بەرگی دووەم
سەرچاوە ئاویەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
بەرگی دووەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەسەر ڕێگەی نێوان گوندی (یاڵانپێ) و مەرزی (مڵەخورد) هەڵکەوتووە. (١١٤١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ ئاودێریکردنی باخێکی چڕ، کە لەبەردەمیدا دروستکراوە، بەکاردێت.
کەوتووەتە باکوری گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. لە بەرزایی دوورەبنە هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە. لە ئێستادا وەک سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی چەند ماڵێک بەکاردێت. بەهۆی جوانیی سروشتی ناوچەکە، لە بەهاران و لە کۆندا خەڵکی ناوچەکە بۆ کات_بەسەربردن لەوێ دانیشتون. هەر بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.
کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکە و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتەخوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخە. (١٦٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چیای تەوەنێ و دۆڵی لاسەوزیتێ) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی بەڵخە و سینەسەحاب) و لە باشورەوە (دۆڵی هانەوەهارە و خوێڕسگە) و لە خۆرهەڵاتەوە (کانی تەوەنێ و چیای هەوارە بەرزە و دەرەتاریک) دەورەیانداوە.
کەوتووەتە دامێنی زنجیرە چیای شنروێ و بەڕووی گوندی هاوارەکۆندا دەڕوانێت. بەناوی ئەو جافانەوە ناونراوە، کە ڕەوەندبوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە. بۆ ئاژەڵداری بەکارهێنراوە. بە کانی (زهۆرا)ش ناودەبرێت.
یەکێکە لە کانیاوەکانی شارۆچکەی (بیارە) و کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای دۆڵی بیارە و خۆرهەڵاتی گوندی هانەنەوتێ. لە نێو چەمی بیارە و دەڕژێتە چەمەکەوە. (١٠٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (لوتکەی ئاسنەوەرد و کانی باخی سان و ملەی چنار) و لە باشورەوە (دۆڵی بیارە) و لە خۆرئاواوە (کانی مەلە تایر و چەقەڵاوا و هانەتوتمان و هانەنەوتێ و دەرەقەیسەر) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی باخی خول و وێڕگا و دەرەشۆڵای) دەورەیانداوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. جافەکان تێیدا ماونەتەوە. بەهۆی زۆریی سەرچاوەی ئاو لەو ناچانەدا، مەڕدارییان کردووە و ئەم کانیش بەناوی ئەوانەوە ناونراوە.
بە دووریی یەک کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (چواردارانی سەروو)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ). لە قەدپاڵی شاخێکدایە. باخێکی سێ دۆنمی لەبەردەمدایە و بە ئاوی ئەم کانییە ئاو دەدرێت. ئەستێلی بۆ دروستکراوە، ئاژەڵ و کەسانی ڕێبوار سودیلێوەردەگرن.
نزیکەی یەک کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (کوڵکنیی سەروو). لە شێوەی چاڵدا هەڵکەنراوە و دەیان ساڵە وشکینەکردووە. ئاوەکەی بۆ زەوی جوتیارانی گوندی تەپی سەفا بەکاردەهێنرێت.
کەوتووەتە باشوری گوندی (گردیگۆ). ئاوێکی هەمیشەیی هەیە و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەی لەسەر دروستکراوە و بەسەر خانوەکانی گوندەکەدا دابەشدەکرێت. ئاوی زیادەی کانییەکە دەڕژێتە جۆگەی ئاودێریی چۆڵمەک، کە جۆگەیەکی ئاودێریی کشتوکاڵییە. بەڵام ئاوی کانییەکە هیچ زەوییەک بەراوناکات.
به دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (شەشکی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە کۆنەوە هەیە و وشکینەکردووە. جیا لە خەڵکی شەشکی سەروو، خەڵکی گوندی خێڵی حەمەش سودیلێوەردەگرن. بە گشتی ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵکردن سودیلێدەبینرێت.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندى (چنارەى سورێن) لە سنـورى شارۆچکەی (خورمأڵ). لەلاپاڵێکدا دێتە دەرەوە و بەردەمى کەمێک تەختانییە و قـومێکى لەبەردەم کراوە بۆ ئاودانى ئاژەڵ و خەڵکێکى زۆر بۆ سەیران و گژوگیـای بـەهاری دەچنە ئەو ناوچە و لەسەری دەحەوێنەوە، ئاوى کانییەکە بۆ خـواردنـەوەى ڕێبوار و ئاژەڵ سودیلێوەردەگیرێت، لـە کـۆندا باخـى لـەبەردەم بووە بـەڵام ئێسـتا بـاخـەکـە نـەماوە.
کانی و چاوگە. کەوتووەتە خوارووی گوندی (دەڵەمەڕ). موڵکی شێخانی عەبابەیلێیە. بۆ کشتوکاڵ و مەرەزە و توتن بەکارهاتووە و باخی لەبەر نییە. لەگەڵ ئاوی (کانییە بەهارێ) دراوە لەیەک تاوەکو شوێنی ئێستای گەڕەکی (گۆران سیتی) و گەڕەکی (بەفری میری) بەردەم زانکۆی هەڵەبجە.
کەوتووەتە گوندى (سازان). بەهۆی ئەوەی گەورەترین سەرچاوەی ئاوی گوندەکەیه، بە (چاوگی گەورە)ش ناسراوە. لەگەڵ ئاوی (سەروەزەن)دا، ژمارەیەکی زۆر باخ ئاودێریدەکەن. لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە ئاوی کانییەکانی ناوچەکە دەڕژێنە ناو ڕوبارى سیروانەوه.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی کەوتە، سەرچاوەی سەرەکیی ئاودانی بەشێک لە باخ و زەوییەکانی گوندەکەیە، هەروەها دانیشتوانی گوندیش بۆ خواردنەوە و پێداویستییەکانی ڕۆژانە بەکاریدەهێنن. بڕێکی زۆر ئاوی هەیە و هەرگیز وشکناکات.
کەوتووەتە گوندی ڕێشاو لە دامێنی چیای بانەبەرز. ئاوێکی زۆری هەیە باخەکانی پێ ئاو دەدرێت. هەمیشەییە. ئاوەکەی لەگەڵ چاوگی بێخچناران و محیەدین یەکدەگرێت و پێکەوە هەندێک باخ ئاودەدەن، تا دەگاتە چاوگی مامۆ حەمەکەریم و بە ئاڕاستەی گوندی کۆساوا، بە چەمێکدا درێژدەبیتەوە، لەگەڵ چاوگی بارام و حاجی عەلی تێکەڵ دەبێت.
کەوتووەتە بەشی باکوری گوندی کەوتە، بڕێکی زۆر ئاوی هەیە، هەرگیز وشکناکات، بەڵام ساڵانی کەم_بارانی، بڕی ئاوەکەی کەمدەبێتەوە. جگە لەوەی، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوی گوندەکەیە، بەشێک لە باخ و زەویی و زاری گوندەکەش لەم کانییە سودمەنددەبن، هەروەها سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی مزگەوتی ناو گوندەکەشە.
کەوتووەتە باکوری گوندی(بامۆک)، لەنێوان شاری هەڵەبجە و گوندەکەدا هەڵکەوتووە. ئاوەکەی بە بەراورد بە کانییەکانی دیکەی گوند زۆرترە، وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بەکارهاتووە. ئاوەکەی ڕەنگی مەیلە و سپییە، لە ڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، بۆمبێک ڕێک لە سەرچاوگی کانییەکەی داوە و بەو هۆیەوە ڕەنگی ئاوەکەی تا چەند ساڵێک سور بووە.
کەوتووەته ناو سەنتەری گوندی کانی ئاسکان لە بناری چیای سورێن. چەرمەڵ ناوێکی هەورامییە و بەواتای سپی دێت. ئەوەش بەهۆی ڕوونیی ئاوەکەی ئەو ناوەی لێنراوە. بەردەنوێژی لەسەرە. لە ساڵی ١٩٩٤ لە لایەن ڕێکخراوی کڵای کراوەتە پڕۆژەی ئاودێری و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە.
کانییەکی پیرۆزە لای یارسانان بەگشتی و یارسانانی هاوار بەتایبەتی. لە دۆڵێکی قوڵی دامێنی چیای شنروێدایە. بارگەو بنەی سان سەهاک و یارانی بووە. لای پیر تەقی شاهۆیی لە کەڵامی بارگە بارگەدا ناوی ئەم شوێنە هاتووە. لە بەرئەوە ڕووگەی یاران و زیارەتکەرانە.
کەوتووەتە گوندی چنارەی زێڕوون لە بناری چیای سورێن. ئاوەکەی هەمیشەییە. بۆ ئاژەڵداری و خواردنەوەی ناو گوند و باخداری بەکاردێت. بەردەنوێژ و ئەستێڵی بۆکراوە.