بەرگی دووەم
سەرچاوە ئاویەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
بەرگی دووەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). دەکەوێتە نزیک ڕێگاى سەرەکیى گوندەکە بۆ گوندەکانى(تەپى سەفاى سەروو، شەشکى سەروو). لەلایەن دانیشتوانی گوندەکە حەوزوو و بەردەنوێژی بۆکراوە. لەکۆنەوە تا ئێستاش دانیشتوانی گوندەکە بۆ ئاو خواردنەوه و کشتوکاڵ و باخداری بەکاریدەهێنن.
کانییەک بووە لە کێلەسپی لە شارۆچکەی سیروان. سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی کێلەسپی بووە. لەسەردەمی پاشایەتیی و لەساڵانی ١٩٤٠کاندا بۆرییەکی ئاسنی کەوانەیی بە چیمەنتۆ بۆ دانرابوو، کە خز و تلوسک بووە، دواتر ئەم ناوەی بە شێوەی (پلوسک) لای خەڵکی جێگیربووە.
کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە) و لەناو مزگەوتی گەورەی شارەدێی (تەوێڵە)دا. (١٤٦٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ خواردنەوە بەکاردێت و دواتر دەڕژێتە نێو چەمی تەوێڵەوە. لە شێوەی پلورێکدا دێتە خوارەوە بۆیە ناونراوە پلور، لەلای خەڵکی تەوێڵە تایبەتە و چووەتە نێو پەندو گۆرانییانەوە. گەشتیاران سەردانیدەکەن و وێنەی لەگەڵدا دەگرن.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی کۆنی قۆرتاس. لەکاتی نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەربەندیخان ئینجا دەردەکەوێت. بە کانی شێخ عەبدولکەریمیش ناودەبرێت و مەزارگەی ئەو پیرەی لێیە. هاوینانیش بە دابەزینی ئاستی ئاوی دەریـاچـەکـە وشـکناکات.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (کانی ئاسکان)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ. لە دامێنی چیای پیرەمەگرون لە بەرامبەر گوندەکە. ناوەکەی مەگرون بووە، دواتر بووە بە مەوروم. مێژووەکەی بۆ چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. (تۆفیق بەگ) خاوەنی بووە. بە درێژایی (٢٥٠م) ئاوەکەی لە ڕێگەی کارێزەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو گوندەکە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریی و خواردنەوە سودیلێوەرگیراوە.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (٨٨٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزه. باخەکانی دەوروپشتی سودیلێوەردەگرن. بە بۆری و ترۆمپا دەبرێتەوە بۆ نێو پڕۆژەی ئاوی گوندەکە. مزگەوتی گوڵپ لە باشور و کانی هەواس لە باکور و کـانی هانەلیمۆ لـە خۆرئاوا و کـارێزی مزگـەوت لـە خۆرهەڵات دەورەیانداوە.
لە دامێنی چیای (خۆرەتاوی کەوتێ)ی گریانەدایە. لە خوارووی گۆڕی (پیر کامڵ)ەوەیە. هەر بەناوی ئەویشەوە ناونراوە. بە کانی (گەرماوگ)یش ناسراوە. چونکە لە وەرزی زستاندا ئاوەکەی شلەتێنە و بۆ خۆشۆردن دانیشتوانی گوندەکە بەکاریانهێناوە. بەڵام لە وەرزی هاویندا ساردە. بەردەوام ئاوێکی ڕوونی لێ هەڵدەقوڵێت. لە نێو باخی (حاجی محەممەدی ڕیش)ـەدایە و ئاوی ئەو باخەی داوە.
کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) ٣٠٠مەتر لە گوندەکەوە دوورە و موڵکى گشتيە و بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکاردێت و کەوتووەتە نێوان دوانزەئيمامى سەروو گوندى کاگردەڵ، ئاوەکەى نزيکەی ٣٠٠ دۆنم زەوى بەراوکردووە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (پێگە). ئاوەکەی هەمیشەییە. بەڵام بە کەڵکی خواردن نایەت چونکە چەورە. بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکاردێت. لەبەرزاییەکە نزیک لە سیروان و ئاوەکەی دەڕژێتە ڕوبارەکەوە. بە (کانی نادر)یش ناودەبرێت.
کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار) لە سەرەتای چەمی شنروێوە دەستپێدەکات. لە تاپۆی عوسمانیدا لای ڕۆستەم هاواری ناوی هاتووە. ناوەکەی لە ڕەوگەی کەڵانەوە یان ئاوگەی کەلانەوە هاتووە. شوێنی یادگاری (حەمەسەعید کەرەم فەتاح)ی ئەندامی حزبی هیوایە، کە لەسەر ئەم کانییە کوژراوە.
کەوتووەتە باکوری گوندی (تازەدێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەندایەتى دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکى گوندەکە. دەیان ساڵە بە بەردەوامى ئاوى هەیە و خەڵکى گوندەکە لە کۆنەوە تا ئـێستا بۆ خواردنەوە و ئـاودانى ئاژەڵەکانیان سودیانلێوەرگرتووە.
کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە باشور گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لە تەنيشتى گوندەکەدايە. موڵکى گشتیيه. خەڵکى گوندەکە بۆ خواردنەوە و ئاودێريى کشتوکأڵەکانيان سودێکى زۆرى لێدەبينن. بەهۆى بوونى تاکە دارێکى گەورە لە سەر کانيیەکه، ناونراوە کانى تەڵەدارەکە.
کەوتووەتە سنوری گوندی عەبابەیلێ و خۆرهەڵاتى گوندی (دەڵەمەڕ). بەدوورى دوو کيلۆمەتر لەناو دۆڵی دەڵەمەڕ و سەر ڕێگای (کانی گوێز)ە. بە قەدپاڵی کێوەکەیەوە. بۆ ئاودانى ئاژەڵەکانى گوند بەکارهاتووه. دەوروپشتى کانييە وەک هەوارگەیەک لە وەرزەکانى هاوين و پاييزدا بەکارهێنراوە. جگەلەوەی، کە شاخڕەو و ڕێبوارێکی زۆر لەکاتی گەشتکردن بۆ شاخەکانی وەزگێڵ و قەمان سودیلێوەردەگرن. ئاوەکەی نە زیاددەکات و نەکەمدەکات، بەڵام هەمیشەییە.
کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (نێرگسەجاڕ) و لەنێوان گوندەکە و دەرياچەى دەربەنديخاندا هەڵکەوتووە و ئاوێکى هەميشەيى هەيە و بۆ باخدارى بەکارهاتووە. بەهۆى ئەوەى لە ڕابردوودا ڕێگەى کاروانچيیانى عەرەب بووە بەر لە دروستکردنى دەرياچەى دەربەنديخان، زۆرجار لەسەر ئەم کانيە لايانداوە و بە ئاوێکى شيرين و سازگاريان زانيوە و بەو هۆيەوە پێيانوتووە کانى تەمرە (واتە وەک خورما شيرينە).
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). حەوزێک بە ڕووبەری (٤ بە ١١م)ی لەسەر دروستکراوە و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتەخوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخە. (١٨٦٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چیای تەوەنێ و دۆڵی لاسەوزیتێ) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی بەڵخە و سینەسەحاب) و لە باشورەوە (دۆڵی هانەوەهارە و خوێڕسگە) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای هەوارە بەرزە و دەرەتاریک) دەورەیانداوە.
کانیيەکى هەميشەييە. کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لەتەنيشت دەرياچەى دەربەنديخانەوەيە و سێ کيلۆمەتر لە سەنتەرى گوندەکەوە دوورە و لە ڕابردوودا زەويیەکان بەردەمى خۆى کردووەتە بەراو، بەڵام لە ئێستادا دەرياچەى دەربەنديخان زەويەکانى داپۆشيوە، لەبەر هەبوونى دارى ترش (سماق)، لەچواردەورى کانيیەکە ناونراوە ترشان.
بە دووریی (٥٣٠م) کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (٨٩٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی (٣ بە ٨م) لەسەر دروستکراوە. باخێک لەبەردەمیدا سەوز کراوە و بۆ ئاودێریکردنی بـەکاردێت.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتەخوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخە. (١٣٢٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (هەسارەوردکڵێ و کانی هانەومەڕا و چێرسۆڵێ و کەریمە و سەرسۆڵ) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی خواروو) و لە باشورەوە (دۆڵی سۆڵێ) و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی (بەڵخەی سەروو) دەورەیانداوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی). بەواتای (تووی ڕانەمەڕ) دێت. کانییەکی تێدابووە بە ناوی کارێزی (حاجی حەمەسەعید)، کە ئاژەڵەکانیان لەنزیکیەوە مۆڵداوە و شیریاندۆشیوە.
کەوتووەتە گوندى تلێوەرێ لە ناوچەى سازان به دووریى (٩کم) لەبەشى باشورى شارى هەڵەبجە. سەرچاوەى ئاوى گوندى تلێوەرێ و باخ و ئاژەڵدارەکانيەتى. داهاتى ئاوى لە نێوان (٢ بۆ ٣ ئينچ) ئاوە. سەرچاوەى ئاوى ئەم کانييە گەنجينەى ئاوى چينەبەردەکانى پێکهاتەى باڵامبۆيە و بەهۆى نوشتانەوەى بەردەکانيەوە بەردەرکەوتووە.