بەرگی نۆیەم
ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
بەرگی نۆیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. کەوتووەتەسەر شەقامی گشتیی هەڵەبجە. پێشتر بەناوی (مەولەوی)یەوە بووە و (عومەرکاکی) خاوەنی بووە. لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو (مەلا ئەمین نادر حسێن) کڕیویەتییەوه. تا ساڵی ١٩٨٧ کراوەبووە. چەند جارێک لەلایەن دامودەزگای ئەمنیی هەڵەبجەوە داخراوە.
کتێبخانەیەکی ئینگلیزی و سەر بە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک بووە. لە ساڵی ١٩٤٨-١٩٤٩ لە تەنیشت گەراجی حاجی شیخ حەمەئەمین کراوەتەوە. حەسەن شێخ حەمەعارف بەڕێوەبەری بووە. شوێنەکەی فراوان بووە و جامخانەیەکی گەورەی هەبووە، کە بە گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبی ئەو سەردەمە ڕازێنراوەتەوە. فەرهەنگە زمانەوانییەکەی تۆفیق وەهبی و گۆڤاری (اهل النفط)ی تێدا دانراوە. چەند جارێک سینەمای گەڕۆکی هێناوە و فيلميان نمایشکردووە. بەهۆی ململانێی حزبی و کەشوهەوای سیاسیی ئەو دەمەوە، چەندجارێک بەردباران کراوە و سەردانیکەری کەمبوەتەوە و دواجار داخراوە.
کتێبخانەیەکە لە (تەوێڵە). لە خانووی (حاجی حاميد)دا بووە. ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن مامۆستایان و قوتابیانی تەوێڵەوە کراوەتەوە. (یەکێتیی قوتابیانی کوردستان) ڕۆڵیان لەکردنەوەیدا هەبووە. مامۆستا (بارامی سەعدی بەگ) سەرپەرشتیار و چاودێری بووە. مامۆستایانی ناوەندی تەوێڵە چەندين کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاریان پێشکەشی کتێبخانەکە کردووە و هەیەک لە (فەتاح ئاغا) و (ساڵح بەداوی) هاوکاری دارايى و زانستيیان کردووە. کتێبخانەکە خزمەتێکی زۆری پێشکەش بە قوتابیان کردووە. لەدوای ساڵی١٩٧٥ کتێبەکانی کۆکرانەتەوە و لە ١٥ سندوقدا براونەتە ناوەندی تەوێڵە و کتێبخانەکە داخراوە. لە چۆڵکردنی تەوێڵە ساڵی ١٩٨١ بە هۆی شەڕەوە کتێبەکان فەوتان.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. کەوتوەتە گەڕەکی پیرمحەممەد و لە شەقامی مەزاری پیرمحەممەد. ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن مامۆستا (ئەمین ئەحمەد عەلی)ی ناسراو بە (ئەمین سەپان) دانراوە. سەدان سەرچاوەی جۆراوجۆر و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی تێدابووە. تا ساڵی ١٩٨٨ و کیمیابارانی هەڵەبجە کراوە بووە.
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. لەکاتی خۆیدا عومەر حەمەشەریف قادر ناسراو بە عومەری کاکی (١٩٢٦ - ٢٠١٦)، دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی ١٩٦٨، لە دوکانەکانی حاجی فەرەجی کۆکۆیی نزیک دوکانەکەی عومەری ڕەسام دایناوە. کوڕەکانی بەتایبەتی دکتۆر نوری هاوکاری بووە. گەلێک کتێب و سەرچاوەی نایابی هەبووە. لەو سەردەمەدا گۆڤاری دەستور و وەتەنی عەرەبی خوێنەری زۆربووە. ساڵی ١٩٧٥ دوای ئاوارەبوون لە ئێران و گەڕانەوەیان بۆ هەڵەبجە، کتێبخانەکە دەگوازێتەوە بۆ دوکانەکانی حاجی حەمەشری، تەنیشت عومەری ڕەسام.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن (محەممەد عەبدوڵڵا عەلی)یەوە دامەرزاوە. زیاتر لە ٢٠٠ ناونیشانی بە زمانەکانی: کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و فەڕەنسی تێدا بووە و ناوەڕۆکەکانیان زیاتر تایبەت بووە بە لایەنی پەروەردەیی و زمانزانی. کەوتبووە قەیسەریی وەزگێڵ لە نزیک کتێبخانەى هێمن. تا ساڵی ٢٠٢١ بەردەوامبوو و پاشان داخراوە.
کتێبخانەیەکی گەورە بووە. لە ژێرزەمینێکی گەورەی ناو مزگەوتی گەورەی بیارەدا بووە. پیرمحەممەد ناوێکی لێ نێژراوە، کە دەبێتە باپیرە گەورەی مەلا سمایلی بیارە و بیستو پێنج پشتی بنەماڵەی مەلاکان. بەو پێیە مێژووی مزگەوت و کتێبخانە و کتێبەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٠٠ز. دوای هاتنەوەی مەولانا خالد و بڵاوبوونەوەی تەریقەتی نەقشبەندی و جانشینی سراجەدین لە تەوێڵە، هەورامان دەبێتە مەکۆی زانیاری و عیرفان، ڕۆشنبیر و خوێندەواران ڕووی تێدەکەن. شێخ عومەری زیائەدین دێتە بیارە و گەشە بە ڕێبازی تەریقەت و شەریعەت دەدات، تا گەیشتن بە شێخ عەلادین و نەجمەدین، کتێبخانەکە دەوڵەمەندتر و پڕتر دەبێت. تاساڵی ١٩٤٠-١٩٥٠ پانزە هەزار کتێبی چاپکراو و سێ هەزار کتێبی دەستنوسی تێدابووە. لە زەمانی سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانیدا، باری ٧٠ هێستر کتێبی جۆراوجۆر کراوەتە دیاری ئەم کتێبخانەیە. مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ١٩٤١ چووەتە ناوی کتێبەکانی بینیووە.
ژوورێکی تایبەت بووە وەک کتێبخانە. یەکەم ناوەندی بڵاوکردنەوەی (نشر و اعلان)ـە. لە خانوەکەی سەعید جعێلی، لە شوێنی بانقە کۆنەکەدا بووە. ساڵی ١٩٥٠-١٩٥١ لە ناو بیناکەی فازل خەیاتدا بووە. تەرخانکراوە بۆ (ڤدەی گاور)، کە پیاوێکی بادینی بووە بە ڤەدەی عەلاقات ناسراوە، پەیامنێری گۆڤارێکی ئینگلیزی بووە، کە لە بەغداد دەرچووە، بە ناوی (دەنگی گیتی تازە). لەگەڵ ئەدیبەی کچی بەڕێوەیانبردووە. ژمارەیەکی زۆر کتێب و بڵاوکراوە و گۆڤاری جوان بە وێنەوە بۆ سەرنجڕاکێشانی لاوان هەڵواسراون. پاش دووساڵ ناوەندەکە نەماوە.
لە ٢٦ی ٥ی ٢٠٠٧ لەلایەن (ڕێکخراوی هەتاو)ی ناحکومییەوە لە شارۆچکەی (سیروان) لە تەنیشت قوتابخانەی سیروانی بنەڕەتی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سیروان - هەڵەبجە کرایەوە. (ئەحمەد حسەین محەممەد) سەرپەرشتیاری بوو. گرنگیشی بە منداڵان، خولی هاوێنە، ڕۆژنامەنوسی دەدا، تاساڵی ٢٠١٣ بەردەوامبوو، دواتر کتێبخانەی گشتی سیروان جێگەی گرتەوە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. خاوەنی (عەتا ڕەئوف محەممەد) بووە. ساڵی ٢٠٠٦ کراوەتەوە. کەوتووەتە سەر شەقامی گشتیی هەڵەبجە. خاوەنداریی بیناکە بۆ (تۆفیق کۆکۆی) گەڕاوەتەوە. ساڵی ٢٠١٢ فراوانکراوە و هۆڵی سیمینار و کۆڕە ڕۆشنبیرییەکانی بۆ کراوەتەوە. تا ئێستا نزیکەی ١٨٣ کۆڕ و سیمینار و مێزگردی تێدا پێشکەشکراوە. لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیی و ئایینیەکاندا چالاکیی جۆراوجۆری تێدا ئەنجامدراوە. دیداری ئەکرەم عەنەبی و حەکیمی مەلاساڵحی ڕێکخستووە، گروپی کچانی باخی میری دروستکردووە. ١٩٨ کتێبی بە چاپ گەیاندووە. بەشداریی چالاکانەی لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی و سنەو زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا کردووە. ساڵی ٢٠١٨ و لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، ٥٠٠٠ کتێبی بەخشیوە. چوار ساڵیش یادکردنەوەی شەوی یەڵدای گێڕاوە.
ساڵی ١٩٢٢ لەلایەن کەسێکی جولەکەوە لە شاری هەڵەبجە کراوەتەوە. لە شوێنی دوکانەکەی حاجی عیزەتی کەشەنەدا بووە. تا پێش ئەو مێژووە کتێب و دەستنوس و چاپەمەنییەکان لە کتێبخانەی ماڵان و حوجرەی مزگەوت و خانەقا و کۆشکی بەگەکان و ماڵی میرزاکاندا بوون. کچێکی ئەو جولەکەیە بەناوی (شێوە) بەڕێوەیبردووە. تەمەنی کتێبخانەکە کورت بووە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. (عەبدولقادر شادی) خاوەنی بووە. دوای ئەوەی کۆچیدواییدەکات، کتێبخانەکەش دادەخرێت. کەوتبووە سەر شەقامی گشتی لە سەروو حەمامی گۆران لە خوارووى شارەوانی. کتێبی: کوردی، عەرەبی و ئینگلیزیی تێدا بووە.
کتێبخانەیەکی ئەهلییە. ساڵی ١٩٩٥ دانراوە. (ئەحمەد ڕەنجیار) خاوەنیەتی. شوێنەکەی چەند جارێک گواستراوەتەوە لەناو بازاڕی هەڵەبجەدا. کۆتاجاریان لە لەژێرخانێکدا بووە لە تەنیشت وێنەگری زانیار، شەقامی گشتی. دواى کۆچیدوایی خاوەنەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠، داخراوە. کتێبی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی تێدا بووە. ناوەڕۆکی کتێبەکان زیاتر پەروەردەیی و ئاینی و شەرعی بووە.
لە ١١ى ٩ى ٢٠١٢ لەلایەن ئاسۆس حامید حاجی غالییەوە دامەزراوە. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لە ناو هەڵەبجەدا بارەگای هەیە. کەوتووەتە جوتسایدی مامۆستایان. هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە وەکو سایتێکی نزیک و سێبەری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کاریکردووە. لە سەر ئاستی هەرێم و لە بابەتی سیاسی و کلتوری و ڕۆشنبیری و هونەریدا کاردەکات. لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا دوو بەڕێوەبەری هەبووە، کە هەر یەک لە سەردار حەمەئەمین هەتا ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێوەبەر بووە و دواتر ڕێبین حمەئەمین کراوە بە بەڕێوەبەر هەتا ئێستا. ناونیشانی ئەم سایتە لە لاپەڕەی ئینتەرنێت (www.rwmal.net)ە، توانای یادگە (زاکیرە) ئەم سایتە کراوەیە. پاڵپشتیی دارایی، خاوەنەکەیەتی. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا خاوەنی پەڕەی تایبەتییە و ئەو بابەتانەی، کە لە سایتەکە بڵاودەکرێنەوە، لە پەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاویدەکەنەوە. لە دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا بەردەوامە.
ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنیی تایبەتە بە هەواڵ و زانیاریی لەسەر ناوچەی هەورامان. ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوسى سەربەخۆى سنورى خورماڵ و هەورامانەوە دامەزراوە. بەشی زمانی کوردی شێوەزاری هەورامی و زاری کرمانجی ناوەڕاست/سلێمانی، زمانی عەرەبی و فارسی هەیە. لەلایەن ستافێکی ٢٠ کەسییەوە بەڕێوەدەبرێت، لەوانە (ئەمین عەبدولکەریم، شاخەوان عەلی، ئاراس ڕەفیق) و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فیسبوک و ئینستاگرام و تویتەر (ئێکس) بابەتەکانیان بڵاودەکەنەوە.
ڕاگەیاندنی دەڤەری هەڵەبجەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە مانگی ١ی ٢٠١٨ دایمەزراندووە. زمانحاڵی خۆیەتی. پەخشی بەرنامەکانی لە ٩ی بەیانییەوە هەتا کاتژمێر ١٢ بەردەوامبووە و بەنامەکانی هەمەجۆر و سیاسی و هونەری بووە و بارەگای سەرەکی لە گەڕەکی مامۆستایان بووە. نیاز نەجمەدین (ئەڵمانی) بەڕێوەبەر بووە. پەخشەکەی گەشتووەتە سنوری هەڵەبجە و شارەزوور و ناحیەی عەربەت. ڕادوێی ئاریا لە ناوەڕاستی مانگی ٩ی ٢٠١٨ بە هۆی کشانەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانیەتییەکە و گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتیی، داخراوە.
زمانحاڵی لیژنەی ناوچەی هەڵەبجەی حزبی شیوعی بووە. ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە. بارەگاکەی ناو بارەگای لیژنەی ناوچەی حزب بووە لە گەڕەکی جولەکان. سنوری پەخشی هەڵەبجە بووە و هەشتی بەیانی بۆ حەوتی ئێوارە کاتی پەخشی بەرنامەکانی بووە. بەرنامەکانی هونەری و کلتوری و سیاسی و هەمەڕەنگ بوون. سنوری پەخشی هەڵەبجە بووە. هاوار نەجمەدین سەرپەرشتیکردووە. دوو ساڵ بەردەوامبووە و داخراوە.
ڕادوێیەکی ناوەندی دەنگی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە. ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە. سنوری پەخشی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی گرتووەتەوە. بەرنامەکانی سیاسی و ئایینی و بوون و بە کوردی پەخشکراون. ماوەی پەخشی ڕادوێکە ١٠ سەرلەبەیانی بۆ شەشی ئێوارە بووە. بارەگای ئەم ڕادوێیە لە گەڕەکی سەرادا بووە. تا ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوامبووە. بەرێوەبەرەکەی محەممەد بنگردی بووە. بەهۆی شەڕی ناوخۆ و چۆڵکردنی هەڵەبجە لەلایەن بزووتنەوەی ئیسلامییەوە، بۆ ماوەی سێ مانگ داخراوە. پاش گەڕانەوەی بزووتنەوە دیسان بەهەمان ناو و ناوەڕۆکەوە دەستی بە پەخش کردەوە. ناسیح مەجید بووەتە بەڕێوەبەری. لەم قۆناغەدا سنوری پەخشی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان بووە. دوای شەش مانگ لە شوباتی ٢٠٠٣ بەهۆی کێشەی داراییەوە داخراوە.
بزوتنەوەی ئیسلامی لەمانگی ٧ی ساڵی ٢٠٠٨ لەهەڵەبجە کردیەوە، تەنها قورئانی پیرۆز و پەیامی ئیسلامی تێیدا بڵاودەکراوەتەوە ماوەی پەخشەکەی ٢٤ کاتژمێربووە و سنوری پەخشی هەڵەبجە و شارەزوور هەتا ناحیەی عەربەت بووە. بەڕێوەبەرەکەی حەسەن حەمەئەمینە، پەخشی ئەم ڕادوێیەیان تا ئێستایش بەردەوامە.
ڕادوێییەکی لۆکاڵییە. سەر بە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ. د. ک)یە. کەوتووەتە گەڕەکی مامۆستایان. لەسەردەستی فەریدوون جوانڕۆیی ٢١ی ٣ی ٢٠٠٦ لە هەڵەبجە دەستی بە پەخشکردنی بەرنامەکانی ڕادوێی ناوەند و چەند بەرنامەیەکی خۆی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٢وە خاوەن پەخشی تایبەت بە خۆیەتی. هەفتانە ٢١ بەرنامەی جۆراوجۆری سیاسی، ئەدەبی، کلتوری، ڕۆشنبیری پێشکەشدەکات. ئامانجی گەیاندنی زانیاری و ڕۆشنبیرییە. گرنگییەکی زۆری بەشێوەزاری هەورامی داوە. پەخشی دەگاتە خۆرهەڵات. بەرێوەبەرەکانی: شەش ساڵی یەکەم (محەممەد عەبدولقادر) و بۆ ماوەی ساڵێکیش (بێستون تۆفیق). لە ٢٠١٣ەوە تا ئێستا (شاخەوان کەریم فەتاح) بەڕێوەبەریەتی.