مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

61 بابەت

سەید ئەحمەد

کەوتووەتە سنورى گوندی (هانەی قوڵ)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەنزیک گۆڕی (مەحموودخانی دزڵی)، لە ناوەڕاستى گوندى (هانەى قوڵى کۆن). دانیشتوانی گوندەکە بە پیرۆز سەیریانکردووە و بەردی ناو مەزارەکەیان بردووە و خستوویانەتە ناو ئاوى کانییەکەوە بە نیازی ئەوەی باران ببارێت، هەروەها بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشی چوونەتەسەر مەزارەکە.

ئەحمەدی هاوارێ

نەزەرگەیەکی پیرۆزی پەیڕەوانی یارسانە. کەوتووەتە گوندی هاوارەکۆن. لەتەنیشت گۆڕستانێکەوەیە، کە بە (مەیدانێ) ناسراوە. بە تەڵانەبەرد دروستکراوە. ساڵی ٢٠٢٢ بەشێوەیەکی جوانتر نۆژەنکراوەتەوە. خەڵکانی ناوچەکە ڕۆژانی چوارشەممان بەتایبەت دەچنە زیارەتی.

ئەسحابەی کرمەکە

کەوتووەتە ‌نێوان هەردوو گوندی (دەرەگوڵان و ڕیشێن)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ەوە. دەوترێت گۆڕی ئەسحابەیەکە. لە کۆندا جوتیارانی گوندەکە و گوندەکانی دەوروپشتی، خۆڵی سەر گۆڕەکه و دەوروپشتییان بردووە و وەک تۆو ڕشتویانە بەناو گەنم و زەوییە کشتوکاڵییەکانیاندا بۆ ئەوەی حەشەرات و کرم بەرهەمەکانیان نەخوات.

ئەمنە ئەنوەر

کەوتووەتە تەنیشت کانی ژوورنگ لە سنوری گوندی (مۆردین). لەلای خەڵکی گوندەکە بە پیرۆز سەیرکراوە. هیچ کەس بۆ هیچ مەبەستێک سەردانینەکردووە. بەڵام بەشوێنێکی پیرۆز ناوبراوە. داربەڕوویەکی گەورەی لەسەربووە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕەشەبای بەهێز خستویەتی. بەشێکی کەمی ماوە.

ئەول جەلیل

بریتییە لە گۆڕی پیاوچاکێک لە گوندی (پریسی سەروو)، بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٨٠٦م)، دەکەوێتە چەقی گوندەکەوە لە تەنیشت کانی جانە، لەناو قەورسانی (گۆڕستانی پریس)دایە.

ئەول خەلیل

بریتییە لە گۆڕی پیاوچاکێک لە گوندی (پریسی سەروو)، بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٨٣٩ مەتر)، دەکەویتە چەقی گوندەکەوە.

ئەول کەریم

گۆڕی پیاوچاکێکە لە گوندی (پریسی سەروو). بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٧٩٨ مەتر)ـە، دەکەوێتە چەقی گوندەکەوە لەسەرقەڵا.

ئيمامى زامن

کەوتووەتە‌ باکورى خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و بەهۆى بوونى گۆڕى پياوچاکێکەوه،‌ بەشوێنێکى پيرۆز ناودەبرێت و ئەمەندە ڕێزلێگيراو بووە، لەڕابردوودا خەڵکى لەکاتى گەرميان و کوێستاندا موڵک و ماڵيان لەتەنيشتى ئەم مەزارگەدا بەئەمانەت ‌جێهێشتووە و هيچ کەسێک دەستى بۆ نەبردووە، هەتا ئێستەش خەڵکى سەردانیدەکەن. چەندين جار لە سلێمانیيەوە خەڵکى سەردانيانکردووە، هەتا ئێستەيش دوو داربەڕووى پيرى تێدايه،‌ کە بەشێک لە دارەکانيان وشکبوون، هيچ کەس ئامادەنيیە دارە وشکەکانيش لێبکاتەوە.

بابا ئەسکەندەر

مەزارەگەی پیاوچاکێکە. کەوتووەتە بەشی مالێدەری سەر بە شارەدێی (تەوێڵە). خەڵک سوێندیان بە تاقی بابائەسکەندەر خواردووه،‌ کە کەوتووەتە خوار گۆڕەکەوە و لە دیوارەکەدا بەتاقێک هێڵراوەتەوە. گەڕەکەکەش هەر بەو ناوەوە ناونراوە، لە بەشی خوارەوەدا، بە هەمان ناوەوه،‌ مزگەوتێکیش ناونراوە. بەشی سەرەوەی مەزارگەکە بووە بە گۆڕستان و هەتا داوێنی چیاکە درێژ و گەورەتر بووەتەوە و ئێستا پێیدەڵێن قەبرسانو(پەشتۆ بانا).

بابازەردەڵە

پیاوچاک و نەزرگەیە. بە قەدپاڵی شاخێکەوەیە لەپشت گوندی (ئەحمەدئاوا). بە پێی هەندێک سەرچاوە، نازناوی شێردڵە و دەشوترێت برای بابا ئەسکەندەر و باباخوادادە. هەندێک سەرچاوەش بە برای بلالی کوڕی سەید ئیبراهیمی ناودەبن، کە ناوی گۆڕستانەکانی دەوروبەری ئەحمەدئاوایان بە ناوەوەیە.

باوەکوچەک

کەوتووەتە سەر ڕێگای چاوگ و باوەکۆچەک. لە نزیک خەزانی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە هەڵکەوتووە. دەڕوانێت بەسەر چەم و باخەکاندا. لە کۆندا خەڵک بۆ هەندێک نەخۆشی سەردانیکردووە. پێشتر بە باوەکوچەک ناوهێنراوە، کە خودی گوندەکەش ناوەکەی لەم مەزارگەوە وەرگیراوە.

پیرە بچکۆلە

کەوتووەتە سەنتەری گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. مێژووەکەی بۆ سەردەمی زەردەشتیەکان دەگەڕێتەوە. بە بەرد شوورای بۆکراوە. لەلای خەڵکی ناوچەکە بە پیرۆز سەیردەکرێت.

پیر غەریبە

پیاوچاکێکە، مێژوویەکی کۆن و نادیاری هەیە، بە شەخسەکۆن ناسراوە. بە دەوریدا شوێنەواری ئاوایی و ئاش و خشتی سووری بینای لێبووە. دەکەوێتە ناوەندی گوندی ئەحمەدئاوای کۆن و قەراغی جۆگەی دەلێنی بەردەم ئەحمەدئاوای ئێستە، چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی باس لە شار و شوورا و قەڵاکانی دەوروبەری خورماڵ و زەڵم دەکەن، ناوی بە شاری پیر و دزدان دەبەن، لەوانە ئەبودلف، ٣٤٠ هجری هاتوەتە ناوچەکە و باسی ئەو شارانە دەکات. بەو پێیە ئەگەر دزدان خورماڵ بێت، دەبێت ئەم پیر غەریبەش حامکی شارە کۆنەکە بێت، کە شێخ ئەحمەد ئەم ئەحمەدئاوایەی لەسەر بونیاددەنێتەوە.

پیرخرکە

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە) لە ناو باخەکەی جافر بەگدایە. ناوی پیاوچاکێک بووە بە ناوی سەید ئەحمەدی دەرەنەجاتە. دارێک لە تەنیشت گۆڕەکەدایه،‌ کە پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگی پێوە کراوە. دەوربەری گۆڕ و دارەکە بە پەرژینێکی سادە جیاکراوەتەوە. لەناو خەڵکیدا بە پیرۆز سەیرکراوە و بۆ ڕازونیاز سەردانیکراوە. بۆچونێک هەیە گوایە لە ٩٩ پیرەی هەورامانە و خەڵکی بەڵخە بووە، ناوەکەی ناوێکی ئاوێستاییە. بڕوای دیکەش هەیە، کە بە یارسانی دەزانن.

پیرکامڵ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گریانە). یەکێکە لە برایانی حەوت سوارە، لە پشتییەوە شوێنەواری گۆڕستانێکی گەورە هەیە، کە نزیکەی ١٠٠٠ گۆڕی لێیە. خەڵکی گوند و گوندەکانی دەوروبەری، چوونەتە سەر مەزاری و پێیانوابووە کاریگەری لەسەر چاکبوونەوەی نەخۆشەکانیان هەیە.

پیرمحەممەد

کەوتووەتە‌ ناوەڕاستی گوندی (خێڵى حەمه)‌ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٢٠٠م) دەبێت. بە بەرد سیاجی بۆ کراوە. خەڵکی بە مەبەستى چارەسەرى نەخۆشی و بەدیهێنانى ئاواتەکانیان، سەردانیانکردووە، بەتایبەت بۆ لەرز و تا و نەخۆشی. بە تەواوەتی مێژووەکەى دیارنییە، بەڵام وەک دەوترێت ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، ئەم کەسە خواناسە مردووە و لەوێ بەخاکسپێرراوە.

پیرهەمزە

مەزاری پیاوچاکێکە. کەوتووەتە ناوجەرگەی گوندی (تاوێرە)وە. شوێنەکە لە کۆندا گۆڕستان بووە و دواتر کراوە بە باخ و داری گەورە و بەتەمەنی تێدایە. سەرچاوەی کانیی پیر هەمزەی لێیە، کە لای خەڵکی ناوچەکـە و کـاکـەییەکانیش بە پیرۆز سەیرکراوە.

پیرو تەوەنێ

مەزاری پیرێکی زەردەشتییە. دەوترێت لە ٩٩ پیرەی هەورامانە و کاروباری دنیایی و دینی گوندە کۆنەکەی بەڵخەی بەڕێوەبردووە. کەوتوەتە لای سەرووی گوندەکە و لە بەرزایی شاخی تەوەنێ و لەبەردەم بەردێکی گەورەدایە. دەوروبەری کانیاوی سازگارە و دارگوێزێکی گەورە لەسەر مەزارەکەیەتی و دەوری بە بەردگیراوە و لەلای خەڵکی ڕێزی لێگیراوە و سەردانیانکردووە. بەردەمی گۆڕەکەی کانییە. پێویستە بوترێت، کە شاخی تەوەنێ بەرامبەر گوندە کۆنەکە ئاتەشگایەکی زەردەشتی بووە و شوێنەوار و بەردەگەورەکانی لە دروستکردنی تەڵانەکاندا بەکارهێنراون.

پیرو وەزە زەردێ

کەوتووەتە چەمی خوارووی (تەوێڵە). لە دەرەقازاندایە لەنێو باخەکانی تەوێڵە و سۆسەکاندا. خەڵکی بە پیرۆز لێی دەڕوانن. دەورووبەری مەزارگەکە، گوێزە، هەربۆیە بەو ناوەشەوە ناونراوە وەزە زەرد.(وەزە= گوێز).

پیرو وەزە سوورێ

کەوتووەتە سەر ڕێگای (ئاوێسەر). لە نێوان (ئاوێسەر) و (هانەکڵە)دایە. خەڵکی بە پیرۆز لێی دەڕوانن و بە کەلەکە بەرد سیاجی بۆ کراوە و جاران پەڕۆی سەوز و سپی پێوەکرابوو. دار و چیلکەی دەورووبەری نابڕنەوە و لە نزیکیەوە ناخۆنەوە.

1 2
...
4 دواتر