ماکوان هەڵەبجەیی
ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوانە. ناوى (ماکوان عیزەت مەحموود)ە. ساڵى ١٩٧٩ لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایی و دواناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. لە: گۆڤاری گزنگ، ماڵپەری پەیامنێر، ڕۆژنامەی وشە، کاریکردووە. لە بەڕێوبەرایەتیی پاراستنی تەندروستی بەرپرسی ڕاگەیاندن بووە. لە ئێستادا لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی و ڕۆژنامەی هەولێر لە کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی بەردەوامە.
محەممەد عومەر حەمەڕەشید
ساڵی ٢٠٠٠ لەشاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە بەدەستهێناوە. لە: ڕادوێی دەنگی نوێ، کەناڵی هەڵەبجە تیڤی، تۆڕی میدیایی ٩٦٤، تۆڕی میدیای KBC کاریکردووە. لە ئێستادا وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە تۆری میدیای KBC لە کاری ڕاگەیاندن بەردەوامە.
محەممەد نەجیب حەمەخان
ناوی (محەممەد حەمەنەجیب حەمەخان)ـە. ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (دەرەیمەڕە)ە. تا قۆناغی ئامادەیی لە خورماڵ و بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی ١٥ ساڵە کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ماوەی جیاوازدا: وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە ڕۆژنامەی دەستوور، وەک هەواڵساز و سەرنوسەر و جێگری بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، پەیجی مۆر، سەرنوسەری سایتی ژیان، کاریکردووە و لە ئیستاشدا وەک جێگری بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ لە کەناڵی کوردستان بەردەوامە.
مونیر سەلیم
ڕاگەیاندکار و شاعیرە. ناوی(مونیر کوڕی سەلیم بەگی ئەمین بەگی بەڵخە)یە. نازناوی(لهۆنی)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە پارێزگای (دیوانیە) لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. هەندێک لە شیعرەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوبوونەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٧ چووەتە نێو دنیای ڕاگەیاندنەوە. سەرەتا وەک پەیامنێری ڕۆژنامە و دواتر ڕادوێ و پاشان تەلەفزیۆن کاریکردووە. لە چەندین دەزگا و کەناڵی ڕاگەیاندنی جیاجیادا کاریکردووە. لە بواری ڕێکخراوەیشدا کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٦ جێگری ئۆفیسی سلێمانی ڕێکخراوی کۆنکۆردیای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ئەندامی کارای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە. ئێستا ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەیەکە لە ڕادوێ و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
نیان محەمەد ئەمین
ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. لە ساڵی ١٩٩٣ وەک ئامادەکار و بێژەر لە ڕادوێی ئازادی کاریکردوە و دوو ساڵیش لە تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان کاریکردووە. ئەندامی ڕێکخراوی ئاسوودەبووە و لە بەشی هۆشیاری و توندوتیژیی دژی ژنان کاریکردووە. سێ ساڵ پێشکەشکاری بەرنامەی ژنان بووە لە ڕادوێی هەرێم. لە بواری مافی ژنان دەیان بابەتی بڵاوکردووەتەوە. خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە، فەرمانبەرە لە سلێمانی.
هەوراز گوڵپی
ناوی (هەوراز ئەمین قادر)ە. ساڵی ١٩٨٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی عێراقییە لە بەغداد بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوه لە بواری ڕاگەیاندندا کاردەکات. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (گەرمیان) بووە لە بەغداد. بۆ ماوەی ساڵێک لە ڕادوێی (شەفەق) لە بەغداد و زیاتر لە ساڵێکیش لە ڕادوێی (نەوا) لە سلێمانی وەک بێژەر کاریکردووە. هەشت ساڵ وەک بێژەر و پێشکەشکار لە تۆڕی میدیایی (ڕووداو) بووە. لە ئێستادا لە گروپی میدیایی (ئاڤا) وەک بێژەر بەردەوامە.