بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
سەگی ڕەش و دڕی بیابان و زیندانی نوگرەسەلمانە و بە تایبەت سەگەڕەشی عەجاج ناسراوە. لە پاڵ سەگە سوور و سەگە بۆر و کۆمەڵێک سەگی تری ڕەشدا، لە ئەنجامی خواردنی گۆشتی ئەنفالکراوانی کورد و ئەو تەرمانەی دوای مردنیان، کە دەرخواردی ئەم سەگانەدەدران، هاربووبوون. چیرۆکی ترسناک و بیرەوەری تاڵیان لە بیری ڕزگاربواندا بەجێهێشتووە. لە گێڕانەوەی شایەتحاڵەکانەوە وەک هۆکارێکی ترس و تۆقاندن و سوکایەتی بە بوونی مرۆڤ، باس لەم سەگانە کراوە. لەچەندین سەرچاوە و کتێبدا باسيان لە گەڵ یاداشتی زیندانی نوگرە و ناوی حەجاجدا هاتووە.
ساڵی ١٩٦٣ بە بڕیاری (زەعیم سدیق مستەفا) دەست بە بۆردومانی چڕی شارۆچکەکە کراوە و بەجۆرێک، کە تەنها خانوی (حسەینی مەحموود) لە گەڕەکی جانجان بە نەڕووخاوی ماوەتەوە.
ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی (شارەزوور) گوندی (ئاوایی حەمەی مرواری)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و تەواوی خانوەکانی گوندەکە سوتاون و دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی خورماڵ و گوندی تازەدێ بوون.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی سوپای عێراق بە سەرپەرشتی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، چەند گوندێک سوتاون. لەوانە گوندی بەشارەتی سەرووی سەر به ناحیەی (خورماڵ). جگە لەوەی پێنج خانوی گوندەکە سوتاوە و زيانى زۆر بەر کشتوکاڵ و زەویوزارى خەڵکى گوندەکە گەشتووە، دانیشتوانەکەشی چەند ڕۆژێک ئاوارەی چەمی شەشک بوون.
ساڵی ١٩٨٥ بەهۆی بوونی شەڕێکی نێوان هێزی پێشمەرگە و حکومەت لە نێوان گوندەکانی (گێلەک و گردی قازی)دا، کە بووە هۆی کوشتنی دوو سەربازى حکومەت، کاریگەریی شەڕەکە گواسترایەوە بۆ گوندی (تەپەڕێزینه)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) و لە ناو گوندەکە شەڕ ڕوویداوە، هەندێک لە خەڵکی گوندەکە شوێنەکەیان بەجێهێشتووە. موختاری گوندی تەپەڕێزیینە بەناوی حاجی (عەبدلکەریم سەلیم ڕەزا) لەو شەڕەدا شەهیدبووە و دە خانو سوتاون و زیان بەر دانشتوانەکەی کەوتووە.
سوتانی گوندى (تەپەکوڕە)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ)ـە. ساڵی ١٩٦١ لەکاتی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی ئەیلول لەلایەن حکومەتەوە گوندەکە بۆردومانکراوە و دانیشتوانەکەی ئاوارەی ناوچەى هەورامان بوون. گوندەکە ئەوکاتە نزیکەی ٧٠ ماڵ بووە. خەڵکى گوندەکە زەرەر و زیانى زۆریان بەردەکەوێت و بەشى زۆرى خانوەکان دەسوتێن. بۆیە دواى ساڵێک دەگەڕێنەوە و دەستدەکەنەوە بە دروستکردنى خانوەکانیان.
ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی (زەعيم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و لە ئەنجامدا حەوت خانو لەو هێرشەدا سوتاون و دانیشتوانی گوندەکەش ئاوارەی ناوچەکانى هەورامان و گوندەکانى دەوروبەری بوون.
ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەردوو گوندی (تەپی سەفای سەروو و تەپی سەفای خواروو) سوتێنراون و زۆربەی خانوەکانیان ڕووخاندووە. بەم هۆیەوە دانیشتوانی هەردوو گوندەکە ئاوارە بوون.
گوندی (تەکیە) سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. له سەرەتای هاوینی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی زەعیم سدیق بۆ ناوچەکە سوتێنراوە. لەو کاتەدا نزیکەی ١١ ماڵی تێدابووه و زۆربەیان سوتێنراون و دانیشتوانەکەشی هیچی وایان بۆ دەرنەچووە و ئاوارەی گوندەکانی تر و بناری شاخەکانی هەورامان و سورێن بوون.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی (شارەزوور)، گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و بەو هۆیەوە چەندین ماڵی گوندەکە سوتێنراوە. دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی دەوروبەر بوون و زۆریان چوونەتە چەمی شێخ ڕەش و خۆيان حەشارداوە. هەندێکی تریشیان ئاوارەى گوندەکانى تر بوون، کە نزیکەی ٣٥ ماڵ لە گوندى شەشکى خواروو بووە.
ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی (زەعیم سدیق)ی ئامر لیوای ٢٠ سەر بە حەرەس قەومییەکان بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجه، گوندی قەدەفەریش بەر ئەو هێرش و پەلامارە کەوتووە و سوتێنراوە. لەوکاتەدا نزیکەی بیست ماڵ لە گوندەکەدا بووە. دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی گوندەکانی بناری (هەورامان و سورێن) بوون، بۆماوەى نزیکەی سێ مانگ ئاوارە بوون، ئەمە جیا لەوەى کشتوکاڵەکانیان زیانیان پێگەیشتووە.
ساڵی ١٩٦٣ له کاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور، گوندی (کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسرەو) سوتاوە و زۆربەى خانوەکان سوتاون و دانیشتوانەکەشی ئاوارەی گوندەکانی (یاڵانپێ و شیرەمەڕ) بوون. دواى چەندین مانگ لە ئاوارەیی بەناچارى خەڵکەکەى گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکە و دووبارە دەستیانکردووەتەوە بە ئاوەدانکردنەوەى ماڵەکانیان.
لە کاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، گوندی (کوڵکنیی خواروو) بە فڕۆکە بۆردومانکراوە و هاوڵاتی (ئامینی کاکەخان) شەهیدبووە و ژمارەیەک لە ماڵەکان سوتاوە و دانیشتوانەکەی بۆ ماوەی چەند مانگێک ئاوارەی گوندەکانی (عاموورە، شیرەمەڕ) بوون.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی (شارەزوور)، گوندی (کوڵکنیی سەروو)ى سەربەشارۆچکەى (خورماڵ) بەر دەکەوێت و دەسوتێنرێت. ئەوکات گوندەکە ٢٠ ماڵی تێدابووە، هەموو ماڵەکان سوتان و دانیشتوانەکەی ئاوارەی گوندەکانی تر و هەورامان و شارەزوور بوون. هاوڵاتییەکی گوندەکەش بەناوی (ئەحمەدی فەقی کەرەم) بە بۆردومانی فرۆکە شەهیددەبێت. دواى زياتر لە ساڵێک لە ئاوارەیى، خەڵکى گوندەکە دەگەڕێنەوە و دەستدەکەن بە دروستکردنەوەى خانوەکانیان.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور، گوندی (گردی قازی) سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) بەر هێرشەکە دەکەوێت، دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی گوندەکانی (شیرەمەڕ و بانیشار) دەبن، زۆربەی ماڵەکانی گوندەکە سوتێنراون. دوای نزیکەی یەک ساڵ دووبارە دەگەڕێنەوە گوندەکە.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەکە و له کاتی شەڕی (پردی زەڵم)، گوندی گوڵەخانەی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و ١٧ خانو و ماڵی خەڵکەکە بەرکەوتووە و سوتاون. بەو هۆیەشەوە خەڵکەکەی بۆ ماوەی چەند مانگێک گوندەکەیان چۆڵکردووە.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشەکەی (زەعیم سدیق) بۆ سەر ناوچەکه، گوندی (گێڵەک) بەر هێرشەکە کەوتووە، گوندەکە سوتێنراوە و دانیشتوانەکەشی بۆ ماوەی چەند مانگێک ئاوارەی شاخەکانی (خۆرنەوزان، هانەگەرمەڵە، بانیشار) بوون. پاشان گەڕاونەتەوه بۆ گوندەکە.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، گوندی (مەلاوەیسە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەر ئەو هێرشە کەوتووە و لەکاتی بۆردومانی گوندەکە کەسێکی وردەواڵەفرۆش، که خەڵکی گوندی (نۆدشه)ی خۆرهەڵاتی کوردستان بووه، بەرکەوتووە و شەهیدبووە. دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی گوندەکانی تر بوون. نزیکەی ٢٥ ماڵى گوندەکە سوتاون. دواى نزیکەى ساڵێک بەسەر ئەو ڕووداوەدا، ئەوکات خەڵکەکەى گەڕاونەتەوە گوندەکە.
شوێنی شەڕی نێوان لایەنگرانی شێخ مەحموود و ئینگلیزەکانە لە پشت شاخی شنروێ لە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. پاش دەستگیرکردنی شێخ مەحموود لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، ئینگلیزەکان کەوتوونەتە سزادانی هەموو ئەو کەس و ناوچانەی، کە پشتیوانی شۆڕشەکەی شێخ بوون. بۆ ئەم مەبەستە هەڵەبجەیان گرتەوە و (لیز)یان کردەوە بە حاکمی سیاسیی ناوچەکە و (ئەحمەدموختار جاف)يشيان کردەوە بە قايمقامى شارەکە. لەبەرانبەردا (حامیدبەگ و داود بەگی ئامۆزای) و شێخانی عەبابەیلێ و خەڵکانی تری، کە لایەنگری شێخ مەحموود بوون، دژی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئینگلیزەکان ڕاوەستانەوە. لە بەرانبەردا چەند فڕۆکەيەکی ئینگلیز بۆردومانی گوندی عەبابەیلێیان کردووە و دواتریش گوندەکەیان سوتاندووە. خەڵکانی ناڕازی، هەڵەبجە و عەبابەيلێيان بەجێهێشت و ڕوويانکردە گوندی هاوار و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئینگلیزەکان ئامادەکرد. له دەربەندی (ئەشکەوەڵ)ـدا سەنگەریان گرتووە و کاتێک سوپای ئینگلیز گەیشتنە دەربەندەکە شەڕ لەوێدا لە نێوان هەردوولادا ڕوویدا، سوپای ئينگليز تێکشکا و گەڕایەوە گوندی عەبابەیلێ.
زستانی ساڵی ١٦٢٩ خەسرەو پاشای والی بەغدا لە دەوڵەتی عوسمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ولایەتەکەی و دوور خستنەوەی مەترسیەکانی خان ئەحمەدخانی ئەردەڵانی لایەنگری شای ئێران، بە خۆی سوپایەکەوە ڕوو لە گوڵعەنبەر دەکات. بەگەکانی ئەردەڵان و بیست سەرۆک خێڵی کورد، لە بەر سوننی_بوون دێنە پێشوازی. سوپای عوسمانی هێزەکانی خان دەشکێنێت و تا هەمەدان پێشرەوی دەکات. لە ماوەی حەوت هەفتەی مانەوەیان، والی بڕیاری نۆژەنکردنەوەی قەڵای خورماڵ دەردەکات و نۆژەنیدەکەنەوە. ساڵی ١٦٣١ خان ئەحمەد پەلاماری گوڵعەنبەر و شارەزوور دەداتەوە، جاریکی تر دەیخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی.