کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1194 بابەت

بێوەی

شاعير، وەرگێڕ و ڕاگەیاندکارە. ناوی (شێخ ئەمین کوڕی عەلائەدین نەقشبەندی)یە. ساڵی ١٩٣١ لە (بیارە) لەدایکبووە. وانەی ئاینی لای چەند مامۆستایەک خوێندووە. لە قوتابخانەشدا تا پۆلی شەشی خوێندووه و دواتر لە (تاران)، سەرەتا لە کۆلێژی حقوق خوێندویەتی و دواتر چووەتە کۆلێژی ئاداب و بەشی عەرەبی تەواوکردووە. لەگەڵ براکانییدا گوندی (ئەحمەدئاوا)یان بە میرات بۆ ماوەتەوە. ساڵی ١٩٥١ لەگەڵ کچی (مەحموودخانی دزڵی)دا ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ خاوەنی پێنج منداڵە. ماوەیەک لە ئاواییەکانی خۆرهە‌ڵات ماوەتەوە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسى زانيوە. ساڵی ١٩٧٨ بووە بە بەڕێوەبەری گشتیی ڕادوێ و تەلەفزیۆن لە شاری سنە. نازناوى (بێوەی) بووە و خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە‌، لەوانە (تەسەوف چییە، بەرهەمی ژیان). ساڵی ١٩٨٢ – ١٩٨٣ لە کۆلێجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغداد وانەی وتووەتەوە. ساڵی ١٩٩٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغداد بەخاکسپێرراوە.

پشکۆ نەجمەدین

شاعير و وەرگێڕە. ناوی (زەینەدین مستەفا مەحموود)ە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. خوێندنی ئامادەیی لە ھەڵەبجە و کۆلێژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی دە ساڵ لە ڕیزەکانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) کادر و پێشمەرگە بووە. لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا، ڕێکخراوی (ئاڵای شۆڕش)یان دامەزراندووە و نازناوی (پشکۆ نەجمەدین) ‌بووە. خێزاندارە و خاوەنی کوڕێکە بە ناوی (ڕۆمان)ـەوە. لە پاش ھێرشەکانی (ئەنفال)ـەوە ڕووی کردووەتە وڵاتی (سوید) و لەوێ دەژی. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی، سویدی و ئینگلیزیش دەزانێت. لە کۆتایی ھەشتاکانەوە، وەک نوسەر دەرکەوتووە و خاوەنی بیست کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (ئەزموون و یاد)، (جیلوەی عیشقەکەی مەولانا و شەمس)، (ئاوێنەی نامەکان)، (ئەفسوونی نوسین)، (دیوانی من) و(مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی)...

تارا ئەمین ئەحمەد

کچی ئەمین سەپانە، ساڵی ١٩٧٣ لە گەڕەکی کانی عاشقان لە دایکبووە. دەرچووی ناوەندییە. خێزانی پێکهێناوەو خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دوو کتێبی بە ناوی هونەری چێشتلێنان چاپکردووەو دوو کتێبی شیعریش بە ناوەکانی (شەونمی گەڵای ڕۆحێ)، ( چەپکێ ڕێحانە) چاپ و بڵاوکردوەتەوە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.

تاهیر بەگی جاف

ناوی (تاهیر بەگ کوڕی عوسمان پاشای جاف)ـە، کوڕی عادیلەخانم و برای ئەحمەد موختار جافە. لە دەوروبەری ساڵی(١٨٧٥-١٨٧٧) لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی و بە یارمەتی سلێمان بەگ (کە لە دیوەخانی وەسمان پاشادا کاریکردووە)، زمانی فارسی فێر بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی زانیوە و شارەزایی لە ئینگلیزی و فەرەنسيشدا هەبووە. هەڵسوکەوتی لە گەڵ مێجەرسۆندا کردووە. فەرهەنگێکی چوار زمانی ئامادەکردووە. ماوەیەک سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە و لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە نیشانەی مەجدی وەرگرتووە. سێ جار هاوسەرگیری کردووە. شاعیرێکی گەورەی غەزەلە و گۆرانیبیژە گەورەکانی کورد شیعرەکانیان خوێندووە. هۆنراوەکانی لە (دیوانی تاهیربەگی جاف)دا کۆکراوەتە‌وە و لەچاپدراوە. ساڵی ١٩١٨ بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە و لە گوندی عەبابەیلێ بە خاک سپێرراوە. ‌

تاهیری وەستا مەستەفای ئەلە

ناوی (تاهیر کوڕی وەستا مەستەفای عەلی)یە. باوکیشی یەکێکە لە شاعیرە میللیەکانی هەورامان. ساڵی ١٩٦٣ لە تەوێڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە تەواوکردووە. بەهۆی سەربازییەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواوبکات. ساڵی ١٩٨٦ خێزانی پێکهێناوە. داستانەشیعرە تەنزئامیزەکانی باوکی کاریگەرییان لەسەر هەبووە. هەرچەند شیعرەکانی سەرەتایین، بەڵام خاوەنی دەمەتەقێ و شیعری گاڵتەیی و تەنزە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

تەنیا کۆکۆیی

ناوی (حەسەن عینایەت یەعقوب دەوانی)یە و نازناوى (تەنیا)یە. لە بنەڕەتدا خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. ساڵى ١٩٥٤ لە گوندى (دەوان) لەدایکبووە. باوکی کۆچیدواییکردووە نەیبینیوە و داپیرەی بەخێویکردووە. لەگەڵ براکەى ڕوویان لە شاری هەڵەبجە کردووە و لە ناو کۆکۆییەکاندا نیشتەجێبوون. بووە بە پێشمەرگە. خۆی فێری خوێندنەوە کردووە و زمانی عەرەبی و فارسی زانیووە. ١٥٧ پارچە شیعری خۆی لە کتێبێکدا بەناوی (دیوانی شیعریی تەنیا کۆکۆیی) چاپکردووە. لەبەر ئەوەی نەگەیشتووە بە خۆشەویستەکەی بڕیاریداوە ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێنێت. کە چووەتە تەمەنەوه،‌ ساڵى ٢٠٢٠ لە خەڵوەتگەى پیرى لە شارى سلێمانى ژیاوە و هەر لەوێیش لە ساڵی ٢٠٢١ کۆچدواییکردووە و لە گۆڕستانى گوڵانى دوو بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

تۆفیق هەورامانی

ناوی (تۆفیق قادر فەتاح)ـە. لە ساڵی ١٩٤٦ لە شارۆچکەی تەوێڵە لەدایکبووە. تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە تەوێڵە و سێی ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لەو ساڵە بەدواوە ماڵی چووەتە هەڵەبجەی تازە. هەر بە لاوی حەزی بە شیعر و ئەدەب کردووە. گەلێک هۆنراوەی سادەی جوانی بۆ سروشت و نەریتە جوانەکانی هەورامان نوسیوە. چوار کوڕ و چوار کچی هەیە. شیعرەکانی کۆکراوەنەتەوە، بەڵام چاپنەکراون. ساڵی ٢٠٢٠ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

جەفایی

ناوی (شێخ عەبدوڵا شێخ حەمەئەمینی شێخ عەبدولڕەحمان)ـە. ساڵی ١٨٢٩ لە گوندی (کانی کەوە)ی شەمێران لەدایکبووە. ماوەیەک لە مزگەوتی (جامیعە)ی هەڵەبجه خوێندویەتی و دواتر بۆ خوێندن چووەتە (مهاباد) و لەوێ مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە و ماوەی دوازدە ساڵ لە (مەدرەسەی شێخ مارفی نێرگزەجاڕ)‌ وانەی وتووەتەوە. لە نوسینی هۆنراوەدا نازناوی (جەفایی) بووە و شیعرەکانی لە (دیوانی جەفایی)دا کۆکراونەتەوە‌ و چاپکراون‌‌. ساڵی ١٨٨٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (کڵاوسوور) بەخاکسپێرراوە.

جەلال عازەبانی

ناوی (جەلال حسێن محێدین)ـە. ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی (بەکراوا) لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵ بووە. لە پاڵ خوێندن ‌دا کاری بۆیاخچێتی کردووە. لە شاعیرانی دەرکەوتووی هەشتاکانی هەڵەبجەیە و بەشداری چالاکییەکانی کردووە. ديارترينيان کۆڕی شیعری ١٩٨٧ی هەڵەبجە. لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە پاش هەوڵی گەڕان بەدوای کەسوکاریدا بەر گازی کیمیایی کەوتووە و لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی خێزانەکەیدا شەهید و گۆڕبزر بوون. هەندێک لە هۆنراوەکانی بە ناونیشانی (هەناسەکەم) چاپکراوە و گەلەری (جەلال عازەبانی) لە هەڵەبجە بە ناوی ئەوەوە کراوە.

جەمال مۆردێنی

ناوی (جەمال ڕەشید ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٥١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. پەرتوکە ئایینیەکانی تا پلەی مەلایی خوێندووە و پەیمانگای ئەزهەری بۆ پێشنوێژی و وتارخوێنی تەواوکردووە. لە کۆڕە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی هەڵەبجەدا دەرکەوتووە و چەند ساڵێک لە ڕۆژنامەی (دایک) کاریکردووە، لە گۆشەی شەوارەدا شاعیر و بەرهەمی شاعیرە کۆنەکانی ناساندووە. خاوەنی چەند بەرهەمێکی چاپکراوە، لەوانە (گوڵان، شیوەنی هەڵەبجە، هاواری کپ کراو، خورپەی ڕۆح، پشوی شەوارە، دوو ڕۆمانەشیعری خاتوون و من و نەنە). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

جەمال نەورۆڵی

ناوی (جەمال مەحموود عەلی)یە و بە (جەمال نەورۆڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە ناوچەی نەورۆڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە. تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە. لە ساڵى ١٩٨٤ەوە دەستى بە نوسينى هۆنراوە کردووە و دوو بەرهەمى چاپکراوی بەناوکانی(نزای عەشق) و (مۆزەخانەی دڵ) بەچاپ گەیاندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

حاجی ئەحمەدی زەڵمی

ناوی (ئەحمەد محەممەد ڕەحمان)ە ساڵی ١٩١٩ لە گوندی زەڵم لەدایکبووە. لای مەلائیبراهیمی زەڵمی خوێندنی قورئانی دەستپێکردووە. لای فەتحوڵا لهۆنی قورئان خەتم دەکات. لای مەلا حەسەنی دزڵی کتێبە سەرەتاییەکانی خوێندووە و حەزی لە شیعر کردووە. زۆربەی شیعری شاعیران و قوتابخانەی ئەدەبی گۆرانی لەبەربووە. خۆی شیعر لەبەرکردنی شاعیرانی لە شیعر نوسینی خۆی پێ باشتر بووە. ١٩٣٩ دەبێتە سەرباز لە سوپای عێراقدا. خێزانی پێکەوەناوە. ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەی خورماڵ کۆچیدواییکردووە.

حاجی سەرحەد

ناوی (سەرحەد حەمەئەمین ئەحمەد)ە. خەڵکى گوندی (عەلیاوا)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. ‌ساڵی ١٩٦٩ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی له ‌(گردەنازێ) و ناوەندی لە(سەیدسادق) تەواوکردووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ‌ساڵی ١٩٨٦ەوە دە‌ستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. لە زۆربەی یادی مەولود و بۆنە ئایینیەکاندا هۆنراوەی خوێندووەتەوە. ‌ساڵی ٢٠٠٩ لە پێشبڕکێی شیعر و پەخشان پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە و چەندین خەڵاتی پێدراوە. زیاتر لە ١١٥ هۆنراوەی نوسیوه، کە زۆربەیان تایبەتن بە: ئایینی و نیشتمانپەروەری و سروشت.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

حاجی مەلا خالیدی دەرەیمەڕی

زاناو شاعیرە. ناوی (خالید محەممەد ڕەحیم)ە. ساڵی ١٩٢٣ لە گوندی دەرەیمەڕ لەدایکبووە. لە حەوت ساڵیدا لای مەلا عەلی ناوێک دەستدەکات بەخوێندن. خوێندنە سەرەتاییەکان لە گوندی بێرواس لە خۆرهەڵات تەواودەکات. لە بیارە لای مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس زانستە شەرعییەکانی خوێندووە. بە فەقێیەتی زۆر لە ناوچەکانی کوردستان گەڕاوە. لای شێخ عەبدوڵای تەکیەیی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. چەندینجار ئاوارەی ئێران بووە. ١٩٩١ دەگەڕێتەوە کوردستان و لە گوندی ئاواییی ڕۆستەم بەگ نیشتەجێدەبێت. لە ١٣ی ١ی ٢٠٠٢ کۆچیدواییکردووە.

حاجی مامۆستا

ناوی (حەمەئەمین کوڕی وەستا قادری سەید ئەحمەدی خالد)ە. ساڵی ١٨٩٩ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. لەسەر دەستی (مەلا زاهری پاوە) مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام مەلایەتی نەکردووە. کاتب و ڕاوێژکار و مامۆستای (قادربەگ) بووە. بژێوی لەسەر دوکانداری بووە و گەلێک زانا و مامۆستا لەدوکانەکەیدا دەرسیان لێ وەرگرتووە. هێشتا هۆنراوەکانی کۆنەکراونەتەوە و چاپنەکراون. لە ٣٠ی ١٢ی ١٩٨٤ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.

حەسەن زەڵمی

شاعیر و نوسەرە. ناوی (حەسەن کوڕی شەمسەدین کوڕی مەلا ئیبراهیم کوڕی سۆفی حەمەئەمین)ـە. ساڵی ١٩٥٥ لە (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی تەواوکردووە. ١٩٧٥ بە فەرمانبەری پۆستە و گەیاندنی خورماڵ دامەزراوە، ساڵی ٢٠٠١ خانەنشین بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی حەوت منداڵە. نامیلکەیەکی چاپکراوی بە ناوی (شنەی هەورامان) بڵاوکردووەتەوە، کە بێجگە لە شیعری خۆی، شیعری چەند شاعیرێکی تری تێدایە. نەگەیشتووە بەوەی کارەکانی لەسەر ناودارانی هەورامان و سروشتی چیاکانی ناوچەکە تەواوبکات، ساڵی ٢٠٠٣ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی (سەیوان) بەخاکسپێرراوە.

حەسیب قەرەداخی

شاعیرە. ناوی تەواوی حەسیب عەلی عەبدولڕەحمانە. سأڵی ١٩٢٩ لە سۆڵەی قەرەداخ لەدایکبووە. شیعرەکانی لە دوو بەرگدا بە ناوی فەرهەنگی خەم چاپکراون. ساڵی ١٩٩٧ کۆچیدواییکردووە. خاوەنی یەکەم شیعری نوسراوە بۆ مەرگەساتی هەڵەبجە بە ناوی هەڵەبشیما، کە لە ١٨و ١٩ی ٣ی ١٩٨٨ نوسیویەتی. لە یادەکانی هەڵەبجەدا وەک سرود و کۆراڵ پێشکەشکراوە. هەر لەبەر ئەوەش ڕۆژی ١٨ی ٣ی ٢٠٠٢خەڵاتی هەڵەبجەی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجەی پێبەخشراوە.

حسێن نەوێیی

ناوی (حسێن حەسەن نەسروڵڵابەگ)ـە. ‌ساڵی ١٩٦٩ لەگوندی (نەوێ)ی بناری سورێنی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە نەوێ و ‌ناوەندی لە ئۆردوگای (شانەدەری) و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لەبەر بارودۆخی ئەو کاتەوە، نەیتوانیوە لە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی بەغداد درێژە بە خوێندن بدات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. یەکەم هۆنراوەی له ‌ساڵی ١٩٧٩ نوسیوه. بەشداری چەندین کۆڕ و سیمیناری کردووە و لە چەندین کۆڕو کۆبوونەوەدا شیعرەکانى خوێندوەتەوە.

زیاتر بزانە
شاعیری میللی

حیلمی

ناوی (محەممەد کوڕی شێخ حسەین)ـە. ساڵی ١٩٠٩ له شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. سەرەتا لە مزگەوت خوێندویەتی و دواتر لە قوتابخانە و تا پۆلی شەشی خوێندووە. چەند کار و پیشەیەکی تاقیکردووەتەوە، وەک: دانسازی، برینپێچی، سەعاتچێتی. کەسێکی قسەخۆش و نوکتەباز بووه. بۆ‌ مەبەستی بژێوی لە: خورماڵ، سورداش، ڕانیه و دەربەندیخان کاریکردووە. لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووه و بە زمانێکی سادە و میللییانە نوسیویەتی و نازناوی (حیلمی)ی بووه. زۆربەی هۆنراوەکانی لە دیوانەکەیدا (دیوانی حیلمی) کۆکراوەتەوە و چاپکراوە‌. ساڵی ١٩٧٥ توشی چاوئێشەبووە و پاش نەشتەرگەری، نابینا بووە و لە ماڵ ماوەتەوە. ساڵی ١٩٨٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

خاکی

ناوی (محەممەدی کوڕی ئەحمەد)ە. خەڵکی گوندی (ئەحمەد بڕند)ی‌ شارەزوورە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٣٩ لەدایکبووە. لە منداڵییەوە دەستی بە خوێندن کردووە و بۆ ئەم مەبەستە سلێمانی و سنە ڕۆیشتووە‌. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. جگە لەوەی مودەڕیس بووە، خەتی خۆش بووە و بە کوردی و فارسی دەیان پارچە هۆنراوەی نوسیوە و نازناوی (خاکی) بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٨ لە سلێمانی و بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە. ساڵی ٢٠٢٢ (کاروان عوسمان خەیات) بەشێک لە هۆنراوەکانی کۆکردووەتەوە و لەلایەن ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجەوە بەچاپ گەیەنراوە.

پێشتر 1
...
8 9 10
...
60 دواتر