شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

115 بابەت

نەیجەکۆڵە

کەوتووەتە باشوری گوندی باخەکۆن و خۆرهەڵاتی گوندی گوڵپ. (١٢١٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر گوندی باخەکۆن و گەچێنە و ناوچەی هەمزەی، دووریی لە خانەقای باخەکۆنەوە (٤٨٠م) دەبێت. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و داری گۆیژ دەوڵەمەندە و خەڵکی بۆ هێنانەوەی بەرهەمی گۆیژ سەردانیدەکەن و دامێنی لوتکە چیاکەش شوێنێکی سێبەر و ئاوهەوای فێنک و خۆشە و لە بەهاردا سەیرانکەرێکی زۆر ڕوویلێدەکەن.

نسارە سوور

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکانی (باخەکۆن و گەچێنە) و (١٤٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی چڕە و دارستانی سروشتی و بەڕوو و گۆیژی پێوەیە. لە باکورەوە لوتکەی کەمەرەسوور و چیای شرام و لە باشورەوە دۆڵی نسارەسوور و دەرەوکێڵا و لە خۆرهەڵاتەوە لوتکە چیای شرام و سێخڕان و لە خۆرئاواوە لوتکەی زەوی عەولە و دۆڵی گۆڕیچە دەورەیانداوە و ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

نیشان کرد

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی هاوار و باکوری هاوارەکۆن. (١٠٧٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر هاوار و هاوارەکۆن. شوێنێکی سەخت و ڕێگایەکی خۆڵ بە باکوریدا تێپەڕدەبێت، دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری چەمی هاوارەکۆن.

هاڵی وڕان

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ). (١٣٦٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای سوتنەجەڕ. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی زەڵم و ئەحمەدئاوا و یاڵانپێ و هانەی قوڵ و بانیشار و بناری چیای سورێن و دەشتی شارەزوور، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

هەربەدۆڵ

کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکانی (هانەیدن، سەرگەت، دەرەیمەڕ)، لە دوای چیای شرام دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە دۆڵی سەرگەت و شەڵواندڕ. بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاوی کانیاوەکانی، وەک کانیاوی شەڵواندڕ و کانیاوەکانی دۆڵەکانی تاقاو زەردی، چەندین ئەشکەوت و کەلەبەردی تێدایە، کە بووەتە لانکەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی بە تایبەتی لە بەشەکانی خوارەوەی دارستانێکی سروشتی بەڕوو و گۆیژ و گژوگیای بەهارە، چیاکە دەوڵەمەندە بـە بوونـی ڕەزە دێم.

هەرزگا

کەوتووەتە باکوری شارەدێی (تەوێڵە) و باشوری هاوینەهەواری ئاوێسەر. (١٩١١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر شارەدێی (تەوێڵە) و ئاوێسەر و زاوەر، لە باکورەوە دۆڵە قوڵ و لوتە تایلە و هانە هەڵوچە و چەمەو چناری و لە باشورەوە شارەدێی (تەوێڵە) و دۆڵی زاوەر و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی زاوەر و لە خۆرئاواوە دۆڵی ئاوێسەر و کانی حاجی ڕەحیم و کانی دەرەتاریک دەورەیانداوە، شوێنێکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی.

هەزارەسوون

دەڕوانێت بەسەر دۆڵی مەنجەر لە سنوری گوندەکانی چنارەی زێڕوون و میری سوورە. کونی ئاژەڵی کێوی و دڕندەی زۆری تێدایە و بەواتای ئەوە دێت، کە هەزار کونی تێدایە. هەندێکیان زیاتر وەک ئەشکەوتن.

هەشەڕێ

کەوتووەتە زنجیرە چیای سورێن. ناوبانگێکی زۆری هەیە. ناوەکەی هەورامییە و بەواتای ڕێگەی ورچ دێت. چونکە بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە بە ورچ بەناوبانگە. بەسەر گوندەکانی هەردوو دیوی خۆرهەڵات و باشوری کوردستاندا دەڕوانێت. ڕێگای هەشەڕێی پێدا دەڕوات و لە ئێستادا بوەتە ڕێگەیەکی سـەرەکیی وڵاتی ئێران.

هەڵوژە

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (هاوار). (١٥٢٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی هاوار و هاوارەکۆن و تاوێرە. شوێنێکی سەختە و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری کانیاوەکانی هاوار و لە زستاندا دەڕژێتە نێو چەمی هاوارەوە.

هەنجیر

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوار). (١٢١٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی دەرەتفێ و هاوار. شوێنێکی سەخت و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری کانیاوەکانی ناوچەکە و لە زستاندا دەڕژێتە نێو چەمی هاوار.

هەوارە بەرزە

کەوتووەتە نێوان گوندی بەڵخە و شارەدێی (تەوێڵە) و دەڕوانێت بەسەر گوندی بەڵخە و سۆسەکان و تەوێڵە و ئاوێسەردا. (٢٠٦٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، ڕ‌‌ێگایەکی خۆڵ بە تەنیشتیدا دەڕواتەوە بۆ تەوەنێ و دەگاتە ناوچەی گەشتوگوزاریی ئاوێسەر لە شارەدێی(تەوێڵە).

هەوارو حەپسێ

کەوتووەتە باکوری هاوینەهەواری (ئاوێسەر). (١٨٢٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە چیای تەتە و لە باشورەوە دۆڵی ئاوێسەر و دەرەتاریک و کەمەر سپی و لە خۆرهەڵاتەوە چەمەو چناری و لوتەتایلە و دەرەقوڵ و لە خۆرئاواوە هانە دەشتیڵێ و کانی سێمارەوار دەورەیانداوە. شوێنێکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵدارەکان وەک هەوار بەکاریانهێناوە و بۆ ماوەیەک تێیدا ماونەتەوە و ئاژەڵەکانیان بەخێوکردوون. لە ئێستادا گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانیدەکەن، بە تایبەتی لەوەرزی بەهاردا بە بوونی گیای لۆ دەوڵەمەندە، کە دیمەنێکی زۆر نایابی هەیە.

هەیشوور

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (هاوار) و (هاوارەکۆن) و باشوری گوندی (تاوێرە). بەرزییەکەی لە ئاست ڕووی دەریاوە (١٣٦٨م)ە. ساڵانە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و وەک (چاڵە بەفر)، کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن (هێلانە بەفر) سودیانلێدەبینن. ڕێگەی گوندەکانی (هاوار، هاوارەکۆن و دەرەتفێ)ی پێدا تێپەڕدەبێت. بارەگا و بازگەی (پاسەوانی سنور)ی لێیە. دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی (تاوێرە، هاوار، چەم و دۆڵەکانی بەردەمی). لە دوای چیای کەنۆڵەڕەشان دەستپێدەکات و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە چیای لاسان لە سنوری گوندی هاوار. چەندین چەمی ئاوی بە لاپاڵیدا تێپەڕدەبن، لەوانە وەکو چەمی (دووان) و چەندین کانیاوی تێدایە، وەکو کانیاوی هەڵوژە. سروشتێکی جوانی هەیە، چونکە دەڕوانێتە سەر دۆڵی تاوێرە و هاوار و هاوارەکۆن و بەرزی چیاکە لە ئاستی ڕووی دەریا و بوونی ئاوهەوایەکی مامناوەند و فێنک لە وەرزی هاویندا و بارینی بەفرێکی زۆر لە وەرزی زستاندا، وایکردووە لە وەرزی هاوین و بەهاردا خەڵکی سەردانیدەکەن، هەروەها چیاکە دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی وەک دارستانی سروشتی و گژوگیای بەهارە و دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

وەزەرا

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (٢٢٦٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێو چیای کەمانجەڕ لە سنوری گوندی دەرەیمەڕدایە، دەڕوانێتە سەر هەورامانی دیوی ئێران و دەربەند دزڵی و گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم، ناوچەیەکی سەر سنوریی پێکدەهێنێت. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی دەوڵەمەندە. لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانی دەکەن.

وەزەنێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەگاشێخان و باکوری ناوچەی گەشتیاریی وەزەنێ. (٢١١٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی دەگاشێخان و دۆڵی وەزەنێ و گوندی بەڵخە و هانە گەرمەڵە و کێمنە و بێرواس. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باڵندە و ئاژەڵی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئای کانیاوەکانی دەگاشێخان و بەڵخە و وەزەنێ، ڕێگایەکی خۆڵ لە بەڵخەوە دەڕواتە چیای تەوەنێ و بە دامێنی ئەم لوتکەیەدا تێپەڕە دەبێت بە شێوەیەک تەنها (١٩٠م) لێیەوە دوورە، ئەم ڕێگایە دەچێتە ناوچەی گەشتیاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە).

پێشتر 1
...
5 6