مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

61 بابەت

شاخۆشێنی لوڕستانی

شاخۆشێنی لوڕستانی، لە ناوچەی (لوڕستان) لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لەوێش ژیاوە. پلەیەکی بەرزی ئایینی هەبووە و خەڵکانێکی زۆر هاتونەتە سەر ڕێبازەکەی. سەردانی گوندی (هاواری) کردووە و ماوەیەک لەوێدا ماوەتەوە و ژیاوە. دوو نەزرگەی لە گوندەکەدا هەیە، کە نزیکەی (٧٠٠م)ێک نێوانیان هەیە و بە (شاخۆشێنی ژوور و شاخۆشێنی خواروو) دەناسرێن. شوێنی ئەم نەزەرگانە بە کیلۆمەترێک پێش گەیشتن بە هاوار لەنێو چەمێکی پڕ ئاو و سەوزاییدا دەردەکەون. کاکەییەکان لە هەموو لایەکەوە ساڵانە بۆ نزا و پاڕانەوە سەردانیدەکەن.

شێخ حسامەدین

ئارامگەی‌ پیاوچاکە. کەوتووەتە گوندی باخەکۆن لە‌ باکورى شارۆچکەی (بیارە)وە و نزیکەی (١٢کم) لە خانەقاى بیارەوە دوورە. گۆڕی شێخ حیسامەدین کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵەیی لێیە. چەند جارێک تێکدراوە و نۆژەنکراوەتەوە. لە نزیکییەوە حەوز و ئاوێکى سازگار و باخچەی ڕازاوه هەیە و مریدان و خۆشەویستانی ڕێبازەکە ئێستەش سەردانیدەکەن.

شێخ خامۆش

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو). مەزارگەی شێخ خامۆشی بەرزنجییە. لە سەدەکانی ڕابردوودا خۆی و موریدەکانی لە بەرزنجەوە هاتوون و بەهۆی ئاوداری و سەلامەتیی ناوچەکەوە، لەوێ نیشتەجێبوون. لەلای خەڵکی ناوچەکە پیرۆزە. لە چوارشەمماندا لە زۆر شوێنەوە هاتونەتە زیارەتی. لە بەرزاییەکدایە و بە بەرد دروستکراوە. گۆڕستانی لە نزیکە و بووەتە گۆڕستانی گوندەکە. زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ مێژووی هەیە. نەوەکانی ئێستە لە دیوی خۆرهەڵاتن و زیاتر لە بواری هونەر و نوسیندا کاردەکەن و ١٤ شاعیریان هەیە.

شێخ ڕەش

کەوتووەتە‌ باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (قەدەفەری) سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). دەوترێت گۆڕى کەسێک بووە لەکاتی خۆیدا لەنزیک دارێکەوە بەخاکسپێرراوه،‌ کە له ‌ئێستادا تەنها لقێکى دارەکە ماوەتەوە. خەڵکی بە پیرۆز سەیریانکردووە و لە کۆندا بە مەبەستى بەدیهێنانى نیاز و چارەسەرکردنى نەخۆشى سەردانیانکردووە.

شێخ زوڵفە قادر

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە‌ باکوری گوندی (میریسوور)ی سەربه ‌شارۆچکەی (خورماڵ). دانیشتوانی گوندەکه بۆ نەخۆشی ‌چوونەتە سەردانى، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی لەرزوتا. گۆڕەکە سیاجی بۆکراوە و تاکو ئێستاش ماوە.

شێخ شوکرە

مەزارگەیەکی پیرۆزە لەسەر گردێک لە نێوان ڕێگای سەرەکیی گوندەکانی کاگردەڵ و دوانزە ئیمامە. بە کەڵەکەبەرد هەڵچنراوە. لە ساڵی ١٩٢٠کانەوە ئەو مەزارگەیە بوونی هەیە. سەرەتا گوندی کاگردەڵ لەوێ بووە. خەڵکی بۆ چاکبوونەوەی نەخۆشی ڕۆشتوونەتە سەری. دارێکی توی تێدابووە پێیانوابوو، کە هەرکەس لقێک لەو دارە بکاتەوە توشی دەردێک دەبێت. دارەکە بۆ نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت سووەتاوە. لە ئێستەدا چواردەوری زەوییەکانی بەهۆی کێڵان و جوتیارییەوە گۆڕانکاریان تێداکردووە. خەریکە بەتەواوەتی گردەکە تەخت دەبێت. کانییەک لە تەنیشتیدا هەبوو، بەڵام بەهۆی لێدانی بیرەوە وشکیکردووە.

شێخ مارفی تاقانە

مەزاری (شێخ مەعروف کوڕی شێخ عەبدوللەتیف شێخ حەسەنی شێخ شەمسەدینی شێخ عەبدولغەفاری یەکەم)ـە. لە نەوەی مەلا گوشاییشە و لە مەردۆخییەکانی هەورامانە. بە شێخ مارفی دەرەقووڵەش ناسراوە. له ‌دەوروبەری ساڵی ١٧٠٠ لە خارگێلان لەدایکبووە و هەر لەوێش کۆچیدواییکردووە. مەزارەکەی کەوتووەتە (دەرەقووڵە) لەسەر ڕێگەی بانی کۆڵ، لە خوار زەردەهاڵ و نزیک خارگێڵان. بە بەرد هەڵچنراوە و داربەڕووەکەی سەری پەڕۆی پێوەکراوە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، کە شێخ عومەری زیائەدین داویەتی بەلایدا، لەسەر وەڵاخەکەی دابەزیوە. خەڵکی ناوچەکە بۆ هەندێک نەخۆشی بەهیوای چاکبوونەوە سەردانیانکردووە. بووەتە گۆڕستانی زەردەهاڵ و دەرەقەیسەر. لە ٢ی١١ی ٢٠٢٤ لەلایەن لیژنەیەکەوە نۆژەنکراوەتەوە.

شێخ هەممەیی: ممەدی

مەزاری پیاوچاکێکە، مێژووی ژیانی نەزانراوە. کەوتووەتە چەمی خواروو لە دەرەقازاندایە لەناو باخی (ساڵحی ئەحمەدی مەحموود) لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). بۆ باخەکانی دەوربەری بووەتە ناونیشان. وا دەوترێت، کە سەحابی بووە و لەو شوێنەدا کوژراوە.

عەبدوڵای سادق

کەوتووەتە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). لە شۆڕشەکەی شێخ (مەحموودی حەفید)دا، کەسایەتییەکی شۆرشگێڕ بووە. ‌ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی (ناڵپارێز) بە فڕۆکەی ئینگلیز کوژراوە و تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ گۆڕستانى گوندی (شیرەمەڕ) و سیاجیان بۆ کردووە. خەڵکی بە پیرۆزیان داناوە و بۆ چارەسەری نەخۆشى بەتایبەتی (گرانەتا، ئیفلیجی) سەردانیانکردووە.

عەلەمدار

نەزرگەیەکە لە گوندی (دەرەتوێ)، نەزرگەی یەکێک لە پیاوە ئاینیەکانی پەیڕەوانی ئایینی (یارستان)ە. کەوتووەتە نێوان (سەرسوڵێ) و (هاڵەمێ) بەناوی ئەو کەسایەتیە ئایینییەوە ناونراوە. بە بەرد تەڵانی بۆ کراوە. خەڵکی ناوچەکە سەردانیدەکەن.

فەقیە محەممەد

کەوتووەتە سەر گردەکەی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). بەپێی قسەی دانیشتوانی گوندەکە پیاوێکى ئاینى و لەخواترس بووە و خەڵکی گوندی قەڵبەزە بووە. زانیاری لەسەر ساڵانی ژیانی نازانرێت. دانیشتوانی گوندەکە بۆ نەخۆشیی لەرزوتا سەردانی گۆڕەکەیان کردووە. گۆڕێکی تریش لە تەنیشتییەوە هەیە، کە نازانرێت هى کێیە. بە بەرد شوورای بۆ کراوە.

فەقێ ئەحمەد

کەوتووەتە باشوری تەوێڵە و لەسەر ڕێگای سەرەکیی تەوێڵەیە لە گەڕیات، دەڕوانێتە سەر دۆڵی تەوێڵە و گەڕیات، لە باکورەوە گەڕیات و شارۆچکەی تەوێڵە و لە باشورەوە دەرە قازان و تەڵانە گەورێ و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی سۆفی جانە و لە خۆرئاواوە سۆسەکان دەورەیانداوە، مەزاری فەقێ ئەحمەدی غەزایی دیندار و عارف و چلەکێشە. لە نەوەی کاکۆ زەکریاییەکانە و هاتوەتە تەوێڵە.

کاکەی جاور

مەزارێکی پیرۆزی یارسانەکانە و کەوتووەتە نێوان گوندی (هاوار) و (پاڵانیا). کاکەی جاور لە تێکستە پیرۆزەکانی یارساندا ناوی هاتووە.

کلکەی نەزەرگە

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر‌ بە ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرکەى (٢٠م٢) دەبێت. مێژووەکەی بەتەواوى دیارنییە. وەک شوێنێکى پیرۆز سەیریانکردووە و بە مەبەستى چارەسەرى نەخۆشى بەتایبەت (لەرزوتا، بایەری) پەنایان بۆ بردووە. چەند گۆڕێکى تریش لە دەوریدا هەبوون، کە ئێستا تەنها شوێنەواریان دیارە.

مەحموود سەرەواڵا

شوێنی شەخسێکە بەناوی (مەحموود سەرەواڵا). ئەم ناوە لە هۆنراوەی شاعیرانی ناوچەی هەوراماندا هاتووە. کەوتووەتە نزیک کانی ژنان لە سنوری گوندی (گوڵپ) لە یەکەم پێچ بەرەو سەرگەت. شوێنەکە لەکاتی خۆیدا بریتیبووە لە بەردێکی تەخت و دەورەکەی بە کەڵکەبەرد هەڵچنراوە. ڕۆژانی چوارشەممان خەڵک بەشیرینییەوە چوونەسەری و نزایانکردووە. لە ئێستادا شوێنەکە نەماوە و بەرجادەکەی (گوڵپ – سەرگەت) کەوتووە. لە نزیک گوندی جەلیلەش شوێنی هەیە.

مەزارگەکانی گوندی دەگاشێخان

کۆمەڵێک مەزاری پیاوچاکانن، کەوتووەنەتە سنوری گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامانەوە. لە لای خەڵکی ناوچەکە پیرۆزن و مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی کۆچی. ١- ئیمام قاسم: لە یاری شێخ ئەحمەدی جامییە. داربەڕوویەکی گەورەی تەمەن ٦٠٠ ساڵ لەسەر مەزارەکەیەتی و دەوروبەری نزیکەی ١٠ گۆڕی لێیە، کە ڕوو بە قیبلەن. کەوتوەتە سەروی ڕێگەی دێکۆنی داشارەی دەگاشێخان. ٢-دەروێشە پرچنە: کەوتووەتە بەردەم قوتابخانەی دێ کۆنەکەی دەگاشێخان و ڕەزەدێمەکانی ئیبراهیم ڕەشید، دەوربەری مەزارەکەی نزیکەی ٥٠ گۆڕی لێدەرکەوتووە، نوسینی کێلێکیان خوێنراوەتەوە، کە مێژووی ١٦٠٠ زاینی دەکات. ٣- تڵفی ساوا: کەوتووەتە سەر جادەی دەگاشێخان - بەڵخە. مەزاری پیرێکە لەبەر پاکی و بێوەیی بە منداڵی ساوا چوێنراوە. لە فراونکردنی جادەکە و دروستکردنی هۆڵی شەهید بورهان عەبدولڕەحمان لە ساڵی ٢٠١٢دا، پێوە بووە، ڕوفاتەکەی گوازراوەتەوە بۆ ناو گۆڕستانی بەر جادەکە و لە تەڵانێکدا دەوری بە تەلبەند گیراوە، لە باوەڕی خەڵکیدا وا هاتووە: لە ناکۆکی سوڵتانی ساق و شێخ ئەحمەدی جامیدا ڕۆڵی ئاشتی بینیوە و ڕێکیخستووتەتەوە.

ملەهەلاجان

‌کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٠ دۆنم دەبێت. پێشتر چەند کێلێکی تێدابووە. بەڵام لەشەڕی (ئێران و عێراق) کێلەکانیان لابردووە، دانیشتوانی گوندەکە بۆ چارەسەری نەخۆشی لەرزوتا چوونەتە سەردانی. هەرچەندە زەوییەکەی دەوروپشتی کشتوکاڵییه، بەڵام کەم کەس دەوێرێت بیکێڵێت‌ و باوەڕی زۆربەی دانیشتوانـەکـە وەهـایـه:‌ هەرکـەس لـە ڕابردوودا کێڵاویەتی توشی کارەسات بووە.

میر ئەسکندەری خامۆشی

کەوتووەتە ڕێگای نێوان گوندەکانی هاوار و دەرەتفێ. بە يەکێک لە شوێنە ئایینیە پیرۆزەکانی پەیڕەوانی ئایینی یارسان (کاکەیی) دادەنرێت. ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە پەیڕەوانی ئەم ڕێبازە بۆ مەبەستی پاڕانەوە و حاسڵبوونی مرازەکانیان سەردانی مەزارگەکە دەکەن. (میر اسکندر) خۆی یەکێکە لە یارانی کاکەیی و (سوڵتان اسحاقی بەرزنجی) باپیرە گەورەی بووە. ئەم کەسایەتییە لای (هاوارییەکان) خۆشەویستە و جێگە و ڕێزی تایبەتی هەیە. بەپێی مێژوو و بەڵگەنامە ئایینیەکان، (میراسکندر) سەری خۆی لە پێناو پاراستنی ڕێبازی کاکەیی و تایفەکانی هاواردا بەخت کردووە.

میریسوور

کەوتووەتە گوندی (میریسوور)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، مێژوویەکی دێرینی هەیە. گۆڕی (سەید ئەحمەد)ی تێدایه،‌ کە پیاوچاکێکی سنورەکە بووە. مەزارگەکەی هەڵبەستراوە و ژوورێکی تێدا دروستکراوە. خەڵکی لە کۆن و تەنانەت لە ئێستاشدا سەردانیدەکەن و بۆ چوونیان وەهایه:‌ کە مەبەستی (منداڵبوون، چاکبوونەوەی شێتی و نەخۆشی) یارمەتییاندەدات.

هاڵی سەفانا

پیاوچاکە، ناوی (شێخ عەلی مستەفا)یە. لەسەر زمانی ناوچەکە بووەتە هاڵی سەفا. مەزارەکەی کەوتووەتە باشوری گەڕەکی دەمەرەسورای بەشی چلانە لە شارەدێی (تەوێڵە).

پێشتر 1 2 3 4 دواتر