سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

517 بابەت

ڕۆنينە

کانیيەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و کەمتر لە کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەوتووەتە سەر ڕێگەى نێرگسەجاڕ ـ قارەمانى. موڵکى گشتیيە بەهۆى ئەوەى، کە ئاوەکەی چەوربووە، ئەو ناوەی لێنراوە. ئاوەکەى بۆ خواردنەوەى ڕێبوارانى سەر ڕێگەى ناوبراو بەکاردێت‌.

ڕێزینە

بە دووریی پێنج کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ئاوێکی بەردەوامی هەیە و خەڵکی ڕێبوار و شوانکارە ئاوەکەی بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنن و ئاژەڵەکانی ئەو ناوچەیەش سودیلێدەبیینن. هاوکات کانییەکە جوانییەکی تایبەتیشی بە سروشتی ناوچەکە بەخشیوە.

زەوچان

بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (کانی وەیسکێ). خاوەندارێتی بۆ هاوڵاتییەکی گوندەکە بەناوی (مەجید)ەوە دەگەڕێتەوە. باخێکی سێ دۆنمی لەبەردەمدایە و بۆ ئاودانی ئەو باخە سودیلێوەردەگیرێت. مێژوویەکی دێرینی هەیە و دەیان ساڵە وشکینەکردووە.

زەردەڵان

کەوتووەتە سنوری گوندی (عەبابەیلێ) لە خوار کانی (قەمان)ی دۆڵی شنروێ. باخی هەنار و گوێز و هەرمێی لەبەردەمدایە و ئاویاندەدات. وشکناکات و هەمیشەییە.

زەردیان

کەوتووەتە‌ سنوری گوندى (زەرديان). ناوی گوندی زەردیان هەر لەم ناوەوە هاتووە، کانییەکی هەمیشەییە و بۆ خواردنەوە و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بەکارهاتووە، دەکرێت بڵێین زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی زەردیان، پشتیان بە ئاوی ئەم کانیە بەستووە، زەوییەکانیشی بەپیتن و زۆربەی ساڵەکان پاش دروێنەکردنی گەنم، دەکرێن بە شوتی و خەیار و ترۆزی. ئەم کانیە بەهۆی نزیکیی لە ڕوباری زەڵم و تەختیی شوێنەکەیەوە، وایکردووە ئەو ساڵانەی، کە باران زۆر دەبارێت و ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان زۆر دەبێت، دەبێت بەژێر ئاوەوە، بەڵام هەر ساڵێک زوتر ئاوەکە بکشێتەوە و زەوییەکان بەربدات، خاکێکی بەپیتی هەیە و گونجاوە بۆ زۆربەی کشتوکاڵەکان.

زەردى زەلێ

کەوتووەتە سنوری گوندى (غوڵامى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سيروان) لە نزيک گۆڕستانى گوندەکە. کاتی خۆی خورى و (بەن)یان تێدا ڕەنگکردووە. بەهۆى ئەوەى قامیشی(زەل)ی بەدەورەوەبووە، ئەو ناوەی لێنراوە.

زڕگوێز

کەوتووەتە سنوری گوندی چاوگی کۆکۆیی لە خوارووی کانی گەرماوک و ئاوەکەی زۆرە و دەڕژێتەوە سەر چەمی گوڵان. لەکۆندا ئەم شوێنە شوێنی کاتبەسەربردن و حەوانەوە بووە و بەتایبەت لەهەڵەبجەوە سەردانیکراوە.

زريسکێ

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لە تەنيشتى گوندەکەدايە و به ‌دووریى (٦٠٠م) و موڵکى گشتیيە، خەڵکى گوندەکە سودێکى زۆريان لێبينيووە بەتايبەت ژنانى گوند، کە بۆ ئيشوکارى ڕۆژانە بەکاردەهات، بەهۆى ئەوەى چەند بنە دار زريسکێک بە دەورى کانيیەکەوەيه،‌ هەر لە کۆنەوە بە کانى زريسکێ ناسراوە.

زڕگوێزان

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. لە تەنیشت قەدپاڵێک هەڵکەوتووە. سەرچاوەی ئاوەکەی چیای سورێنە. بە ناوی کۆمەڵێک گوێزی زڕەوە ناونراوە. ئاوەکەی زۆرە و هەمیشەییە. لە نزیک کانی باخی سەوزەیە و پێکەوە یەکدەگرن و بە چەمی زڕگوێزاندا بە ئاڕاستەی ناو گوندی بەردەبەل دێنەخوارەوە.

زووزوو گولانەی سەرین

کەوتووەتە گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە خۆرئاوای گوندەکە. (٩٢٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێک بە ڕووبەری (١١ بە ٢٢م) لەسەر دروستکراوە بۆ مەبەستی خواردنەوە و ئاودێریکردن بەکاردێت.

زووزوو گولانەی وارین

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە خۆرئاوای گوندەکەوە. (٩٢٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێک بە ڕووبەری (١٦ بە ٢٠م) لەسەر دروستکراوە بۆ مەبەستی خواردنەوە و ئاودێریکردن بەکاردێت و لە باشورەوە کانی شارانی و لە باکورەوە کانی گورزاڵ و گوندی خارگێڵان و لە خۆرهەڵاتەوە چەمی زووزوو گولانە و کانی سۆفی و کانی سپی و لە خۆرئاواوە کانی کۆڵیژێ دەورەیانداوە.

زینەی گەورە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە) و لە‌ باشوری شارۆچکەکەوە‌ دەڕژێتە چەمی بیارەوە، (١١٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (شاری بیارە) و لە باشورەوە (دۆڵی بیارە) و لە خۆرئاواوە (چیای کڵاوەی ئاشور) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی کاوات و لوتکەی وەران وەر) دەورەیانداوە.

ژاڵە

کەوتووەتە پشتی مەرقەدی شێخ خامۆش لە گوندی (ڕێشاو). هەمیشەییە. ئاوەکەی بۆ ئاژەڵداری سودیلێدەبینرێت. ئاوەکەی کراوەتە پڕۆژەی ئاوی گوندەکە و لە ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن حاجی محەممەد بەلەبزانی و بەشێکی بە سۆندە براوەتەوە بۆ مەرقەدی شێخ خامۆش.

ژنانەشەل

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە ناو دۆڵی مروەوبەگلەی لە بەشی باشوری ناوچەی گەشتیاری (مێشلە) و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی مروەوبەگلەی، (١٥٠٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی مێشلە و مروەوبەگلەی و هانەوڵینە) و لە باشورەوە (دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی سەروو خواروو) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای هەوارەبەرزە) دەورەیانداوە.

ژنان

کەوتووەتە تەنيشت مزگەوتەکەى ناو گوندی (عەبابەیلێ)وە. لەبەرئەوەی زۆرتر ژنان بۆ ئيشوکارى ڕۆژانە و خۆشۆردن بەکاريانهێناوە، بەناوی ئەوانەوە ناوبانگی دەرکردووە. بە بەراورد بە تەواوى سەرچاوە ئاوييەکانى ترى گوندەکە، زۆرترين ئاوى هەيە و هەرگيز وشکینەکردووە. زۆرينەى باخەکانى گوندەکە پشتیانپێیبەستووە.

ژنانی جەلیلە

کەوتووەتە گوندی (جەلیلە). ئاوێکی زۆری هەبووە و لە پێش وشکەساڵیدا تا نزیک هەڵەبجە و پزیشکی دادی، ڕۆشتووە. بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە، ژنان بەکاریانهێناوە. حەمام و تەوالێتی تێدابووە. لە ئێستادا شوێنەواریان ماوە. ئاوەکەی هەمیشەییە.

سایەقەڵا

کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) لە باکوری پاڵانیا لە بەشی باشوری خۆرئاوای گوندی (بەڵخە) و دەڕژێتە چەمی گەورەوە. (١١٢١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (گوندی پاڵانیا) و لە باشورەوە (گوندی هاوار و چەمی گەورە) و لە خۆرئاواوە (ڕازیانەجاڕ) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی سۆڵێ و مروەوبەگلەی) دەورەیانداوە.

سەربەڵخ ١

کەوتووەتە‌ چياي باڵامبۆ له ‌بەرزیى (٨٩٧م)‌. لە نێوان هەردوو گوندى (تلێوەرێ) و (سازان) هەڵکەوتووە و داهاتى ئاوى لە نێوان ١ بۆ ٣ ئينچ ئاو دەبێت، بەهۆى هاتنەخوارەوەى ئاوەکەى لەبەرزييەوە و قەوزەکردنى بەردەکانيەوە ناونراوە. لەکاتى ئاوەدانیى گوندى سازان لەساڵانى (٦٠ و ٧٠)ى سەدەى ڕابردوودا، شوێنى هەوارگە و پەچەى خاوەن ئاژەڵەکانى گوند بووە. بە کانیی (سازان)یش ناو دەبرێت.

سەربەڵخ ٢

کەوتووەتە بەردەم کانی خواروو لە گوندی (مۆردین). بەردەم کانیەکە بەڵخە و بە کانییەکەش وتراوە سەربەڵخ. سەکۆ و حەوزی ئاوی بۆ کراوە. خەڵکی ناوچەکە بۆ باخداری و بەکارهێنانی دیکە سودیلێوەردەگرن. ئاوەکەی هەمیشەییە. کەمدەکات بەڵام وشکینەکردووە.

سەرچاوگ

کەوتووەتە ناو باخەکانى گوندى (بياوێڵە)ى چەند کيلۆمەتر لە باکورى خۆرهەڵاتى هەڵەبجەوە‌‌. گەورەترين سەچاوەى کانى و سەرچاوەى سەرەکیى ئاوى جوتيارەکانى گوندەکەیە. چوار وەرزى ساڵ ئاوى هەيە. (٧٣٦م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. له ‌ڕابردودا ئاشى ئاوى لەسەر بونيادنراوە. بەپێى بڕى بارانبارين لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکى تر ئاوى کەم و زياد دەکات‌، بەڵام هەرگيز وشکینەکردووە. بۆ ئاودێریى باخ و زەويیە بەراوەکانى گوندەکە بەکاردەهێنرێت.

پێشتر 1
...
9 10 11
...
26 دواتر