شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

173 بابەت

حاجی ئاوا

نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی (بەمۆ)وە دوورە. لە باکور لەگەڵ گوندی چواردارانی سەروو و خواروو و لە باشور لەگەڵ گوندی کانی پاشا و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی کانی وەیسکێ هاوسنورە. ساڵی ١٩٩٢ بونیادنراوە. بەھۆی زۆریی خێزانەکانی گوندی کانی وەیسکێ، کۆمەڵێک لە خزم و کەسوکار بەباشیان زانی لەجێگایەکی گونجاودا گوندێک دروستبکەن، ئەم جێگایەیان ھەڵبژارد، کە پێشتر ناوی ملەخەرمانان بوو. ناوی گوندەکەشیان نا (گوندی حاجی ئاوا)، بەهۆی ئەوەی دامەزرێنەرانی گوندەکە چەند برایەک بوون (کوڕەکانی قازی)، کە هەموویان حاجی بوون. لە ئێستادا چۆڵە.

حاجی حەمەئەمین

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ)‌. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (شیرە مەڕ، بانیشار، گردە گڕێیە) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ (تەکیە) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ (گێڵەک) و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ (گردی قازی و تەپەزێڕینە) و لە باشوریشەوە لەگەڵ(هەرسێ کوڵکنی، تازەدێ) هاوسنورە. دانیشتوانەکەی ناولێنانی گوندەکەیان بۆ (حەمەی فەرەج)ناوێک دەگەڕێننەوە، کە لە تۆمارە فەرمییەکاندا ئاماژەیپێکراوە، دواتر ناوەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. دانیشتوانەکەی سەر بە عەشیرەتی(سەددانی)ن. بەگشتی بە کشتوکاڵکردن و ئاژەڵدارییەوە‌ خەریکن. بەشێکى زەويیەکانى (دێمن) و پێياندەوترێت (زەوییەکانی پشت جۆگە)، بەشێکی تریان بەرئاون و پێیاندەوترێت(زەوییەکانی بەر جۆگە). جگە لە کارەبای نیشتیمانی، هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییان نییە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢ کەس بووە و لە ئێستادا هەشت ماڵی تێدا دەژی.

حسەین بەگ

کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیەی (سیروان). نزیک ڕوباری سیروان. ئەگەرچی لە نوسراوی فەرمیدا بە گوندی (حەسەن بەگ) تۆمار کراوە، بەڵام لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا (حسەین محەممەد ئەحمەد) ناوێک ئاوەدانیکردووەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ دا ٩٦ کەس بوون. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئاوی ڕووباری سیروان دایپۆشیوە و خەڵکەکەی گوندی (لامـەرکـەزیـان) بونیادناوە.

خارگێڵان

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (هەڵەبجە - هەورامان). کیلۆمەترێک لە سێ ڕیانی (هەڵەبجە - خورماڵ - بیارە)وە دوورە. (٧٤٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ (نارنجەڵە و بنجەیدڕە و دەرەکێ)، لە خۆرئاواوە لەگەڵ (قشڵاخەڕووتە و تەپەکوڕە و خێڵی حەمە) لە باکورەوە لەگەڵ (ئاواییی ڕۆستەم بەگ و گوڵپ) لە باشورەوە لەگەڵ گوندی (خەرپانی) هاوسنورە. بە هەوارگەی زستانەی خەڵکی (تەوێڵە) لە قەڵەمدەدرێت. ڕووبەرێکی فراوانی هەیە و نزیکەی سێ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەیە. مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە. لەسەردەمی ململانێی عوسمانی و سەفەویەکاندا شوێنی مانەوەی فەرماندە و سەربازەکان بووە. سەبارەت بە ناونانەکەی چەند بۆچونێک هەن، دەڵێن: (نادرشا)ی ئەفشار لەبەردەم پەلاماری عوسمانیەکاندا شکستیهێناوە. پاشماوەی لەشکرەکەی بەخێرایی پاشەکشەیکردووە و خەڵک گوتویانە بە (غار گێڵانۆ)، واتە: بە ڕاکردن یان هەڵهاتن گەڕاوەتەوه ‌و لە شوێنی ئێستەی (خارگێڵان) نیشتەجێبوون. هەندێکی دیکە دەڵێن: لە (خێرەگێڵێنۆ) بەواتای خێر گەڕاوەتەوە هاتووە. دوا بۆچوونیش ئەوەیە، کە دەڵێن: کاتێک (نادرشا) گەڕاوەتەوە لە ماڵی خانمێکی ژیری گوندەکە لایداوە بەناوی (خاتوو گێڵان)، پێشوازی گەرمی لە نادرشا کردووە. ئەویش فەرمانی تاپۆکردنی گوندەکەی بەناوی (خاتوو گێڵان)ەوە کردووە. ئیدی ئەو ناوەی بەسەردا نراوە. لە کۆندا لە شوێنێک بووە بەناوی(کەلارا) و ئێستاش شوێنەوارەکانی لە بەرد و گرد و تەپۆڵکە هەر ماوە. ژمارەیەک گرد و تەپۆڵکە هەن، کە وەک چاودێری بەکارهاتوون، وەک (تەپە سێلکانی، تەپەغەریبان و تەپی دمارەکۆڵان (دووپشکان) و تەپی ئەوڵاشێت). بناغەدانەری ئەم گوندە خێڵی مەلایانی تەوێڵەن. وەک (مەلا جەلال و مەلا عیسا و حەبیبوڵڵا) بوون. نزیک بە (٧٠) ماڵ بوون، لە بەهاران لە خارگێڵان و هاوینان لە تەوێڵە نیشتەجێبوون. سەربانی خانوەکانیان هەمووی بەیەکەوە نوسابووە. لە سەرژمێریی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی تەنها ١١٦ کەس بووە. لە ئێستادا تەنها ٢٥ ماڵی لێ نیشتەجێیە. هەموویان سەرقاڵی ئاژەڵدارین. هیچ سەرچاوەیەکی ئاوی سەرزەوی لە کانی و کانیاوی تێدانییە. بۆ کشتوکاڵکردن پشتیان بە چەمی (بیارە) بەستووە، کە بەتەنیشت گوندەکەدا دێتەخوارەوە. ئەم چەمە ئاوەکەی بە شەودا بۆ باخەکانی بیارە و بەڕۆژ بۆ کشتوکاڵ و بەراوکردنی زەوییەکانی خارگێڵان تەرخانکراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٩ی خارگێڵانە. لە ئێستادا بەهۆی کەمئاوییەوە بیری ئیرتیوازی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ لێدراوە. مزگەوت و قوتابخانە و پڕۆژەی ئاوی هەیە.

خاکوخۆڵ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لە سەر ڕێگەی سەرەکیی شارۆچکەی سیروان و نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک لە فولکەی (تەپەتۆڵەکە)ە و چوار کیلۆمەتر لە سەنتەر ناحیەی سیروانەوە دوورە. لەگەڵ گوندەکانی (شەکرالی، لامەرکەزی، تەپەگوڵاوی، بەشارەتی سەروو و خواروو) هاوسنورە. لە خۆرهەڵاتەوە زەویی هاوبەشی لەگەڵ گوندەکانی (شەشکی سەروو، تەپی سەفای سەروو، تەپی سەفای خواروو) هەیە. (٥٠٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی تەنها ٣٠ی کەس بووە. لە ئێستادا نزیکەی ٣٠ ماڵ تێیدا نیشتەجێن‌. شوێنەواری دێرینی لێ دۆزراوەتەوە. لەسەردەمی (زعیم سدیق)، ساڵی ١٩٦٣دا، کەپر و داروپەردوی سوتێنراوە. بە سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دەوڵەمەندە. بە شەش مەتر دەگەیتە ئاوی ژێرزەوی. کانی (مامەتاڵە و کانیە ڕەش) لە کانیاوە بەناوبانگەکانی گوندەکەن. چەمێک، کە لە گوندەکانی ترەوە سەرچاوەدەگرێت بە تەنیشتیدا تێپەڕدەبێت. زەوییەکانی سەر بە کەر‌تی کشتوکاڵیی ژمارە ٧ی بەشارەتە و هەموو جۆرە کشتوکاڵێکی تێدا کراوە و دەکرێت.

خەرپانی

بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە شارۆچکەی بیارە و (١٣کم) لە شاری هەڵەبجەوە دووره. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکە‌ى بیارە و گوندی بەڵخە، لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (زەردەهاڵ و دەرەقەیسەر و خارگێڵان) و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ‌ گوندەکانی (خێڵی حەمە و تەپەکوڕە) و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (دەرەشیشی سەروو و دەرەشیشی خواروو) و لە باشور و باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار و تاوێرە) هاوسنورە. لەگەڵ دەشتی شارەزوور و گوندەکانی تری هەورامان ئاوهەواکەی جیاوازە، سەنتەری گوندەکە (٩٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژماره ٤٤ـە و نزیکەی ١٨٥٠ دۆنم زەوی دێم و بەراوی هەیە. لە پێدەشتەکانیدا گەنم و جۆ و پاقلەمەنیەکان بەرهەمدەهێنرێت و بە (دار توو) بەناوبانگە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٥٣ کەس و ساڵی ١٩٥٧، ٥٩٩ کەس و ساڵی ١٩٧٧ لە هەزار کەس و ٢٨٢ خێزان بووە. لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی خێزانەوە بە یەکێک لە گوندە گەورەکانی هەورامان دادەنرێت. لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی گوندەکە: شێخ عەبدوڵای خەرپانی، مەلا خدر و مەلا مەعسوومی (باپیری "د. فوئاد" سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراق). بەشێک لە شێخەکانی بەرزنجە لەم گوندە نیشتەجێبوون. سەبارەت بە ناوی خەرپانی، هەندێک پێیانوایە، کە لە (بەردی خڕ)ەوە هاتووە، هەندێکی تریش دەیگێڕنەوە بۆ فەرمانڕەوایەک بەناوی (کەیخار)ەوە. شوێنەواری (قەڵای گاوران، ئەسحابە درێژ، کەمانگەرا، گۆڕەو کوردەی، گۆڕستانی کۆڵیژی، گۆڕستانی ملەگا، گۆڕستانی شێخ عەبدوڵای خەرپانی، گۆڕستانی زووزووگلان و گۆڕستانی ھانەچەرمە)و چەندین چەم و دۆڵی پڕ لە باخی لێیە. خزمەنگوزاریی قو‌تابخانە، مزگەوت، کارەبایان هەیە و جادەی قیریان بۆ کراوە.‌

دەرەتفێ

بە دووریی هەشت کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکور و باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ نەوسود و شێخان و قەڵاگا لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گریانە و هاوارەکۆن و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی پاڵانیان هاوسنوره. (١٣٥٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتا تەنها لە حەوت ماڵ پێکهاتووە. لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٢٠ خێزان دەبێت، کە سەربە پەیڕەوانی ئایینی کاکەیی (یارسان)ن. زۆر‌بەیان لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێن. سەبارەت بە ناوەکەی بۆچوونی باو ئەوەیە، کە وشەیەکی هەورامییە، لە (دەرە) بەواتای (دۆڵ) و (تفی) بەواتای (توو) دێت و بە هەردووکیانەوە (دۆڵی توو) دەگەیەنێت. لە تۆمارە فەرمییەکاندا بە (دەرەتفێ) ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام لەسەر زاری خەڵکی بە (دەرەتوێ) ناودەبرێت. گوندەکە لە شێوەی دۆڵێکدایە و ڕێژەیەکی زۆر دارتووی تێدایە. چەند کانییەک لە سنوری گوندەکەدا هەن وەک (هەرمێلێ، کانییە گەورە، کانیی باوە فەتحووڵڵا، بگاری). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧٥ کەس بووە و لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ بووە بە ١١٨ کەس. ڕووبەری زەوییەکانی زیاتر لە ٤٠٠٠ دۆنمە و بەگشتی دەوڵەمەندە بە دارستان و لەوەڕگای سروشتی و شاخەکانی بۆ بنێشتکردن بەکاردەهێنرێت.

دەرەشیشی خواروو

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دەرەشیشی سەروو و لە خۆرئاواییەوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپەکوڕە و زەمەقیی خواروو) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی عەنەب و لە باکورەوە لەگەڵ دەشتی سەباندا، هاوسنورە. لەسەرژمێری ١٩٥٧دا ژمارەی دنیشتوانەکەی ١٨٩ کەس بووە. چەمی (تاوێرە و سەرکەن) پاش ئەوەی دێنە دەرەشیشی سەروو، بە چەمێکی فراواندا بەم گوندەدا تێپەڕدەبێت هەتا دەگاتە گوندی تەپەکوڕە، ئەم چەمە هەتا ناوەڕاستی بەهار سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی ناوچەکەیە و لە نێو تەپەکوڕە کارگەکانی غەسالەی چەوولمی لەسەر دروستکراوە. گوندەکە زەویی دێم و بەراوی زۆرە و لێژی گونجاوی هەیە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی، چەندین پڕۆژەی بەخێوکردنی مریشک و گاوداری تێدا دروستکراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٠ی دەرەشیشن‌.

دەرەشیشی سەروو

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە‌ باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شاری هەڵەبجە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی تاوێرە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی دەرەشیشی خواروو و لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (خەرپانی، خارگێڵان) و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تەپەکوڕە و لە باشور و باشوری خۆرئاواشەوە لەگەڵ گوندەکانی (عەنەب و بیاوێڵە) هاوسنورە. لە ناوچەیەکی شاخاویدا هەڵکەوتووە و بانەکانی (٩١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زۆربەی دانیشتوانەکەی سەر بە عەشیرەتی کەمانگەرەییەکانن. نزیکەی ٦٠٠٠ دۆنم زەوی هەیە، کە تەنها ١٥٠ دۆنمی بەراوە و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٠یە. قەڵارێزین بەرزترین شوێنی گوندەکە (١٢٠٠م)ـە. لەسەرژمێریی ١٩٥٧دا دانیشتوانەکەی ٣٤٩ کەس بوون. مێژووەکەی بۆ پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی ساسانییەکاندا ژیانی تێدا بووە. بۆچونەکان لەوباوەڕەدان، کە ناوەکەی بۆ دێری مەسیحیەکان دەگەڕێتەوە بەو پێیەی، کە شوێنەواری (تەپەقارەغان) لە گوندەکە چەندین گۆڕستانی جیاوازی تێدایە، کە هەندێکیان لەنێو گۆزەدا نێژراون و هەتا پێش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە، شوێنی پەرستنی مەسیحیەکان لەم شوێنەدا بووە و دواتر کراوەتە قەبرستان و چوار جۆر قەبری تێدا تێبینی دەکرێت. دۆڵی (گاوران) لەنێوان تاوێرە و دەرەشیش، جەخت لەم بۆچونە دەکاتەوە. قەڵای مۆرتکەی شوێنەواری و قەڵای قەڵا ڕێزێن و خرگێزان و هەوارگە قوڕینە و تەپەقارەمان (تەپی قادرخان) و دەشتی سەبان و کانی یاسەمەن و مەکینە هەڵدێر، گرنگترین شوێنەکانی گوندەکەن. تیرەکانی وەڵەدبەگی و کەمانگەری بناغەی گوندەکەیان داناوە. دواتر نۆریاوی و هیروێیی و زەردۆییەکان و ئێناخییەکان، دەوانی و کڵاشییەکان و بێسەرییەکان، هەموو ئەمانە بە درێژایی ٧٠٠ ساڵی ڕابردوو لە گوندەکەدا نیشتەجێبوون و تائێستاش هەر نیشتەجێن. سەرچاوەی ئاو و چەمی زۆرە و هەتا ساڵی هەشتاکان، توتن بەرهەمی سەرەکیی گوندەکە بووە. ساڵی ١٩٧٢ بۆیەکەمین جار قوتابخانەی تێداکراوەتەوە.

دەرەقەیسەر

هەشت کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی ناحیەی (بیارە)وە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (بنجەیدڕە، زەردەهاڵ) و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ خارگێڵان و لە خۆرئاوەوە لەگەڵ خەرپانی و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ هانەنەوتێ، هاوسنورە. (٩٥٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. مێژووی دروستبوون و نیشتەجێبوونی زۆر دێرینە. سەدساڵ لەمەوبەر بۆ شوێنی ئێستای گوازراوەتەوە. ناوەکەی لە دوو بڕگەی (دەرە) و (قەیسەر) پێکهاتووە. (دەرە) لە زمانی هەورامیدا بە واتای (چەم) دێت. (قەیسەر) یش بۆچونی جیاوازی لەسەرە لەوانە: دوو گرد بە ناوەکانی (قەڵا) و (کەریم کوژیا) لە نزیک یەکترن، وەک دەرگای قەیسەری دێنە پێشچاو، چەمێک بە نێوانیاند تێپەڕدەبێت و پێی گوتراوە دەرە قەیسەر. بۆچوونی دووەمیش بریتییە لە هاتنی سەرکردەیەکی سوپای ڕۆم بەناوی (قەیسەر)، کە پەناگا و سەربازگەی سوپاکەی لەم گوندەدا بووە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە. بیروبۆچونی سێیەمیش ئەوەیە لەسەردەمێکدا، کە وشکەساڵی ناوچەکەی گرتۆتەوە، کانیاوی سەرەکی ئەم گوندە کاروانچی و خەڵکانی دەرەوەی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و گوتویانە قەیسەرەکانی ڕۆمیش ئەم ئاوەیان نیە. بۆچوونی کۆتاییش دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ ناوی کوڕە بچوکی موستەفا جەعفەرسوڵتان (سالاری جەعفەر سان) بەفەرمانی ئەو گوندەکە دروستکراوە و لە خۆشەویستی کوڕەکەی ئەو ناوەی ناوە. تاکو سالار فەرمانڕەوایی ناوچەکە بووە، دەرەقەیسەر یەکێک بووە لە هاوینەهەوارەکانی و شوێنی مانەوەی بەتایبەت سەر حەوزێکی تێدا دروستکردووە بەناوی (هەسارە و دیواخانی)، کە شوێنی مانەوەی خێزانی (سالار بەگ) بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧دا دانیشتوانەکەی ١٠١ کەس و لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا بووە بە ١٧٦ کەس. چەندین کانی و کانیاوی بەناوبانگی هەبووە وەک (هانەقاڵاوا –هانەچیا – هانەنازەنین – هەسارەو مروا - هەسارەوچاوانا هەسارەجنێ وهەزارگرێ). لە ئێستادا ماڵەکانی لەگەڵ گوندی زەردەهاڵ تێکەڵبوون وپێکەوە دەژین. خەڵکەکەی بەزۆری خەریکی ئاژەڵداری و باخدارین. زەوییەکانی سەر بە کەرت کشتوکاڵیی ژمارە ٦٢ی دەرەقەیسەرە.

دەرەگوڵان

کەوتووەتە دامێنی (چیای سورێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) نزیکەی (٢٠کم) لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ چنارە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ میریسوور و لە خۆرئاواوە لەگەڵ کانیئاسکان لە باشورەوە لەگەڵ (قوڵخورد، عەلیاوا لە دەشتی شارەزوور) هاوسنورە. (٤٠٠م) لە دەرە گوڵانی کۆنەوە دوورە، کە دیار نییە بۆ کام سەردەم و ساڵ دەگەڕێتەوە. شوێنەواری لە ئێستاشدا ماوە و زیاتر لە ٢٠ خانووی لێ بووە. لەسەردەمی (حامدبەگ) لەلایەن (عەبدولڕەحمان کاکەوەیس)ـەوە دروستکراوە. زەوییە(دێم)ەکان و بۆ کشتوکاڵی وەک (گەنم، جۆ، نیسک، پاقلە، نۆک...)، بەرئاوەکانيش، کە بەئاوی چەمی (ڕیشێن) ئاودێری دەکرێن، له ‌ڕابردودا (لۆکە و توتن) بووە و بەرهەمی باشی هەبووە، لە ئێستادا (تەماتە و شوتی و خەیار و پیاز و پەتاتە)ی لێدەکرێت، باخی هەنار و هەنجیر و ترێ و قەیسی و قۆخ...)ی هەیە. لە پێدەشتەکانی لەوەڕگا و پاوەنی بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ هەیە. دانیشتوانی لە بەرەبابی (کوێخا کاکەوەیس)ن لە عەشیرەتی (قەویلەیی)، کوێخا، پەیوەندیی لەگەڵ (شێخ مەحموودی حەفید)دا ھەبووە، بۆیە حکومەتی ئەوکاتەی عێراق لە سێدارەیدەدات و تەرمەکەی شوێن بزردەکات. دانیشتوانی لە گوندی (کانی ئاسکان زێڕون)ەوە هاتوون، چەندینجار بەر شاڵاوی ڕژێمەکانی عیراق کەوتووە، ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن (زەعیم سدیق)ەوە بۆردومانکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٤ کەس بووە و لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧دا بووە بە ١٠٨ کەس. هاوشێوەی گوندەکانی تری کوردستان ساڵی ١٩٧٨ بەرشاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە و وێرانکراوە. ساڵی ١٩٩١ گەڕاونەتەوە و گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. شەش ماڵ و ١٥ کەسی لێدەژین. هیچ پڕۆژەیەکی بۆ نەکراوە. بۆ ئاوی خواردنەوە سود لە ئاوی کانی و کارێزەکانی ئاوایی وەردەگرن، بە سۆندە ڕایانکێشاوە بۆ ماڵەکان و بۆ خواردنەوە بەکاردێن، زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٣ی ڕیشێنە.

دەرەوکێ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکور و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی نارنجڵە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ بیارە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (بنجەیدڕە و زەردەهاڵ) هاوسنورە. مێژووەکەی بۆ سەرەتای سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، لەلایەن (حەبیب عەزیز نادر)ناوێکەوە ئاوەدانکراوەتەوە. تاکو ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ نزیکەی ١٠ ماڵی تێدا بووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها چوار ماڵی لێ نیشتەجێیە. دانیشتوانەکەی بە باخداری و فەرمانبەرییەوە سەرقاڵن، ناوی گوندەکە لەوەوە هاتووە، کە ئەو دۆڵە یان ئەوچەمەی لەبەردەم گوندەکەدایە بە هەورامی پێیوتراوە (دەرەوکیا)، واتە (چەمی کارێزەکان)، کە چەند کارێزێکی لێ بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٩ی پشت جـۆگەی بنجۆی دڕەیە.

دەرەیمەڕ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە)وە و بە دووریی (١٨کم) لە باکوریەوە دوورە. مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ٦٣٩ زاینی دەگەڕێتەوە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی زەڵم و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی سەرگەت و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی ئەحمەدئاوا هاوسنورە. نزیکەی ١٠٠ ئەشکەوتی تێدایە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانشتوانەکەی ٤٩٣ کەس بووە، ساڵی ١٩٧٨دا تەنها ١٦٥ ماڵی تێدا بووە بەڵام دوای ساڵی ١٩٩١ ژمارەی ماڵەکان بووە بە ٢٠٠ ماڵ. بە هۆی ئەوەی، کە جوگرافیای دەرەیمەڕ شوێنێکی هاوسنورە لەگەڵ هەورامانی ئیران، خەڵک لە شارەزوورەوە ڕوویانلێکردووە. لە ئێستادا چۆڵە خەڵکی تێدا نیشتەجێنییە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٦ی دەرەیمەڕە‌.

دەگاشێخان

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە) لە سەر ڕێگەی نێوان بیارە و بەڵخە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (کێمنە و بێرواس) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی هاوار و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەڵخە و تەوێڵە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ دەرەقەیسەر و زەردەهاڵدا هاوسنورە. لە دامێنی چیای هەوارەبەرزە بونیادنراوە، لوتکەی چنارە لە خۆرهەڵات و لوتکەی ملەخانەگای سەروو، ملەخانەگای خواروو لە خۆرئاوا دەرەیانداوە. لە وەرزی زستاندا بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و لە هاویندا کەشوهەوای فێنکە باخ و باخاتێکی زۆری هەیە و دەوڵەمەندە بە کانیاوی سروشتی، خاوەنی چەند شوێنەوارێکی دێرینە، لەوانە(کەلارەی گاوران)، هۆکاری ناولێنانی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی، کە دوو برا لە بنەماڵەی شێخانی جام و لەنگەر، هاتوون و ئاوەدانیانکردووەتەوە. سەرچاوەی بژێوی بە گشتی باخداری و ئاژەڵداری و گەشتیاری و خزمەتگوزارییە. لە گرنگترین بەرهەمی باخەکانیان وەک (گوێز و توو، هەنار، هەڵوژە، هەنجیر، سێو، قەیسی، ڕەزەمێو). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٠٧ کەس بووە. هاوشێوەی گوندەکانی دیکەی پارێزگاکە لە ساڵی ١٩٧٨ خاپورکراوە و پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١جارێکی دیکە ئاوەدانکراوەتەوە و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری (قوتابخانە، مزگەوت، و کارەبا و ئاو)ی هەیە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦٠ی دەگاشێخانە.

دەلێن

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) بەرانبەر گوندى (قشڵاخەڕووتە)‌. نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارى هەڵەبجەوە دووره. ناوەکەی لە جۆگەی (دەلێن)ەوە هاتووە، کە لە گوندى(ئەحمەدئاوا)وە دێت و بە تەنيشت گوندەکانى (دێکۆن و خێڵى حەمەو تەپەکوڕە و قشڵاخەڕووتە)دا تێدەپەڕێت. (٥٤٥م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باشورى خۆرئاوايەوه لەگەڵ گوندى بەکراوا و لە باشورى خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى زەمەقیی خواروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى تەپەکوڕەدا هاوسنورە. دانيشتوانەکەى بەزۆری سەر بەعەشرەتی (نەورۆڵی)ن. لە بيستەکانى سەدەى ڕابردوو لەلایەن (حەمە ئەمین وازۆڵی و حەمەساڵحە سووری تریفەیی)یەوە بونیادنراوە. ڕووبەری گوندەکە نزیکەی سی دۆنمه و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٢ی دەلێنی خوارووە‌. هيچ جۆرە خزمەتگوزارييەکى بۆ نەکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٦ کەس بووە. لە ئێستادا تەنها یەک ماڵی تێدا نیشتەجێیە.

دەڵەمەڕ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی سێ کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە دامێنی شاخی شنروێدایە‌. لە باکورەوە لەگەڵ عەبابەیلێ و لە‌ خۆرهەڵات و باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار، بۆین، ڕێشاو، سازان)دا هاوسنورە. کە کۆمەڵێک ئەشکەوتی تێدایە. ناوەکەی لە دۆڵە مەڕ بەواتای دۆڵی ئەشکەوت دێت. هەوراز و لێژی هەیە. سەرەتای ئاوەدانکردنەوەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ١٨٠٠ى زاینی. ئەو کەسانەی بۆیەکەمجار ئاوەدانیانکردوەتەوە، لەچەند گوندێکی خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت گوندی (زەردۆيی)یەوە، کە ڕوانیشی پێدەوترێت، هاتوون و بەهۆی کەمی سەرچاوەی بژێوی ڕوویان لە دەڵەمەڕ کردووە و لەوێ نیشتەجێبوون. چەند سەرچاوەیەکی ئاوی سروشتیش بەشێوەی کانیاو لەگوندەکەدا هەن، وەک کانی دڕکێ‌، کانی خوامراد یان کانی ناودێ‌، کانی ژنان، چاوگی دەڵەمەڕ، کانی تەڵوکێ‌ یان کەوەخانی. هەڵکەوتەیەکی زۆر گونجاوی هەیە بۆ ئاژەڵداری وێڕای بەرفراوانی لەوەڕگا نەرمانەکانی. لە گرنگترین هەوارگەکانی (وارگە پایزان، بەهارە وارگان، تەڵوکێ‌، کەلی هەڵوژێ‌، ئیساوەگ، قەما)ـە. لەسەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابرووەوە دەڵەمەڕییەکان ژمارەیەک خێزانیان نیشتەجێی هەڵەبجە بوون و لەنزیک بازاڕی هەڵەبجەدا گەڕەکێکیان پێکهێناوە، کە بەناوی دەڵەمەڕییەکانەوە. لەدوای ڕاگواستنی زۆرەملێی لە ساڵی ١٩٧٨ سەرجەم دەڵەمەڕییەکان نیشتەجێی هەڵەبجە بوون. لە کیمیابارانی هەڵەبجەشدا زیاتر لە ٤٥ کەسیان لێ‌ شەهیدبووە. لە نێوان ساڵانی ١٨٩٠ بۆ ١٩١٠ی زاینی مزگەوتی تێدا کراوەتەوە. قوتابیانی گوندی دەڵەمەر سەرەتا لە قوتابخانەی گوندی عەبابەیلێ‌ خوێندویانە، پاشان قوتابخانەی هاوبەشی دەڵەمەڕ و عەبابەیلێ‌ دروستکراوە و قوتابییەکانی دەڵەمەڕ لەو قوتابخانە نوێیە خوێندویانە. چەندین جار بەر وێرانکاری و چۆڵبوون کەوتووەتەوە. لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لەلایەن ڕێکخراوێکی دانیمارکییەوە بە هەوڵی بەڕێز کاک ئەحمەد محەممەد ئاوەدانکراوەتەوە. بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، دانیشتوانی ناچار بەگەڕانەوە و نیشتەجێبوون لەنێو شاردا کردەوە، لەلایەن خێرخواز (ئاسۆی حاجی محەممەد بامۆکی)یەوە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی نوێ و سەردەمیانە دروستکراوە و ئەمەش یەکێک لەهۆکارەکانی ئاوەدانبوونەوە و بەرەوپێشچوونە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٦٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٠ی ئەباعوبەیدەیە.

دەوەرە

یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی کۆکۆیی و سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە، بە دووریی (١٧کم) لە خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە هەڵکەوتووە. ڕووباری سیروان بەبەردەمیدا تێپەڕدەبێت. لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت (سیمان، بەوڕۆڵ، گوڕی گەور) هاوسنورە، لە باشوری کوردستانیش لەگەڵ گوندەکانی (مۆردین، چنار، نەیجەڵە) دراوسێیە. بەرزیی لە ئاستی دەریاوە (١١٨٨م)ە، لەناوچەیەکی شاخاویی سەخت و لێژدا هەڵکەوتووە. لێژییەکەی بە ئاڕاستەی باشور و ڕووباری سیروانە. ناوچەکە چەند کانییەکی ناوداری تێدایە وەک کانی (حەمەی وەلی، کانی عەزیز و خوگاو و کانی فەقێ)، کە سەرچاوەی ئاودانی باخە هەنار و گوێزەکانیەتی. زیاتر وەک هاوینەهەوارێک بەکارهاتووە. کشتوکاڵی تێداناکرێت، بە کاری ئاژەڵداری بەتایبەت مەڕ و بزن و ڕاوکردنی ماسی لەتەنکاوی ڕووباری سیروان، کە پێی دەوترێت (کەوجەزە)ەوە خەریکن. لەگەڵ گوندەکانی ئەوبەری سیروان لە خۆرهەڵاتی کوردستان پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و کۆڵبەری، بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە. ناوەکەی لە(دەنگەوەرە)وە هاتووە، کاتێک لەمبەر بۆ ئەو بەر یەکدیان بانگکردووە، دەنگەکە، دەنگیداوەتەوە و بە تێپەڕینی کات بووەتە (دەوەرە). لەکاتی لێدانی ڕێگاوبانی گوندەکە، شوێنەواری شارێکی کۆن و پاشماوەکانی دۆزراوەتەوە. لە کەسایەتیە دیارەکانی(حاجی مشیر، حاجی سادق، حاجی مەهدی فەقێ)، کە ئەمەی دواییان لەنێو شاری هەڵەبجەش هۆڵێکی پرسەی پیاوان و ژنانی بەناو کراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٨ی چناری کۆکۆییە‌.

دوانزە ئیمامی سەروو

‌کەوتووتە سەر ڕێگەی (سیروان - ئیمامی زامن) و نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی (سیروان)ـەوە دوورە. (٥٠٦م) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی (دوانزە ئیمامی خواروو) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی بەکراوا و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەی سیروان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کاگردەڵدا هاوسنورە. ٦٥٠ دۆنم زەویی دێم و ١٥٠ دۆنم زەویی بەراوی هەیە. بەزۆری پشت بە ئاوی چەم و کانی و بیرە حەفرەکان دەبەستن بۆ ئاودێری، خاوەنی یەک جۆگەی سەرەکین بە ناوی (جۆگەی حەسن بەگ)، یەک کانی هەیە، هەر بەناوی گوندەکەوەیە، کە لە پێشوتردا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندەکەبووە. له ‌سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژماری دانیشتوانەکەی ٢٣٠ کەس بووه، بەڵام ئێستە تەنها یەک ماڵی لێیە و بەکشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریکە، پێکهاتوون لە عەشیرەتەکانی(هاروونی، نەورۆڵی، تاوگۆزی)، دانیشتوانی گوندەکە بەزۆری خەریکی کشتوکاڵی و باخدارین، بەتایبەت باخی هەنار و هەنجیر و هەرمێ، هەندێکیشیان فەرمانبەری میرین، هەروەها جگە هەبوونی کارەبای نیشتیمانی، هیچ خزمەتگوزاریەکی تری لێنییە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٠ی دوانزە ئیمامە.

دوانزە ئیمامی خواروو

کەوتووتە سەر جادەی (سیروان - ئیمامی زامن) و نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە ناحیەی (سیروان)ـەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ دەریاچەی دەربەندیخان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی دوانزەئیمامی سەروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەی سیروان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کاگردەڵدا هاوسنورە. ساڵی ١٩٣٠ لەلایەن (حاجی ئەحمەد بارام، حاجی فتاح، محەممەد مەحموود قادر، حەمەئەمین فەرەج، محەممەد عەلی)یەوە ئاوەدانکراوەتەوە. (٤٩٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. خاوەنی ٧٠٠ دۆنم زەوی دێم و ٤٠٠ دۆنم زەویی بەراوە، بەزۆری بۆ ئاودێری پشت بە ئاوی چەم و کانی و بیرە حەفرەکان دەبەستن. خاوەنی دوو جۆگەی سەرەکین بە ناوەکانی(جۆگەی دوانزەئیمام، کە چەمی دوانزە ئیمامە و سەرچاوەی کانییەکەیە، جۆگەی حسن بگ)، یەک کانیش لە گوندەکەدا هەیە بەناوی (کانی سورکە)، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندەکەبووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژماری دانیشتوانەکەی ١٠٠ کەس بووه، لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ کەس دەبن و سەر بە عەشیرەتەکانی (هاروونی، نەورۆڵی، کەڵهوڕ، عەمەڵە، تاوگۆزی)ن. بەزۆری خەریکی کشتوکاڵ و باخدارین، بەتایبەت باخی هەنار و هەنجیر و هەرمێ، هەندێکیشیان فەرمانبەری میرین، هەروەها خزمەتگوزارییەکانی وەک مزگەوت و قوتابخانە و کارەباو هۆڵی پرسەیان بۆ کراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٠ی دوانزە ئیمامە.

دۆڵبیان

کەوتووەتە نزیک شارەدێی (تەوێڵە) و سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە سەر چۆمی (تەوێڵە، هاوار، گریانە، ڕووباری سیروان) هەڵکەوتووە. لەسەر سنوری خۆرهەڵات و باشوری کوردستانە. بە زنجیرە گردۆڵکەیەک لە (کەلی چنار)ەوە هەتا سەر چیای (پەروینی) دەستپێدەکات و دۆڵبیان ئەو گوندانە لەیەک جیادەکاتەوە. لەگەڵ گوندەکانی (جاور، پاڵانیا، هاوار سۆسەکان) هاوسنورە. ماڵەکانی ئاوایییەکە کەوتوونەتە سەرەڕێگەی (هاوار - تەوێڵە). دۆڵی (بازی جەژنیگا) و (بازی دۆڵبیان) کەوتووەتە بەشی باکوریەوە. گوندەکە لە بنەڕەتدا لەسەر دەستی (حاجی عەلی محەممەد مەولود هەورامی) ناسراو بە (ئەلەهەلاج) یان (ئەلەوشە) بونیادنراوە، کە کەسایەتییەکی ناوداری هەورامانە و ساڵی ١٩٤٠ لە تەوێڵەوە چووەتە دۆڵبیان و لەوێ نیشتەجێبووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٦ی سۆسەکانە.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
9 دواتر