عوسمان محەممەد عەبدوڵا
شانۆکار و فلیمسازە. ساڵی ١٩٨٠ لە هەڵەبجە لە شاری لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابورییە لە زانکۆی سلێمانی. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە دەیان فلیمدا بەشداریکردووە، لەوانە: هاوزام، بە تەنیا جێم مەهێڵن، چاوی نان، ئەو ڕۆژەی هەناسەیان لێسەندمەوە، گەڕانەوەیەک لەو دیو ونبوونەوە، لەودیو چاوەڕوانییەوە، شارێک مردوکانی زیندوو دەبنەوە، مەرگ بۆ مەرگ... لەگەڵ تیپ و گروپە شانۆییەکانی (خەبات، شەهیدان، ڕۆشنبیری، نواندنی هەڵەبجە، دەزگای پەیام و کۆمەڵەی قوربانیان) کاریکردووە و بەشداربووە لە شانۆگەرییەکانی: بە دەردەکانی دەروون، ئازادیخوازان، مینکۆ، شەوە ڕوناکەکانی هەڵەبجە، چاو، پەشیمانیەکانی حەوا، مەرگ لەسامۆس، زکری سێوەکانی بەهەشت، بازنەکانی مەرگ، پەنجەکان، ئەو دەمەی گوڵێک دەژاکێت، دوابریار، تەزبیحەکە... بەشداری چەندین فیستیڤاڵی شانۆ و کورتەفلیمی لەناو هەڵەبجە و شارەکانی کوردستان و دەرەوەی هەرێمدا کردووە. بە فلیمی (چاوی نان) لە دووەمین دەورەی فیستیڤاڵی نیودەوڵەتی Mud houseی هیندستان خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. پیشەی مامۆستایە.
کەریمۆک
فلمساز و ڕۆژنامەوان و شانۆکار و نوسەرە. ناوی کەریمۆک غەفورە. ساڵی ١٩٧٢ لە هەولێر لەدایکبووە. ماستەری لە سینەمادا بە دەستهێناوە. وەک دەرهێنەر و سیناریست لە دەیان فلیمی دیکۆمێنتاریدا بەشداربووە. لەوانە فڕین لە هەورامان ٢٠٠٤. لە چەند فلیمی درێژدا یاریدەدری دەرهێنەر بووە، وەک ئەکتەریش لە دەیان شانۆ و فلمدا کاری نواندنی کردووە. وەک فۆتۆگرافەر چەندین پێشانگای لە شارەکانی کوردستان کردووەتەوە. پێنج کتێب و چەندین نامیلکەی چاپکردووە. وەک سەرنوسەر و سکرتێری نوسین و دەستەی نووسەران لەم گۆڤار و ڕۆژنامانەدا کاری کردووە: فلیمی تاوی هونەر، سپێدە، ئاڵای ئازادی، ئەمڕۆ. مامۆستایە لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی.
ڕەحیمی زەبیحی
سینەماکار، ئەکتەر، نوسەری شانۆ و فلیم و دەرهێنەرە. ناوى (ڕەحیم کوڕی مستەفا زەبیحی)يە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری (بانە)ی خۆرهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە. ئەزموونی ٢٠ساڵ کاری سینەمایی هەیە. چەندین فلیمی بەرهەمهێناوە. دەرهێنەری زنجیرە درامای (ماڵەکەی مەعرووف)ـە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی ناوخۆیی ئێران و دەرەوی کردووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. چەند جارێک سەردانی هەڵەبجەی کردووە و دوو فلیمی لەسەر هەڵەبجە و کارەساتی کیمیابارانکردنى بەناوەکانی (ئەو هەنارەی با نەیخنکاند) و(ئەو ڕۆژەی بابا نۆئیل گریا) بەرهەمهێناوە. ساڵی ٢٠١٨ (لەگەڵ کاروان زەبیحی برایدا بووە) به ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووە.