کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1194 بابەت

جەمال غەریب

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (جەمال غەریب حەمە)یە و بە (جەمال غەریب) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ‌لە ساڵی ١٩٩٣ەوە دەستی کردووە بە نوسین. زیاتر لە ٥٠٠ وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەکاندا بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ١٣ کتێبی چاپکراوه،‌ لەوانه:‌ (کەرکوک لە سەنتەرەوە بۆ پەراوێز، فەرهەنگی ڕاڤە، من ئەڵێم، وێنەکانی ژیان، ژیانسازی، مرۆڤسازی، دروست ژیان "دووبەرگ"، لێی مەگرن شێتە، سوڵتانی بێ سایە، بۆ شکۆی ئافرەت).

جەمال ‌هەڵەبجەیی

نوسەر و پارێزەرە. ناوی (جەمال حەمە عەولمحمەد)ە. ساڵی١٩٦٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. ساڵی ٢٠٠٤ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە، ماوەی چوار ساڵ لە بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیریی منداڵان لە سلێمانی دەوامیکردووە، دواتر ڕاژەکەی گواستوەتەوە بۆ وەزارەتی داد. ساڵی ١٩٩٨ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، هەر دوو زمانی عەرەبی و فارسی دەزانێت ئەندامی چەند ڕێکخراو و سەندیکایەکی ڕۆشنبیری و یاساییە، زیاتر لە بیست کتێبی بە نوسین و وەرگێڕان هەیە، لەوانە: (توندوتیژی لای منداڵان، فەرمانڕەوای خۆتان بن، بەرەو کامەرانی، بلیمەتەکان چۆن بیردەکەنەوە). ئێستا لە شاری هەڵەبجە دەژی.

جوتیار قارەمان عەبدوڵا

ساڵی ١٩٩١ لە ئاوارەیی و لە شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. بنەماڵەکەی خەڵکی گوندی (بیاوێڵە)ن. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە و کۆلێجی ئەندازیاریی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠١٠وە دەستی بە نوسین و وەرگێڕان کردووە. زیاتر لە ١٢ کتێبی وەرگێڕاوە. لەوانە: (ناوە جوانترینەکانی خودا، ١٠٠١ داهێنان لە کەلەپووری زانایانی موسڵمان، دڵئاژەڵ، جیهانی سۆفیا، پیاوێک بە ناو ئووڤێ). جگە لە زمانی دایکیی، ئینگلیزی و عەرەبی، ئیسپانی و فارسییش دەزانێت. هەروەها زار و شێوەزارەکانی کوردیی ناوەڕاست، هەورامی و کوردیی باکوری دەزانێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی منداڵێکە.

حەبیب محەممەد سەعید

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (حەبیب محەممەد سەعید)ە. ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووه. ساڵی ١٩٦٨ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەوە دەستی بە نوسین و وەرگێڕان کردووە، کتێب و نوسینەکانی لە ئەڵقەی پەروەردەیی مزگەوتەکاندا وەک بێداربوونەوەی ئیسلامی لە ناوچەکەدا ڕۆڵیان هەبووە. خاوەنی ١١١ کتێب و نامیلکەی نوسراو و وەرگێڕاوە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، بەشێکی زۆری کتێبەکانی سەعید نەورەسی وەرگێڕاوە بۆ کوردی، لەوانه:‌‌ (ژیاننامەی پێغەمبەری ئازیزمان بە دوو بەرگ، زنجیرەی هاوەڵانی پێغەمبەر "٣٤ کتێبه"، زنجیرەی پەیامەکانی نوور "١٠ کتێب"، لماذا ترک بديع الزمان السياسية) له ساڵی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە.

حەسەن حەمەکەریم

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (حەسەن حەمە کەریم حەمەڕەحیم سۆفی)یە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (نارنجڵە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٩ پەیمانگای تەکنیکی بەشی بیناسازی لە موسڵ خوێندووە، ساڵی ٢٠٠٧ بەشی عەقیدە و هزری ئیسلامی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە بەغداد تەواوکردووە، زیاتر لە دە کتێبی نوسیوە و وەریگێڕاوە لەوانە: نوسەری نەمر، شانازی مرۆڤایەتی، گەشتەکەم لەگەڵ پەیامەکانی نوردا.

حەسەن مەحموود حەمەکەریم

نوسەر و مێژوونوسە. ساڵی ١٩٥٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە، ساڵی ١٩٧٨ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٩ بڕوانامەی بەکلۆریۆسی لە مێژوودا وەرگرتووە، زیاد ٥٠٠ بابەتی ئەدەبی و مێژووی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە، لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان، دەستەی نوسەرانی گۆڤاری(پەیامی ڕاستی)یە. سەرنوسەری گۆڤاری مامە یارە، ئەندامی کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کوردی بووە، هەروەها لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەی تیشکی ڕۆشنبیرییە، کە سەد کتێبی بڵاوکردووەتەوە. کۆمەڵێک کتێبی نوسیوە و بە چاپ گەیاندووە لەوانە: (کوردستان لە بەردەم فتوحاتی ئیسلامیدا، کوردستان لانکی دووەمی مرۆڤایەتی، مەلا ئیدریسی بەدلیسی و ڕۆڵی لە یەکگرتنی میرنشینە کوردیەکاندا، فەتواکەی مەلای خەتێ). له ‌ئێستادا خانەنشینە و لە سلێمانی دەژی.

حەسەن نازدار میر ئەحمەد

چیرۆکنوس، لێکۆڵەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (بانیبۆڵان)ی ناوچەی تاوگۆزی لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجەی تازە و بەشی کوردیی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٢ یەکەم چیرۆکی بڵاوکردووەتەوە. لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی هەرێم و دەرەوی هەرێم بابەتی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ٢٢ کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (ئەفسونی ئاوێنە ڕەشەکە، ئەدەبیاتی نامەو نامە لای مەولەوی، ئیمامی شافیعی، حکایەتی عاریفان، چیرۆکەکانی مەسنەوی، زنجیرەی ژیاننامەی کەسایەتییە دیارەکانی وەک مەولانا، ئۆشۆ، غاندی، چاپلن، کۆیلۆ، شەرعەتی، ماندێلا). چەند جارێک خەڵات کراوە. لەوانه:‌ (خەڵاتی فیستیڤاڵی گەلاوێژ، فیستیڤاڵی لاوان و خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵی دەستی شار). لە ئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی‌ و پیشەی مامۆستایە.

زیاتر بزانە
چیرۆکنوس

حەکیمی مەلا ساڵح

شاعير، لێکۆڵەر، شانۆکارە. ناوی (حەکیم مەلا ساڵح عەبدولکەریم)ـە. بە (حەکیمی مەلا ساڵح) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٧ لە بەشی شەریعە لە زانکۆی بەغداد وەرگیراوە. بەهۆی کاری ڕامیارییەوە وازی لە خوێندن هێناوە. سەرەتا وەک: شانۆکار و وەرزشەوان دەرکەوتووە و دواتر لەسەر نوسینی شعیر و لێکۆڵینەوە بەردەوامبووە. ساڵی ١٩٧٩ لە بانکی هەڵەبجە بووە بە فەرمانبەر. ساڵی ١٩٨١ خراوەتە زیندانەوه و دوای ئازادبوونی بووە بە پێشمەرگە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. پاش ڕاپەڕین، وەک ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری لە وەزارەتی ڕۆشنبیری کاریکردووە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و بووە بە بەرپرسی سەنتەری ڕۆشنبیریی هەڵەبجە و گۆڤاری (هەڵەبجە) و (گۆران)ی دەرکردووە. نزیکەی سی کتێبی چاپکراوی هەیە، لەوانه: ‌(هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، ‏‎دیوانی ئەحمەد بەگی کۆماسی، ‏‎دیوانی ناتیق، بەشێک لە دیوانی مەجزوب، مەولەوی وەک شاعیرێکی ناتورالیزم و نالی لە دیدێکی ترەوە...). دەیان وتار و نوسینی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوه. چەند جارێک ڕێزی لێ نراوە و خەڵاتکراوە. لەوانە خەڵاتی کارۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٢.

‌ حەمەی فەرەج

فەرماندەیەکی سەربازییە. ساڵى ١٩٣٤ لە‌ شاری هەڵەبجە لەدایکبووە‌. ساڵى ١٩٥٦ دەستی بە کاری ڕامیاریکردووە. لە ساڵانى سەرەتاى پێشمەرگايەتيدا ڕۆڵێکى گرنگى لە سنورى هەڵەبجە هەبووە و سەر لقى ناوچەى شارەزوور بووە. ساڵى ١٩٧٢ بووە بە جێگرى فەرماندەى هێزى خەبات. ساڵى ١٩٧٤ کراوە بە فەرماندەى بەتاليۆنى ٣ى قەرەداغ. ساڵی ١٩٧٥ لە (گەڵاڵه)‌ بريندار بووە. ساڵى ١٩٧٦ خەباتى چەکدارى دەستپێکردووەتەوە. ساڵى ١٩٨٢ بۆ ماوەیەک دەستگیرکراوە. ‌ساڵی ١٩٨٣ بووە بە ئەندامى سەرکردايەتى. بۆ جاری دووەم زۆر بە سەختی بريندار بووه و قاچى ڕاستی بڕڕاوەتەوە. چووەتە دەرەوەی وڵات و لە سويد نیشتەجێبووە. ساڵى ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و تا ساڵى ١٩٩٤ ئەرکى کۆمەڵايەتى لە ناوچەکانى هەورامان و هەڵەبجە و شارەزوور و پينجوێن و بەرزنجە دەربەنديخان پێسپێرراوە. بیرەوەرییەکانی خۆی لە سێ بەرگی (لە شنروێ وە بۆ ستۆکهۆڵم) بەچاپ گەیاندووە. ساڵی ٢٠١٩ بە نەخۆشى کۆچیدوايیکردووە.

حەمەنووری عومەر کاکی

نوسەرە. ساڵی ١٩٥٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی کشتوکاڵی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی بە شۆڕشی کوردەوه کردووە. گەڕاوەتەوە بەر خوێندن و بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردیدا بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٨٩ ماستەری لە زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەدین وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٣ تا کۆتایی ساڵی خوێندنی ١٩٩٦ مامۆستای یاریدەدەر بووە لە بەشـــی کوردیی کۆلێجی زمان لە زانکۆی سلێمانی. ساڵی ١٩٩٧ ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە و ساڵی ٢٠٠٥ گەڕاوەتەوە‌ بۆ کوردستان و لە بەشی کوردیی کولێجی زمان لە زانکۆی سلێمانی تا ئێستا بەردەوامە. ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردیدا وەرگرتووه و ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووە بە پلەی پڕۆفیسۆر. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، ئەڵمانی و فارسی دەزانێت. جگە لە نامەی ماستەرەکەی (شێواز لە شیعری کلاسیکی کوردیدا) ئەم کتێبانەشی بە چاپ گەیاندووه:‌ (شێوازی شیعری نوێی کوردی، گەشتێک بە کوردستانی کێویدا "کارڵ مای"). هەروەها (بەپێی بڕیار)، کە کۆمەڵە چیرۆکێکی عەزیز نەسینه،‌ لە فارسییەوە وەریگێڕأوە. چەندین لێکۆڵینەوە و نوسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوه.

حسەینی خەلیفە

ناوی (حسەین محەممەد وەڵەدخان)ـە. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی (حەسەن بەگ)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی سیروان خوێندووە. ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە شۆڕشی کوردستانەوە کردووە. ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان بووە. لە ئێستادا بە پلەی (لیوا) خانەنشینە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە. لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا نوسینی بڵاوکردووەتەوە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا دوو نامیلکەی نوسیووە: (چمکێک لە مێژووی کارەساتەکانی کوردستان و هەڵەبجەش لەم مێژووەدا، پێناسەکردنی چیای سورێن) و دواتر بڵاوکراوەتەوە.

حسێن هەڵەبجەیی

وەرگێڕ و نوسەرە. ناوی (حسێن مەحموود کوێخا مستەفا حاجی محەممەد سلێمان)ـە. بە(حسێن هەڵەبجەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. پاش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی ساڵی ٢٠١٤ پەیمانگای خوێندنی ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. سەدان بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و سەندیکای ڕۆشنبیریدا ئەندامە، زیاتر لە چل کتێبی نوسراو و وەرگێڕاوی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: کارەساتی هەڵەبجە و کەناڵەکانی ڕۆژئاوا، ئەمڕۆ لە مێژوودا. کتێبی (سیازدەماڵە بنیادنەر و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە)شی ئامادەیە بۆ چاپ.

خەبات عەبدوڵا

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا بەدەستهێناوە. جگە لە بڵاوکردنەوەی دەیان وتار و لێکۆڵینەوە‌ لە بوارەکانی سیاسەت و فکردا، خاوەنی پێنج کتێبی چاپکراویشە، لەوانە: (هەڵەبجە مەملەکەتی ژیان). لە ئێستادا ڕاوێژکارە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

ڕەئوف مەعروف محەممەد

بە (ڕەئوف مەعروف هەورامانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (نارنجڵە) سەربە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. بەشی پیشەسازی لە پەیمانگای موسڵ خوێندووە. خوێندنی ئیسلامی لە پەیمانگای هەڵەبجە تەواوکردووە. وەک فەرمانبەر ماوەی چەندین ساڵ خزمەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. لە بواری نوسین و وەرگێڕان کاریکردووە و تا ئێستا شەش کتێبی وەرگێڕاوە. لەوانە (کەلیمە گولانەکێ، پەیامو بیمارا، ڕۆح و حەقیقەتی جیهاد لە ئیسلامدا، بەرگی دووەمی دواین شەهیدەکان).

ڕەزوان حەسەن وەستا مەحموود

ساڵی ١٩٩٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. هاوسەرگیری کردووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی ڕامیاری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. جگە لەزمانی دایکی، ئینگلیزیش دەزانێت. ١٠ کتێبی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی، لەوانە: (تۆڵەی جوگرافیا، مەسەلەی کورد، قەیرانی ئیسلام، ئیسلام و خۆرئاوا، ڕزگاربوون لە زنجیرەی وەهم، کاتێک کۆمپانیاکان حوکمی جیهان دەکەن، چینی نوێ). ئەندامی کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکان و دامەزراوەی ئایدیا بۆ فیکر و لێکۆڵینەوەیە. چەندین خەڵات و ڕێزێنانی پێبەخشراوە.

ڕەسوڵ مەستى ئەفەندى

ناوی (ڕەسوڵ مەستى ئەفەندى کوڕى مەحموود بەگ)ـە. ساڵى ١٨٢٤ لە گوندى (سەراو)ى ناوچەى نەورۆڵى لەدایکبووە‌. لە مەدرەسەى هانەسوورە و چەند شوێنێکی تر خوێندویەتی و ئيجازەى مەلايەتى وەرگرتووە. جگە لە زمانى کوردى، فارسى، عەرەبى، تورکى و فەڕەنسى زانيوە. بۆ تەواوکردنى خوێندن چووەتە ئەستەنبوڵ. گەڕاوەتەوە و لە ماوەی جیاوازدا لە شارەکانی: موسڵ، کەرکوک، بەسرە، وان مامۆستایەتی کردووه. بەڕێوەبەرى مەعاريفى موسڵ و دواتر دیاربەکر بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. بەهۆى داهێنانە زانستييەکانييەوە لە بوارى فيزيادا (هەڵکێشانى ئاو لە قوڵاييەکى زۆرەوە بەبێ هێزى هەوا و هەڵم) بۆ ماوەى هەشت مانگ نێردراوە بۆ فەڕەنسا و بۆ هەمان مەبەست سەردانی ڤييەننا و ميسری کردووە. دەستی نوسینی هۆنراوەی هەبووە و لە ماوەى ژيانيدا نزيکەى ١٠ کتێبى لە بوارە جیاوازەکاندا نوسيوە، لەوانه:‌‌ (حوادث عناصر، سپر زلزلە، تشريح الادراد فى تشريح الافلاک، رسالە اثبات الواجب، علم الهيئة) بەڵام تەنها دوانيان چاپکراون‌. ساڵی ١٩٠٨ کۆچیدوايیکردووه.

ڕەشید هەورامی

ناوی (ڕەشید ئەبوبەکر مەحموود)ە. ساڵی ١٩٣٣ لە شارۆچکەی (بیاره)‌ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە بیارە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە. لە پۆلی چواری سەرەتایی بووە، کە یەکەم شیعری نوسیوە. لە بواری زمان و ئەدەبیات و مێژوو، ڕامیاریدا نوسینی هەبووە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاویکردووەتەوە. خاوەنی کتێبی (هەڵاڵە برایمەی هەورامان، مێژووی هەورامان)ـە. ساڵی ٢٠١٦ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.

ڕەنجیار

نوسەر، شاعیر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (ئەحمەد حەمەئەمین فەتاح عەزیز)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌. خوێندنی ئامادەیی ئیسلامی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٤ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. جگە لەوەی کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، خاوەنی ‌چەند بەرهەمێکی چاپکراوە‌، لەوانە (ئافرەت بەرەو ڕووناکی، خۆرەی گەل، برسێتی ئەم گەلە لە ئەستۆی کێدایە، کۆماری کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەرگری لە پێشەوا بوخاری، تێڕوانینێک بۆ زەردەشتی-یەزیدی- کاکەیی..). ساڵی ٢٠٢٠ بە نەخۆشیی کۆرۆنا کۆچیدواییکردووە.

ڕیچ

جوگرافیاناس، مێژووناس، گەشتیار و شوێنەوارناسە. ناوی (کلۆدیوس جێمس ڕیچ)ـە. ساڵی ١٧٨٧ لە وڵاتی فەڕەنسا لەدایکبووە. لە زمانەکانی: لاتینی، یۆنانی عیبری، فارسی، تورکی، عەرەبی و کەمێک چینیشدا شارەزایی هەبووە. ماوەیەک یاریدەدەری کۆلۆنیلی باڵوێزی بەریتانیابووە لە میسر، ماوەیەکیش لە بەغداد بەرپرسی نیشینگەی بەریتانیا بووە. ساڵی ١٨٢٠ گەشتێکی بۆ باشور و خۆرھەڵاتی کوردستان کردووە و یاداشتەکانی حەوت مانگى لە شێوەی بیرەوەریی ڕۆژانەدا لە کتێبی (بەسەرھاتی نشینگەیی لە کوردستاندا) تۆمارکراوە. لە چەند شوێنێکدا باسی جوگرافیای شاری ھەڵەبجە و عادیلەخانم و بازرگانیکردن بە سوورەچناری کردووە لە سنورەکەدا.

ڕێباز لوقمان مستەفا

ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٨٨ لەدایکبووە. بەشی جوگرافیای لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە و لە هەمان بەش وەکو یاریدەدەری توێژەر دامەزراوە. ماستەری لە پلاندانان و گەشەپێدانی گەشتوگوزار و GIS و دکتۆرای لە مۆدێلەکانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار و پرۆگرامەکانی (GIS& RS) هەیە. خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە بە ناونیشانەکانی (لێکۆڵینەوەیەک لە دەرامەتی سەرچاوە ئاوییەکانی ناحیەی خورماڵ و ئاسۆی بەکارهێنانیان لە دواڕۆژدا، جوگرافیای کیشوەری ئەمریکای باکور ئەنگلۆسەکسۆن/ وەرگێڕان، جوگرافیای کیشوەری ئەمریکای ناوەڕاست و باشور – لاتین/ وەرگێڕان) و نۆ توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی و کۆنفڕانسەکاندا پێشکەشکردووە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە جوگرافیای پارێزگای هەڵەبجەوە و بەتایبەتی تر بە هەورامانەوە هەیە. لە ئێستادا سەرپەرشتیاری بەشی گەشتوگوزاری زانکۆی هەڵەبجەیە.

پێشتر 1
...
16 17 18
...
60 دواتر