کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1194 بابەت

شێخ محەممەدی خاڵ

شێخ محەممەدی کوڕی شێخ عەلی کوڕی حاجی شێخ ئەمینی خاڵە (نوسەر و زمانزان و کەسایەتی) لە ساڵی ١٩٠٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی ئاینی لای باپیری و زانایانی سلێمانی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٣١ دەکرێت بە مودەڕیس و پێشنوێژی مزگەوتەکەی باپیری (مزگەوتی شیخ ئەمینی خاڵ)، ساڵی ١٩٣٩ پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوە دەبێت بە قازی ٢٨ ساڵ لە زۆر لە شارەکانی عێراقدا قازی بووە، ١٩٦٢ بووەتە ئەندامی مەحکەمەی تەمیزی شەرعی لە بەغداد. ساڵی ١٩٦٧ خانەنشین کراوە. مامۆستا جگە لە تەدریسی و دادوەریی، نوسەرێکی کارامە بووە و لە بوارەکانی تەفسیر و فەرهەنگ و فۆلکلۆر و زمان و مێژوو پەروەردە و ئاینیدا ٢٩ کتێبی چاپ کراوی هەیە. جگە لە نوسینە عەرەبیەکانی، مامۆستا جێگری کۆڕی زانیاریی کورد و ئەندامی کۆڕی زانیاریی عێراق بووە، لە سەرەتای دامەزراندنی بە دادوەریی، ساڵی ١٩٣٩ بووە بە قازیی هەڵەبجە. لە ١٥ی ٧ی ١٩٨٩ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

عەبەسوور

پەروەردەکار و نوسەرە. ناوی (عەبدوڵا حەمەئەمین عەبدولڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٤١ لە گوندی عەبابەیلێ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی و ناوەندی لە هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بۆ یەکەمجا وەک مامۆستا لە گوندی خەرپانی دامەزراوە. شارەزایی لە ڕێگەکانی وانەوتنەوە و تایبەتمەندی ئەلفبێی کوردی هەیە و هەوڵی زۆری لەو بوارەدا داوە. جگە لە بەشداریکردنی لە چەندین کۆڕ و کۆنفڕاس و خولی پەروەردەیی، سەرۆکی لیژنەی زانستەپسپۆڕییەکانی ئەلفبێ و سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت بووە. نوێنەری وەزارەتی پەروەردە بووە بۆ بەرهەمهینانی کارتۆنی پەروەردەیی، ئەندامی لیژنەی ڕاگەیاندن بووە و لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، لەگەڵ ڕێکخراوی m. a. g چەند کتێبی مەنهەجی بۆ خولەکان داناوە، لە چەندین پڕۆژەی پەروەردەییدا بە بیرۆکە و پێشنیاز بەشداریکردووە. جگە لە نوسینی دەیان وتار و بابەتی پەروەردەیی و بڵاوکردنەوەیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و چاوپێکەوتن، خاوەنی کتێبی مێژووی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی قوتابیانی کوردستانە لە سەرەتای پەنجاکانەوە تا ساڵی ١٩٦٠. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و شاری سێمانی دەژی.

عەبدولدائیم هەورامانی

نوسەر و ئەکادیمیی، پێشنوێژ و وتارخوێنە. ساڵی ١٩٧٨ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە، خوێندنی لە سلێمانی تەواوکردووە، پاشان دواناوەندی ئیسلامی خوێندووە، ساڵی ١٩٩٧ پەیمانگای پێگەیاندنی پێش نوێژ و وتاربێژی لە هەولێر خوێندوە، ساڵی٢٠٠١ ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتوە، کۆلێژی لە بەغداد خوێندووە، پاشان ماستەر و دواتریش بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە، پێشنوێژ و وتارخوێنی کۆمەڵێک مزگەوت بووە لە شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئێستاش بەڕێوبەری ڕێکخراوی (تاج العارفین)ە لە هەڵەبجە، هەروەها لە زانکۆی هەڵەبجەیش مامۆستایە. کتێبە چاپکراوەکانی: (العلامة عبدالکریم المدرس و منهجە في تفسیر القرآن و علومە، ئیعتیکاف سونەتێکی فەرامۆشکراو، اعداد البرکات الأحدیة في شرح الصمدیة للعلامة عبدالکریم المدرس، سەدەیەک لە تەمەنی نوورین، مامۆستا مەلا عەبدواکەیمی مودڕیس بە پێنوسی خۆی بناسە).

عەبدولڕەحمان نەجمەدین

نوسەر و دیزاینەرە. ناوی (عەبدولرەحمان نەجمەدین تەها)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی ھەڵەبجە. خاوەنی بیست کتێبی چاپکراوە، لەوانه ‌(تەفسیری سورەتی "الحمد"، خەرمانێک لە ھەزار پرسیار، فێربوونی ۆرد، فێربوونی پاور پۆینت، فێربوونی کیبۆرد و مۆنیتەر، چەپکێک لە مەرگی ھەڵەبجە، یەکەمەکان لە مێژوودا). وەک یەکەم کەس زیاتر لە ٢٠٠٠ وێنەی کارەساتی ھەڵەبجە لەسەر سیدی بڵاوکردووەتەوە. یەکەم کەس بووە، کە توانیویەتی ساڵی ٢٠٠٤ ڤایرۆسێکی کۆمپیوتەری بە زمانی کوردی دروستبکات. یەکەم کەس بووە دووکانی تایبەت بە کۆمپیوتەر لە شاری ھەڵەبجە دابنێت.

عەبدولڕەزاق عەبدولڕەحمان

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (عەبدولڕەزاق عەبدولڕەحمان محەممەد حامید)ە و بە (مامۆستا عەبدولڕەزاق) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی و بەشی مێژووی لە کۆلێژی پەروەردەی کەرکوک تەواوکردووە. وەک مامۆستا دامەزراوە. لەبواری مێژوو، ئایین، ڕێکخراوەیی و سیاسیدا دەنوسێت و خاوەنی ١٢ بەرهەمی چاپکراوە، لەوانە: (سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، بزاوتی ئیسلامی لەڕەگی ئیخوانەوە بۆ ڕاگەیاندنی یەکگرتوو). لە فیستیڤاڵە کلتورییەکانی هەوراماندا بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە.

عەبدولڕەقیب یوسف

نوسەر و شوێنەوارناسە. ناوی (عەبدولڕەقیب یوسف حەسەن)ـە، ساڵی ١٩٤٣ لە بۆتان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٠ بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە لە پارێزگای دهۆک، ساڵی ١٩٦٢ ڕاژەکەی گواستوەتەوە بۆ شاری سلێمانی، ساڵی ٢٠٠١ بوەتە ڕاوێژکار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری شوێنەوار و کلتوری شارستانی، لە ساڵی ١٩٦٠وە سەرقاڵی نوسینەوەی مێژوو و دۆزینەوە و زیندوکردنەوەی شوێنەوار و کەلەپوری کوردە، زیاتر لە پەنجا کتێبی لە بواری مێژوو شوێنەواردا نوسیوە. کۆمەڵێک کتێبی لەسەر هەڵەبجە و کەسایەتییەکانی و شارەزوور نوسیوە، لەوانە: (نامەکانی شێخ حسام الدینی تەوێڵە بە دەستخەتی کاتیبەکەی مەلا عەبدوڵای مەریوانی، بەڵگەنامەی جاف، تەلاری وەسمان پاشای جاف لە هەڵەبجە شاکارێکی تەلارسازیە لە کوردستان، شارەزوور، بۆردومانی کیمیاوی هەڵەبجە و شوێنەوارەکانی دیکە).

عەبدولستار ئەسەف عەبدولڕحمان

نوسەر و وەرگێڕ و مامۆستای ئاینییە. بە مامۆستا (ستار ئەسەف هەورامانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٧ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە وڵاتی ئێران و ناوەندی لە خورماڵ خوێندووە. لە مەدرەسەی (زەیدی کوڕی ثابت) لە هەڵەبجە دەستی بە خوێندنی ئاینی کردووە. ماستەری لە وڵاتی ئێران لەبواری (فیقهـ و یاسادا) بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. جگە لە زمانی دایک، فارسی و عەرەبیش دەزانێت. کتێبی (مەلا محەممەدی ڕەبیعی ژیان و خەبات و جوامێری)ی وەرگێڕاوە و خۆیشی چەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە لەوانە:‌ (٦٠ وەڵام ڕوون و ڕەوان دەربارەی حەیز و نیفاسی ئافرەتان، نەفرەتلێکراوان لە قورئان و فەرمایشتی ئازیزانمان، نمێک لەژیان و تێکۆشانی مەلا مەحموودی ئازادی، مەلا عەلی سەلاجە، مێژووی زانایانی هەورامان). لە ئێستادا لە ژیاندایە و لە سلێمانی دەژی.

عەبدولعەزیز پاڕەزانی

نوسەر و وەرگێڕ و زانای ئاینییە. ناوی (عەبدولعەزیز ئەمین ئەحمەد پاڕەزانی)یە. لە بنەماڵەی شێخ ئیلیاسە، ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی (پاڕەزان)ی سەر بە شارۆچکەی بەرزنجە لە قەزای چوارتای پارێزگای سلێمانی لەدایکبووه. هەر بە منداڵی دەخرێتە خوێندنی حوجرەوە، ساڵی ١٩٤٢ دێتە هەڵەبجە، ساڵی ١٩٤٥ لای مەلا ساڵحی گەورە ئیجازەی دوازدە عیلمی وەردەگرێت، حاجی مستەفا لە گوندەکەی (تەپی سەفا) مەدرەسە و مزگەوتی بۆ دەکاتەوە، هەر لە هەڵەبجەش ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنێت. ساڵی ١٩٥٩ دەچێتە خولی پەروەردەی وەزارەتی مەعاریفەوە و دەبێت بە مامۆستای سەرەتایی لە هەڵەبجە. هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە دەچێتە ڕیزەکانی (برایانی موسڵمان)ەوە و دەبێت بە یەکێک لە دیارترین ڕابەرانی ئەو بزوتنەوەیە لە کوردستاندا. پاڕەزانی سەرەڕای شارەزایی ئایینی و پیشەی مامۆستایی، نوسەر و وەرگێڕێکی کارامەش بووە، یەکەم کەسە بە تێروتەسەلی بە زمانی کوردی ژیاننامەی پێغەمبەری خودای نوسیوەتەوە، جگە لە کوردی، زمانەکانی عەرەبی و فارسی بەباشی زانیوە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی هەشت منداڵە. بەشێک لە بەرهەمەکانی: (ژیانی پێغەمبەری مەزن دوو بەرگ، نموونەیەک لە ئیسلام، کوڕێکی لاسار و باوکێکی هەژار). ساڵی ١٩٧٦ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی خواروو بەخاکسپێرراوە.

عەبدولقادر ساڵح عەبدول

نوسەر و وەرگێرە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی مەلا وەیسەی بناری سورێن سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە،. پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی بەشی پەرستاری تەواوکردووە، ساڵی ٢٠٠٠ وەک کارمەندی تەندروستی دامەزراوە. ساڵی ٢٠٠٨ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە، سەدان بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە، دەیان کتێبی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی نوسیون و وەرگێڕاون، لەوانە: شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق، فەرهەنگی سەبا، لێکۆڵینەوەی کارگێڕی، خانەنشینی و حوکمە گشتییەکانی خانەنشین.

عەبدولکەریم فەتاح مەحموود

نوسەر و وەرگێڕە. ‌ساڵى ١٩٦٢ لە گوندى (گامێشتەپه)‌ لەدایکبووە‌. لە بنچينەدا خەڵکى گوندى (بەردەبەل)ـی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. کۆلێژى ئاداب بەشى زمانى ئينگليزى لە زانکۆى موسڵ تەواوکردووه. ئيجازەنامەى لە زانستە ئيسلامييەکان وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنى شەش منداڵە. لە گۆڤارى ژيار و ستاندارددا کاریکردووە و دەيان وتارى بڵاوکراوەی هەیە. خاوەنى چوار ڕۆمانە بە ناونیشانەکانى: (گەڕانەوە بۆ مەرگ، حيکمەتى پيران، کۆمارێک لە سێبەردا، سەرپۆشێ خوێناوى). نوسەری چەندين کتێبى تریشە، لەوانە (پێغەمبەر و يارانى، ميزان، شەرحى حيکمەتەکانى ئيبن عەتا، ناسرى سوبحانى، ١٠٠ ياساى پەروەردەيى، شەرحى عەقيدەى کاک ئەحمەدى شێخ). لە بواری وەرگێڕانیشدا ئەم کتێبانەی هەیه:‌ ‌(حيکمەتى چين بريتييە لە حيکمەتەکانى کۆنفۆشيوس، إحياء علوم الدين "نۆ بەرگ" مەشخەڵى سوننەت "چوار بەرگ" مدارج السالکين، غەزالى، ريسالەى قوشەيري، وابل الصيب، فتح الرباني، تەفسيرى صفوة‌ "هەشت بەرگ").

عەبدوڵا مەلا ئەحمەدی ئەحمەدئاوا

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (عەبدوڵا ئەحمەد محەممەد)ە. ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی (ئەحمەدئاوا)ی لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵه. قۆناغی سەرەتایی لە وڵاتی ئێران و هەڵەبجە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری شەریعە لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە بواری نوسین و وەرگێڕان کاریکردووە و زیاتر لە ٥٠ کتێبی هەیە، لەوانە (نەقشبەندی و نەقشبەندییەکان، ژیان و بیروڕاکانی دکتۆر مستەفا زەڵمی، دوو عەوامیلی جوڕجانی و بوڕکەوی، شەرحی عەوامیلی مەلا موحسین، زانستەکانی فەرمودەناسی، شێخ عەلائەدینی نەقشبەندی و دوو پەیامی عیرفانی لە لوتکەدا).

عەبدوڵا نەجمەدین تەها

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٥٨ لە گوندی (تەپی سەفا) لە شارەزوور لەدایکبووە. لای باوکی خوێندنی دەستپێکردووه. بەشی دیراساتی ئیسلامی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا. ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و فیدراسیۆنی جیهانیی ڕۆژنامەوانان و لیژنەی پێداچونەوەی تەفسیری ئاسان و لیژنەی پێداچونەوە و دانانی پڕۆگرامی قوتابخانە ئیسلامییەکان بووە. سەرنوسەری گۆڤارەکانی (مامۆستای دوارۆژ) و (جگەرگۆشەکان) و (شاهۆ) بووه، کە دوانیان تا ئێستا بەردەوامە. بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانیی گۆڤاری پەیامی ڕاستی بووە. دەیان کتێب و نامیلکە و بەرهەمی جیاوازی چاپکردووە، لەوانە: باڵەخانەی چەم، مستیلەی ئەفسوناوی، زەینەب خاتوون، تەجوید بەکوردی، ژیانی مامۆستا مەلا سەید حەکیمی خانەقین، سێ بێچووە چۆلەکە، کتێبی ڕەوشتەکان، ١٠٠ چیرۆکی منداڵان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. پیشەی خانەنشینە.

فەلاح ئەحمەد ڕەشید

شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. بە (فەلاحی مسەوەر) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. ئەندامی تیپی نواندنی هەڵەبجە و منداڵانی هەڵەبجە بووە. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر و ئامادەکار و کاری هونەری لە چەندین بەرهەمدا بەشداریکردووە، لەوانە: (ئۆپەرێتی سەوزە، مانگرتن، کۆچی هەتا هەتایی، فەلەستین و شۆڕشی بەرد، کلیل، شیرین و فەرهاد، کالیگۆڵا، ماراساد، جەنابی جانەوەر گەمەی ئەمڕۆمانە، هەڵەبجە و خەزانی مەرگ، مەرگی سەوز، ماڵئاوا ئەی شاعیران، بانگەوازی ئازارەکان، شانۆیی زەماوەندی ژەهر، مەرگەساتی هەڵەبجە، ورچ). فلیمی دیکۆمێنتاری (گەوهەری مێژوو لە تەوێڵەوە بۆ ئۆرەبروو)، لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان وەک کامێرامانیش کاریکردووە. لەئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.

عەدنان هەورامانی

نوسەر، وەرگێڕە. ناوی (عەدنان عەبدولقادر کامیل)ـە و بە (عەدنان هەورامانی) ناسراوه.‌ ساڵی ١٩٧٧ لە شارۆچکەی تەوێڵە هاتووەتە دنیاوە، ساڵی ٢٠٠١ کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی دهۆکی تەواوکردووە، ساڵی ٢٠٠٧ خوێندنی ماستەری لە پسپۆڕی (فیقهی بەراوردکاریدا) لە زانکۆی بەغداد لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان تەواودەکات، لە هەمان زانکۆ ساڵی ٢٠١٢ بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت، لە ساڵی ٢٠٠٨وە مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی. بڕوانامەی زانستە شەرعییەکانیشی لە خزمەت مامۆستایانی سلێمانیدا بەدەستهێناوە، ئەندامە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و بنکەی زانستی و کەلەپوری و ڕۆشنبیریدا. چەند کتێبێکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە: (گەنجینەی وەفای مامۆستای مودەڕیس لە ڕوانگەی نامەکانیەوە، الأمام السیوطی حیاتە وأثاره، بیبلیۆگرافیای نامەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، مصطلح – الألتفات في البلغة العربیة).

عەلی دەلاک

نوسەرە. ناوی (عەلی محەممەد مەعروف)ە، ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (جانجان) لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. جیا لە کاری فەرمانبەرییەکەی، دوکانی دەلاکی هەیە و بە ناوی ئەم پیشەیەوە ناسراوە. سێ کتێبی بە چاپ گەیاندووە، کە تایبەتن بە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، ئەوانیش: (گوزەرێک بە جانجاندا، گەوهەرەکانی شارەزوور، منارەکان لە ئاسمانی هەڵەبجەدا).

عەلی زەڵمی

نوسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی تەواوی (عەلی محەممەد حەمەئەمین)ە، بە دکتۆر عەلی زەڵمی ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە خورماڵ لەدایکبووە. ئەندامی دامەزرێنەری تیپی شانۆیی شەهید پێشەوا بووە. لە دەزگاکانی (تەلەفزیۆن، ڕادوێ، ڕۆژنامە) کاریکردووە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەرێمی کوردستاندا نوسین و وتاری بڵاوکردووەتەوە، وەک (ڕۆژنامەی یەکگرتوو، گۆڤاری پەیامی ڕاستی، گۆڤاری کاروان، گۆڤاری ڕامان، ڕۆژنامەی برایەتی، گۆڤاری گوڵان). لەنێوان ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٩ ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی کورد و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و ئەندامی کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان بووە. ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ کۆمەڵێک نوسەری دیکەدا سەنتەری لێکۆڵینەوەی (ژیار) دروستدەکەن. بووەتە ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (ژیار). ساڵی ٢٠٠٠ چووەتە وڵاتی بەریتانیا. ساڵی ٢٠١٢ ڕاوێژکار و دەستەی نوسەرانی گۆڤاری کۆنسێپت بووە. دکتۆراى لە زانستی کۆمەڵناسی لە زانکۆی یودەبلیوی برستڵ لە بەریتانیا وەرگرتووە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. جیا لەزمانی دایک شارەزای زمانی ئینگلیزیە. کتێبێکی بە زمانی ئینگلیزی و سێ کتێبی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ زیاتر لە ١٥٠ وتار و لێکۆڵینەوە. هەروەها وەرگێڕانی دەیان وتار و نامیلکەی ئینگلیزی بۆ زمانی کوردی، لە بەرهەمە چاپکراوەکانی (Home and Sense of belonging among Irai Kurds in the UK, ٢٠٢٠ Roman&Littlefield USA، پرسی شوناس لەمژدەکانی مۆدێرنە بۆ گومانەکانی پۆستمۆدێرنە، زنجیرە کتێبی پەروەردەی ئیماکس "پێنج نامیلکە") ئەندامی گروپی ئەکادیمیی توێژەرانی بواری کۆچبەری لە زانکۆی برستڵ بەریتانیا و لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.

عەلى شارەزوورى

نوسەرى بوارى کەلەپوور و فۆلکلۆرە. ناوی (عەلی کوڕی مەعرووف کوڕی محەممەد)ه. بە (عەلی شارەزووری) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی (گامێشپەتە) لەدایکبووە. لە حوجرە‌ دەستی بەخوێندن کردووە، پاشان لە قوتابخانەی حکومی قۆناغی سەرەتايى لە (سەیدسادق) و ناوەندى لە (هەڵەبجە) و ئامادەیی‌ کشتوکاڵی لە (سلێمانى) خوێندووە. ساڵی ١٩٧٢ بووە بە فەرمانبەر لە هەولێر، دواتریش ڕاژەکەی گواستراوەتەوە بۆ (کەلار) و پاشانیش بۆ (سلێمانی) و لە‌ هەموو ئەم شوێنانە پەندی پێشینان و گۆرانیی‌ فۆلکلۆری کۆکردووەتەوه و لەم بوارەدا چەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە، لەوانە: (چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور)، دوو بەرگ لە(پەندی پێشنانی کورد). پاش ڕاپەڕین، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی (کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی)یان دامەزراندووە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیدسادق) بەخاکسپێرراوە.

عەلی عەبدوڵا حەسەن

بە (عەلی حاجی عەبدوڵای پریسی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (پریس) لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. کۆلێژی ئیمام ئەعزەمی لە بەغداد تەواوکردووە. وەرگێڕی تەفسیری ابن الکثیر و مدارج "پێنج بەرگ"، السالکین "سێ بەرگ)ـە. خانەنشینە.

عەلی میرزا عارف

نوسەر و وەرگێڕە. بەڕێوەبەری شارەوانیی ھەڵەبجەیە. ناوی (محەممەد عەلی عارف ئەبوبەکر)ە. نازناوی (عەلی میرزا عارف)ـە. ساڵی ١٩٤٦ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. بووە بە فەرمانبەر. لە چەند شوێنێک بووە بە بەڕێوەبەری شارەوانی، وەک (پێنجوێن، ھەڵەبجە، ھەڵەبجەی تازە و کۆمەڵگەی باریکە). خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە: (بارزانی لە ھەگبەی پۆڵاینی ستالیندا، نەقشبەندی لە کوردستان، تورکیا چۆن لەگەڵ کێشەی کورد مامەڵە دەکات، جەنگی کەنداو).

عەمران حەمەسەعید

ناوی (عەمران حەمەسەعید ڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بەغداد لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٨ هاتونەتە هەڵەبجە، تا پۆلی شەشەمی ئامادەیی خوێندووە. چەندین کتیبی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، وەک: (شەیتان وخانم پرێم، جوانترین بەهرە، ڤێرۆنیکا بریار دەدات بمرێت، براوە تەنهایە، کیمیاگەر)ی پاولۆ کۆیلۆ، و چەند بەرهەمێکی تری جیهانی، وەک: (ئاشکراکردنی نهینیەکانی کیمیاگەر، پەیامبەرو دیوانە، مادام کامیلیا، سەرجەم بەرهەمەکانی ئیفلاتۆن، سینۆهە "سێ بەرگ"، سیاسەت، نەمری، نیاتوچکا، مرۆڤ و ئاینەکان... ).

پێشتر 1
...
18 19 20
...
60 دواتر