سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

517 بابەت

چمچە

کەوتووەتە گوندی (چواردارانی سەروو)ی سەر بە سنوری شارۆچکەی بەمۆ. خاوەنداریەتی بۆ کەس ناگەڕێتەوە. خەڵکی گوندەکە بۆ خواردنەوە و ئاژەڵ سودیلێوەردەگرن.

چنارەکان

کەوتووەتە باکوری گوندی (سەعداوا) لە بناری چیای (خۆشک). هەمیشەیی و سازگارە، جوتیارانی گوند و ڕێبواران سودیلێدەبینن و تا ئێستاش بۆ باخداری و ئاژەڵداری بەکاردەهێنرێت.

چناردۆڵ

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (قەڵپ) لە بناری چیای خۆشک. لە ناحیەی بەمۆ، لە لایەن دانیشتوانی گوندەوە بۆ خواردنەوە بەکاردێت.

چنار زەرکێ

کانییە. کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (گوڵپ)ی سەر بە هەورامان‌. ئاوەکەی لە ڕێگەی ئەستێڵێکی مامناوەندییەوە کۆدەکرێتەوە. بۆ ئاودانی زەوییەکانی خۆرئاوای گوندەکە و چەند دۆنمێک زەوی بەراو و ئاودانی ئاژەڵ و مەڕوماڵات بەکاردەهێنرێت.

چنار

کەوتووەتە ناوەڕاستى گوندى (چنار)، کە (٢٣کم) له ‌باشور و باشورى خۆرهەڵاتى شارى هەڵەبجەوە دوورە. ‌ناوەکەى لە دارچنارێکى بەتەمەنی سەر کانییەکەوە هاتووە. بەشێکی دەڕوان بۆ مزگەوت و بەشێکیشی دەڕژێتە چەمی چنار.

چوار بەرد

کەوتووەتە‌ باکورى خۆرئاواى گوندى بەشارەتى خواروو و لەناو گوندەکەدايە، بۆ ئاودێریى کشتوکاڵ و خواردنەوە بەکاردەهێنرێت و موڵکى گشتيە و کانيەکى هەميشەييە، دەڕژێتە چەمى چوار بەرد، کە هەر ئاوى کانيیەکە چەمەکەشى دروستکردووە.

چیاڵە

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (دەگاشێخان) و کەوتووەتە باشوری گوندەکە و تەنیشت مزگەوتی دێکە، ئاوی دەڕژێتە دۆڵی ملەخانەگای وارین، (١٢٤٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (گوندی دەگاشێخان شوێنەواری کەلارێ گاورا) و لە باشورەوە (کانی مەرێ) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی دەگاشێخان) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی ملەخانەگای وارین) دەورەیانداوە.

چیاڵەو یاڵانپێ

بە دووریی (٢٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (٩٤٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەبەردەمدا دروستکراوە (هەساری)، کە ڕووبەرەکەی (٣ بە ٤م) دەبێت و ئاوی کۆدەکاتەوە و بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدا دروستکراوە، بەکاردێت.

چێرسۆڵێ

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتەخوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخە. (١٤٩٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی کەریمە و سەرسۆڵ) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی سینەسەحاب و بەڵخ) و لە باشورەوە (گوندی بەڵخە و دێگە) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی وڵا) دەورەیانداوە و چەند خواردنگەیەکی لەسەر دروستکراوە و شوێنی دانیشتن بۆ گەشتیارانی تێدا ئامادەکراوە.

حاجی حەمەخان

کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنەی باخەکۆن)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٢٤٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە، بەکاردێت.

حاجی حەمەسیاو

بە دووریی (٦٥٠م) کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (١٠٣٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەبەردەمدا دروستکراوە (هەساری)، کە ڕووبەرەکەی (٦ بە ٩م) دەبێت و ئاوی کۆدەکـاتەوە و بـۆ ئـاودێریکـردنی بـاخێک، کـە لـەبـەردەمیدا دروسـتکراوە، بەکاردێت.

حاجی حسێن

کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنەی باخەکۆن)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٢٥٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە، بەکاردێت.

حاجی سادق

کەوتووەتە باشوری گوندی (چنار) لە ناو چەمی دەوەرە و لە سەرووی کانی فەقێ هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە و بۆ باخداری بەکاردێت. لە سێ سەرچاوەوە ئاوەکەی دێتە دەرەوە. حەوزی ئاوی هەیە و بۆ باخداری بەکاردەهێنرێت و بەناوی پیاوێکی خزمەتکوزاری گوندەکەوە ناونراوە.

حاجی عەزیز

کەوتووەتە‌ باشوری خۆرهەڵاتی گوندى (دوانزە ئيمامى خواروو). سەرچاوەی سەرەکیی چەمی حاجی عەزیزە. وەکو ناوچەیەکی جیاکەرەوەشە لەنێوان زەویەکانی کێلەسپی سیروان و دوانزەئیمامی خواروو، ئەم کانیە بۆ خواردنەوە سودیلێبینراوە، چونکە نزیک ماڵەکانی گوندەکە بووە، بەڕێکردنی کانیەوە بە دووریی کەمتر لە(٢٠٠م)بنەوانەیەکی بچوکی لێدروستکراوە و ئاوی زەویە کشتوکاڵییەکانی پێدراوە، کە نزیکەی(٤٠دۆنم) زەویە، ئاوی ئەم کانیە بەرەو باکوری خۆرهەڵات ڕێدەکات تا لەخوار گردی چراخەوە لەگەڵ کانی مام احمد یاخود چەمی کێلەسپی یەکدەگرن و بەرەوە باکوری خۆرئاوا ڕێدەبڕن، تا لە(گردی حسین)دا، کانی گردی حسینی تێدەڕژێت و ئاوەکەی زۆردەبێت. سەرەڕای بەکارهێنانی بۆ کشتوکاڵ سودێکی زۆری ئاژەڵداری لەم کانی و چەمە دەبینرێت.

حاجی قادر

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (پاڵانیا). باخاتێکی چڕی گوێز و توو ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی پاڵانیا. (١٢٢٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

حاجی محەممەد

کەوتووەتە گوندی چنارەی زێڕوون لە بناری چیای سورێن. بە ناوی حاجی حەمەساڵح قادر ناونراوە. ئاوەکەی هەمیشەییە و بۆ باخداری و ئاژەڵ بەکاردێت.

حاجی میرزا

کەوتووەت باشوری گوندی (گەچێنەی باخەکۆن)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١١٦٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە، بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (شوێنەواری ماڵی کەنعان و چیای نەیجەکۆڵە و دۆڵی باخەکۆن و گوندی باخەکۆن و مەرقەدی شێخ حیسامەدین) و لە خۆرئاواوە (کانی میرزا و دۆڵی نەیجەکۆڵە و هەنارەکۆڵە و تفەقەتارا) و لە باشورەوە (لوتکەی قوڵتا و کانی لارەدەر) و لە خۆرهەڵاتەوە (کانی حەمەساڵە و کانی حاجی حسێن و کانی حەمەخان و لوتکەی سەرگەچێنە و بانی هێڵەگەمە).

حامدە گەنجە

کەوتووەتە شارۆچکەی بیارە بە ئاڕاستەی چەمی هانەگەرمڵە. بیارەییەکان (هانۆ گەنجەی)یشی پێدەڵێن. ئاوێکی هەمیشەیی هەیە. سەرچاوەی سەرەکیی پڕۆژەی ئاوی شارۆچکەکەیە و زیادە ئاویشی دەڕژێتە چەمەوە و جۆگەی لێهەڵگیراوە و چەندین باخ ئاودێریدەکات.

حامی

یەکێکە لە کانیاوەکانی شارۆچکەی (بیارە) و کەوتووەتە باشوری شارەکە و دەڕژێتە چەمی بیارەوە، (١٠١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

حەمەڕەش

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە. (١٠٠٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی، بەکاردێت. دەڕژێتە چەمی خەرپانی و لە باشورەوە هەسارە گۆرێ و کانی مچەڕەش و نساری سەرچەمە و لە باکورەوە کانی هۆبە و کانی ڕوەنینە و کانی دەروێش عەلی و هانەنەوا و مەزاری شێخ عەبدوڵای خەرپانی و لە خۆرهەڵاتەوە کانی محمود و هەساری چەوتانی و لە خۆرئاواوە کانی کانی سەرچەمە و هەڵوچە و وەرقیبلە دەورەیانداوە.

پێشتر 1
...
5 6 7
...
26 دواتر