سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

517 بابەت

شاهەنشا

کانی و ئاوێکە لە خوارووی گوندی (هاوار)ەوە. بە دەستی نەوەکانی سۆفی ڕەحیمی کوڕی سۆفی ڕەشیدی پیرسمایلییەوەیە. شوێنی بارگە و خەڵوەتگەی سان ساهاک و یارانی بووە. زیارەتکارانی یارسانی لەم شوێنە ڕازونیاز بە تەمبورەوە دەڵێنەوە. لە یەکێک لە کەڵامەکانی بارگەبارگەدا ناوی هاتووە.

شاوەیس

کەوتووەتە‌ گوندى تەپە سەرقوڵە، یەکێکە لەکانیەکان، کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکە ساڵانی سی و چلەکان و دواتریش، کانییەکی گرنگبووه،‌ ئەوکات ئاشی تێدابووه،‌ ئاشەکە بەئاو ئیشی کردووە، لەڕێگەی ئەو ئاشەوە توانیویانە پێداویستیەکانی خۆیان هەم لە چەڵتوک یان گەنم لەوئاشەدا بهاڕن، بەڵام ئێستا کانییەکە وشکبووە. پاشماوەی ئاشەکەش تا ئەم چەند ساڵەی دواییەش مابوو. لەگەڵ ئەوەشدا کانییەکی ترسناکە، چونکە نزیکە لەقەبرسانەوە. خەڵکی ئەوکاتە هەر کەسێکیان مردووه،‌ لەوێدا ناشتویانە وەک قەبرسانی لێهاتوە، ئێستاش پاشماوەی قەبرسانەکە ماوە، کەس ناوێرێت بەشەو سەردانیبکات.

شەخسی گوڵپ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (گوڵپ) و لە تەنیشت گۆڕستانی گەورەی گوندەکەدایە. ئاوەکەی بە ڕێگەی کارێزلە (کانی حەوزە درێژ) بە دووریی (٢٥٠م) بۆ گوازراوەتەوە. لەسەر حەوزەکەی داربەڕوویەکی بەتەمەنی لێبووە و تا بارکردنی و ڕگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ تەڵانێکی بەشێوەی کەڵەکە بەرد بۆ کراوە و بە تەڵانی (حەمەڵە وردیکڵە) ناسراوە. بەهۆی نۆژەنکردنەوەی حەوزەکە داربەڕووە‌کە وشکبووە.

شەڵواندڕ

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٣٠٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٥ بۆ ١١م) و بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی بەکاردەهێنرێت. لە خۆرئاواوە لوتکەی هەربەدۆڵ و گوندی سەرگەت و لە باشورەوە دۆڵی شەڵواندڕ و لوتکەی کەمەرەسهوور و لە باکورەوە هانە توتمان و قەڵای داڵ و لە خۆرهەڵاتەوە هانەی نسار تاریک دەورەیانداوە.

شەمام

کەوتووەتە گوندی (زەڵم)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتی گوندەکە. (٨٨٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەگەڵ ئاوی تاڤگەی زەڵم و بە دۆڵی زەڵمدا تێپەڕدەبێت و لە خۆرهەڵاتەوە قەڵای سولێ و دۆڵی گۆڕیچە و لە خۆرئاواوە گوندی زەڵم و لە باشورەوە گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و لە باکورەوە تاڤگەی زەڵم و کانی قوڵقوڵە و ئیبراهیم و دۆڵی کەڕەجاڵ دەورەیانداوە.

شەمێ

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). کەوتووەتە ناو دۆڵی شەمێ لە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە) و باخی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی شەمێ. (١٤٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی سەرچەمە و ژنانەشەل و مێشلە) و لە باشورەوە (دۆڵی شەمێ) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخە و دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرهەڵاتەوە (قەڵای شاتری و دۆڵی بلە) دەورەیانداوە.

شیرەمەڕان

کەوتووەتە بەشی نزاری گریانە و شاخی (چاڵان). لە قەدپاڵێک و کانییەک و ئەشکەوتێک پێکدێت. هەرسێکیان بە هەمان ناو ناودەبرێن. لەم شوێنەدا ئاژەڵەکانیان دۆشیوە و بەهۆی زۆریی شیری مەڕەکانەوە پێیگوتراوە (شیرەمەڕان) بە واتای (ئەشکەوتی شیران). یان هەندێکی دیکە پێیانوایە ناوەکەی لە هەورامیەوە هاتووە چونکە (مەڕ) بە واتای (ئەشکەوت) دێت.

شێخ حەمەساڵح

کەوتووەتە ناو باخانی گوندی سازانەوە. لەگەڵ کانییەکانی دیکەی نێو چەم لە باخی شێخ حەمەساڵح ئاوەکەی یەکدەگرێت و ژمارەیەک باخ ئاودەدات، بەتایبەت کانی سەروەزەن و چاوگ. بەشێک لە ئاوەکەی بۆ بنکەی پاسەوانیی سنور براوەتەوە.

شێخ حسامەدین

کەوتووەتە گوندی (باخەکۆن)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە)، لە خۆرئاوای گوندەکەیە و مەرقەد و خانەقای شێخی لەسەر دروستکراوە و دوو حەوزی بە دیزاینێکی جوان بە بەردی گوندەکە بۆ دروستکراوە. یەکێکیان بە ڕووبەری (٨ بە ٢٠م) و دووەمیان (٢، ٨٠ بە ٤م) و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکەن و (١١٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (چیای لەشکرگا و سافا و دۆڵی ئاوێزە و لوتکەی چیچەخەنینە) و لە خۆرئاواوە (چیای ملەی قڕاڵ و تفەقەتارا) و لە باشورەوە (دۆڵی باخەکۆن و شوێنەواری ماڵی کەنعان) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی تایلەی خـەرمانگا و گوندی گەچێنە).

شێخ خامۆش

کەوتووەتە نێو گوندی ڕێشاو. لەبەردەم مەرقەدێکە، کە پێیدەوترێت مەرقەدی شێخ خامۆش. باخەکانی ناوچەکە ئاودەدا. بەردە نوێژی تێدایە و کانییەکی هەمیشەیی گوندەکەیە.

شێخ ڕەش

کەوتووەتە سنوری گوندی (شەشکی سەروو) لە نزیک گۆڕستانەکانی گوندەکەیە. لە زستاندا دەڕواتەوە سەر چەمی (کەنەقوڵ). ئاوەکەی بە هاوینان بۆ مەبەستی ئاودێری بەکاردێت. گۆڕی (شێخ ڕەش)ی تێدایە بۆیە بەو ناوەوە ناونراوە. تا ساڵانی دواییش خەڵکی ناوچەکە بۆ مەبەستی نزاکردن سەردانی ئەو گۆڕەیان کردووە. ئاوەکەی وەک (تەبەروک) بەکارهاتووە. پەڕۆی سەوز بە دارتوو و نەیجەکانی سەر کانیکەوە کراوە.

شێخ شوکره ‌

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى گوندى کاگردەڵ و نزيکەى (٥٠٠م) دوورە لە گوندى کاگردەڵ و خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو)، خاوەندارێتيەکەى بۆ هەموو گوندەکەيە و ئاوەکەى هەميشەييە و دەچێتەوە سەر چەمى کارێز و نزيکەى ٤٠٠ دۆنم زەوى کردووە بە بەراو. ناوەکەى بەهۆى بوونى گۆڕى پياوچاکێکەوە ناونراوە، که ‌ناوى شێخ شوکرە بووە و گۆڕەکەى، کەنزيکە له ‌کانيەکەوە، وەک مەزارگەيەکى پيرۆزى لێهاتووە.

شێخ عەبدولکەریم

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گو‌ندى (گورگەچيا) و دوو کيلۆمەتر لە گوندەکەوە دوورە، بۆ کشتوکاڵ و ئاودێرى و خواردنەوەش بەکاردێت و کانيیەکى هەميشەييە و بەناوى پياوچاکێکەوە ناونراوه،‌ کە گۆڕەکەى لە نزيک کانيیەکەوەيە.

شێخ مارف

کەوتووەتە چەمی سازان. ئاوی کانیی سەرچاوگی دێتەوە سەر و پێکەوە یەکدەگرن و بە ئاڕاستەی سیروان دەڕۆن. کانییەکە هەمیشەییە و چەند باخێک ئاودەدات.

شێخ موسێ

لە باشوری گوندی (تەپی سەفای خواروو)وهوە‌ هەڵدەقوڵێت. بەشێک لە زەوییەکانی (تەپی سەفا و زۆربەی تەپەتۆڵەکە) ئاودەدات. هەمیشەییە. زیادەی ئاوی گەنجانی دێتەوەسەر. دەڕژێتە (کانیی ماران) لە تەپەتۆڵەکە و لەوێوە بۆ (چەمی زەڵم) لە خوارووی گوندەکە دەڕوات.

عەرەبان

بە دووریی (٧٠٠م) کەوتووەتە سنوری گوندی (کشەیەری)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). مێژوویەکی زیاتر لە ١٥٠ ساڵەی هەیە. بەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا کۆمەڵێک ماڵە عەرەبى لە نزیک بووە، بەو ناوەوە ناوبراوە. بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت و ئاوەکەی دەڕژێتە ناو چەمی زەڵم.

عومەرى حەمەى حەسەن

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) لەسەر چەمى پيرمکايڵە و لەنێوان گوندەکە و گوندى کاگردەڵدایە‌، ئەگەرچى کانيیەکە موڵکى گشتيە، بەڵام بەهۆى ئەوەى کەوتووەتە ناو زەويیەکانى کەسێک بەناوى عومەرى حەمەى حەسەن، هەر بەناوى ئەو کەسەوە ناونراوە. ئاوەکەى هەميشەييە و بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوەش بەکاردێت، نزيکەى ١٠٠٠ دۆنم زەوى کردووە بە بەراو.

عیسابەگ و قەمان

دوو کانین لە چەمی شنروێ و نزیک گوندی عەبابەیلێ. قەمان بەواتای (شوێنی ئاوخواردنەوەی ئاژەڵ) دێت. (عیسا بەگ)یش کەسایەتییەکی گوندی عەبابەیلێ بووە. بەو ناوەوە ناونراون. ئەم دوو کانییە وشکناکەن، بەڵام ئاوەکەیان کەمە. تەنها بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکاردێن.

فەتاح

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە ناو دۆڵی مروەوبەگلەی لە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بەڵخە). باخی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی مروەوبەگلەی و حەوزێکی بە ڕووبەری (٦ بە ٨م) لەسەر دروستکراوە. (١٣٦١م)لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی مێشلە) و لە باشورەوە (دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی خواروو) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی شەمێ) دەورەیانداوە.

فەرەیدون بەگ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بنجەودڕەی)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٠٩٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٧ بە ١٢م) و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت. بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (کانی عوسمان و کانی هەنار و گوندی نارنجڵە و تەپو قەڵێ و دۆڵی نارنجڵەی کۆن) و لە خۆرئاواوە (باخەکانی سەنگی سیاو قەڵای سەنگی سیاو گۆڕستان و تەپی زەردی گڵی و تەپی کۆسە پەڕە و تەپی مەڵا سیاوە و گوندی دەرەوکێ) و لە باشورەوە (دۆڵی دەرەوگاوگەی و گوندی بنخەودڕی) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای کڵاوەی ئاشور و لـوتکەی ئاسنەوەرد).

پێشتر 1
...
11 12 13
...
26 دواتر