زنجيره‌ به‌رزايى خه‌زێنه‌كه

دواین نوێکردنەوە: 2026-05-13


لاپەڕەی 119

یاڵ

کەوتووەتە سنورى گوندى (نێرگسەجاڕ) و لە باشورى خۆرهەڵاتى گوندەکەوە بەدرێژايى سێ کيلۆمەتر درێژدەبێتەوە بە ئاڕاستەى باکورى خۆرئاواى گوند. لە سەر بەرزاييەکانى (گۆڕستانى قەدەغە) دەستپێدەکات و کەچەڵەکە و ملەى دارە گەورە و کنيواڵەکە و ملەى زيندان و پلە سپى، کە کۆمەڵێک ياڵ و بەرزايين دەکەونە سەر ئەم زنجيرە بەرزاییەوە. بەهۆى دروستکردنى سەکۆيەکى کۆنکرێتى لەبەشى سەرەوەى زنجيرە چياکه،‌ کە ئينگليزەکان وەک خەزێنە و ناونيشان دروستيانکردووە و لەسەرى نوسراوە و پەيوەستە بە ئاوى دەرياچەى دەربەنديخانەوە، بۆيە ناونراوە ياڵى خەزێنەکە. (٦٦٠م) لەئاستى ڕوى دەرياوه،‌ بەرزترين لوتکەى ئەم زنجيرەيە لە باشورى خۆرهەڵاتى گوندەکە و نزمترين لوتکەيشى (٤٧١م) بەرزە لەئاستى ڕووى دەرياوە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنى تيمى مەيدانى لەگەڵ (عومەر عەلی محەممەد ئەمین)، لەدايکبوو: ١٩٦٧، ئاستی خوێندن: سەرەتايى، پيشە: کاسب، لە ١٥ی ٣ی ٢٠٢٤.
  2. چاوپێکەوتنى تيمى مەيدانى لەگەڵ (عەبدولکەریم محەممەد عەبدولقادر)ی ئەنجومەنی گوندی (نێرگسەجاڕ) لەدايکبوو: ١٩٥٥، ئاستی خوێندن: سەرەتايى، پيشە: کاسب، لە ١٥ی ٣ی ٢٠٢٤.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی سيستمى زانياریيە جوگرافيیەکان (GIS)(Arc Map ١٠.٨).

ئامادەکردنی: تیمی مەیدانی/ گوندی نێرکسەجاڕ

20

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

مەشکەژەنان

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیش). سنوری نێوان (دەرەشیش) و (عەنەب) جیادەکاتەوە. دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی بەردەمیدا. (٨٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کاتێک خۆر لەسەر ئەم یاڵە نیشتووە، دانیشتوانی گوندەکە وەک ئاماژەیەک بۆ مەڕدۆشین و بەرهەمی شیرەمەنی بەکاریانهێناوە بۆیە پێی وتراوە (مەشکەژەنان) لە کۆندا وەک لەوەڕگایەک بەکارهاتووە.

مچەسێلاق

کەوتووەتە باکوری گوندی (بێلەنگەوە)، کە زەوییەکانی بەشێکی بە دانەوێڵە دەچێنرێت و بەشێکی فراوانیش لەوەڕگایە.

نوقتەکە

کەوتووەتە نزیک‌ گوندی (عەبابەیلێ) و دامێنی شاخی شنروێ. ساڵی ١٩٢٠ بنکە و شوێنی چاودێری و جموموڵی سەربازیی ئینگلیزەکان بووە و هەر لەبەر ئەوەشە ناویان ناوە (نوقتەکە) و لە بەردەمیدا چەند قەڵایەکی تر وەک سەنگەر لێدراوە. لە ئێستادا شوێنەواری نەماوە و تاوەرێکی کارەبای لێدانراوە.

هەردوو ڕێ

کەوتووەتە نێوان ڕێگەی (شنروێ - عەبابەیلێ) و (شنروێ - ڕێشاو، کانی گوێز، پێگە و لمە). نێوان ئەو دوو ڕێگەیە پێیدەوترێت (هەردوو ڕێ). لە قەد پاڵی شنروێ و نسارەکەی هەڵکەوتووە. بەرانبەرەکەی پێیدەوترێت (خۆرەتاوی کەرەماڵی).

بەهەشتیڵێ

بەسەر بەشی خوارووی (دۆڵی کەوچ) لە چیای (شنروێ)دا دەڕوانێت و گوندی (عەبابەیلێ) و لەنێوان (داوگە درێژ) و (یاڵی مەجی بەگ) هەڵکەوتووە. لە لایەکەوە درێژدەبێتەوە تاکو دەگاتە گوندی (دەڵەمەڕ). لە کۆمەڵێک تاشەبەرد و تاوێری سەخت پێکدێت، (کەوا شیرداخ)یشی پێدەڵێن.