بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی پەرستارییە و دواتر پەیمانگای چاودێریی منداڵانی لە وڵاتی بەریتانیا تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. چەند کتێبێکی نوسیوە و وەرگێڕأوە، لەوانه: (چاو و پەناگە ئیمانییەکان، لەخۆگرتن لەژیانی بانگەواز و بانگخوازدا، وەرگێڕان، ئازادییە گشتییەکان لەدەوڵەتی ئیسلامیدا، سەرگوزەشتە لە مێژوو، دواندنی منداڵ کاتێک گەورەیەک شێرپەنجەی هەیە).
ساڵی ١٩٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە و بەشی ئاداب - ئینگلیزی لە زانکۆی گەرمیان تەواوکردووە. ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢١ (کتێبخانەی محەممەد) و ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣(کتێبخانەی ئایندە)ی لە شاری هەڵەبجە کردووەتەوە. تا ئێستا چوار کتێبی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی (جادووی سوپاسگوزاری، هێز، سەرکەوتووەکان چۆن بیر دەکەنەوە، باوکی زەنگین باوکی هەژار).
نوسەر و ئیمامی مزگەوتە. بە (حسامەدینی سانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ئێران زانستە شەرعییەکانی خوێندووە. لە بونیادنانەوەی خانەقا و مەدرەسە ئاینییەکان و مەرقەد و مزگەوتی مەشایخی نەقشبەندی لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچکەی تەوێڵە، کاریکردووە. لە ئێستادا لە هەڵەبجە سەرپەرشتیار و ئیمامی خانەقای هەڵەبجە و مەرقەد و خانەقای تەوێڵەیە. دوو کتێبی چاپکراوی بڵاوکردووەتەوە بەناونیشانەکانی: (بەیداخهەڵگرانی ڕێبازی حیسامی، کورتەیەک لە سراج التالبین).
نوسەرە. ساڵی ١٩٥٤ لە هەڵەبجە لەگەڕەکی سەرا لە دایکبووە. هەر لەوێ سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و ساڵی ١٩٧٦ ئامادەیی تەواوکردووە و لە ئاماری هەڵەبجە دامەزراوە و لە گەڵ دامەزراندنی دەزگای هاندانی وەبەرهێناندا، ڕاژەکەی گواستووەتەوە. زانیاریی زۆری لەسەر باری ژیان و گەشەی هەڵەبجە هەیە. چەندین وتاری لەسەر هەڵەبجە نوسیوە و چەند بەرهەمێکی وەرگێڕاوە. خاوەنی کتێبی هەڵەبجە، یادەوەریی و شارستانیێتییە. خێزاندارە، خانەنشینە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.
نوسەر، لێکۆڵەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی (محەممەدی مەلا کەریمی مودەڕیس)ـە. لە ١٤ی ٨ی ١٩٣١دا لە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی فەقێیەتی لە بیارە و سلێمانی خوێندووە. لە سەرەتای لاوێتییەوە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە ساڵانی ١٩٤٩ -١٩٥٠دا گۆڤاری (العروة الوثقی) بە دەستنوس دەرکردووە. دواتر لەگەڵ چەند فەقێیەکی هاوڕێی گۆڤاری (دەنگی فەقێ)ی دەرکردووە. پەیوەندیی لەگەڵ بزوتنەوەی نیشتیمانی هەبووە و ئەندامی لیژنەی ئاشتیخوازانی سلێمانی بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٥٤ بۆ ١٩٦٧ چوار جار دەستگیراوە. لە ژمارەیەکی زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامەدا کاریکردووە و نوسینی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە گۆڤارەکانی شەفەق، هیوا، توتن، ئیسلاحی زەراعی، بەیان، ڕەنگین و ڕۆژنامەی ئازادی، تەئاخی، برایی، الفکر الجدید-بیری نوێدا کاریکردووە. تا کۆچیدوایی، ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی بووە لە هەولێر. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. زیاتر لە ٣٠ کتێبی چاپکراوی بە نوسین و وەرگێڕان هەیە، لەوانە (ضوء علی الوضع فی الإیران، جەنگاوەرێکی ڤێتنامی، شیرین و خوسرەوی خانای قوبادی، کردستان فی سنوات الحرب العالمیة الأولی، نالی لە کڵاوڕۆژنەی شیعرەکانییەوە، مەولەوی ژیان و بەرهەمی،..). ساڵی ٢٠٠٧ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە لە گردی مامەیارە بەخاکسپێراوە.
نوسەر، چالاک لە کەیسەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیە. ناوی (محەممەد محەممەد سەعید محەممەد بارام)ـە. ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی گۆمەلاری سەر بە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. تەنها خۆی و خوشکێکی لە خێزانەکەیان لە کیمیابارانی هەڵەبجە ڕزگاریان بووه و ئاوارەی ئێران بوون. پاش ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە. لە ڕێکخراوی یۆنۆپسی سەر بە UN وەک مینهەڵگرەوە دامەزراوە و دواتر بووە بە پێشمەرگە. لە ساڵی ٢٠١١وە ڕاژەکەی گواستووەتەوە بۆ مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە و وەک فەرمانبەر کاردەکات. لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە بووە بە بەڕێوەبەری مۆنۆمێنت. خاوەنی چوار کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (منداڵەونبووەکان، مۆنۆمێنێتی هەڵەبجە، پێناسەیەک بۆ جینۆساید).
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (محەممەد کوڕى مەلا محەممەد حەمەمیرزا هەورامانی)یە و بە (مامۆستا محەممەد) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندى (هانەیدن) لەدایکبووە. بەشى دەروونناسى لە زانکۆی کەرکوک تەواوکردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. خاوەنی نزیکەی چل کتێبی نوسین و وەرگێڕانە لە زمانی عەرەبییەوه، لەوانه: (مافى ئافرەت، ٢٥ هەڵە لە پەروەردەکردنى منداڵ، مەلا محەممەد حەمەمیرزا هاورامانى، خۆزگە مەلێک بام، چارەسەر، ژیانت نوێ بکەرەوە، ژینگە دایکمانە). لە ئێستادا لە شارى سلێمانى نیشتەجێیە.
نوسەر، یاساناس و پسپۆڕی بواری شەریعەتە. ناوی (مستەفا ئیبراهیم محەممەد ئەمین زەڵمی)یه. ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی زەڵم سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووە، خوێندنی ئاینی لە مزگەوتەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواوکردووە، ساڵی ١٩٤٦ لای مەلا نورەدینی جەلیزادە لە کۆیە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. تاقیکردنەوەی سەرەتایی و ناوەندی بە شێوەی دەرەکی ئەنجامداوە، ئامادەیی لە بەغدا خوێندووە، ساڵی ١٩٦٥ بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە، خاوەنی دوو بڕوانامەی ماستەر و دوو بڕوانامەی دکتۆرایە لە فیقهی بەراوردکاری و یاسادا. ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ١٩٥٥ لە زەڵم دەرسی بە فەقێیان وتووەتەوە، ساڵی ١٩٥٥ وەک ئیمام لە سوپای عێراقیدا ئەرکی بەجێهێناوە، ماوەیەک مامۆستای مزگەوت بووە لە سلێمانی، ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ٢٠٠٨ مامۆستای زانکۆ بووە، سەرپەرشتی زیاتر لە سەد ماستەرنامە و دکتۆرای کردووە، لە پای ئەو خزمەتانەی کردوویەتی، لە ئاستی باڵای وڵاتاندا دەیان خەڵاتی پێبەخشراوە. ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بووە بۆ کاروباری ئاینی، بەشداری داڕشتنی دەستوری لە چەند وڵاتدا کردووە، شەقامێکی سەرەکی لە شارۆچکەی خورماڵدا بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. خاوەنی کۆمەڵێکی زۆر لە توێژینەوەی زانستییە لە بواری ئاین و یاساکاندا، کە لە ژیانی خۆیدا هەمووی کۆکراوەتەوە و لە ٢٦ بەرگدا بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (الأعمال الکاملة للزلمي) چاپکراوە، پاشان وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی بە ناونیشانی کۆبەرهەمی مستەفا زەڵمی چاپکراون. ساڵی ٢٠١٦ لە هەولێر کۆچیدواییکردووە و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی و لەسەر ئەرکی خۆی لە خورماڵ مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری و توێژینەوە بە ناویەوە دروستکراوە و کتێبەکانی پێشکەش بەو مەڵبەندە کردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.
نوسەر، پێشنوێژ و وتاربێژە. ناوی (مستەفا محەمەد جەعفەر عەباس)ـە و بە (مستەفا محەمەد گوڵپی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندى (گوڵپ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنى چوار منداڵە. لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە. خاوەنی ١٧ کتێبى چاپکراوە، لەوانە (چۆنیەتى عومرە هەنگاو بەهەنگاو، ڕۆح چییە؟، ئامۆژگارییەکانى خێزان، ئاینەکەت بناسە، تەفسیر و بەیان بۆ موفرەداتى قورئان).
نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (موئمین یاسین محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٨٥ لە گوندی (زەڵم) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خۆرهەڵاتى کوردستان و خورماڵ و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ئینگلیزی بەدەستهێناوە. ماستەرى لە وڵاتی هیدستان و دکتۆرای لە وڵاتی تورکیا بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى سێ منداڵە. لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی مامۆستا بووە. بەڕێوەبەری ئەکادیمی و دڵنیایی جۆریی لە پەیمانگای تەکنیکیی گەشە بووە. لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و سەرۆکی بەشی وەرگێڕانی ئینگلیزییە لە زانکۆی جیهان لە سلێمانی. لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە وەک ڕۆژنامەوان، وەرگێڕ، نوسەر و پەیامنێر لەگەڵ چەندین دەزگای ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و جیهانی کاریکردووە. خاوەنی حەوت کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (کتێبی داعش لە کوێوە بۆ کوێ؟، جیهادی گەنجانی کورد لە سوریا؛ لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کۆمەڵە وتاری جۆماڵ، با گۆزەکە نەشکێت، عاریفی سەدەی ٢١ بە کوردی دەدوێت).
مێژوونوس، گەڕيدە، ئەنترۆپۆلۆگ، زمانەوان، ڕۆژنامەوان، ئەفسەرى هەواڵگریی سەربازیی و حاکمى سیاسى بەریتانییە. ناوی (ئەیلی بانستەر سۆن)ـە. ساڵی ١٨٨١ لەدایکبووە و لە ١٩٢٣ کۆچیدواییکردووە. ساڵی ١٩٠٩ بەناوى نهێنى (میرزا غوڵام حسێنی شیرازی)یەوە هاتووەتە ناوچەکە و چەند ساڵێک ماوەتەوە و دواتر لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەستبەسەرکراوه. پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، جارێکی تر لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە ڕاسپێرراوە تا سەردانی میزۆپۆتامیا بکات و بە شێوەی نهێنی زانیاری لەسەر ناوچەکە کۆبکاتەوە. بۆ ماوەی نۆ مانگ لە هەڵەبجە ماوەتەوە. ساڵی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٢ حاکمی سیاسيی ئينگليزەکان بووە لە سلێمانی و دژایەتی شێخ مەحموودی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتگوزاریی زۆری پێشکەشکردووە، لەوانە: ڕێگای سەرەکیی (سلێمانى - هەڵەبجە)ى کردووەتەوه، ماوەى ساڵێک لامەرکەزییەتی دارایی بۆ سلێمانی جێبەجێکردووە، کە هەڵەبجەش بەشێک بووە لەو یەکە کارگێڕییە. دەوترێت (لۆنێت سۆن)ی هاوسەری مێجەرسۆن، بەر لەوەی کۆچیدوایی بکات، خانووەکەی خۆی پێشکەش بە منداڵانی هەڵەبجە کردووە. سۆن، ژمارەیەک زۆر کتێبی نوسیوە لەوانە: (گەشتێک بۆ وڵاتە میزۆپۆتامیا "دوو بەرگ"، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سلێمانی ناوچەیەک لە کوردستان)، کە زانیاریی گرنگی لەسەر هەڵەبجە و شارەزوور و خاتوو عادیلەخانم و ئەو ماوەیە تێدایه، کە لەو ناوچەیە ماوەتەوە.
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (ناسیح ئیبراهیم محەممەد کەریم سازانی)یە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی سازانی سەر بە هەڵەبجە لەدایکبووە، لە بنەماڵەی شێخ مۆمنی سازانە، لە سازان خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە، خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە، ساڵی ١٩٨٩ پەیمانگای تەندروستی باڵای سلێمانی تەواودەکات و وەک یاریدەدەری پزیشکی دادەمەزرێت. ساڵی ٢٠٠٩ کتێبجانەی ئاویەر لە بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی دادەنێت، زیاتر لە دەکتێبی لە وەرگێڕان و نوسیندا بە چاپ گەیاندووە لەوانە: وەرگێڕانی کتێبی (صحیح البخاري)، وەرگێڕانی (تربیة الأولاد في الأسلام)، خوا پەرستی و کاریگەریی لەسەر پەروەردەی دەرون، گەشتی قیامەت)، ئێستا لە شاری سلێمانی دەژی.
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (ناسح کەریم عەبدوڵا)یە و بە (ناسحیی مەلا کەریم) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (مۆردین) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەهۆی ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی خەڵکی هەڵەبجە لە زانکۆ فەسڵکراوە و پاش ڕاپەڕین درێژەی بە خوێندن داوە. توێژینەوەکانی لە گۆڤارە ئەکادیمییەکان بڵاوکردووەتەوه، کە دوانیان تایبەت بووە بە کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە. ئەم کتێبانەشی بەچاپ گەیاندووە: (تێڕوانینێکی شەرعی بۆ یارییە وەرزشییەکان، ئاسایشی هزری لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، دەربارەی پەروەردە و سایکۆلۆژی ئیسلامی، گێچەڵی سێکسی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ناوی (ناجح محەممەد ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی (گوڵپ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری هەڵەبجە خوێندووە. کۆلێژی پزیشکی ڤێترنەری بەغدادی تەواوکردووە و وەک پزیشکی ڤێترنەری دامەزراوە. ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت لە زمانی ئینگلیزی زانکۆی هەڵەبجە وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٧ تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ پێشمەرگە بووە. لە بەرهەمە چاپکراوەکانی (پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان، ڕێزمانی هەورامی "پێنج بەرگ"، باسێوی فەرهەنگی دەگا و گوڵپی). ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
ڕأگەیاندکار، شاعیر و نوسەرە. ناوی (نامیق شەفیع ئەڵڵاکەرەم)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە شارەدێی (تەویڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و بەشێک لە ئامادەیی لە ئێران و سلێمانی تەواوکردووە. زیاتر لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە ڕاگەیاندندا کاریکردووە. لە چەند شانۆییەکیشدا بەشداربووە. بەشداری زۆرێک لە کۆنفڕانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە. ئەندامی فدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانانی جیهانە. جگە لە زمانی دایک، فارسی و عەرەبییش دەزانێت و پێی دەنوسێت. یارسانناس و پسپۆڕی زمان و کلتوری هەورامانە. خاوەنی ١٦ کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (تێکستی ژنان لە دەفتەرەکانی یارساندا، پەیڕەوکارانی یارسان لە کرمانجی سەروودا، هەورامی زمانی ئایینی یارسان، شێخی سەنعان بە هەورامی، مەموزین بەهەورامی). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە.
ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆیە. ناوی (نەزاکەت حسێن حەمەسەعید)ە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (تاوێرە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی و ئامادەیی لە ئۆردوگای نەسر و زانکۆی لە هەولێر تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری ڕاگەیاندن لە وڵاتی بەریتانیا بەدەستهێناوە. لە ئەنجامی کارەساتی کیمیابارانی ١٩٨٨ و کۆچڕەوی ١٩٩١، ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. خاوەنی دە کتێبی چاپکراوی تایبەت بە ڕاگەیاندنە، لەوانه: (هونەری ڕیکلامکردن و ڕیکلامسازی، بازاڕگەری و بازاڕگەریی میدیایی، سۆسۆلۆژیای ڕاگەیاندن، کێشەکانی میدیا لە هەرێم، میدیا و سۆشیالمیدیا ئاسەوار و کاریگەر، مۆدێلەکانی میدیا). ناسناوی زانستیی پرۆفیسۆرە و لە زانکۆی سلێمانی مامۆستایە.
ڕۆژنامەوان و نوسەرە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی ئیسلامی و ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ماوەی سێ ساڵ سکرتێری ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان بووە و ساڵێکیش بەرپرسی ئۆفیسی سەنتەری گەشەپێدانی لاوان بووە. لە گۆڤارى هێشتا، ڕۆژنامەی داهێنان، گۆڤاری هەژان کاریکردووە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (ئاین و پرسی نوێخوازی)یە. بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی هەژانە و تا ئێستا بەردەوامە.
ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری هەر لەو شارەدا بەسەربردووە. ساڵی ١٩٩٩ چووەتە وڵاتی ئەمریکا و لەوێ نیشتەجێبووە. ساڵی ٢٠١٢ بڕوانامەی ماستەری لە هونەرە جوانەکان بەدەستهێناوە بە نیگارکێشان و نوسینەوەی یادەوەرییەکان، ژیانی چەرمەسەری و بێکەسیی کوردی ڕوونکردووەتەوە. کتێبێکی نوسیوە بە ناونیشانی: (هەڵەبجە یاخود و چانێک لە سێبەری مەرگدا) لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاویکردووەتەوە، پێشتر لە کوردستان بابەتی پەروەردەیی منداڵانی لە گۆڤارە وەرزییەکانی وەک ڕێگای کوردستان و ڕۆژنامەی ئازادی و گۆڤاری سەردەم نوسیوە. لە بواری وێنەکێشاندا سێ پێشانگای هونەری لە دەرەوەی وڵات کردووەتەوە و لە دەیان پێشانگای هاوبەش لە ناو وڵات و دەرەوەی وڵاتدا بەشداریکردووە.
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (نیهاد جەلال حەبیبوڵڵا)یە. ساڵی١٩٨٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووه و بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕێنوێن و ماڵپەڕی سەلاحەدینی ئەیوبیە، لە زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بابەت و توێژینەوەی بڵاوکردووەتەوە، خاوەنی زیاتر لە پەنجا کتێبە لە وەرگێڕان و نوسین. لەوانە: ڕوانینێک بۆ مێژووی ئیسلامی، مێژووی خیلافەتی ڕاشیدین، دەوڵەتی عەباسی، فکری ڕۆژئاوا.
نوسەر و ڕوناکبیری عەرەبی عێراقە، لەسەر کیمیابارانکردی هەڵەبجە، پاکانەو گەردن ئازادی لە منداڵانی هەڵەبجە کردووە، حاشا و بێبەری بوونی خۆی لە ناسنامە عێراقی و عەرەبییەکەی ڕاگەیاند و وتی: لەبەردەم تۆ و هەمو خەڵکیدا هەست بەشەرمەزاری دەکەم، کە هەڵگریی هەمان ناسنامەی ئەو فڕۆکەوانەم، کە تۆی کیمیاباران کرد. ناوی هادی نوری سلمان علویە. ساڵی ١٩٣٢ لە بەغداد لە دایکبووە و ساڵی ١٩٩٨ لە دیمەشق کۆچیدواییکردووە. لە پای هەڵوێستی بۆ هەڵەبجە شاعیرانی کورد شیعریان بۆ نوسیوە، لەوانە عەبدوڵا پەشێو.