوە.

یەکبوون

بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری بووە. لە خراپترین بارودۆخی سیاسی و ئابوری و شەڕی ناوخۆدا لەساڵی ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٧ بە دەست نوسراوەتەوە و سێ نوسخەی لێنوسراوەتەوە. نۆ ژمارەی هەڵواسراوە. بیرۆکەی دەرکردنی ڕۆژنامەکە هی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان (ئیبراهیم حاجی زەڵمی) بووە. لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی خورماڵەوە لەوانە (ڕەحیم وەیلان، ئاراس سەعدی، سالم تۆفیق، مەشخەڵ) بەدەست دەنوسرایەوە و یەکێکیان لە بازاڕ و یەکێکیان لە بەردەم یاریگای گشتی و ئەویتریان بە داری مزگەوتی گەورەی خورماڵەوە هەڵدەواسرا. ئامانج لێی خستنەڕووی توانا و وزەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی گەنجانی ناوچەکە بووە.

زیاتر بزانە
بڵاوکراوه

یەکبوون

گۆڤارێکی فکری و ڕۆشنبیری و ئایینییە. دوو مانگ جارێک دەرچووە. مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکبوون دەریکردووە. دوای یەکگرتنی بزوتنەوە و نەهزە، هەردوو گۆڤاری (جەماوەر) و (ڕابەر) یەکخراون و بوونەتە (یەکبوون). چوار ژمارەی بە تیراژی ١٠٠٠ دانەی ئەیفۆڕی ١٠٠ لاپەڕەی لێدەرچووە. بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ و لاپەڕەکانی ڕەشوسپی بوون. کامیل مەحموود سەرنوسەری بووە. بەهۆی لێکترازان و جیابوونەوەوە ڕاگیراوە.

ئاژەڵداری لە قەزای گوڵعەنبەر

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە پاڵ کشتوکاڵکردن و بەروبوومی کشتوکاڵیدا، ئاژەڵداری و بەرهەمی ئاژەڵی، کۆڵەکەیەکی تری گرنگی بونیادی ئابوری قەزای گوڵعەنبەر بووە، لەم قەزایەدا‌ چەندین جۆری گەورە و بچووک ئاژەڵ بەخێوکراون. لە دیارترین ئەو ئاژەڵانە: مەڕ، بزن، مانگا، گا، ئەسپ، ماین بارگیر... هتد بوون. ساڵنامەی ویلایەتی موسڵی ساڵی ١٨٩٢ لەخشتەیەکدا ژمارە و جۆری ئەو ئاژەڵانەی لەلایەن عەشیرەتەکانی قەزای گوڵعەنبەرەوە بەخێوکراون، ئامادەکردووە و بەمجۆرە خەمڵاندویەتی: تایەفەی میکایەڵی ٧٢٠٠٠ مەڕ و بزن و ١٤٠٠٠ هەزار سەر ئاژەڵی گەورەی لە جۆری مانگاو گا و بارگیر و ئێستر و شتی تر. شاتری ٤٢٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ١٠٠٠٠ مانگا و گا و ئێستر و بارگیر. ڕۆغزایی ٣٠٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٥٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە، گەڵاڵی ١٨٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٣٧٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. هارونی ١٢٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٢٢٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. نەورۆڵی ١٤٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٣٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. سەدانی ١٨٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٥٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. یەزدانبەخشی ٢٣٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٢٧٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. عەمەڵە ٢٠٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٤٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە، هەرچی تایەفەی پشتەماڵەیشە ٣٠٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٨٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورەیان هەبووە. واتا بەگوێرەی ساڵنامەی ویلایەتی موسڵ ساڵی ١٨٩٢ کۆی گشتی ژمارەی مەڕ و بزنی، تایەفەکانی عەشیرەتی جاف و عەشیرەتی گەڵاڵی بە ٢٧٩٠٠٠ سەر و ژمارەی ئاژەڵی گەورەش (مانگا و گاو بارگیر و ئێستر و هتد)، بە ٥٧٦٠٠ سەر خەمڵێنراون. ئەمە لە کاتێکدایە، ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی ساڵی ١٩١١ بەمجۆرە باسی لە جۆر و ژمارەی ئەو ئاژەڵانە کردووه،‌ کە لە قەزای گوڵعەنبەردا بەخێوکراون.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ئاماری ژمارەی شەهیدان و بریندارانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە

لە سەرەتادا لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژی دووەمی تاوانەکەدا (١٧ی ئازار) ژمارەی شەهیدانیان بە (پێنج هەزار) و بریندارەکانیش بە (دە هەزار) کەس ڕاگەیاندووە. به ‌گوێرەی ئامارێکی (کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە)، بەتەنها لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا ٧٦٣ کەس بە کاریگەریی چەکی کیمیایی گیانیانلەدەستداوە. لە دواین ئاماری کۆمەڵەکەشدا بەتەنها ژمارەی قوربانیانی هەڵەبجە و دەوروبەری بە (٣٦١٧) کەس لە قەڵەمدراوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ئەو ئەسپەی وەسمان پاشا بەدیاری پێشکەشی سوڵتانی عوسمانی عەبدولحەمیدی دووەمی کردووە

لە یەکێک لە وێنە مێژووییە گرنگەکانی ناو ئەلبومی تایبەتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا هاتووە، وەسمان پاشای قایمقامی ئەوکاتی قەزای گوڵعەنبەر، ئەسپێکی بەدیاری بۆ سوڵتان عەبدولحەمید ناردووە، دوای گەیشتنی ئەسپەکە بەدەستی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، شوناس بۆ ئەسپەکە دروستکراوە و کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ لەبارەیەوە و لەسەر وێنەی ئەسپەکە بەم شێوەیە تۆمارکراوە: لەبەشی سەرەوەی وێنەی ئەسپەکە توغرای سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم هەیە، دواتر کێڵگەی سەربازیی هومایۆنی وەزیرییە، ناوی ئەو شوێنەیە، کە وێنەی ئەسپەکەی تێدا گیراوە، پاشان ڕەگەز و نەژادی ئەسپەکە بە (حەیوانی جاف) تۆمارکراوە. واتە نەژادی ئەسپەکە تایبەتبووە بە جاف، ساڵی لەدایکبوونی ئەسپەکە (١٣٠٠ک - ١٨٨٢/١٨٨٣ز) بووە. هەرچی سەبارەت بە ڕەنگی ئەسپەکەشە، ئەوە بەدیارخراوە، کە ڕەنگەکەی (خۆڵەمێشیی کراوە - بۆز) بووە، بەرزیی باڵای ئەسپەکەش بە (٤٨,١م) تۆمارکراوە. لەسەر وێنەکە، ئەوەش تۆمارکراوە، کە ئەسپەکە لەلایەن قایمقامی گوڵعەنبەرەوە پێشکەشی سوڵتان عەبدولحەمید کراوە.

زیاتر بزانە
١٨٧٦ - ١٩٠٩

بەروبوومی ئاژەڵی لە قەزای گوڵعەنبەر

لە هەردوو ئاماری ساڵی ١٩١١ی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیدا دەردەکەوێت، دیارترین بەرهەمە ئاژەڵییەکانی قەزای گوڵعەنبەر، کە بازرگانیان پێوەکراوە، بریتیبوون لە: شیر، پەنیر، کەرێ، مووی بزن، هەنگوین و مۆمی هەنگوین، کە بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوبراو بۆ ساڵی ١٩١١ بە ئەندازەی قییە خەمڵێنراوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە
پێشتر 1
...
34 35 36
...
40 دواتر