عوسمان محەممەد عەبدوڵا
شانۆکار و فلیمسازە. ساڵی ١٩٨٠ لە هەڵەبجە لە شاری لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابورییە لە زانکۆی سلێمانی. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە دەیان فلیمدا بەشداریکردووە، لەوانە: هاوزام، بە تەنیا جێم مەهێڵن، چاوی نان، ئەو ڕۆژەی هەناسەیان لێسەندمەوە، گەڕانەوەیەک لەو دیو ونبوونەوە، لەودیو چاوەڕوانییەوە، شارێک مردوکانی زیندوو دەبنەوە، مەرگ بۆ مەرگ... لەگەڵ تیپ و گروپە شانۆییەکانی (خەبات، شەهیدان، ڕۆشنبیری، نواندنی هەڵەبجە، دەزگای پەیام و کۆمەڵەی قوربانیان) کاریکردووە و بەشداربووە لە شانۆگەرییەکانی: بە دەردەکانی دەروون، ئازادیخوازان، مینکۆ، شەوە ڕوناکەکانی هەڵەبجە، چاو، پەشیمانیەکانی حەوا، مەرگ لەسامۆس، زکری سێوەکانی بەهەشت، بازنەکانی مەرگ، پەنجەکان، ئەو دەمەی گوڵێک دەژاکێت، دوابریار، تەزبیحەکە... بەشداری چەندین فیستیڤاڵی شانۆ و کورتەفلیمی لەناو هەڵەبجە و شارەکانی کوردستان و دەرەوەی هەرێمدا کردووە. بە فلیمی (چاوی نان) لە دووەمین دەورەی فیستیڤاڵی نیودەوڵەتی Mud houseی هیندستان خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. پیشەی مامۆستایە.
کەریمۆک
فلمساز و ڕۆژنامەوان و شانۆکار و نوسەرە. ناوی کەریمۆک غەفورە. ساڵی ١٩٧٢ لە هەولێر لەدایکبووە. ماستەری لە سینەمادا بە دەستهێناوە. وەک دەرهێنەر و سیناریست لە دەیان فلیمی دیکۆمێنتاریدا بەشداربووە. لەوانە فڕین لە هەورامان ٢٠٠٤. لە چەند فلیمی درێژدا یاریدەدری دەرهێنەر بووە، وەک ئەکتەریش لە دەیان شانۆ و فلمدا کاری نواندنی کردووە. وەک فۆتۆگرافەر چەندین پێشانگای لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوە. پێنج کتێب و چەندین نامیلکەی چاپکردووە. وەک سەرنوسەر و سکرتێری نوسین و دەستەی نووسەران لەم گۆڤار و ڕۆژنامانەدا کاری کردووە: فلیمی تاوی هونەر، سپێدە، ئاڵای ئازادی، ئەمڕۆ. مامۆستایە لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی.
ئەبوبەکر ساڵح ئەحمەد
ساڵی ١٩٨٨ لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی فلیمسازی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لەگەڵ عومەری برای بەشداری لە ڕێکخراوی ژینگەی هەڵەبجەدا کردووە و کاریان لە کۆکردنەوەی پاشماوەی چەکی کیمیایی و سپاردنی بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کردووە. لە سەوزکردنی کۆڵانەکانی شار و ناوەندەکانی خوێندن، ڕەنگکردنی هەندێک لە شوێن و شەقامەکانی شار بەشداربووە. پێنج کورتە فلیمی نوسیوە لە فلیمەکانی (پەرژین، نهۆمی هەشتەم، خەونێک، کەژان، زەوی سەخت و ئاسمان دوور، سەگی پشدەر، سەگی کورد و شێری کیسۆپۆتامی، ١٩٨٨) بەشداریکردووە.