بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
١- گرامافۆن: ساڵی ١٩٣٧ هێنراوە. هەندێک دەیگەڕێننەوە بۆ هونەرمەند (حسێنی لاوە) و هەندێکی تریش لایانوایە (حاجی حەسەن حەمەحسێن) هێناویەتی. ٢- ڕادیۆ: مەعارف ساڵی ١٩٤٥ ناردوویەتی بۆ قوتابخانی تەوێڵەی سەرەتایی. باترییەکەی بە ماتۆڕەکەی هونەرمەند (کەریم کابان) شەحنکراوەتەوە، کە ئەو کات لە تەوێڵە پۆلیس بووە. ٣- فانۆس: ساڵی ١٩٢٧ (حاجی حەسەن حەمەحسێن) هێناویەتی. ٤- ئۆتۆمبێلی بار: ساڵی ١٩٥٦ هاتووە. ٥- چرای لەمپا: (ئەکرەم حسێن) هێناویەتی. چرای دیوارکۆ: (جافری ئەکرەم و محەممەدی وەستا حەمەڕەحیم) هێناویانە. ٦- لۆکس: (حاجی قادری حەماییز) هێناویەتی. ٧- تۆمارکەر (تەسجیل): ساڵی ١٩٦٠ (سەید جافر و تاهيری کاکە) هێناویانە. ٨- تەلەفزیۆن: ساڵی ١٩٧٦ (عوسمان سۆفی حەمەکەریم) هەیبووە. ٩- سەتەلایت: ساڵی ١٩٩٨ (سامی سەید جافر) هەیبووە.
لە مانگى ئەيلوولى ١٩٢٩ دەستکراوە بە ڕاکێشانى تەلەفۆن لە سلێمانييەوە بۆ هەڵەبجە. پێشتر و لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا پەیوەندییەکان لەڕێی هێڵى بروسکەوە بووە.
خاوەنی یەکەم میوانخانە (ئوتێل) بووە لە هەڵەبجە. ناوی (محەممەد ئەحمەد ئەمین) و بە (حەمەی هاژە) ناسراوە. ساڵی ١٩١٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٣٣ میوانخانەکەی لە بەرانبەر قەیسەریی حامیدبەگ کردووەتەوە. زانیاریی زۆر لەسەر پێکهاتەی میوانخانەکە لەبەردەستدا نییە. حەمەی هاژە، ساڵی ١٩٨٧ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی شێخ موئمین بەخاکسپێرراوە.
یەکەمین جار (حامیدبەگی جاف)، موەلیدەی کارەبای هێناوەتە شاری هەڵەبجە. لەبەر زۆریی خەرجی، ناوبەناو کاریپێکردووه و تایبەت بووە بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکەی خۆی، ماڵەکانی تر چرای نەوتیان بەکارهێناوە. دواتر لە ساڵی ١٩٣٨ (سەعید قەزاز)ی جێگری قایمقام دوو موەلیدەی لە جۆری (D.C) هێناوەتە ناو شارەکەوە و دواتریش دوو دانەی تر. ساڵی ١٩٦٨ لە سەردەمی (شێخ حەمەئەمینی شێخ عەبدوڵا)ی قایمقام دوو موەلیدەی تر لە جۆری (A.C) هێنراوە و ... هەتا ساڵی ١٩٧١ تۆڕی کارەبای هەڵەبجە بەستراوەتەوە بە تۆڕی کارەبای سلێمانییەوە.
ساڵی ١٩١٩ و له سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ئینگلیزەکان لە عێراق و ناوچەکە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کە ئۆتۆمبیل لەلایەن ژەنەڕاڵ (فرەیزەر)ی فەرماندەی باڵای ئینگلیز هێنراوەتە شاری هەڵەبجه. ئەو کاتەی، کە فرەیزەر لە مانگی حوزەیرانی ١٩١٩ ویستوویەتی سەردانی (عادیلە خانم)ـی وەسمان پاشای جاف بکات. هاوسەفەری سەردانەکە فریزەر (گرینهاوس -کە یەکێک بووە لە ئەفسەرە ئینگلیزەکان-، ئەحمەدموختار بەگی جاف، عێزەت بەگی جاف)ی لەگەڵ بووە. بە دەشتی شارەزووردا تێپەڕیون و ئۆتۆمبیلەکەیان چەقیوە. دواتریش له ساڵی ١٩٢٤ حامیدبەگی جاف -قائیمقامی قەزای هەڵەبجه- یەکەم ئۆتۆمبێلی بۆ خۆی هێناوەتە هەڵەبجە.