کەریمۆک

دواین نوێکردنەوە: 2026-05-13


لاپەڕەی 318

فلیمساز

فلمساز و ڕۆژنامەوان و شانۆکار و نوسەرە. ناوی کەریمۆک غەفورە. ساڵی ١٩٧٢ لە هەولێر لەدایکبووە. ماستەری لە سینەمادا بە دەستهێناوە. وەک دەرهێنەر و سیناریست لە دەیان فلیمی دیکۆمێنتاریدا بەشداربووە. لەوانە فڕین لە هەورامان ٢٠٠٤. لە چەند فلیمی درێژدا یاریدەدری دەرهێنەر بووە، وەک ئەکتەریش لە دەیان شانۆ و فلمدا کاری نواندنی کردووە. وەک فۆتۆگرافەر چەندین پێشانگای لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوە. پێنج کتێب و چەندین نامیلکەی چاپکردووە. وەک سەرنوسەر و سکرتێری نوسین و دەستەی نووسەران لەم گۆڤار و ڕۆژنامانەدا کاری کردووە: فلیمی تاوی هونەر، سپێدە، ئاڵای ئازادی، ئەمڕۆ. مامۆستایە لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی.

سەرچاوەکان:

  1. دەلیلی ڤێستیڤاڵی پیشاندانی کورتە فیلمی کوردی. وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە لە ٢٦ بۆ ٢٨ی ٢ی ٢٠٠٤ لە هۆڵی ئەحمەدموختار لە هەڵەبجە.
  2. دەلیلی هەندێ لە بەرهەمەکانی ناوبراو.
  3. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (جەمال محەممەد "ئازاد سەوزە")، لەدایکبوو: ١٩٦٣، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: فەرمانبەر، لە ٧ی ٢ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: ئازاد سەوزە

18

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

عوسمان محەممەد عەبدوڵا

شانۆکار و فلیمسازە. ساڵی ١٩٨٠ لە هەڵەبجە لە شاری لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابورییە لە زانکۆی سلێمانی. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە دەیان فلیمدا بەشداریکردووە، لەوانە: هاوزام، بە تەنیا جێم مەهێڵن، چاوی نان، ئەو ڕۆژەی هەناسەیان لێسەندمەوە، گەڕانەوەیەک لەو دیو ونبوونەوە، لەودیو چاوەڕوانییەوە، شارێک مردوکانی زیندوو دەبنەوە، مەرگ بۆ مەرگ... لەگەڵ تیپ و گروپە شانۆییەکانی (خەبات، شەهیدان، ڕۆشنبیری، نواندنی هەڵەبجە، دەزگای پەیام و کۆمەڵەی قوربانیان) کاریکردووە و بەشداربووە لە شانۆگەرییەکانی: بە دەردەکانی دەروون، ئازادیخوازان، مینکۆ، شەوە ڕوناکەکانی هەڵەبجە، چاو، پەشیمانیەکانی حەوا، مەرگ لەسامۆس، زکری سێوەکانی بەهەشت، بازنەکانی مەرگ، پەنجەکان، ئەو دەمەی گوڵێک دەژاکێت، دوابریار، تەزبیحەکە... بەشداری چەندین فیستیڤاڵی شانۆ و کورتەفلیمی لەناو هەڵەبجە و شارەکانی کوردستان و دەرەوەی هەرێمدا کردووە. بە فلیمی (چاوی نان) لە دووەمین دەورەی فیستیڤاڵی نیودەوڵەتی Mud houseی هیندستان خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. پیشەی مامۆستایە.

ئەبوبەکر ساڵح ئەحمەد

ساڵی ١٩٨٨ لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی فلیمسازی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لەگەڵ عومەری برای بەشداری لە ڕێکخراوی ژینگەی هەڵەبجەدا کردووە و کاریان لە کۆکردنەوەی پاشماوەی چەکی کیمیایی و سپاردنی بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کردووە. لە سەوزکردنی کۆڵانەکانی شار و ناوەندەکانی خوێندن، ڕەنگکردنی هەندێک لە شوێن و شەقامەکانی شار بەشداربووە. پێنج کورتە فلیمی نوسیوە لە فلیمەکانی (پەرژین، نهۆمی هەشتەم، خەونێک، کەژان، زەوی سەخت و ئاسمان دوور، سەگی پشدەر، سەگی کورد و شێری کیسۆپۆتامی، ١٩٨٨) بەشداریکردووە.

ڕەحیمی زەبیحی

سینەماکار، ئەکتەر، نوسەری شانۆ و فلیم و دەرهێنەرە. ناوى (ڕەحیم کوڕی مستەفا زەبیحی)يە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری (بانە)ی خۆرهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە. ئەزموونی ٢٠ساڵ کاری سینەمایی هەیە. چەندین فلیمی بەرهەمهێناوە. دەرهێنەری زنجیرە درامای (ماڵەکەی مەعرووف)ـە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی ناوخۆیی ئێران و دەرەوی کردووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. چەند جارێک سەردانی هەڵەبجەی کردووە و دوو فلیمی لەسەر هەڵەبجە و کارەساتی کیمیابارانکردنى بەناوەکانی (ئەو هەنارەی با نەیخنکاند) و(ئەو ڕۆژەی بابا نۆئیل گریا) بەرهەمهێناوە. ساڵی ٢٠١٨ (لەگەڵ کاروان زەبیحی برایدا بووە) به ‌ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووە.