سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

517 بابەت

کانی ئاوایی ١

کەوتووەتە ناو گوندی (کوڵکنیی سەروو). مێژویەکی دێرینی هەیە. ئاوەکەی بۆ خواردنەوە سودیلێوەردەگیرێت و دابەشکراوە بەسەر ماڵەکانی گوندەکەدا، هەندێک جار بۆ کشتوکاڵیش بەرکاردەهێنرێت.

کانی ئاوایی ٢

کەوتووەتە ناو گوندی (بانیبنۆک). لە شێوەی کارێزدایە و لە دوو گۆڕیچەوە ئاوی لێ دێت. خاوەنداریەتی بۆ بنەماڵەی شێخ مەحموود دەگەڕێتەوە. بۆ خواردنەوە و ئاودانی ئاژەڵەکان سودیلێوەردەگیرێت.

کانیە قوڵکە

کەوتووەتە کێلەسپی لە نزیک ڕێگەی سەرەکیی سیروان -هەڵەبجە. لەبەرئەوەی لەسەر چەمێکی قوڵدا هەڵکەوتووە ئەو ناوەی لێنراوە. جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی ئەو داستانەبووه،‌ کە لەمبەر ئەوبەریدا بوون و زۆربەیان درەختی (بی و چنار) بوون‌، ئاوی خواردنەوەی ماڵانی هەردوو کۆنە گوندی (کێلەسپی) و (جانجان)یش بووە.

کانی بارام

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو). یەکێکە لەو کانیانەی، کە سودێکی زۆری هەیە بۆ هاوڵاتیانی گوندەکە، کەوتووەتە بەشی باشوری گوندەکە و لەناو زەوی هاوڵاتییەکدایە بەناوی بارام، بۆیە ناونراوە کانی بارام، ئاوەکەی بەمەبەستی باخداری سودیلێوەردەگیرێت.

کانی باخ

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (عەنەب). ئاوەکەی هەمیشەییە. باخی مزگەوت، کە موڵکی ئەوقافە پشتیپێدەبەستێت. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیە. مەرەزە و توتن و کشتوکاڵ و باخەکانی نزیکی پێ ئاودراوە، بۆیە ئەو ناوەشی لێنراوە.

کانی با ١

کەوتووەتە ناوەڕاستى گوندى (بياوێڵە) لە سەروی مزگەوتی ناو گوندی بیاوێڵە چەند کيلۆمەتر باکورى خۆرهەڵاتى هەڵەبجه. چوار وەرزى ساڵ ئاوى هەيە و وشکناکات، بەڵام لە وەرزى هاوين و ساڵانى کەم بارانيدا بڕەکەى کەمدەکات. (٧٢٩م) له ‌ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. ئاوى کانيیەکە بە پيرۆز دادەنرێت و خەڵکى بە نيازى گیرابوونی مەبەست و نیاز و چاکبوونەوەى نەخۆشى، بەکاریدەهێنن و وەک تەبەڕک سەيریدەکەن. لە ئێستادا بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندەکە. کراوەتە دووبەش، بەشێکی دێتە نێو مزگەوتی گوندەکە و لە حەوزێکدا کۆدەبێتەوە، بەشەکەی دیکەی بە بۆری بەسەر ماڵەکاندا دابەشکراوە.

کانی با ٢

کەوتووەتە گوندی هاوار. لە نێو باخەکانی باخی (هەڵوژێ) و چەمی (گوێزەکوێر)دایە ئاوەکەی کەمە. بەڵام بەردەوام و هەمیشەییە. بۆ ئاودانی ئاژەڵی گوندەکە بەکارهاتووە. بەتایبەت لەو کاتەدا، کە گوندنیشنەکانی ناوچەکە بە پیشەی ئاژەڵداریەوە خەریکبوون.

کانى بەلوعا

کەوتووەتە ناو کانى ژنانى گوندى (نێرگسەجاڕ)‌، موڵکى گشتیيە و بۆ ئاوخواردنەوەى دانيشتوانى گوند و کاروبارى مزگەوت بەکاردێت. کانيیەکى هەميشەييە و کراوە بەدوو بەشەوە، بەشێکى بۆ مزگەوت و بەشەکەى ترى بە بۆرى ڕاکێشراوە بۆ بەکارهێنانى ماڵەکانى گوند، هەر بەو هۆيەوە بە کانى بەلوعا ناودەبرێت.

کانی بەلۆعان

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (پریسی سەروو) لەبەردەم قەڵای پریس. ئاوێکی هەمیشەیی هەیە. لەبەردەمیدا حەوزێکیان دروستکردووە و چەند بەلوعەیەکی لەسەره و ژنان کەلوپەلیان لەبەر شتووە و هەر لەبەر ئەوەش بە (کانی بەلۆعاکان یان کانی ژنان)یش ناو دەبرێت.

کانی پانکە ١

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ) لە بناری چیای (خۆشک). ئاوەکەی هەمیشەییە. لە زەویەکی پان و تەختدایە. دەغڵودان و بڕێکی زۆر مەرزەی لێ کراوە و هەندێک باخیشی پێ ئاودراوە.

کانی پانکە ٢

کەوتووەتە باشوری گوندی (بامۆک) و لە دووریی یەک کیلۆمەتر لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. لە نزیک کانی و گۆڕستانی وەیس هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە و موڵکی هەموو گوندەکەیە و لەگەڵ کانی وەیس یەکدەگرێتەوە بە ئاڕاستەی گوند شۆڕدەبێتەوە، لە کۆندا بۆ توتن و مەرەزە بەکارهاتووە و ئێستەش بۆ باخداری بەکاردێت.

کانی تاوگ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەلەسۆ) لە بناری چیای (خۆشک). سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندی (بەلەسۆ)یە.

کانی تایەر

کەوتووەتە سنوری گوندی (بامۆک) و (باوەکۆچەک). ئاوەکەی هەمیشەییە بەڵام کەمە. کەوتووەتە نێوان دۆڵی کانی تایەر و پەلی تایەر. پشتی کانییەکە لە تاوێرە بەردی زۆر پێکهاتووە و پێدەچێت ناوەکەی هەر لە تاوێرەوە هاتبێت. بەردەنوێژی تیایە و زیاتر ڕێبوار و ئاژەڵدار سودیلێوەردەگرن.

کانی جولەکە

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای مزگەوتی گەورە لەناو شاری هەڵەبجە لەبەردەم سەدەکەدا. ناولێنانەکەی بەهۆی ئەوەوە بووه،‌ کە جولەکەکانی شارەکە زۆر هاتوچۆی ئەو کانییەیان کردووە. کوێربووبوویەوە و شوێنەواری نەمابوو، تا لەکۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک ئاوەڕۆ بۆ شیوی شێخ ئیسماعیل دروستکراوە، جارێکی تر کانییەکە دەرکەوتەوە. حەوزێکی گەورەی لەسەر دروستکراو بەشێکی ئاوەکەی لەڕێگەی بۆرییەوە و بەژێر زەویدا ڕاکێشرا بۆ مزگەوتی (شێخ ئیسماعیل) و بەشێکی کەمیشی لێ برا بۆ مزگەوتی گەورە(جامیعە). لەوەرزی هاویندا بڕی ئاوەکەی زۆر کەمدەبێتەوە، بەڵام وشکناکات.

کانی چنار

کەوتووەتە دامێنی (دەشتی گڵێجاڵ) لە خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ). لە ڕابردوودا هاوینەهەواری خەڵکی گوندەکە بووە.

کانی حەوزەکە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ئاوایی حەمەئەمین). دەیان ساڵە هەیە. حەوزێکی بچوکی بۆ دروستکراوە. خاوەندارێتی بۆ (حاجی حەمەئەمین) دەگەڕێتەوە. بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت.

کانی خواروو

کەوتووەتە ناو باخەکانی گوندی مۆردین و لە بەردەم کانی ژوورنگ. هەردوو ئاوی کانییەکە یەکدەگرن و دەڕژێنە ئەستێڵێک، کە لە وشکەساڵیدا وەک پڕۆژەی ئاودێری ئەنجامدراون. ئاوەکەی بۆ باخداری بەکاردێت و یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاودێریی گوندەکە.

کانی خۆشک

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ) لە بناری چیای خۆشک. کانییەکی هەمیشەییە، بۆ باخداری و ئاژەڵداری سودیلێوەردەگیرێت. لە ڕابردوودا بەشێک لە خەڵکی گوندە وەک هاوینەهەوار لە سەرەتای وەرزی بەهاردا ڕوویان تێکردووە.

کانی ڕەش

کەوتووەتە‌ خوارووی کانیى حەمەوغانەوە. هۆکارى ناسرانيشى بەوناوە ئەوەبووه،‌ کە ژمارەيەک کانى لە تەنيشت يەک بوون و ناوچەکەش يەک پارچە گژوگيا (بەپلەى يەکەم زەل) و سەوزايى بووە، ئەو قوڕ و ليتەيەشى، کە لە دەوروپشتى بووە ڕەنگى ڕەش بووە. ساڵانێکە بەهۆى گۆڕانکارييە سروشتى و مرۆييەکانى ناوچەکەوە ئەم کانيە نەماوە.

کانی زۆراب

کەوتووەتە بەشی نزاری گریانە و شاخی (چاڵان)ە. لە نێوان کێوی (سەرهاڵ و هاژە)یە. ناوەکەی بۆ (زۆراب) ناوێک دەگەڕێتەوە، کە کاتی خۆی دەستکاریکردووە و پاکیکردووەتەوە.

پێشتر 1
...
13 14 15
...
26 دواتر