بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
دواى توندبوونى ململانێى نێوان باڵى جەلاليى و مەلايى لە کوردستان و بەتايبەتی لە سنورى هەڵەبجە، پارتى ديموکراتى کوردستان/ باڵى مەلايى بەمەبەستى هێرشکردنە سەر شارى هەڵەبجە و دەرکردنى جەلالييەکان لە شارەکە و دەوروبەریدا، هێزێکی زۆریان لە سنورەکە کۆکردەوە. پارتى و چريک لە شاخى (شنروێ)وە بۆردومانى گەڕەکەکانى سەرا و کانییەقوڵکەيان کرد و ژمارەيەک خەڵکى مەدەنى کوژران و برينداربوون. بۆ ناوبژی و لەپێناو ڕوونەدانى زیانی زۆرتر، ژمارەيەک کەسايەتیى ئايينى و کۆمەڵايەتیى شارەکە کەوتە نێوانەوە و سوودینەبوو. لە شەوى ١١-١٢ی ٨ی ١٩٦٩ جەلالییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانەی، کە هێزەکانى پارتى و چريکى لێ بوو و ژمارەیەکی زۆر لە هێزی چریک بە پلەی یەکەم و دواتر پارتییەکـان کـوژرا و بریدابوون.
پاش تێکچوونی پەیوەندیی نێوان مەلیک مەحمود و ئینگلیزەکان، مەلیک نامە بۆ عەشایەر و سەرۆک هۆزە کوردەکان دەنێرێت بۆ ئەوەی پشتیوانی بکەن دژی ئینگلیز. بۆ ئەو مەبەستەش نامە بۆ شێخ کەریمی عەبابەیلێ دەنێرێت و ئەویش بە هاوکاری هۆز و عەشیرەتەکانی ناوچەکە جگە لە جاف و شوێنکەوتوانی عادیلە خانم، کە پشتگیری ئینگلیز بوون، عەشیرەتەکان زیاتر لە ٢٠٠٠ سوار و چەکدار کۆدەکەنەوە و بە ئاڕاستەی کفری و مەیدان دەڕۆن. لەوێ لەگەڵ عەشیرەتەکانی دیکە، کە بۆ هەمان مەبەست هاتوون یەکدەگرنەوە و هەموویان شێخ کەریمی عەبابەیلێ بە سەرکردەی هێزەکە دەستنیشاندەکەن. پاش دانانی نەخشەیەکی سەربازی لە بەرەبەیانێکی زوودا لە سێ قۆڵەوە هێرش دەکەنە سەر ئینگلیزەکان و سەرکەوتن بەدەستدەهێنن. دەسکەوتەکانی شەڕ بەشێوەیەکی عادیلانە لەنێوان هۆزەکاندا دابەشدەکرێن و شێخ کەریم و هۆزەکانی هەڵەبجە کاتێک دەگەڕێنەوە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیان لێدەکرێت. ئەم شەڕە دەبێتە شکستێکی گەورە بۆ ئینگلیزەکان و لەپاش سەرکەوتنیان لە دەربەندی بازیان بەسەر شێخ مەحموددا، بڕیاری تۆڵەکردنەوەی لە هەڵەبجە و هۆزەکانی ناوچەکە دەدەن.
شەڕی نێوان عوسمانییەکان و جافر سانە. لە ئەنجامی ناکۆکی و نێوان_ناخۆشیی جافرسان و دەسەڵاتی عوسمانی لە هەورامان، لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، عوسمانییەکان پەلاماری هەورامانی لهۆن دەدەن و نۆدشە و نەوسود دەسوتێنن. لەشکری سان لە چەند قۆڵێکەوە پەلاماری عوسمانی دەدەن، بە فەرماندەیی کەریم بەگی کوڕی و هۆزی گەڵاڵیی جاف، پەلاماری عوسمانییەکان دەدەنەوە، پاش شەڕێکی گەرم، عوسمانییەکان دەشکێن و پاشەکشێدەکەن و دیلیشیان لێدەگیرێت. لەقۆڵی تەوێڵەوە قادربەگی کوڕی جافرسان بە یارمەتی خەڵکی تەوێڵە بەشی زۆری هەورامانی عێراق لە عوسمانی پاکدەکەنەوە. شازدە گوندی هەورامان، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون، بوونەتە بەشێک لە قەڵەمڕەوی حوکمی جافرسان. لەوانە (تەوێڵە، بیارە، سۆسەکان، بەڵخە، دەگاشێخان، خەرپانی، هاوار)، لە دیوی ئێرانیشەوە تفەنگچییە هەورامییەکان بەرەو سنە دەڕۆن، هەتا بەر بە پەلاماری ڕووسەکان بۆ سەر هەورامان بگرن.
دوای ئازادکردنی مەحموودخانی دزڵی لەلایەن ئینگلیزەکانەوە و گەڕانەوەی بۆ هەورامان، شۆڕش و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئینگلیز زیاددەکات. بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی مەندوبی سامی لە ١ی ٢ی ١٩٢٢ فەرماندەیەک و بیست سەربازی ئینگلیز دەکوژرێن و فڕۆکەیەکیان لە ئاوایی ڕۆستەم بەگ کەوتووەتە خوارەوە. لەوە بەدواوە چەند شەڕێکی یەکلەدواییەکی دەستەوئێخەی نێوان هەورامییەکانی لەشکری مەحموودخان و لیوایەکی سوپای عێراق بەسەرکردایەتی کاپتن ڕیچ بەتالیۆنی لیڤی عێراقی بەسەرکردایەتی ملازم (curtias) لە ١٣ی ٦ی ١٩٢٦دا ڕوو دەدەن. لەو شەڕانەدا هەورامییەکان زۆر بەتوندی ڕووبەڕووی ئینگلیزەکان دەبنەوە. پاش مانگێک لە شەڕێکی تردا لە ناوچەی دۆڵەسووری پێنجوێن لە ١٨ی ٧ی ١٩٢٦ دیسان هەورامییەکان ڕووبەڕووی لەشکری ئینگلیز دەبنەوە. لە تۆڵەدا ئینگلیز لە ٢٥ی ٧ی ١٩٢٦ بڕیاردەدات لەڕێگەی فڕۆکەوە بۆردومانی گوندەکانی (یاڵانپێ، هانەی قوڵ، ئەحمەدئاوا) بکات. ئەم ناکۆکی و دژایەتییە بە تەسلیمکردنی مەحموودخانی دزڵی کۆتاییدێت.
لە ئەنجامی ڕاپەڕینی ڕۆژی ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ی خورماڵ لە سێ ڕیانی گردیگۆ لە پردی زەڵم و دەوروبەری شارۆچکەی (خورماڵ)، ژمارەیەک لە هاوڵاتیان شەهیدکراون و لە نزیک گوندی شانەدەری زیندەبەچاڵ کران. ئەوانیش (یاسین محەممەد ئەمین حەمەکەریم، سەرکەوت محەممەد حەمەلاو قادر، عەبدوڵا ئەحمەد عەلی، عوسمان شەمسەدین ئیبراهیم، عومەر شەمسەدین ئیبراهیم، سامان شەمسەدین ئیبراهیم، ئازاد حسێن مەحموود، زەینەدین ساڵح محەممەد، ساڵح محەممەد فەتحوڵا، ئەحمەد ئیسماعیل حەمەکەریم، جەمال عەلی ڕەزا، عەبدوڵا مەحمود عەزیز، فازل مەحێدین عەلی، حەسەن سەعید کەریم، مەجید کەریم مەحموود، مەنسور محەممەد عزەت، سەلام حەمەئەمین عەلی، جەمال حامد ساڵح، حەمەخان ئەحمەد شەریف، حەمەکەریم حەمەشەریف نەسروڵڵا، حەمەنەجیب حەمەخان عەزیز، ڕەحمان قادر محەممەد، یونس ڕەحیم عەبدوڵا، نوری محەممەد حەسەن، نادر حەمەساڵح مەجید، عەبدوڵا قادر مەولود). ڕۆژی ١٣ی ٥ی ١٩٩٥ تەرمەکانیان دەرهێنرایەوە و لە ڕێوڕەسمێکدا لە خورماڵ بەخاکسپێررانەوە. لەئێستادا بۆ زیندوومانەوەی یادیان، دیواربەندێکیان وەک مۆنۆمێنت لە خورماڵ بۆ کراوە.
لە ئەنجامی هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا و لە ساڵی ١٩١٦ ڕووسەکان لە ئێرانەوە پەلاماری هەورامان و مەریوان دەدەن، ئەمەیش بە ئامانجی دەستگەیشتن بە شارەزوور و سلێمانی. لەنێو خێڵە کوردەکاندا سیاسەتی پێکهێنانی ئەنجومەنی خێڵە کوردییەکان بۆ مەرامی جەنگیی خۆیان پەیڕەودەکەن. بۆ بەرگرتن بە لەشکرکێشیی ڕووسەکان، مەلا و شێخانی ئەو دەمەی کوردستانیش بە گشتی و شێخە نەقشبەندییەکانی هەورامان بە تایبەتی، بە خەڵکی ڕادەگەیەنن شەڕکردن لە گەڵ ڕووسەکان واجب و غەزایە و ئەوەی بکوژرێت شەهیدە. بەم فتوای غەزای ڕووسە، پیاوماقوڵانی هەورامان و مەریوان لەشکرێکی چەند هەزار کەسیان پێکەوەناوە. لەو لاشەوە مەحێدین بەگی قۆماندان و شێخ مەحموود دەچنە مەریوان، لەگەڵ جافرسان و مەحمود خانی دزڵی و شێخانی نەقشبەندی لە ماڵی مەحمودخانی کانی سانان کۆدەبنەوە و پەیمانی یەکگرتن دژی ڕووس دەبەستن. شێخ حیسامەدین و شێخ عەلادین و شێخ نەجمەدین بە ٤٠٠٠ تفەنگچییەوە دەگەنە ڕەزاو. لە ئەنجامدا لەشکری لهۆن و مەریوان و دزڵی و تەخت و ڕەزاو، سێ هێرشی گەورەی ڕووس لە مەریوان دەشکێنن و ژمارەیەکی زۆریان لێدەکوژن و هەتا کێوی ئاویەری سنە پاشەکشێیان پێ دەکەن. مەردۆخ وەک شایەتحاڵی جەنگەکان باسی ئازایەتی تفنەگچییکانی کردووە.
فرۆشتنی موڵکەکان و گوندی ئەحمەدئاوایە لە لایەن بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندی بە مەحموودخانی دزڵی. دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ مەحموود و دابەشبوونی بەگزادە و سەرانی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان بە سەر لایەنگری شێخ مەحممود و چوونە پاڵ بەریتانیەکان، لە ساڵانی ١٩١٨ بۆ ١٩١٩دا ناکۆکییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکە و ئەحمەدئاوا دەبێتە مەکۆی شەڕ و کوشتار. بنەماڵەی بەگزادەکانی هەڵەبجە و بەریتانیەکان لە لایەک و مەحمودخانی دزڵی و پشتیوانانی لە شێخ مەحموود لە لایەکی ترەوە، کێشەی سەندنی باج لە خەڵکی سەرهەڵدەدات، بە هۆی بێلایەنیی شێخانی نەقشبەندی و ترسی فەوتانی موڵکەکانیان، ئەم ڕێکەوتنە ئەنجامدراوە، بەو هۆیەوە ئەحمەدئاوا بووەتە شوێنی پەنای مەحموودخان و سوارەکانی، ئەمەش مایەی بێزاریی ئینگلیزەکان بووە، بۆیە بۆردومانکراوە.
لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی نۆزدە و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەهۆی کەمی و بێبەرهەمی کشتوکاڵ و دانەوێڵە لە سنوری قەزای هەڵەبجە و گرانبوونی نرخی کاڵا و شمەک، کاربەدەستانی سنوری هەڵەبجە و لیوای سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٩ نوسراویان بۆ والییەکانی میسر و ئەدەنە و سەیدا و قایمقامی ئەنتاڵیا کردووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەندەری ئەسکەندەروونەوە خۆراک و پێداویستی بگەیەنرێتە ناوچەکە و هانی بازرگانەکان بدرێت و تەماح بخرێتە بەردەمیان و لەوە ئاگادار بکرێنەوە، کە خەڵکی ناوچەکە لە چ ڕەوشێکی خراپدان، هەروەها ڕاسپاردەش دراوەتە کاربەدەستانی تەڕابلووسی شام، هەتا بە خێرایی کەشتیگەلی بارە گەنم بنێرنە بەندەری ئەسکەندەروونە بە مەبەستی گەیاندنی بە خەڵکی ناوچەکە. لەلایەکی تریشەوە بە کاربەدەستانی ئەدەنە و ئەنتاڵیا ڕاگەیەنراوە، کە ئەگەر لە حاڵێکدا ئازووقەی مولتەزیم (ئەوانەی بەرانبەر پارەیەکی دیاریکراو کۆکردنەوەی باج و خەراجیان لە دەوڵەت دەکڕییەوە) و بازرگانەکان بوونی هەبێت، پێویستە بە هاندان و تەماحپێدانیان ئەندازەی پێویست لەو ئازووقەیە بەخێرایی باربکرێتە کەشتییەکان و بەرەو بەندەری ئیسکەندەروونە بنێردرێت و لەوێشەوە بۆ ناوچەکە.
بەهۆى شەڕی پێشمەرگه و سوپاى عێراق لە ساڵی ١٩٦٤ هێرشکراوەتە سەر گوندەکە و چوار کەس (کەريمى فەتاح و ساڵحى حەمەى حەمەمين و سۆفى کەريم و فەتاح کە (خوشکەزاى سۆفى کەريم بووە) و ميوانى خاڵى بووە و خەڵکى سەرشاتە بووە و لەو کاتەدا بە ميوانى لە حەسەن ئاوا بووە)، شەهیدبوون.
کڕینەوەی باخ و موڵکەکانی مەحموودخانی دزڵییە لە گوندی ئەحمەدئاوا لە لایەن شێخ عەلادینی نەقشبەندییەوە، دوای بەدیلگرتنی مەحموودخان لە ساڵی ١٩٣١ و ڕادەستکردنەوەی بە عێراق، دوای دووساڵ و لە ١٩٣٣دا ئینگلیزەکان بۆ ئازادکردنی داوای پارەیەکی زۆر دەکەن، لەو کاتەدا پەیداکردنی بۆ خزم و کەسەکانی لە دزڵی گران بووە و کەسیش توانای کڕینەوەی باخەکانی نەبووە، شێخ ئامادەیی دەردەبڕێت و دەیانکڕێتەوە. وا مەزەندە دەکرێت نرخیان حەوت کیسەخەنەی لیرەی ڕەشادی و پارەی زیوی سپی بووە. خاتوو ڕابیعەی خێزانی شێخ، کە خەڵکی (دیرالزور)ی سوریا بووە، ئاڵتون و بەشی خۆی لەوێ هێناوە بۆ کڕینەوەیان و ساڵی ١٩٣٦ ئەحمەد ئاوا بە موڵکی شێخ عەلادینی بیارە ناسێنراوە.
لە ئەنجامی ململانێ و خراپیی بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکاری و شۆڕشەکانی کوردەوە، چەند جارێک لە لایەن میرییەوە هەوڵی کێشانەوەی دەزگاکان دراوە و بەو هۆیەوە قوتابخانە لە تەوێڵە داخراوە و چەندین کەس لەخوێندن بێبەشکراون. لەگەڵ کشانەوەدا شۆڕش بۆشاییەکەی بە دانانەوەی قوتابخانە پڕکردووەتەوە. ساڵی ١٩٦٢ ماوەیەک داخراوە، ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٤ تەواوی ساڵەکە داخراوە، لەم ساڵەدا شۆڕش یەکەم قوتابخانەی خۆی کردووەتەوە. ١٩٦٥ بۆ ١٩٦٦ داخراوەتەوە و ١٩٦٧ کراوەتەوە. ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٥ داخراوەتەوە و مامۆستا و قوتابیەکی زۆر هاتوونەتە نێو شۆڕشەوە و تاقیکردنەوە لە مانگی ئەیلولدا لەناو باخەکان ئەنجامدراوە. هیچ کام لەو ساڵانەی، کە شۆڕش قوتابخانەی بەڕێوەبردووە، بە ساڵی دەرچوون ئەژمار نەکراوە.
کوشتنی محەمەد غەیبی کوڕی بابەئوەیسی مورشیدو مودەریسی مزگەوتی خورماڵ و دانیاڵی کوڕیەتی لە ساڵی ١٥٣٨دا بە دەستی عوسمانیەکان لە ئەنجامی شەڕی نێوان مەئمونبەگی بیگەبەگی حاکمی شارەزوور و دەڵەتی عوسمانیدا. ئەو شەڕە دە ساڵی خایاندووە و مەئمون بەگ بە دیلی ڕەوانەی ئەستەنبوڵ دەکرێت. دوای مردنی بابە ئوەیس مورشد و مودەریسی مزگەوتی گەورەی خورماڵ لە ساڵی ١٥٠١دا، محەممەد غەیبی کوڕی جێگەی دەگرێتەوە و گوڵعەنبەر دەبێتە ناوەندێکی زانستی و لە هەموولایەکەوە قوتابی ڕوویتێدەکات.
دوای یاخیبوونی چەند مانگییەکەی ئەحمەد بەگ لە گەڵ ژمارەیەک لە چەکدارەکانی، ئێوارەی ٥ی٢ی ١٩٣٥ بۆ سەردانی ماڵ و منداڵەکەی دەگەڕێتەوە هەڵەبجە، کەسوکاری پێیدەڵێن: وا باشە دوور بکەوێتەوە، ئەو شەوە لە ئاشی مەحمود یاروەیس دەمێنیتەوە. ٦ی ٢ی ١٩٣٥ لەکاتێکدا بەسواری کەڵەک لە سیروان دەپەڕێتەوە، لە لایەن بنکەی پۆلیسی سنور لای گوندی مۆردین تەقەی لێدەکرێت و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە دەمرێت. دوای سێ ڕۆژ پیرەمێرد هەواڵەکە لە ژیاندا بڵاودەکاتەوە. چەندین بۆچوون لەسەر کوشتنەکەی باسدەکرێن.
بریتییە لە کۆبوونەوەی زاناو شێخ و سان و وەکێل و بەگزادە و پیاوماقوڵ و جەماوەری هەورامان و مەریوان و جوانڕۆ بۆ پشتیوانی و پشتگیریی کۆماری مەهاباد و وەڵامدانەوەی نوێنەری پێشەوا قازی محەممەد. کۆبوونەوەکە لە تەمووزی ١٩٤٦ لە هاوینە هەواری ئاوێسەر ئەنجامدراوە و سێ شەو و ڕۆژی خایاندووە. خەیمە و کەپر و چادر هەڵدراوە و خەڵکی تەوێڵە و بیارە و دزاوەر و کەیمنە و دەوروبەریان بەشداربوون. لەو ناودارانەی بەشداربوون: (حەمەئەمین سان، هەسەن سان، عەبدولڵاخان، محەمەسان، قادر بەگی تەوێڵە و ... هتد). کۆبونەوەکە ئەنجامی باشی هەبووە و بروسکەی پیرۆزبای و پشتیوانی بۆ کۆماری کوردستانی لێداوە. کۆبونەوەکە بە ئاهەنگ و گۆڕانی تەواوکراوە و ئاوێسەر بووەتە مەکۆی پشتیوانی بۆ حکومەتەکەی کۆماری کوردستان.
لە بەهاری ١٩٦١، پارتی دیموکرات هەردوو گوندی تەپی سەفای سەروو و تەپی سەفای خوارووی لە سنوری ناحیەی خورماڵی هەڵبژاردووە بۆئەوەی لە دیوەخانەکانی عەشیرەتی یاروەیس کۆبوونەوەیەکی فراوان بکات. مام جەلال بە نوێنەرایەتیی مەلا مستەفا و ٧٦٣ کەس لە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە دیارەکانی سنوری (هەڵەبجە، هەورامان، شارەزوور، قەرەداغ، شارباژێڕ، گەرمیان، پێنجوین، قەڵادزێ، بازیان، و دوکان..). ئامادەبوون. بابەتی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی عەبدولکەریم قاسم دژ بە کورد گفتوگۆی لەسەر کراوە و داواکراوە کورد واز لە ناکۆکیی خێڵەکی بهێنن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێگی نەخوازراو ئامادەبکەن.
کۆبوونەوەیەکی نهێنی ١١ ئەندامی تەوێڵەیی حیزبی هیوایە لەگەڵ لێپرسراوێکی حیزبەکە بەناوی خەیروڵڵا عەبدولعەزیز لە ساڵی ١٩٤٣ لە تەوێڵە، بە ئامانجی چەکدارکردنی ئەندامان و لەیەک کاتی دیاریکراودا تەقە لە مەرکەزەکانی حکومەت بکرێت، ئەمەیش وەک پشتگیرییەک بۆ شۆڕشی دووەمی بارزان. بۆ ئەو مەبەستە کویخا ڕۆستەم و حەمەکەرەمی حاجی ئۆلوەهاب لە ئەڵقەکە ڕاسپێرراون، لە یەک شەودا تەقە لە هەردوو مەرکەزی سۆسەکان و تەوێڵە کراوە. لێپرسراوی ئەڵقەی حیزبەکە باباحاجی بووە. بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، بە سێ گروپ کاری ڕێکخستنی لەگەڵ ئەندامان ئەنجامداوە. سێجار وەک ئەڵقە پێکەوە کۆبوونەتەوە، ئەندامان (حەمە عەلی کۆزاد، ئەبوبەکر حەسەن، کوێخا ڕۆستەم کریم، محەممەد حاجی حەمەڕەحیم، عەبدوڵا حسێن، محەممەد سان ئەحمەد، حەمەی حاجیلە، حەمەکەرەم حاجی ئۆلوەهاب، حاجی حەمەڕەشید سۆسەکانی، کوێخا حەمەسەلیم تەوێڵەیی). لە قۆناغەکانی دواتردا ژمارەیەکی کەمیان درێژەیان بە خەباتی سیاسی داوە. هەندێک سەرچاوە ژمارەی ئەندامانی حزبەکە لە تەوێڵە بە ٣٣ ئەندام لە قەڵەمدەدەن.
بە بیانوی بوونی هێزی پێشمەرگە لە خورماڵ، ڕۆژی ١١ی ٤ی ١٩٦٤ ڕژێمی عێراق ھێرشی زەمینی کردووەتە سەر شارۆچکەکە. پاش پشکنین و سوتاندن و بەتاڵانبردنی ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ و سامانی خەڵکەکەی، ژمارەیەک گەنجیان جیاکردووەتەوە و بە تۆمەتی پێشمەرگەبوونیان لە خۆرئاوای شارۆچکەکە لە نزیک بازگەی ئاسایشی ئێستای خورماڵ، بریندار و شەهیدیان کردوون.
گەڕانەوەی دەزگاکانی حکومەتی عێراقە بۆ ناو تەوێڵە لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە. لە سەرەتای مانگی نیسانی ١٩٧٥ دوای گەڕانەوەی سوپای عێراق و ئەمن بۆ تەوێڵە و سەردانیکردنی کاربەدەستانی عیڕاقی وەک تارق عەزیز، سەعدوون حەمادی و پارێزگاری سلێمانی، بەرەبەرە دەزگاکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە و بەدالە و شارەوانی و کارەبا و پۆلیسخانە و گومرگ و کەتیبەیەکی سەربازی، گەڕاونەتەوە بۆ تەوێڵە. جەژنی حەوتی نیسان یادی حزبی بەعس لە تەوێڵە دەگێڕن و وێنەی ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام دابەشدەکەن. دوا بەدوای ئەمانەش سوڕانەوەی فڕۆکەی ئێرانی و عێراقی لەسەر سنور دەستیان بە جووڵەکردووە، ئەمەیش بە مەبەستی گرتنەبری ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی سنوریی لە بڕیارنامەی جەزائیردا، بە گەڕانەوەی سوپا و دامودەزگاکان، فشاری بەعسی بوون بۆ هاوڵاتیان زیادیکردووە.
ڕوودادوێکی مێژوویی ناوچەی هەورامانە. بە (گەڕانەوەی شێخ عوسمانی سیراجەدینی دووەم) ناسراوه، کە لە خانەقای دووڕوەوە بۆ بیارە گەڕاوەتەوە. لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨ی عێراق چووەتە ئێران و لە خانەقای دووڕووە جێگیر بووە، چوونی شێخ بۆ ئێران لە ڕۆژنامەکاندا بە بایەخەوە سەیرکراوە. دوای تێکچوونی ئێران و ڕووخانی شا، شێخ لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بیارە و گەلێک کەسایەتیی حکومی و ئایینی و کۆمەڵایەتی بۆ خێرهاتنەوەی ئامادەبوون. دیارترینیان وەفدی عێراقە بە سەرۆکایەتی (د. ئەحمەد عەبدولستار جواری)ی وەزیری ئەوقاف و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی تری عێراق. لە بەردەم ماڵی شێخ ڕەئوفی کوڕی وەزیری ئەوقاف بە خێرهاتنەوە لە شێخ دەکەن و شێخ خالیدی موفتی وتەی بەخێرهاتنی میوانەکانی پێشکەشکردووە و شێخ دوای ساڵێک بەرەو بەغداد کۆچیکردووە.
گرانی و قاتوقڕیی نێوان ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٨ و دواساڵەکانی دەسەڵاتی عوسمانییە، کە بەهۆی جەنگەوە لە قەڵەمڕەوەکەیاندا ڕوویداوە. هاوکات بەهۆی وشکەشاڵی و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشییەوە، بارودۆخەکە ئەوەندی تر خراپ بووە و قوربانی لێ کەوتووەتەوە. سەرتاپای کوردستان و ناوچەکانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانیشی گرتووەتەوە و کاریگەری خراپی بەجێهێشتووە.