بەرگی پێنجەم
کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
بەرگی پێنجەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
پاشکۆیەکی عەرەبی گۆڤاری جەماوەر بووە. بابەتی ئایینی و سیاسی و ڕۆشنبیری و هەواڵی بڵاوکردووەتەوە. مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی خاوەنی ئیمتیازی بووە. ساڵی ١٩٩٨ز یەک ژمارەی لێدەرچووە. کامل مەحمود سەرنوسەری بووە. ژمارەی لاپەڕەکانی ٥٠ بۆ ٧٥ و بە قەبارەی ئەیفۆڕ و تیراژی ٥٠٠ دانە بڵاوکراوەتەوە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. قوتابیانی یەکگرتوو ساڵی ٢٠٠٤ لە سنوری شارۆچکەی (خورماڵ) بە قەبارەی (A٤)و بە چوار لاپەڕە دەریانکردووە. بابەتەکانی گشتی بوون و بێبەرامبەر دابەشکراوە. پاش دەرکردنی شەش ژمارە. گۆڕانکاری لە ستاف و دەستەی نوسەرانیدا کراوە و ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکەش گۆڕاوە.
بڵاوکراوەیەکی مانگانەی ڕۆشنبیریی گشتییە. لقی هەڵەبجەی (کۆمەڵەی ڕۆژ) بە هاوکاریی ڕێکخراوی هاندیکاپی جیهانی دەریکردووە. ژمارە سفری ساڵی ٢٠٠٢ بە ناوی کۆمەڵەی ڕۆژەوە دەرچووە. بایەخی بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و هۆشیاریی هاووڵاتیان لە هەڵسوکەوتکردن بەرامبەریان داوە. ڕێکخراوی کوردستان بۆ ڕاهێنانەوەی کەمئەندامان، هاوکاریی دارایی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەکە و ڕۆژنامەکەی کردووە. لە سلێمانی و هەڵەبجە لە دامودەستگاکانی حکومی و ڕێکخراوەکاندا بڵاوکراوەتەوە. سەرپەرشتیار: مەریوان وەهبی. دەستەی نوسەران (ئەحمەد حسێن، ڤیان حەمە باقی، حسێن مەحموود)، ١٣٦ ژمارەی بە ١٢ لاپەڕە لێدەرچووە. بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ بووە. بە هۆی نەبونی پاڵپشتی داراییەوە لە مانگی ١٢ى ٢٠١٣دا ڕاگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی ساڵانەی تایبەت بە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. مەڵبەندی یەکی بزوتنەوەی ئیسلامی بە هاوکاری مەکتەبی ڕاگەیاندن بەشی ڕۆژنامەگەریی بڵاوکردنەوە لە ڕۆژی ١٦ى ٣ بڵاویکردووەتەوە. هەر ساڵە و سەرنوسەرێکی هەبووە. یەکەم ژمارەی ١٦ى ٣ى ١٩٩٤ز دەرچووە. بابەتەکانی باس لە قوربانی و تراژیدیا و دۆخی ژیانی خەڵکی هەڵەبجە دەکات. ١٨ ژمارەی لێدەرچووە. ژمارەی لاپەڕەکانی ١٢-٥٠ لاپەڕە بووە و گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. ١٦ى ٣ى ٢٠٢١ کۆتا ژمارەی دەرچووە.
بڵاوکراوەیەکی هەشت لاپەڕەییە. ساڵی ١٩٦٢ بۆ ١٩٦٣ دوو هەفتە جارێک نووری مەلا ئەحمەدی خەرامان دەریکردووە. ئاشکرا نازناوی نووری مەلا خەرامان بووە. بە ماوەیى دراوەتە خوێنەران و وەرگیراوەتەوە و دەستاودەستی پێکراوە. کەمال حەمەساڵح لولو، لە کتێبخانەی ماڵی پاشاوە سەرچاوە و کتێبی بۆ هەفتەنامەکە هێناوە. قوتابیان و کاسبکاران خوێنەری بوون و بابەتەکانی بریتیبوون لە هەواڵە گرنگەکانی ڕادیۆ، زانیاریی گشتی و... هتد، لە ڕادیۆکەی تۆفیقی مەلا محەممەدی باشکاتبەوە بابەت بۆ ڕۆژنامەکە وەرگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی فکری ڕۆشنبیری دەستەیەک سەرکردەی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەو یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بوە. ژمارە یەکی بە نهێنی نهێنی لە شاخ دەرچووەو ئەستێرەیەکی سووری لە سەربووەو لە قوتابخانەی گریانە چاپکراوەو ئامێری چاپەکەی لە ئەشکەوتی بەڕوار شاردراوەتەوە. لە دوای دروستبوونی مەفرەزەسەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ و دروستبوونی پێشمەرگە، گریانە دەبێتە بنکەو شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەو خاڵی بەیەکگەشتنەوەی مەفرەزەکان، ئازاد هەورامی دێتە گریانەو بڕیاری کردنەوەی بنکەیەکی ڕۆشنبیری بۆ پێشمەرگە دەکاتەوە. یەکەمین خول و دەوری کادران لە کوردستان لە گریانە دەستپێدەکات، وانەکانی ڕۆشنبیری و هوشیاری و مێژوویێ تێدا وتراوەتەوە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. قوتابخانەی ناوەندی ئەحمەدئاوای تێکەڵ لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٦دا دەریکردووە. حەوت ژمارەی لێدەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز: ئیبراهیم حاجی زەڵمی (بەڕێوەبەری قوتابحانەکە) بووە، سەرنوسەرەکەی: محەممەد شەریف (حەمەئەوین) بووە. دەستەی نوسەرانی لە مامۆستا و قوتابییان (نوعمان تاهیر، مەولوود محەممەد، ڕابەر ئیبراهیم، سەباح سدیق) بوون. بێبەرامبەر بەسەر خوێندکاراندا دابەشکراوە.
بڵاوکراوەیەکی مانگانەی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی هەشتی ڕێکخستنی بزوتنەوەی ئیسلامییە. ساڵی ١٩٩٨ لە شارۆچکەی خورماڵ دەرچووە. بە قەبارەی (١٨بە ٢١سم)، و لە (١٦) لاپەڕەدا بووە. بابەتەکانی بریتیبوون: لە زانیاریی ئایینی و زانیاریی گشتی و ڕێکخستن و وشیاریی سیاسیی.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیی گشتیی مانگانەیە. ناوچەی خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لقی هەڵەبجەی شەهید دەریکردووە. خاوەنی ئیمتیاز: ناوچەی خوشکان. سەرنوسەر و کاری دیزاین: عەبدولڕەمان نەجمەدین. ١٠ ژمارەی ١٠ لاپەڕەنیوی ئەیفۆڕی ڕەشوسپی لێدەرچووە. ژمارە یەکی ١ى ١ى ١٩٩٩ و کۆتا ژمارەی ١ى ١٠ى ١٩٩٩ دەرچووە و دواتر ڕاگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی مانگانەیە. ناوەندی چالاکی و پێگەیاندنی لاوانی هەورامان دەریدەکات. ستافی بڵاوکراوەکە زۆربەیان گەنج بوون و ئەو ناوەیان لێناوە. ناوەندەکە خاوەنی ئیمتیاز (ڕزگار سعید) سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسین (زیاد حەسەن) بووە، کە دواتر ئەمیش بووەتە سەرنوسەر. سنەوبەر هانەوێڵەیی وەک ئافرەت کاریگەری هەبووە لەسەرخستنی بڵاوکراوەکەدا. ئامانجی بڵاوکراوەکە بریتیبووە لە خستنەڕووی بابەتەکان لە سەرجەم بوارەکاندا. ستافی بڵاوکراوەکە چەندین خولی جیاجیای بۆ خەڵکی دەڤەرەکە کردووەتەوە، وەک خولی ڕۆژنامەنوسی بۆ گەنجان. بڵاوکراوەکە گەشتوەتە دەرەوەی خورماڵ. ژمارە (سفر)ی لە ١٨ى ٢ى ٢٠٠٩ بەشێوەی ڕەنگاوڕەنگ و بە قەبارەی (A٤) و بەهەشت لاپەڕە دەرچووە. پاش دەرچوونی چەند ژمارەیەک ڕاگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی تایبەت بووە بە یادی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی قوتابیانی کوردستان. لە شارۆچکەی سیروان دەرچووە. ژمارە (سفری ئەزموونی) و یەک و دووی لە ساڵی ١٩٩٧ و ژمارە سێی لە ١٩٩٨دا دەرچووە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. ڕاگەیاندنی لقی خورماڵی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەریدەکات. لە شێوەی گۆڤارێکی قەبارە بچووکدا و بە ڕەشوسپی لە خورماڵ دەرچووە. ژمارەی لاپەڕەکانی چەسپاو نەبووە. خاوەنی ئیمتیازی لقی یەکگرتوو بووە و (ئیبراهیم میکە عەلی) سەرنوسەری بووە. پەیوەند، پردی پەیوەندیی نێوان شارەزوور و هەورامان و فەرهەنگی ڕابردوو و ئەودەمەی ناوچەکە بووە. ژمارە (١)ی لە ئازاری ٢٠٠١دا دەرچووە. دوای دەرچوونی شەش ژمارە بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەکە لەڕووی سەربازی و دوورکەوتنەوەی سەرنوسەرەوە ڕاگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. یەکگرتووی قوتابیانی ئیسلامیی کوردستان لقی هەڵەبجەی شەهید دەریکردووە. خاوەنی ئیمتیاز: یەحیا عومەر ڕێشاوی. سەرنوسەر: عەبدولڕەحمان نەجمەدین تەها و دڵشاد محەمەد ڕەحیم. کاری دیزاینیش عبەبدولرەحمان نەجمەدین کردوویەتی. ١٢ ژمارەی لێدەرچووە. ژمار ١ لە ١ى ٥ى ١٩٩٩ و کۆتا ژمارە لە مانگی ١ى ٢٠٠٠ دەرچووە و ئیتر ڕاگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. کۆمەڵێک لە خوێندکارانی پێنجەمی زانستی دواناوەندی خورماڵی کوڕان دەریدەکەن. مەبەست لە دەرکردنی خزمەتکردنی خوێندکاران و هوشیارکردنەوەیانە لە بوارە گشتییەکانی (کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، سیاسی...هتد). هەوڵیداوە کێشە و گرفتەکانی خوێندن لە هەوراماندا بخاتەڕوو. بە قەبارەی ( A٤) و بە (١٢) لاپەڕەی ڕەشوسپی دەرچووە. لەلایەن ستافێکی کارای خوێندکاران و مامۆستایانەوە سەرپەرشتیکراوە. سەرپەرشتیی گشتی (ڕێبوار حەمەلاو) و لیژنەی ڕۆشنبیری خاوەن ئیمتیازی بووە. بابەتی ئەدەبی و وتار و دیمانە و کاریکاتێری لەخۆگرتووە. لە یەک وەرزی خوێندنی (٢٠٠٤-٢٠٠٥)چوار ژمارەی لێدەرچوەو ڕاگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی ئایینی و سیاسی و ڕۆشنبیرییە. لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بزووتنەوەی ئیسلامییەوە دەرکراوە. خاوەنی ئیمتیاز: مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی. سەرنوسەر: عادل باخەوان. تا ژمارە ٤٠ لە سلێمانی دەرچووە. ساڵی ١٩٩٤ گواستراوەتەوە بۆ هەڵەبجە و کراوە بە گۆڤار. لاپەڕەکانی ٦٠ بۆ ١٠٠ لاپەڕەی ئەیفۆڕ و تیراژی ١٠٠٠ دانە بووە. کامیل مەحموود بووەتە سەرنوسەری. ٨٤ ژمارەی لێدەرچووە و بە هۆی یەکگرتنی بزوتنەوە و نەزهەوە لە ساڵی ١٩٩٩ ڕاگیراوە.
هەفتەنامەیەکی ئەهلیی تایبەتە بە هەڵبژاردن. نێوەندی (دەست) دەریکردووە. بیرۆکەی (مقداد دەرەمەڕی) بووە. لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ٢٠١٠ بە خوێندکاران و دەنگدەران دراوە. لەنێو خوێندکاران و ناوەندەکانی خوێندندا بڵاوکراوەتەوە. ئامانجی گەیاندنی زانیاری بووە لەڕێی خوێندکارانەوە بەسەرجەم چین و توێژەکانی شارۆچکەی (خورماڵ). بەچوار لاپەڕەی ڕەشوسپی و (A٤)، شەش ژمارەی لێدەرچووە، پاش هەڵبژاردنەکان کۆتایی بە دەرچوونی هاتووە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی مانگانەیە. لیژنەی ڕۆشنبیریی دواناوەندی خورماڵی کوڕان بەقەبارەی (A٤)و بەهەشت لاپەڕە دەریکردووە. سەرنوسەری (کامیل ئەحمەد)بووە و ژمارە سفری لە ١٨ى ١٢ى ٢٠٠١ دەرچووە. ناوەڕۆکی بابەتەکانی هەمەلایەن بوون، وەک (ئایینی، ئەدەبی، وەرزشی، زانستی و کۆمەڵایەتی). جگە لە بەرهەمی خوێندکارانی دواناوەندییەکە، هەندێکجار بەرهەمی قوتابیی قوتابخانەکانی تریشی بڵاوکردووەتەوە. ئامانجی دەستگرتن و هاندانی قوتابی و خوێندکاربووە بۆ بەهرە و تواناکانی نوسین و وەرگێڕان. لە ناو قوتابخانەکانی خورماڵ و چەند شوێنێکی تری گشتیدا بڵاوکراوەتەوە.
بڵاوکراوەیەکی شیعریی مانگانەیە. خانەی شیعری خورماڵ دەریدەکات. لەلایەن ستافێکی گەنجەوە، کە پێکهاتوون لە (ڕایان عوسمان، عەفان ئەحمەد، سامان کەریم)ەوە دەرکراوە. سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، ئۆفیسی خورماڵ خاوەنی ئیمتیاز و موئمن یاسین زەڵمی (ڕاویار زەڵمی) سەرپەرشتیاری بڵاوکراوەکە بووە. ناوەڕۆکی بابەتەکانی بە گشتی ئەدەبی بوون، بێجگە لە ستافی بڵاوکراوەکە، کەسانی تریش بابەتیان بۆ ناردووە. سودیش لە سەرچاوە نوسراوەکان و دیوانی شاعیران وەرگیراوە. ئامانج لە دەرکردنی بڵاوکراوەکە، دروستکردنی شەپۆلێکی ئەدەبی و دەرخستن و پێگەیاندنی نوسەرانی لاوی ناوچەکە بووە. بڵاوکراوەکە بە قەبارەی (A٤) و بە هەشت لاپەڕەی ڕەشوسپی، چوار ژمارەی لێدەرچووە و بە هۆی سەرقاڵیی ستافەکە بە خوێندنەوە، ڕاگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتی بووە. لەساڵی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨، کە گوندەکانی هەورامان داگیرابوون، لەلایەن کۆمەڵێک گەنج و ڕۆشنبیری ناوچەکەوە بەدەست نوسراوەتەوە و سێ ژمارەی لێبڵاوکراوەتەوە. بیرۆکەکە هی (ئازاد محێدین(کۆچەر) بووە. دواتر بووەتە زمانحاڵی هەر یەکە لە (بارام حەمەعەلی و دیاری دێکۆنی و ڕەحیم وەیلان و...) دەستەیەکی نوسەرانیشی هەبووە. هەوڵێک بووە بۆ خستەڕووی تواناکانی گەنجان و سەکۆیەکی باشی ئەو سەردەمە بووە. بە هۆی ئاڵۆزیی شەڕی هەشت ساڵە و تیکچوونی ناوچەکەوە، ڕۆژنامەکەش وەک زۆرێک لە بوارە ڕۆشنبیرییەکانی دیکە، لەکارکەوتووە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی سەربەخۆیە. کۆمەڵێک قوتابی، ناوبەناو بەهاوکاری ناوەندی ڕوناکبیریی (خورماڵ) دەریانکردووە. پاش دەرچوونی ژمارە (سفر)ی، کە وەک بڵاوکراوەیەکی دیواریی لەلایەن چەند خوێندکارێکەوە ١ى ١ى ٢٠٠٨ز ستافی بڵاوکراوەکە بڕیاریدا بەشێوەی بڵاوکراوەی لاپەڕەیی دەریبکات و بگاتە زۆر شوێنی هەورامان. ناوەڕۆکی بابەتەکانی جیاواز و جۆراوجۆر بوون، هەوڵدراوە زانیاری بۆ خوێندکاران بخاتەڕوو. ستافێکی گەنج سەرپەرشتی بڵاوکراوەکەیان کردووە. پاش دەرچوونی سێ ژمارە بڵاوکراوەکە وەستاوە.