هەواڵی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە هەفتەنامە و گۆڤارە‌ جیهانییەکاندا

دواین نوێکردنەوە: 2026-10-22


١- ئەفریکائیڤێنتز: گۆڤارێکی بەریتانییە. ڕۆژی ی ئایایی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی (قەسابخانەی هەڵەبجە) وای بڵاوکردووەتەوە کە (عێراق دوای دۆڕاندنی جەنگی هەڵەبجە، شارەکەی بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد و ٥٠٠٠ هاوڵاتی کوشت).

٢- زە ئیکۆنۆمیست (THE Economist): هەفتەنامەیەکی بەریتانییە. ڕۆژی ٢٦ی ٤ی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتەهەواڵێکدا وای بڵاوکردووەتەوه، ‌کە(عێراقییەکان دەڵێن: ئێرانییەکان شاری هەڵەبجەیان کیمیابارانکردووە، بەڵام ئەمە لەگەڵ شایەتیدانی زۆرینەی دەربازبوواندا ناگونجێت).

٣- ئۆبزێرڤەر (The Obserer): هەفتەنامەیەکی بەریتانییە. ڕۆژی ٢٧ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتێکی (هێلگا گراهام)دا بە ناونیشانی: (ئاشکرابوون: جەنگی کیمیایی عێراق)، وای بڵاوکردووەتەوە و باس لەو بەڵگانە دەکات، کە دەیسەلمێنن عێراق بە گازی کیمیایی پەلاماری هەڵەبجەی داوە.

٤- تایم: گۆڤارێکی ئەمرییکییە. ڕۆژی ٤ی ٤ی ١٩٨٨، ڕاپۆرتەهەواڵێکی بەناونیشانی: (مردنی لەناکاو لە پەڵەهەورەکانەوە)، لەگەڵ وێنەیەکی (عومەری خاوەر) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت (عێراق پەلامارەکەی لەپێناو سزادانی کوردە جودایخوازەکاندا ئەنجامداوە).

٥- نیوزویک (newsweek): هەفتەنامەیەکی ئەمریکییە. ڕۆژی ٤ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە باسی لە مەترسی بەکارهێنانەوەی چەکی کیمیایی لە لایەن عێراقەوە خستووەتەڕوو و باسی مردنی هاوڵاتیانی مەدەنیی شاری هەڵەبجەی کردووە و چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە.

٦- ژۆن ئەفریکJEUNE AFRIQUE)): گۆڤاێکی فەڕەنسییە. ڕۆژی ٦ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتێکی شیکاری و چەند وێنەیەکی بەناونیشانی: (چەکی کیمیایی: گەڕانەوەی عێراق بەرەو تاوانکاری) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت (لە هەڵەبجە بە گازی خەردەل و سیانید و سارین هەزاران هاوڵاتی کوژراون. وردەکاریی کارەساتەکە لەبەردەستی پسپۆڕاندایە. بۆمبەکان لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقەوە هاوێژراون. نیشانەی شێتی لە سەدامدا دەبینرێت. عێراق بە مەبەستی چاوترسان و وریاکردنەوەی ئێران لە تاران ئەم کارەی کردووە).

٧- لە نۆڤڵ ئۆبسێرڤاتۆر (le nouvel Observateur): هەفتەنامەیەکی فەرەنسییە. ڕۆژی ١ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتەهەواڵێکی بەناونیشانی (چەکە چەپەڵەکانی سەدام) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت (چەکی ڕەشەکوژ بە بڕیاری سەدام حسێن دژ بە دانیشتوانی وڵاتەکەی خۆی بەکارهاتووه،‌ کە بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگە).

٨- تەمپۆ(tempo): هەفتەنامەیەکی تورکییە. ڕۆژی ٤ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتەهەواڵیکی لەگەڵ چەند وێنەیەکی قوربانیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: (هەڵەبجە لەلایەن عێراقەوە کیمیاباران کراوە. ئەو مرۆڤانەش کوژراون، کە پەیوەندییان بە جەنگەوە نییە. عێراق چاوپۆشی لە بەکارهێنانی کیمیایی ناکات. هاوڵاتییەکانی خۆی کوشتووە. ئەم ڕەفتارە پێشێلکرنی مەسەلەی دێرینی ئەخلاقی جەنگە).

٩- هیراڵد تریبۆن: ڕۆژنامەییەکی ئەمەریکییە. ڕۆژی ٢٤ی ٣ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتەهەواڵیکی ڕۆژنامەنوس (پاتریک. ئی. تایلەر)ی بڵاوکردووەتەوە، کە دەڵێت: (پڕوکێنەرترین و کارەساتبارترینی گۆڕەپانی ئەم جەنگە سەرسوڕهێنەرە، ڕوخساری ماتومەلولی قوربانییە مەدەنییەکانە). باس لە شەهیدبوونی هەندێک هاوڵاتی لە منداڵ و گەنج و پیر دەکات، بە شێوەیەکی تراژیدی وێنەکانی گواستووەتەوە.

١٠- کامبیۆ ١٦: گۆڤارێکی ئیکوادۆرییە. ڕۆژی ١٨ی ٤ی ١٩٨٨ڕاپۆرتێکی شیکاری بەناونیشانی: (جینۆسایدی کیمیایی دژ بەکوردەکان) بڵاوکردووەتەوە و دیمەنە ترسناکەکانی هەڵەبجە، وێنە دێرینەکانی سەنگەرەکانی جەنگی جیهانیی یەکەمی هێناوەتەوە یاد، کە چۆن جەستە شێواوەکان بە خۆڵەمێشێکی سپی داپۆشراون و قوربانییەکان کەسانی مەدەنین.

١١- پۆلیتیس politis)): هەفتەنامەیەکی فەڕەنسییە. ڕۆژی ٣١ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتە هەواڵێکیدا بەناونیشانی: (کوردستان هێرۆشیمایە) بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات بە چەکی کیمیایی ٥٠٠٠ هاوڵاتی لە شاری هەڵەبجە گیانیانسپاردووە.

سەرچاوەکان:

  1. کارێکی ژەهراوی، ئەمریکا و عێراق و گازبارانی هەڵەبجە، یوست هێڵتەرمان، لە ئینگلیزیەوە: محەممەد حەمەساڵح تۆفیق، کۆمپانیای ئاوێنە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠٠٨ ل٩- ٣٣٥.
  2. جینۆسایدی هەڵەبجە لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا، ئامادەکردنی: د. کارزان محەممەد، چاپی سێیەم، چاپخانەی ئاسیا، سلێمانی، ٢٠١٩، ل٢٩-١١٨.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

97

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

گۆران معروف عارف

بە گۆران مەنشاوی ناسراوە، ٧ی ٣ی ١٩٨٠ لە بیارە لەدایکبووە، دواناوەندی ئیسلامی هەلەبجەی ساڵی ٢٠٠٧ تەواوکردووە. بە شداری چەندین ڤیستیڤاڵی لە شارەکانی هەرێم و عێراق کردووە: لەوانە: سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک، بەغداد، ڕانیەو ...هتد.  لە دەرەوەی هەرێمیش بەشداری چەندین ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە. لەوانە: ٢٠١٥ لە تورکیاو  ٢٠١٦ لە ئێران و ٢٠١٧ لە میسر و سعودیەو ٢٠٢٣ لە پاکستان. چەندین خەڵات و بڕوانامەی وەرگرتووە. قورئانی بۆچەندین زاناو قورئانخوین وکەسایەتی دیار خوێندووە. لەوانە: محمود صديق المنشاوي ، د . عبدالفتاح الطاروتي ، أحمد حسنين، شيَخ احمد بن يوسف الازهري ، كمال بةختيار مصري ، مامؤستا  سليمي ، محمد نعمان فليثيني...هتد ئێستا بانگبێژ و قورئانخوێنە لە مزگەوتی ئوسامە لە هەڵەبجە، خێزاندارەو حاوەنی دوو منداڵە، لەهەڵەبجە نیشتەجێێە. 

خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٧٧

حکومەتی عێراقی بۆ پشتیوانی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ناو شاری هەڵەبجە ڕێپێوانێکی بەە قوتابیان و خوێندکاران دروستکرد، دروشمەکان بریتیبوون لە ئەمڕۆ ڕۆژی شادییە، ڕۆژی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە. بە ڵام لە درێژەی ڕێپێوانەکە دورشمەکان دژی حکومەت گۆڕان و بوویە خۆپیشاندانی خوێندکاران و سوکایەتی بە کومەت. لە ئەنجامدا پیاوانی ڕژێم چوونە خوێندنگای شارەزوور و ئەم خوێنکارانە گیران: (عوسمان عەلی بەورە ، مەولود باوەمراد، شێخەی مەلا جەلال، مەحمود محەمەد، نەهرۆ عەبدوڵا زروف، سەلاح ئەفراسیاب) دوار براونەتە ئەمنی سلێمانی و دوو مانگ لە زینداندا بوون.

هەورامانناسی

نووسین: د. عومەرعەبدالعزیز، م. کەمال ئەمین گوڵپی. بابەت: مێژووی هەورامان. چاپی یەکە، ناوەندی ڕێنوێن، ٢٠٢٦، سلێمانی. لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ژیرلایە بۆ کولتور ڕۆشنبیرییە. ناوەڕۆکی پەیوەندار: هەورامان و چەردەیەک لە کولتوور فەرهەنگی  ناوچەی هەورامان، پێکهاتە، جوگرافیاو زمان و ئایین و کەشوهەواو باخداری و پیشەسازی و ناوی شارو شارۆچکەو گوندەکانی هەورامان. کورتەیەکی لەسەر ٢٣ گوندی هەورامان و  باسی ٢٦ زاناو شاعیری ناوچەکەی کردووە. لە گەڵ باسەکانی پیر و ژیرلاو سیاچەمانەو فەرەنجی و کڵاش و کۆمسا و سروشت.

بەمۆ پەروێز عزیزخان

پڕۆفیسۆرە، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە، لە نەوەی ئییبراهیم خانی دەلۆیە. نازاناوی دەلۆیان هەڵگرتووە.  ١ی١ی ١٩٨٠ لە دێی برایم خان لە سەرقەڵای کفری لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٠ لە کۆلیجی یاسای زانکۆی سلێمانی دکتۆرای وەرگرتووە. لە بوارەکانی  کارگێری، وانە وتنەوە، راوێژکاری یاسایی خزمەتی کردووە. لە زانکۆی، ساێمانی، جیهان – ساێمانی، گەشەپێدانی مرۆیی، کەرکووک، کۆلێژی پۆلیس، وانەی وتووەتەوە. خاوەنی دوو کتێب و نۆزدە توێژینەوەیە. ئەندامی سەندیکای مافپەروەرانە. ساڵی ٢٠٠٨-٢٠١٢  ڕاوێژکاری یاسایی بووە لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆیی زانکۆی دیئۆل.-ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە. ڕاوێژکاری پەرلەمان بووە بە گرێبەست. یاریدەدەری زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە بۆ کاروباری کارگێڕی و خوێندکاران بووە. خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە. 

سومەیە قادر حەمەساڵح

بە سومەیە هەڵەبجەیی ناسراوە. ساڵی ١٩٨٧ لە هەلەبجە لە دایک بووە. دەرچووی ١٢ی ئامادەییە. لە ڕادیۆی یەکگرتوو دەستی بەکاری میدیایی کردووە. پاشان لە ڕادیۆی کوردستان نوسینگەی هەلەبجە کاریکردووە. بۆ ماوەی چوار ساڵ ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامە بووە لە ڕادیۆی شارەزوور. لەوانە: بەرنامەی دوانگە، تاکی هۆشیار، ڕێچکە، پرسیار و دیاری، ..هتد. ئێستا لە میدیای نوێ کار دەکات. بەشداری چەندین خولی ڕێکخراوەیی و ڕۆژنامەنووسی کردووەو چەندی بڕوانامەو خەڵاتی بەدەستهێناوە. لەوانە : ڕێکحراوی ئەنجومەنی لاوانی عێراق پڕۆەی بنیاد بە پلەی نایاب. بەرهەمی بەنزاکان دەستپێدەکەمی بڵاوکردووەتەوە. لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

هۆدە

شانۆییە. بەرهەمی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەڵەبجەیە. بە هاوکاری ئۆفیسی کلتوری قوباد تاڵەبانی. نووسین و دەرهێنانی : هۆگۆ هەڤاڵ. بە سوود وەرگرتن لە لە شانۆیی دورگەی پەرتووک. ئەکتەرەکان: هەردی هادی، هامیار حەمەومین، کارۆ سۆران، ڕەزوان حەیدەر، پارسا هەورامان. بەڕێوەبەری بەرهەم: محەمەد عەبدوڵا.دیکۆر : ئەردەڵان کاکەیی. ڕوناکی: سۆزیار حەمید،  هونەری: ساسان فەرهەنگ. گرافیک دیزاین: ڕێبین حەمەومین. ڕۆژانی ٢ی ١٠ی ٢٠٢٦ تا ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٦ لە سەر شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە نماییشکراوە.