کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

124 بابەت

یاسین نادر ڕەحمان

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆلێژى زمان، بەشی کوردى بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە گۆڤارى (سایە زندگى) کاری ڕۆژنامەوانی دەستپێکردووە. لە ڕۆژنامەى (کوردستان ڕاپۆرت) کاریکردووە و بەرهەمەکانی لە سایت و ڕۆژنامە‌ کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوه وەک ئەدمین لە هەر دوو پەیجى (ڕوودا) و (هەواڵەکانى هەڵەبجە) خزمەت بە دەڤەرى هەڵەبجە و سنورى دەوروبەرى دەکات. خاوەنی شەش کتێبی چاپکراوە بە ناونیشانەکانى: (عیرفانى شەمسی تەبریزى، مرۆڤم یان گوێدرێژ ئینسکلوپیدیای خۆناسین، لێپرسینەوە لە سەدام، هێزپێنج، نهێنى سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکان و ژیان، بیری دارایانەى دەوڵەمەندانەت هەبێت).

یەحیا عومەر ڕێشاوی

نوسەر، ڕاگەیاندکار، وەرگێڕ و ئەکادیمییە. ناوی (یەحیا عومەر فەتاح یەعقوب)ـە. ساڵی‌ ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و دواناوەندیی لە هەڵەبجه تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی موسڵ و ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتی سودان لە پسپۆڕیی ڕاگەیاندندا بەدەستهێناوە. ماوەیەک لە گۆڤاری (ڕابەر) کاریکردووه. دەستەی دامەزرێنەری تیپی هونەری (گزنگ) بووه لە شاری سلێمانی. سەرنوسەری ڕۆژنامەی (الأفق الجديد) بووه،‌ کە بەزمانی عەرەبی دەرچووە. لە ئێستادا مامۆستایە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی زانستە بۆ باس و توێژینەوه. خاوەنی ١٦ کتێبی نوسراو و وەرگێڕانە. لەوانە: (میدیا و بابەتیی بوون، بنەماکانی سیستمی حوکمڕانیی لە ئیسلامدا، میدیای نوێ لەسایەی شۆڕشی زانیاریەکاندا، خەرمانی تەمەن، وێناکردنی هونەریی لە قورئاندا). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

یەدوڵڵا شەفیع حاجی محەمەد

نوسەر و وەرگێڕە، بە ئاکۆمارانی ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە تەوێڵە لەدایکبووە، سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و هەڵەبجە خوێندووە. لەبەر بەشداریی چالاکانەی لە ١٣ی ٥ی ١٩٨٧دا، دەچێتەوە شاخ. ساڵی ١٩٩٤ کوردستان جێدەهێڵێت. لەو نوسەرانەیە بۆ زمانی دایک و نوسین و خوێندنەوە بە هەورامی تێدەکۆشن، لەو پێناوەدا ساڵی ٢٠١٥ ئەلفبای هەورامی داناوە، تەختەکلیلی نوسینی بۆ سەر کۆمپیتەر و موبایل دروستکردووە، نوسەر و ئامادەکاری ڕۆژمێری تەوێڵە، ڕۆژماری هەورامانە، لە کتێبەکانی: هەنگامێ کردەیێ پەی ئاوەدان کەردیۆ ناوچەو هەورامانی و ئەوەگێلنای زوانی هۆرامی پەی بوارو وەنەی و ڕاوەبەری. هەنگاوی کردەیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی هەورامان و گەڕانەوەی شێوەزاری هەورامی بۆ خوێندن و بەڕیوەبردن، ناوە. خێزاندارە و خاوەنی یەک منداڵە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە.

یوست هێڵتەرمان

نوسەر و توێژەرێکی بەڕەگەز هۆڵەندییە. بەڕێوەبەری پڕۆژەی چاودێریی مافی مرۆڤە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چەندین ڕاپۆرتی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفالی گەلی کوردی پێشکەشکردووە. لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بۆ ماوەی شەش مانگ لە کوردستان خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگە بووە. سەبارەت بە هەڵەبجە و کیمیاباران و جێکەوتەکانی و ڕای وڵاتان، کتێبی (کارێکی ژەهراوی، ئەمریکا و عێراق و گازبارانی هەڵەبجە)ی نوسیوە.

پێشتر 1
...
6 7