شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

115 بابەت

شرام

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی هانەیدن و سەرگەت. (١٩٥٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سنوری نێوان زەویی گوندی هانەیدن و گوندی گوڵپ و باخەکۆن پێکدەهێنێت. لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی و باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە. دەڕوانێتە سەر دۆڵی شەڵواندڕ، کە ناوچەیەکی گەشیاریی دڵگیرە، لەگەڵ کێمنە و بێرواس لە دیوی ئێران، بەڵام هـەندێک شـوێنی مینڕێژکـراوە و تـاوەکـو ئێستا چـەندین کـەسـی کـردووەتە قوربانی.

شروانێ

کەوتووەتە دامێنی چیای تەتە و کەلە لانکێ و پشتی چیای هانە نەوە و هانە تایلە و هانەوتێ. (٢١٦٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی سەخت و دژوارە و ڕێگای گەیشتنی قورسە، بەڵام لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن، هەندێک شوێنی مین ڕێژکراوە.

قاسم خان

کەوتووەتە باکوری شارۆچکەی (بیارە)، لە پشت جۆگەی کۆیی. (١١٩٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی (بیارە) و دۆڵی هانە گەرمەڵە، لە باشورەوە شارۆچکەی (بیارە) و لە باکورەوە چیای ئایشێ و دۆڵی دەرەو تەکیەی و لە خۆرهەڵاتەوە هانەگەرمەڵە و لە خۆرئاواوە گەڕەکی پشـت جۆ دەورەیێانداوە. شـوێنێکی خۆش و دڵگیری بیارەیە و چەندین جۆگەی ئاوی و کانی دەکەونە دامێنی، لە گۆرانی و شیعری شاعیرەکانی هەوراماندا شوێنێکی تایبەتی هەبووە و لاوێنراوەتەوە.

قەڵا میرزا

کەوتووەتە پشتی گەڕەکی (چلانە) و بەرزترین لوتکە شاخە لە (تەوێڵە). دەڕوانێت بەسەر تەوێڵە و چەمی ئاوێسەردا. بە یەکێک لە شوێنەوارە کۆنەکانیش دادەنرێت، کە پێدەچێت شوێنی ژیان بووبێت. ناوەکەی بۆ (قارس میرزا) برای (تەهماسب شا) دەگەڕێتەوە، کە ساڵی ٥٤٢ی کۆچی لەگەڵ براکەیدا تێکدەچێت و لەم شاخە گیرساوەتەوە و قەڵای دروستکردووە. لە کۆڵانی (کاکڵە پیرۆز) و کۆڵانی (تاشڵا)ەوە بۆی سەردەکەویت. دواتر دەگەیت بە (ڕەزە دێمەکانی هەیاس)، لەوێوە سەردەکەویت بۆ ساراییەک و تەختاییەکی لەباری تێدایە. لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهارە و قارچک سەردانیدەکەن. لە قەڵا میرزاوە دەتوانرێت بەپێ بگەڕێیتەوە بۆ گوندی (بەڵخە) و باخەکانی (تەوەنێ) شاخڕەوێکی زۆر سەردانیدەکەن.

قەڵاتۆ شاتری

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی سۆسەکان و باشوری گوندی بەڵخە و مێشلە. (١٥٣٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری، لە لوتکەی قەڵاکەدا خانویەکی گەورە و مەلەوانگەیەک و دارستانێکی چڕی تێدایە، لە باکورەوە چیای هەوارەبەرزە و مێشلە و لە باشورەوە قەڵای سۆسەکان و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی بلە و لە خۆرئاواوە دۆڵی شەمێ دەورەیانداوە، ڕێگای تایبەتی هەیە و کراوەتە موڵکی تایبەت و پەرژینکراوە.

قەنارە

کەوتووەتە بەردەم چیای (ئاوەزنێ) لە گوندی (گریانە و هاوارەکۆن و دەرەتوێ). دەڕوانێت بەسەر باخی (کەهێڵی زاهیر و باوانی بن)دا. ئەم لوتکەیە سەخت و بەرزە. دەڵێن لە سەردەمێکدا، کە نازانرێت کەی بووە، حاکمێک فەرمانڕەوایی ناوچەکەی کردووە. هەرکەس خراپەیەکی بکردایە ئەوا لەم شوێنەدا لە سێدارەیانداوە، ئەمەیش بۆ وەرگرتنی پەند و عیبرەت. شوێنی لە سێدارەدانی تاوانباران بووە. لەسەر لوتکەکە هەڵدراونەتە خوارەوە. تاکو ئێستاش دانیشتوانی گوندەکانی (هاوار و هاوارەکۆن و دەرەتوێ) هەر بەو ناوە ناوی دەهێنن.

قوڵتا

کەوتووەتە باکوری گوندی (نارنجڵە) و خۆرهەڵاتی گوندی (گوڵپ). (١٢٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی ڕووتەنە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دەڕوانێتە سەر گوندی نارنجڵە و گوڵپ.

قۆڵی بلچ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی باخەکۆن و گەچێنە. (١٧٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی چڕە بە دارستانی سروشتیی بەڕوو و گۆیژ. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە.

کانى ژاڵه

کەوتووەتە باشورى ناحیە‌ی (بەمۆ). بە لوتکەى کانى ژاڵە ناسراوە و تاکە دەرچەى ناحیەی (بەمۆ)يە بەسەر دەوربەريدا. بەرزيیەکەى لەئاستى ڕووى دەرياوە (١٤٩٦م) دەبێت. سنورى نێوان ناحیەی بەمۆی ئيدارەى گەرميانە.

کەرەسی

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (٢٢٠٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای کەمانجەڕ و نێو چیای کەرەس لە سنوری گوندی دەرەیمەڕدایە، دەڕوانێتە سەر هەورامانی دیوی ئێران و گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم. ناوچەیەکی سەر سنوریی پێکدەهێنێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی. لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.

کەلایی کوژیاو

کەوتووەتە سنوری زنجیرە چیای سورێنەوە لە خۆرهەڵاتی گوندی کانی ئاسکان. لەبەردەم لوتکەی هەیان هەڵکەوتووە و دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا.

کەلەوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ) و سنوری گوندەکە لەگەڵ چیای سورێن و وڵاتی ئێران یان هەورامانی خۆرهەڵات پێکدەهێنێت. (٢٢٩٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی هەردوو هەورامانی دیوی عێراق و ئێران، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ساڵانە ڕێژەیەکی باش باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین و بە هۆی سەختی و زۆریی بەرزییەکەیەوە، هەموو کەس ناتوانێت سەردانیبکات، بۆیە گەشتن بەم لوتکەیە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتووی جەستەیی هەیە، بەڵام لە دیوی وڵاتی ئێرانەوە ڕێگای تێکەڵە ڕێژکراو نزیک دەبێتەوە و تەنها٥٠٠ مەتر دوورە لێیەوە.

کەلی زەرد

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ) و باکوری گوندی (هانەی قوڵ). (١٢٢٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای سوتنەجەڕ و بانە بەرزە. بە ئاڕاستەی باکـوری خۆرئـاوا هەڵکـەوتووە. تـەنها (٤٥٠م) لـە ڕێگـای مڵـەخـوردەوە دوورە.

کەلی شەڕی

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوارەکۆن). (١٢٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر دەرەتفێ و هاوار و هاوارەکۆن و گریانە. شوێنێکی سەخت و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاو پێدەری کانیاوەکانی چەمی هاوارەکۆن، شوێنەوارێکی تێدایە پێیدەوترێت قەڵا.

کەڵە لانکێ

کەوتووەتە چیای تەتە و (٢٥٩٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوەکەشی هەورامییە و بە واتای شوێن و جێگای کەڵ دێت (ئاژەڵێکی کێوی و بڵاوی چیاکانی هەورامانە). شوێنێکی سەخت و دژوارە و ڕێگای گەیشتنی قورسە، بەڵام لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن، هەنـدێک شـوێنی مینڕێژکراوە.

کەڵگا

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی هانەیدن و سەرگەت (١٨١٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەکێکە لە لوتکەکانی چیای شرام، سنوری نێوان زەوی گوندی هانەیدن و کێمنە و بێرواس و هانەگەرمەڵەی هەورامانی دیوی ئێران پێکدەهێنێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی و باڵندەی کێوی.

کەمانجەڕ

یەکێکە لە چیاکانی هەورامان. بە (کەماجەڕ)یش ناودەبرێت. (٢٣٩٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە سەر سنوری نێوان هەورامانی خۆرهەڵات و باشور. بەسەر گوندەکانی (دهمەیەوە، دەرەوکێ) لە خۆرهەڵات و (دەرەی مەڕ، سەرگەت، هانەیدن) لە باشوری کوردستاندا، دەڕوانێت. لە خۆرئاواوە لوتکەکانی حاجیەڕا، هەسوون، هەروەها کەلی وەڕاز و لوتکەی داڵاتی دەورەدراوە. بەهۆی بوونی جۆرە گیایەکەوە بەو ناوەوە ناونراوە.

کەمایەکا

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (زەڵم) و باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (١٦٣٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای کەرەس، دەڕوانێتە سەر گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی بە تایبەتی ورچ، و لە بەهاردا خەڵکی بۆ وەرزش و کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.

کەمەرە بەلێ

کەوتووەتە نێوان شارەدێی (تەوێڵە) و گوندی (هانە گەرمەڵە). (٢١٣٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، ڕ‌‌ێگایەکی خۆڵ بە تەنیشتیدا دەڕواتەوە بۆ ناوچەی گەشتوگوزاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە)، هەندێک شوێنی هێشتا مینڕێژکراون و چەندین کەسی کردووەتە قوربانی.

کەمەرە سوور ٢

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەمزەی و گوندی باخەکۆن و گەچێنە و (١٤٤٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

پێشتر 1
...
3 4 5 6 دواتر