کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1194 بابەت

عەبدولمەجید مستەفا

ناوی (عەبدولمەجید مستەفا عەلی حەمەشەریف)ـە. ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی (بۆین) لەدایکبووە. وەک پۆلیس دامەزراوە و چووەتە بەغداد و تا ساڵی ١٩٦٣ خانەنشین بووه،‌ ئەو کارەیکردووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. بۆ شایی و ئاهەنگی زەماوەند لە گوندەکاندا بانگهێشتکراوە و شمشاڵی لێداوە. کاسێتی شمشاڵی تۆمارکراوی هەیە. ساڵی ١٩٩٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی سەروو بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شمشاڵژەن

عەلی عابدی

موزیسیانە. خاوەنی ئاواز و وتنی سرودی لاوکی هەڵەبجەیە. ناوی تەواوی عەلی مستەفا ساڵحە، ساڵی ١٩٧٠ لە سەردەشت لە دایکبووە. لەساڵی ١٩٧٦ وە تۆمارگایان هەبووە بە منداڵی ئاشنای هونەری ڕەسەن و هونەرمەندانی ناوچەکانی کوردستان بووە. زیاتر لە ٤٠ ساڵ ماڵەکەی وەک فێرگە و بنکەی میوزیک بووە. بەرپرسی مۆسیقای سەردەشت بووە. لە زیندوڕاگرتنی کیمیابارانی سەردەشتدا ڕۆڵی هەبووە. بە بینینی دیمەنەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە تووشی شڵەژانی دەروونی و خەمۆکی بووە. دوو سرودی بۆ هەڵەبجە داناوە. لە شارەکانی سەردەشت، سنە، ئیسفەهان، هەمەدان، تەورێز، هەڵەبجە، بۆ یادی هەڵەبجە، بەشداربووە. چەندین هونەرمەند ئاوازەکانیان خوێندووە، لەوانە: ژاڵە، هێدی، تارا ڕەسوڵ، کامەران عومەر، حەمید عوسمان..هتد. لەگەڵ زۆرێک لە هونەرمەندان ژەنیاریکردووە، لە وانە: نەجمەدین غوڵامی، عەلی زەندی، تاهیر خەلیلی، کامەران عومەر، ئەردەوان ڕۆستەم پور..هتد. پەندی پێشینانی بە شمشاڵ و حوزوری قالەمەڕە تۆمارکردووە و چوار کتێبی لە باشور و خۆرهەڵات بڵاوبوونەتەوە. داوەری میهرەجانی بەیت و حەیرانی سەردەشتی کردووە. دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای سەردەشت و سروە و نەکەرۆز بووە. یەکەم کەس بووە لە خۆرهەڵات ئاوازی بۆ شیعری نوێ داناوە و تێکەڵی گۆرانی کردووە. خێزانی پێکهێناوە. لەپای خزمەتەکانی بە هەڵەبجە، ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و کاروباری شەهیدان و شارەوانی و کۆمەڵەی قوربانیان و ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە، لەهۆڵی د. مستەفا زەڵمی، ڕێزلێنانی بۆکراوە.

عومەر حەمەڕەحیم حەمەشەفیق

بە دانا هەلەبجەیی ناسراوەو ژەنیاری کەمانە. ساڵی ١٩٦٥ لە گەرەکی پاشا لە هەلەبجە لە دایکبووە. قۆتاغی ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووەو دواتر لە هۆڵەندا بەکالۆریۆسی لە بەڕێوەبردن بە دەستهێناوە. ساڵی ١٩٨٣ تیپی مۆسیقای شەمی لە هەڵەبجە دامەزراندووە، کەچەندین بەرنامەو کاری هونەریان پێشکەشکردووەو وەک یەکەم تیپی جازی ڕۆژئاوایی بۆ ماوەی چوارڕۆژ لە هەڵەبجە گۆرانی و مۆسیقایان پێشکەشکردووە. دوای کیمیاباران بە نهێنی لە سلێمانی بەرهەمیکی ( ١٠ تراکی) یان تۆمارکردووەو دوای ڕاپەڕین یەکەمین یادی هەڵەبجەیان کردووەتەوە. ئامادەکارو پێشکەشکاری بەرنامەکانی دادگای هەلەبجەیە.سەرۆکی دەزگای مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیە لە لاهای، ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەوانی کوردستان و نێوەنەتەوەیی و ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ئەمینستی ئینتەرنەشناڵە. خێزاندەرەو خاوەنی دوو منداڵە، لە هۆڵەندا نیشتەجێیە.

فازل محەممەد عەبدولکەریم

ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی هونەری و ئەدەبی کردووە. لەوانە: فیستیڤاڵی (چوارپارچەی کوردستان بۆ گۆرانی و میوزیک، یادەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە، گوڵەهەنار، باخی میر، هەورامان، ئەنفال) و چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، لەوانە: خەڵاتی(چوار پارچە بۆ گۆرانی و میوزیک، پارێزگای هەڵەبجە، پەروەردە، تەلەفزیۆنەکانی زاگرۆس و کوردستان و سەندیکای هونەرمەندان، کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی). ئەندامی سەندیکای هونەرمەندان و کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی و دەزگای هونەریی پەیامە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی گروپی میوزیکی هەڵەبجەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. پیشەی فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی چالاکیی هونەری لە هەڵەبجە.

فریشتەکانی مۆسیقا

ئەو مۆسیقارە میللی و قەلەندەرانەن، کە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقاکانی سنوری هەڵەبجە و هەوراماندا شمشاڵیان ژەنیوە و دەفیان لێداوە. زۆرێک لەم هونەرمەندانە گومناون و نەناسێنراون. وەک دەروێش ئەمینی دەفژەنی مزگەوتی تەکیە و دەروێش عەبدوڵای خانەقای بیارە (کە گۆرانی شاعیر بینیویەتی و هۆنراوەی "بۆ فریشتەی مۆسیقا"ی بۆنوسیوە). دەیان زوڕناژەن، شمشاڵژەن، دەهۆڵکوت لە سنورەکەدا وەک فریشتەی نادیار خزمەتیان کردووەو زانیاری لەسەر ژیانیان لە بەردەست نییە.

فریشتە محەممەد ئەوڕەحیم

لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەری تیپی هونەریی مەشخەڵی کچانە. ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی شاهۆ و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجەی کچان خوێندووە. دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥ـە. ئاوازدانەرێکی دیاری تیپی مەشخەڵی کچان بووە و زیاتر لە ٢٠ ئاواز و هۆنراوەی داناوە و بە سروود و گۆرانی لە لایەن کچانی تیپەکەوە وتراون و لە سێ کاسێتدا تۆمارکراون، بەشێک لە ئاوازەکانی کلیپکراون و لە تەلەفزیۆنی بزوتنەوە و پەخشکراون، لە ناو هەڵەبجەدا بڵاو و ناسراون. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە، پیشەی مامۆستایە و لە شاری هەڵەبجە دەژی.

کرمان جەلال نادر

ساڵی ١٩٨٨ لە (کرمان) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی میوزیکە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی. چەندین بەرهەمی میوزیکی لەگەڵ گروپی مۆسیقای هەڵەبجە پێشکەشکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانە لە لقی هەڵەبجە. لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا خەڵاتی وەرگرتووە. لە ئێستادا مامۆستای هونەرە لە قوتابخانەیەکی ناوشاری هەڵەبجە.

مامە عەزە

ناوی (حەمەعەزیز حەمەکەریم حەمەئەمین)ـە. ژەنیاری ئامێرەکانی (کەمان، عود، سەکسیفۆن)ـە. ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی پیشەسازی لە هەڵەبجە خوێندووە. ئەندامی تیپی مۆسیقای شنروێیە و لە تەواوی چالاکییەکانی ئەم تیپە لە ساڵی ١٩٨٠ و تا ئێستا بەشداریکردووە. لە زۆربەی فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە و پڕۆگرامە موزیکییەکانی تیڤییەکان و ئاهەنگ و بۆنەکانی جاراندا بەشداربووە. لە زۆر بەرنامەی تایبەت بە هونەرمەندان وەک موزیسیان بەشداربووە. لەوانە بەرنامەی تایبەت بۆ هۆشیار حەمەفەرەج و ئازادە ڕەش و ئاهەنگەکانی ڕێزلێنانی هونەرمەندان... هتد. لە بەرهەمە تۆمارکراوەکانی تەلەفزیۆن ساڵی ١٩٨٣ بۆ هونەرمەندان (محەممەد ئیبراهیم عەبدول، عوسمان کەیمنەیی) و ئۆپەرێتی (سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە)، وەک موزیسیان و ڕێکخەری چەند کارێکی هونەری بەشداربووە. خاوەن بەرهەمی مۆسیقی مارشی پەروەردەیی (لەخەو هەستن)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و باوکی موزیسیانی جوانەمەرگ ڕێهات عەزیزە. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە.

محەممەد ئەحمەد عەزیز

ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (گوڵپ) لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. لە چالاکییە هونەرییەکانی خورماڵ و هەوراماندا بەشداریکردووە و کاری میوزیکی بۆ چەند شانۆگەرییەک کردووه، لەوانە (لەم وڵاتە چ باسە، غاز، بەڵێن بدە، حەسرەتەکانی شارێک، ئەرک و ماف). خاوەنی ١٨ بەرهەمی تۆمارکراوە و پێنج لەو بەرهەمانە وێنەیان گیراوە. بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە و هەورامانی کردووە. بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەڕێوەبەری تیپی هونەریی پێشەنگ بووە. چەند بابەتێکی بۆ ڕۆژنامەکان نوسیوە و چەند هۆنراوەیەکی کراون بەگۆرانی. ئامادەکاری بەرنامەیەکی ڕادوێیی بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ٤ منداڵە، لە ‌ئێستادا بەڕێوەبەری بەشی ڕۆشنبیری و هونەریی خورماڵە.

میر ئەکبەر کەریم

ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تاقیگەی پزیشکییە و ساڵی ٢٠١٩، لە ساڵی ٢٠٢٣ و لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بەکالۆریۆسی لە زانستی تاقیگەی پزیشکی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٠وە دەستیکردووە بە تەنبوور ژەنین و لەو بوارەدا گەنجێکی بەهرەمەندە و لە چەندین کۆنسێرت و بەرهەمی هونەری لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا بەشداریکردووە.

مینەی لوولەکژەن

ناوی (حەمەئەمین کەریم)ـە. گەرچی لە هەندێک سەرچاوەدا هاتووە، کە ساڵی ١٩٠٦ لە گوندی بیاوێڵەی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە، بەڵام خەڵکی گوندی (چەشمییەر)ـە لە هەورامانی خۆرهەڵات و پێدەچێت لەو ساڵەدا هاتبنە باشور و لە بیاوێڵە گیرسابنەوە. دوای مردنی باوکی ئەرکی بەخێوکردنی خێزانی دەکەویتەسەر. بە منداڵی ئارەزووی شمشاڵژەنینی کردووە و بێئەندازە سەرسامی هەوا و ئاوازی مینە جەلیلەیى بووە، کە گاوانی دێکەیان بووە، لەبەرئەوە دەکەوێتە شوێن ئەو هونەرمەندە و ڕۆژانە لەگەڵیدا چووەتە دەرودەشت و سەرپەرشتی گاگەلەکەی بۆکردووە. بێجگە لە مینە جەلیلەیی، سوودی لە بەهرەی هەیاس هاواری و حەمەئەمین سۆفی عەلی یاڵانپێیش وەرگرتووە. لەگەڵ دەروێش عەبدوڵای ناوداردا لە خانەقای نەقشییەکان شمشاڵی لێداوە و لەگەڵ حەسەن زیرەک و هونەرمەندی میللیی هەڵەبجە مەحموودی شێرالیش ئاهەنگی گێڕاوە. هاوڕێ و هاومەشرەبی ئەحمەدموختارجاف بووە و یەکێک بووە لە شۆڕشگێڕەکانی، تا دوا ساتی شەهیدبونیش، بەجێینەهێشتووە. چەند ساڵێک لە سنە دەژی. بەهرە و توانای شمشاڵەکەی دەبێتە بناغەیەکی باشی کەلەپووری شمشاڵ و ئاوازەکانی دەگوازرێنەوە بۆ نێو ئاهەنگ و تیپە موسیقیەکانی دواتر. چەند ئاوازێکی تایبەتی هەبووە. وەک ئەحمەد بەگی، هەوارە لانکێ، کەتان لەمل. هتد. ناوی بۆ کونەکانی شمشاڵەکەی دانابوو. دووجار هاوسەرگیری کردووە. هاوسەری دوووەمی خەڵکی سازان بووە و لەم هاوسەرەی حەوت منداڵیان بووە. کاسێتی تۆمارکراوی هەیە. لە ساڵی ١٩٧٨ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە مەزاری شەهیدان بەخاکسپێرراوە.

نەورۆز فڵامەرز

ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. لە سەرەتای لاوێتیدا شوانی کردووە و فێری شمشاڵ ژەنین بووە، لە ئاهەنگ و بۆنەکانی گوندەکەیاندا بەشداربووە بە سۆزەوە شمشاڵی ژەندووە و هەندێک لە سۆزەکانی بە تۆمارکراوی ماون. مامۆستا ئازاد حەمدی یەکەم کەس بووە دەنگی شمشاڵەکەی بۆ مام نەورۆز تۆمارکردووە. لە ساڵی شەستەکاندا مامۆستای گوندی هاوار بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی هەشت منداڵ بووە. ساڵی ٢٠١٢ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شمشاڵژەن

نەوزاد محەمەد عەلی

موزیسیانە. لە ژەنیارانی تیپی مۆسیقای شنروێیە. بە نەوزاد سۆفی ناسراوە، ١٩٦٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکیە ساڵی١٩٨٦. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. هاوڕێی نزیکی مامە عەزە و ئازاد ساڵح و ئاراسی شێخ جەمالە. ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.

هەڵکەوت محەممەد ئیبراهیم

ساڵی ١٩٥٩ لە عەبابەیلێ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە عەبابەیلێ و هەڵەبجە و پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٨٠ لەگەڵ تیپی مۆسیقای هەڵەبجەدا کاریکردووە و دواتر ژەنیاری تیپی مۆسیقای شنروێ بووە. لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای (شەم)ـە، کە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە. بەشداری ئاهەنگ و کۆنسێرتەکانی ئەو دەمەی کردووە. لێپرسراوی تیپی مۆسیقای مەولەوییە. ماوەیەک سەرپەرشتیاری هونەری و پەروەردەی میوزیک بووە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

هەیاس و ناوخاس

دوو شمشاڵژەنی بەناوبانگی کاکەیین. لە هەردوو گوندی (هاوار) و (دەرەتفێ) ژیاون. خاوەنی ئاوازی تایبەتی خۆیان بوون. خۆیان و لوولک و شمشاڵەکانیان دروستکردووە. ناوخاس دەرەتوێیی لە داری کێکف، شمشاڵێکی مەحکەمی دروستکردووە. ئاوازێکی ژەندووە تایبەت بە دوو دڵدار، کە نەیانهێشتووە پێکەوە قسەبکەن و بەو ئاوازە گفتوگۆیان کردووە. ئاوازی چەمەری و ڕەسمی مردووناشتنیان لێداوە. مامۆستای چەندین شمشاڵژەن بوون، لەوانە: مراخان شاکەرەم، نەورۆز، عەبدولکەریم هەوارەکۆنی، محەممەد، مینەی لوولەکژەن...

زیاتر بزانە
شمشاڵژەن

یاسین عەلی حسێن

موزیسیان و ڕۆژنامەوانە. بە(ڕێناس) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا هەیە. لە بواری میوزیکدا خاوەنی چەندین ئاواز و هۆنراوەیە. کەسی دیاری ڕەوتی سروودبێژییە لە هەڵەبجە و چەندین سروودی تۆمارکراوی هەیە. بەشداری کارای لە ساڵیادەکانی هەڵەبجەدا کردووە. نوسەر و دەرهێنەری چەند بەرهەمێکی شانۆییە، لەوانە: مامۆستا، یاساو دارستان، گەشتی زانستی. چەندین ئۆپەرێتی بۆ باخچەکانی ساوایان نوسیوە. سەرپەرشتی چەندین فیستیڤاڵ و چالاکیی میوزیکی کردووە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڤاری (ڕابەر) بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە شاری هەڵەبجە دەژی.

جەلالەدین نەجمەدین تەها

خۆشنوس، شاعیر و ڕۆژنامەوان و پارێزەرە. بە (شێخ زادە) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە. دبلۆمی لە ئەندازیاریی ڕوپێوی و بەکالۆریۆسی لە یاسا و ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە. بەهۆی بەخشینی کوڕاسە خەتیەکەی مامۆستا هاشم بەغدادی لەلایەن مامۆستا سەرکۆ عەزیز ئەمینەوە، ئاشنای خۆشنوسی بووە. ساڵی ١٩٨٤ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، فەرمانگەی هونەرەکانی شێوەکاری، لقی خەتی عەرەبی، مۆڵەتی خۆشنوسی پێدراوە و کۆمەڵەی خۆشنوسانی عێراقی پشتگیرییان کردووە. وەک خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەر و جێگری سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسین و ئەندامی دەستەی نوسەران و نوسەر و وەرگێڕ و دامەزرێنەر لە چەند ناوهن‌دێکی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی کاریکردووە. سەرپەرشتیاری دووەمین فیستیڤاڵی هەڵەبجەی شەهید بووە. بەرپرسی لقی هەڵەبجەی کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی کوردستان و سەرپەرشتیاری تیپی هونەریی پەیام و دەستەی دامەزرێنەری یانەی وەرزشی پەیام و ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەکە بووە. ساڵی ١٩٨٦ پێشانگای تایبەتی خەت و زەخرەفەی خۆی لە بەغداد کردووەتەوە. دیزاین و نوسینی بۆ دەیان بەرگی کتێب و نامیلکە و گۆڤار نوسیوە. ساڵی ١٩٨٦ بەشداری یەکەمین پێشبڕکێی خۆشنوسی نێودەوڵەتیی ئەستەنبوڵی کردووە. ساڵی ١٩٩٨ یەکەمین فیستیڤاڵی خۆشنوسی هەولێری کردووە. دیوانی شیعری (شنەی سۆز) و (ڕۆژمێری زانستی بۆ سەد ساڵ) چاپ کردووە. گەلێک فەرمودە و ئایەت و تابلۆی سەر دووکانی لە هەڵەبجەدا نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. لە شاری هەولێر دەژی.

دیاری نەزهەت عەلی

نیگارکێش و خۆشنوسە. بە (مەلا دیاری) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە تەویڵە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ دوکانی نیگارکێشی و خەتخۆشی لە هەڵەبجە داناوە. گەلێک تابلۆی بۆ شوێنە گشتی و تایبەتەکان لە دووکان و بازاڕەکانی هەڵەبجە و زۆربەی نوسینی سەرکێلی قەبرەکانی نوسیوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە شارەدێی تەوێڵە دەژی.

رەفعەت قادر حەسەن ئەمین

بە رەفعەتی خوشنووس ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، ئامادەیی لە سانەوی (محمد سلیمان) ی ئێواران لە بەغداد تەواوکردووەو ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجەی شەهید، لە ساڵی (١٩٩٨) ەوە دوکانی هونەری خۆشنووسی داناوە و تا ئێستا لەسەر کارەکەی بەردەوام. نووسەرە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید. لە ١٢/٩/٢٠١٢ کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەڵەبجەیان دامەزراندووە و بە دەنگدان بووە بە بەرپرسی کۆمەڵەی خۆشنووسانی هەڵەبجە. کتێبێکی چاپکراوی هەیە بە ناوی (پەندەوانە). پێشتر لە (کۆمەڵەی خوشنووسانی کوردستان) ئەندام بووە. نزیکەی شەش ساڵیش بەرپرسی راگەیاندنی (ب.گ. پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید) بووە. نووسینی زیاتر لە ٢٠٠٠ ناوی سیانی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر گڵکۆی مەزاری شەهیدان و نوێکردنەوەی نووسین لەسەر کێلی کۆچکردوان. نووسینی زیاتر لە ٥٠٠٠ تابلۆی ژمارەی کارەبای ماڵان بە فڵچە و بۆیاخ. نووسینی لافیتەی قوماش و لۆگۆ و تابلۆی جۆراوجۆری سەر جادە و کۆمپانیا و فەرمانگە حکومییەکان و دوکان و بازاڕی هەڵەبجە و دەوروبەری. دیزاین و دروستکردنی تابلۆی سەر جادە و دوکان و دائیرە و کۆمپانیاکان بەلەزگە و لەسەر شووشە و ئاسن و فلێکس لەگەڵ دروستکردنی چوارچێوە بۆیان بە ئاسن و لەحیم بۆ شوێنە گشتییەکانی ناو شار و دەرووبەری. خێزاندارەو خاوەنی پێنج منداڵە. نیشتەجێی شاری هەڵەبجەیە.

ساڵح ئەمين عەزيز

ساڵی ١٩٦١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پاش تەواوکردنی کۆلێژى ئاداب‌ لە زانکۆى بەغداد، وەک مامۆستا دامەزراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە کارەساتى کيميابارانى هەڵەبجەدا برینداربووە. ‌ساڵی ١٩٩٥ چووەتە وڵاتى ئەردەن و وەک وانەبێژ دەستبەکاربووە و دواتریش لە وڵاتانی تونس و لیبیا مامۆستایەتی کردووە. لە وڵاتى ليبيا بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. چەند کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (مێژووى سەرەتاى ئيسلام و ڕاشيدين و ئەمەوى و عەباسى، هەرێمە فيدراڵيیەکانى خەلافەتى عەباسى، جوان به ‌دەستنوسين و خۆشنوسە ناودارەکان، هونەرى نەخشاندن). کتێبى (پوختەى مێژووى کۆن)ى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی چەندین توێژينەوە. (کوڕاسەى خۆشنوسى و ڕاڤەکردنى بەدرێژى) داناوه. چەندین پێشانگاى خۆشنوسى لە بەغداد و وڵاتەکانى: کوێت، ليبيا، تونس، تورکيا و ئێران کردووەتە‌وە. لە ماوەی جیاوازدا ئەم پۆستانەی بینیوە: سەرۆکى بەشى زمانى ئينگليزى لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتیى زانکۆی هەڵەبجه، ڕاگرى فاکەڵتى زانستەمرۆڤايەتيەکان‌، ياريدەدەرى سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بۆ کاروبارى کارگێڕى. ساڵى ٢٠١٦ نازناوى پرۆفيسۆرى ياريدەدەرى وەرگرتووە و لەئێستادا مامۆستايە لە زانکۆى هەڵەبجە لە بەشى مێژوو.

پێشتر 1
...
29 30 31
...
60 دواتر