بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
تۆبەکار و دەنگخۆش و سیاچەمانەچڕی شێخانە. ناوی (حەیران محەممەد زۆراب)ە. ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی کەیمنە لە هەورامانی دیوی ئێران لە خێزانێکی هونەری لەدایکبووە. خوشکی(مەژنوون و شەفیع) کەیمەنەییە. ئامۆزاو هاوشیرەی هونەرمەند(عوسمان هەورامی)یە. شارەزای زۆرێک لە گۆرانییە هەورامییەکانە. دوای شووکردنی دەچێتە نێو دنیای سۆفیگەرییەوە و شێخە نەقشبەندیەکانی هەورامان بە گۆرانی شێخانە دەلاوێنێتەوە. لە ناویان زیاتر مەیلداری شێخی حسامەدین بووە. لە سروشت و هەوارەکاندا گۆرانی چڕیوە. لەگەڵ برا و ئامۆزاکانیدا لە ماڵە ناسراوەکاندا گۆرانی وتووە. هاتوچۆی تەوێڵەی زۆر کردووە و چەند سیاچەمانەیەکی لە تەوێڵە لە کاسێتێکدا تۆمارکردووە.
گۆرانیبێژە. ناوی (وەهبی حەمەڕەشید عەلی)یه و بە (وەهبی سۆسەکانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٩ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. تا پۆلی سێی سەرەتایی خوێندووە. له ساڵی ٢٠٠٠ەوە وەک گۆرانیبێژ لە ڕادوێ و تەلەفزیۆن و کەناڵە ئاسمانییەکان و دەیان فیستیڤاڵی هونەری و گەشتەکانی هونەرمەنداندا بەشداریکردووە. لەوانە فیستیڤاڵە هونەرییەکانی هەورامان، بەرنامە هەورامییەکان، دەیان کاسێتی تۆمارکراوی لەگەڵ چەند سیدیەکدا هەیە. لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندەکانی خۆرهەڵات و باشوردا گۆرانی وتووە و بەرنامەی تۆمارکراویان هەیە. لەوانە: جەمیل ئەحمەدی، حەمەلەی نەوسودی، حەمەحسێن کەیمنەیی، سەباح هەورامی، فەرزاد ئەمینی، سەعدی ئەحمەدی و یاقوب سۆسەکانی، یونس میرزا... هتد. پرۆگرامی مۆسیقی لەگەڵ کوردساتدا هەیە و چەند گۆرانییەکیشی بە ئۆرگەوە وتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
گۆرانیبێژە. ناوی (یەعقوب حسێن حەمەساڵح)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە سۆسەکان لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە سۆسەکان و ناوەندی لە شارۆچکەی سیروان خوێندووە. ١٥ کاسێتی نۆمارکراو و ٢٥ سیدی و پێنج کلیپی هەیە. لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا بەشداری بەرنامەکانیانی کردووە. لە فیستیڤاڵەکانی هەورامان و عێلبەگی جاف و شەمێران و لادێکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا بەشداریکردووە. لەگەڵ زیاد لە ٤٥ گۆرانیبێژی باشور و ڕۆژهەڵاتدا گۆرانی وتووە. لەوانە (عوسمان هەورامی، جەمیل ئەحمەدی، حەمەلە، عەلی گوڵپی، عەتا زەڵمی، سەباح هەورامی، یونس میرزا، نەوزادی نەسروڵڵا بەگ، سیروان لهۆنی، نەجمەدین هەورامی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ئێستا پێشمەرگەیە و لە شارۆچکەی خورماڵ نیشتەجێیە.
ساڵی لەدایکبوون و کۆچیدواییەکەی نەزانراوە. لە سەردەمی حکومڕانیی خان ئەحمەدخانی ئەردەڵانیدا ژیاوە، کە ساڵی ١٦٣٧ دەسەڵاتی گرتووەتەدەست. بە نوێکەرەوەی سیاچەمانە دادەنرێت. جگە لە دەنگە خۆشەکەی، دەستی هۆنراوەشی هەبووە. گۆرانیبێژی خان ئەحمەدخان بووە و لە قەڵای زەڵم ژیاوە. دڵی چووەتە سەر (کڵاوزەڕ) و پەیوەندی لەگەڵ دروستکردووە. کاتێکیش خان بەوەی زانیوه، یوسف ئاسکەی بە زیندوویی لە بەرانبەر قەڵای زەڵم کردووە بەژێر خاکەوە و گۆڕی بۆ هەڵکەندووە.
گۆرانیبێژە. ناوی(یونس میرزا عەبدوڵا هەیبەکر)ە. ساڵی ١٩٧٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. دایکی و برایەکی دەنگخۆش بوون. قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە. ماوەیەک لە سلێمانی ژیاوە. ساڵی ١٩٨٤ لە هەڵەبجە نیشتەجێدەبن. ساڵی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦دوو کاسێتی گۆرانی لەگەڵ هونەرمەند (عوسمان هەورامی/کەیمنەیی)دا تۆمارکردووە. پەیوەندی بە تیپی مۆسقای شەمەوە کردووە بۆ تۆمارکردنی گۆرانی، بەڵام کارەساتی کیمیاباران ئەو هەوڵەی لەناودەبات. ساڵی ١٩٨٩ دوو کاسێتی گۆرانی لەگەڵ هونەرمەند (سەباح هەورامی) تۆمارکردووە. چالاکیی گۆرانی وتنی لە دوای ڕاپەڕینەوە زیادکردووە و لە زۆربەی ئاهەنگەکانی تەوێڵە و هەوراماندا لەگەڵ هونەرمەندان گۆرانی چڕیووە. ساڵی ١٩٩٢ گۆرانی (مەگری مەگری) بۆ تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٩٤ گۆرانییەکی بۆ تەلەفزیۆنی (میزۆپۆتامیا) تۆمارکردووە. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هەوراماندا گۆرانی وتووە. توانای چڕینی سیاچەمانەکانی هەیە. ئەندامی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان و مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا لە شارەدێی تەوێڵە دەژی.
فۆتۆگرافەرە. ناوی (ئەحمەد ئیسماعیل ناتقی)یە. ساڵی ١٩٥٨ لە تارانی پایتەختی ئێران لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان و ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی دوکتۆرای لە بواری هونەر و لە پسۆڕیی فۆتۆگرافەریدا بەدەستهێناوە. چەندین وێنەی ڕووداوەکانی سەردەمی شۆڕشی ئیسلامی گرتووە. چەند پۆستیکی وەرگرتووە، وەک: بەڕێوەبەری ماڵی وێنەگرانی ئێران، ماوەی پێنج ساڵ سەرۆکی پەیامنێرانی وێنەیی ئاژانسی(ئێرانا)بووە. ١٢ ساڵ بەڕێوەبەری ئەنجومەنی وێنەگرانی(فەردا) بووە. یەکێک بووە لە فۆتۆگرافەرە دیارەکانی جەنگی (ئێران - عێراق) و ڕۆژێک پێش کیمیابارانی هەڵەبجە، وەک پەیامنێری ناوەندی هەواڵی ئیرنا سەردانی شارەکەی کردووه و ڕۆڵی هەبووە لە ناساندنی کارەساتەکە بە جیهان و وێنەگری تەرمی شەهید عومەری خاوەره، کە بووە بە هێمای کارەساتەکە. ساڵی ٢٠٠٩ و لە ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجەدا، لە هەڵەبجە پیشانگای بۆ ئەووێنانە کردووەتەوه، کە کاتی کارەساتەکە چرکاندونی. لەسەر چرکاندنی وێنەی عومەری خاوەر و جگەرگۆشەکەی، خەڵاتی (شەنگەهای) وەرگرتووە. سەرجەم وێنەکانی بە هەردوو زمانی فارسی و ئینگلیزی بەناونیشانی (صدای سکوت) بە چاپ گەیاندووە. وێنەکانی بوونەتە سەرچاوەی دروستکردنی چەندین پەیکەری تایبەت بە کارەساتی هەڵەبجە، وەک: پەیکەری عومەری خاوەر لەبەردەم دادگای لاهای. لە ئێستادا لە ژیاندا ماوە و لە شاری تاران نیشتەجێیە.
فۆتۆگرافەرە، ساڵی ١٩٦٧ لە ئێژیەی ئەسفەهان لەدایکبووە. دبلۆمی بەدەستهێناوە. ڕۆژی ١٨ی ٣ی ١٩٨٨ بۆ وێنەگرتن و گواستنەوەی تاوانی کیمیاباران دێتە هەڵەبجە. لە ناوجەرگەی بازاڕ و مزگەوتی پاشا و گەڕەکی سەراو ڕێگەی عەنەبدا، کاتژمێرێک فلیم و ٩٠ وێنەی قوربانیان و شوێنەکان دەگرێت، دوو ڕۆژ لە هەڵەبجە دەمێنێتەوە. لەگەڕانەوەدا دووفلیم، کە ٣٠ وێنە بوون، وندەکات. وێنەکانی تری لە کتێبی شیوەنی هەڵەبجەی نەسرەتوڵڵای مەحمودزاددا چاپکراون و لە یادی هەڵەبجەش لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٤ لە ئەمنەسورەکە و ڕۆژانی دواتریش لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە پیشاندراون. لەپاڵ گرتنی وێنەدا، ماڵیکی هەڵەبجەیی ڕزگار دەکات و دوای ٣٥ ساڵ سەردانی هەڵەبجەی کردووەتەوە و لەگەڵ ڕزگارکراوەکاندا ئاشنا دەبێتەوە، خۆی بە هەڵەبجەیی دەزانێت و بەهیوایە وەک هاوشارییەکی هەڵەبجە وەربگیرێت. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، نیشتەجێی ئەسفەهانە.
فلیمساز و فۆتۆگرافەرێکی ئێرانییە. لە ساڵی ١٩٦٦ لە تاران لەدایکبووە. دەرچوی بەشی سینەمایە. لە جەنگی هەشت ساڵەدا و لە ساڵی ١٩٨٥ وەک فۆتۆگرافەری جەنگ دەستیبەکارکردووە و تا ساڵی ١٩٨٩کاری بۆ تۆڕی جیهان و گروه ڕوایت فتح کردووە. بەشداری زۆربەی بەرەکانی جەنگی کردووە و وێنە و هەواڵی شەڕگەکانی گواستووەتەوە. تا فەجری هەشت و کۆتایی جەنگ لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا بەشداربووە. لە١٦ی ٣ی ١٩٨٨بە یاوەری جانبزرگ و فەلاحەتپور، سەردانی هەڵەبجەی کردووە. یەکێکە لەو فۆتۆگرافەرانەی بایەخی بە دیمەنە دڵتەزێنەکان داوە و وێنەی زۆربەی تەرمی بەکۆمەڵی گرتووە. ئەمانەیش وەک ئاماژە بۆ کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەییەکان، بوونەتە بەڵگەی زیندوو. وێنەکانی لە دووتوێی دوو کتێبدا چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
ساڵی ١٩٨٩ لە شاری (سەقز)ی خۆرهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە کارگێڕیی کاردا هەیە. زیاتر لە دە ساڵە لە بوارەکانی فۆتۆگرافی وەک پەیامنێر و فۆتۆگرافدا، کاری بۆ چەندین کەناڵ و ڕۆژنامە و ئاژانسی ڕاگەیاندنی ناوخۆ و دەرەوە کردووە. ئەندامی کارای کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان و عێراق و ئەندامی images east middle ئەمریکی و ئەندامی ڕێکخراوی کوردستان فۆتۆیە. چەندین دیکۆمێنتاری لە بوارەکانی ژینگەی سروشتی و ژیانی کێوی بەرهەمهێناوە. لە زیاتر لە پەنجا پێشانگای هاوبەشدا بەشداریکردووە و چەندین بڕوانامە و خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە: خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێی فۆتۆگرافی لە لایەن کونسوڵخانەی ئەمریکا. براوەی خەڵاتی یەکەمی فۆتۆگرافی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پێشبڕکێی کوردستان لە چاوی ئێمەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا. خەڵاتی یەکەمی کونسوڵخانەی ئێران لە پێشبڕکێی گەورەی شوێنەواری و ڕۆشنبیری و مێژوویی شوێنە گەشتیارییەکانی ئێران ساڵی ٢٠٢٠، خەڵاتی دووەمی دووەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەلایەن ناوەندی حەوت ڕەنگ ساڵی ٢٠٢١. هەروەها فۆتۆکانی لە ڕیزبەندیی باشترینەکاندا گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی لە پێشبڕکێی نەشناڵ جیۆگرافیک بەناوی (لحظات) و خاچی سووری نێودەوڵەتی. زیاتر لە ٢٠ خەڵاتی ڕێزلێنانی لە نێو شاری هەڵەبجە و لە بوارەجیاوازەکاندا وەرگرتووە، فۆتۆکانی لەنێو کەناڵ و وێبساتی ناوخۆ و ئاژانسەکانی دەرەوە بڵاوبوونەتەوە، بەشێوەی پەیامنێری فۆتۆگراف، کاری بۆ دامەزراوەی (یەڵڵا) و میدیای (ناس کورد) و دەیان دامەزراوەی دیکە بەشێوەی ڕۆژنامەوانی ئازاد و فریلانس، کردووە.
فۆتۆگرافەر و شاعیرە. ساڵی ١٩٧١ لەگوندی (غوڵامی) لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی یەک ساڵیەوە هاتونەتە هەڵەبجە، هەر لەوێ و لە (قوتابخانەی سەرکەوتن) پاشان (باڵامبۆی سەرەتایی)دەستى بەخوێندن کردووە. پۆلی یەکەمی ناوەندى لە (قوتابخانەی مەولەوی) خوێندووە. ساڵی ١٩٩٩ دەستى بە نوسینی شیعر کردووە. بەشێوازى (ليرک) دەنوسێت. لەساڵی ٢٠١٢ەوە دەستى بە وێنەگرتن کردووە و وەک فۆتۆگرافەر بەشدارى زیاتر لە پێنج پێشانگاى کردووە و پێشانگایەکى فۆتۆگرافيى تایبەت بەخۆى هەيە.
یەکەم کامێرامانی کوردە وێنەی ڤیدیۆیی کیمیابارانی هەڵەبجەی تۆمارکردووە. بە (مەلا فەتاحی چەمچەماڵ) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٩ لە شاری کەرکوک لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنۆلۆژیای بەغدای تەواوکردووە. لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بە کامێرایەکی پاناسۆنیکی ١٦ملمی ڤیدیۆیی، وێنەی کارەساتەکە تۆماردەکات. بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە هەڵەبجە و هەورامان ماوەتەوە و نزیکەی دوو کاتژمێر وێنەی گرتووە. ڕۆڵی لە بڵاوکردنەوەی کارەساتەکە و ڕاکێشانی سەرنجی گشتی بۆ کارەساتەکەدا هەبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە.
ناوی (محەممەد حەمەکەریم حەسەن کوردستانی)یە، لەبەر ئەوە لە شۆڕشدا بەرپرسی بێتەل بووە، بە حەمە لاسلکی ناسراوە. ساڵی ١٩٢١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، ساڵی ١٩٦٨ ئامێرێکی سینەمایی ڕوسیی ٣٦ملم و چوار فلیمی سینمایی بۆ یەکەمجار بردووەتە شارەدێی تەوێڵە و لە ساڵی ١٩٦٩ بە یارمەتی و خولیای عوسمانی ڕەسامی برای، کاریانپێکردووە. لە شاری هەڵەبجەش ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ عوسمانی ڕەسامی برای و حەمەکەریمی چایچیدا، بۆ یەکەمین جار سینەمای هەڵەبجەیان دامەزراندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١١ منداڵە. ساڵی ٢٠٢٤ کۆچیدواییکردووە.
فۆتۆگرافەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٤١ لە وڵاتی سوید لەدایکبووە. بۆ هەردوو کەناڵی سویدیش و تەلەفزیۆنی ئیرنا کاریکردووە. لەسەر بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران لە سوید، بۆ ڕووماڵکردن و گواستنەوەی هەواڵەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەگەڵ گروپێکی ڕۆژنامەوانی بیانیی تردا لە ٢٢ی ٣ی ١٩٨٨ هاتووەتە هەڵەبجە و چەندین وێنەی کارەساتەکەی گرتووە و ڕاپۆرتی ئامادەکردووە. بە مەبەستی پارێزگاریکردن و هێشتنەوەی کامێراکەی، وەک بەڵگەنامەیەکی زیندوو، بەخشیوەتى بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە.
ڕۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەر، ساڵی ١٩٩٢ لەهەڵەبجە لەدایکبووە ، ساڵی ٢٠١٦ زانکۆی سلێمانی کۆلێژی زانستە مرۆییەکان بەشی ڕاگەیاندنی تەواوکردووە. لە تۆڕی هەواڵی سلێمانی (SNN) وەک پەیامنێر بۆ ماوەی ساڵێک کاریکرد، دوای ئەوە بۆ هەمان ماڵپەڕ لە هەڵەبجە، شارەزوور، هەورامان و پێنجوێن، وەک هەواڵنوس کاریکردووە، هەروەها وەک فۆتۆگرافەرێکی ئازاد و فۆتۆگرافەری بەرنامەی ڕوژیار لە کەناڵی ستارک کاریکردووە، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانه. خێزاندارە و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە.
ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەرە. ساڵی ١٩٤٨ لە شاری (لاهای) لە وڵاتی هۆڵەند لەدایکبووە. وەک ڕۆژنامەوانی جەنگ چووەتە وڵاتان. بۆ ڕوماڵکردن و گواستنەوەی ڕووداوەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەم هاتووەتە شاری هەڵەبجە و چەند وێنە و ڕاپۆرتێکی لەسەر کارەساتى کیمیابارانکردنەکە بەناوی (کاتی ئاوا بەدەستەوە نەمابوو بۆ ناشتنی تەرمەکان)، بۆ ڕۆژنامەی هۆڵەندای ئازاد، ئامادەکردووە.
نوسەر، ئارکیۆلۆژ، گەریدە، فۆتۆگرافەر، سیاسی و ئاکادیمیی بەریتانییە. ناوی (گیرترود بێل Gertrude Bell)ـە. ساڵی ١٨٦٨ لە شاری دۆرهام لە وڵاتی بەریتانیا لەدایکبووە. زانکۆی ئۆکسفۆرد بەشی مێژووی خوێندووە. جگە لە زمانی ئینگلیزی، فارسی و عەرەبیشی زانیوە. لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، نوێنەری حوکمەتی بەریتانی بووە لە میسر. ساڵی ١٩٢١ سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەورامانی کردووە. ساڵی ١٩٢٦ لە بەغداد کۆچیدواییکردووە. خاوەنی کتێبی (عەرەبی لەنێوان هەردوو ڕووباردا)، (نامەکانی بیل)ـە لە دوو بەرگدا. نازناوی (خاتوون)ی پێدراوە. لە نامەیەکیدا، کە لە هەورامانەوە و بە (ئۆرمان) ئاماژەیپێکردووە و لە ڕۆژی ١٣ی ١١ی ١٩٢١دا بۆ باوکی ناردووە، باسی ناوچەکە دەکات و بە چەند پەرەگرافێک لەسەر (بەگەکانی هەورامان، شێخ حیسامەدین، شێخ عەلائەدین، گوندی باخەکۆن، سروشتی ناوچەکه، ناوبازاڕی هەڵەبجه و عادیلەخانم... ) قسەدەکات و کۆنترین وێنەی ناوبازاڕی هەڵەبجه، کە تا ئێستا لەبەردەسدا بێت، لەلایەن ئەم خانمەوە تۆمار دەکرێت.
ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەرێکی ئێرانییە. ساڵی ١٩٥٥ لە نزیک (تاران) لە ئێران لەدایکبووە. لە تەمەنی ٢٢ ساڵیەوە ئاشنای هونەری وێنەگرتن بووە. لەگەڵ بەرپابوونی شەڕی هەشت ساڵەدا، وەک فۆتۆگرافەرو ڕۆژنامەنوس دەچێتە بەرەکانی جەنگەوە. ئەندامی ئەو تیمە ڕۆژنامەوان و هەواڵنێرانە بووە، کە لە گرتنی هەڵەبجەدا، شاری خورماڵی پێدەسپێررێت. وێرای ڕوماڵکردنی ڕوداوەکانی خورماڵ، چەند وێنەیەکی دەگمەنی بۆردومانکردنی هەڵەبجە تۆماردەکات. وێنەیەکی لە بەڵگەنامە زیندوەکانی تاوانی کیمیابارانی بەعسییەکانە. بە وێنەکانی بەشداری چەندین پێشانگای فۆتگرافی لە ناوەوەی ئێران دەکات. لە هەردوو کتێبی (بەهاری هەڵەبجە و هەڵەبجە)دا چەندین وێنەی چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
ناوی (عوسمان حەمەکەریم حەسەن کوردستانی)یە و بە (عوسمانی ڕەسام) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٥ لەگەڵ حەمەنووری کوردستانیی برایدا، کامێرایەکی کۆداک ١٢٠یی دەستکاریدەکات و دەیکاتە شەمسی و سێپای بۆ دروستدەکات. له نزیک دادگا (مەحکەمە) کار بە کامێراکەی دەکات و دواتر دوکانی کردووەتەوە. لە بەغدادەوە ئامێری لارجەری چاپ و کامێرای ٢٤ فلیمی دەهێننە هەڵەبجە و خۆیان بۆ یەکەمجار بە فۆتۆی زەڵم وەک کارتی جەژنەپیرۆزە، چاپدەکەن. ساڵی ١٩٦٩ دەبێتە خاوەنی ژمارە(١)ی ناسنامەی فۆتۆگرافەرانی عێراق. ساڵی ١٩٧٠ هاوکاری هێنان و دروستکردنی سینەما بووە بۆ شاری هەڵەبجە. چەند شتێک دروستدەکات و وێنەی هاوڵاتی لەپاڵیاندا دەگرێت، لەوانە فیل و ورچ و کۆپتەر. لە بۆردومانی ساڵی ١٩٧٤ دوکانەکەیان بەرکەوتووە. لە کاتی شۆڕشدا وێنەی چەندین شاند و پێشمەرگەی گرتووە. پاش گەڕانەوەی لە ئاوارەیی و وڵاتی ئێران بۆ هەڵەبجە، ستۆدیۆیەکی نوێی دامەزراندووە و لەلایەن حەمەنووریی برای و کوڕەکانییەوە بەڕێوەبراوە، تا کیمیاباران. دوای ڕاپەرین دووبارە ستۆدیۆکەی کردووەتەوە و تا ئێستا بەردەوامە. ئەرشیفی ٣٨ هەزار جامی ستۆدیۆی لای خۆی پاراستووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
بە (فەریق هەیاس هانەدنی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٣ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. زیاتر لە ١٣ ساڵە سەرقاڵی کاری فۆتۆگرافییە و نزیکەی ١٠ هەزار وێنەی سروشت و کەسایەتییەکانی گرتووە و ئەرشیفی کردوون. لە فیستیڤاڵەکانی: هەنار، جەژنی پیشالیار، هەورامان و نەورۆزدا، فۆتۆکانی گرنگی پێدەدەرێت. ماوەی چوارساڵە کاری فۆتۆ و ڤیدیۆ بۆ سایتی شارپرێس لە سنوری هەڵەبجە و هەورامان دەکات. چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوە حکومییەکانی سنورەکەوە پێبەخشراوە. لە چەند پێشانگایەکی هاوبەشی وێنەییدا، بە وێنەکانی بەشداریکردووە. وەک کامێرامان لە چوار کورتەفلیم بەشداریکردووه. لەوانە: (کورتەفلیمی ژن، کورتە فلیمی ڕژان، کورتەفلیمی عەشقێک لەخانەقادا).
ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەرە. ساڵی ١٩٦٠ لە تاران لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٤ وەک ڕۆژنامەوان لە ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامی کاریکردووە. هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم و هونەری پلە سێی وەزارەتی فەرهەنگە. لە ماوەی جەنگی عێراق – ئێراندا سەردانی زۆربەی بەرەکانی جەنگی کردووە. لە ١٨ی ٣ی ١٩٨٨وەک ڕێنماییکردنی تیمێکی ڕۆژنامەوانی، سەردانی هەڵەبجە دەکات. چەندین وێنەی گرنگی دیمەنی تاوانەکانی گرتووە. وێنەکانی بەڵگەیەکی زیندوون لەسەر تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە.