ئەو شاکارە ئەدەبی و هونەرییانەی بۆ کارەساتی هەڵەبجە وتراون

دواین نوێکردنەوە: 2026-10-20


١- هەڵەبشیما: یەکەم هۆنراوەی نوسراوە بۆ مەرگەساتی هەڵەبجە، لەلایەن حەسیب قەرەداخییەوە لە ١٩ی٣ی ١٩٨٨ نوسراوە. دوای ڕاپەڕین کراوە بە کۆراڵ و بە دەنگی هونەرمەندان لە فیستیڤاڵەکاندا پێشکەشکراوە. لە ناو خەڵکدا بە (وا هەڵەبجە بوو بە شاری هەڵەبشیما) ناسراوە. خەڵاتی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجەی پێدراوە.

٢-هەیەجانێک بۆ هەڵەبجە: لاوانەوەیەکی شینگێڕییە. هۆنراوە و وتنی میدیا حسێنە. هۆنراوەکە ٣٧ بەیتە و لەناوخەڵکیدا بە (سیروان دەخیلە) بەناوبانگە بە بەیتی؛ سیروان دەخیلە ئاگر دەبارێ- شەپۆلێ بەگوڕ بهاوە جارێ، دەستپێدەکات. هاوینی ١٩٨٨ بۆ یەکەمجار هەندێکی وتووە و دواتر ساڵی ١٩٩٣ تۆمارکراوە. لە ساڵیادەکانی هەڵەبجەدا بە فراوانی لەناو شار و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا لێدەدرێت. بووەتە دەنگی دیاری تراژیدیای هەڵەبجە.

٣-شینێک بۆ هەڵەبجە: هۆنراوەیەکی(ڕەزا حەمە)یە. بە(دنیا خەمە ژیان ژانە) و لەنێو خەڵکدا بە(هەڵەبجە هێرۆشیمایە) ناسراوە. ١٩٩٢ ناسرای ڕەزازی لە یەکەم یادی هەڵەبجە بە گۆرانی وتوویەتی و تایبەت کراوە بە یادەکاتی ١٦ی ٣. لەلایەن هونەرمەندانی ترەوە وتراوەتەوە.

٤-فەرمانە، فەرمانە: لاوانەیەکی شینگێری و حەماسیی هونەرمەند (شڤان پەروەر)ە بۆ کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و بە کرمانجی ژووروو، نزیک لە کارەساتەکە چڕیویەتی.

٥- بەتەنیا جێم مەهێڵن: گۆرانییەکی سروود ئامێزە. بووەتە سونبولی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و لەگەڵ یادەکانی ١٦ی ٣دا دێتەوە. بەشێکە لە شیعری درێژی (لاوکی هەڵەبجە)ی ڕەفیق سابیر، کە ئانوساتی کارەساتەکە شاعیر لە ئەفغانستان بووە و سەرەتایەکی لە شیعرەکە نوسیوە و پاشان لە سوریا دوای بینینی فلیمێکی ئێرانییەکان لەسەر هەڵەبجە، کۆتایی مانگی یەکی ١٩٨٩ شیعرەکە تەواودەکات و لە لوبنان بۆ یەکەمجار وەک نامیلکە چاپکراوە و بە تۆماری دەنگی دەگاتەوە کوردستان و بەشێکیشی لە گۆڤاری نوسەرکوردستان لە شاخ بڵاودەکرێتەوە. بۆ یەکەمجار هونەرمەند و موزیسیانی کوردی خۆرهەڵات، عەلی عابدی ئاوازی بۆ داناوە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٩دا چڕیویەتی. شیعرەکە لە بەرەو گۆرانی_چووندا دەستکاری کراوە و بەشێکی سالەی سوزەنی هاتوەتەناو. لە (بەتەنیا جێی مەهێڵن)ەوە، بووە بە (بە تەنیا جێم مەهێڵن). چەند کەسی تریش ئەم ئاوازەیان چڕیوە. وەک (هێدی قادر، تارا ڕەسوڵ). تێکستی گۆرانییەکە بەو جۆرە بووەتە شیعری (ڕەفیق سابیر و ساڵح سوزەنی). شایانی باسە بەشێکی تری ئەم قەسیدە درێژە هونەرمەند عەدنان کەریم چڕیویەتی.

٦- دەربەندی پەپوولە: قەسیدەیەکی درێژی شاعیر (شێرکۆبێکەس)ـە. تەقەلایەکی فراوانی ڕۆمانە شیعرە، کە تیایدا غوربەت و نیشتمان و کۆچ و مەرگی هەڵەبجە بە شێوەیەکی درامی و ڕیالیزمی وێنایان کێشراوە. لە ڕووی فۆڕم و کێش و ئاهەنگ و بڕگەی شیعرەکان لەنێوان (٣ بە ٣، ٤ بە ٤) هەندێکجاریش کێشەکان لە یەک فۆڕم و ئاستدا ناگیرسێنەوە. بەشێکی وێسگەی ئەم بەرهەمە، نەخشاندنی مەرگەساتی هەڵەبجەیە. ئەو بەشانەی بەدرێژایی یادکردنەوە و فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە و چەندین بەرهەمی هونەریدا دەرکەوتووە. بەتایبەت ئەم بەشەی بووەتە سەرەتای زۆربەی یادەکانی هەڵەبجە:

(بروسکەیەک پەلە نییە و شیعریش نییە)

بە ناوی مەولەوی و پێنج هەزار گوڵەوە، بە ناوی گۆران و پێنج هەزار کۆترەوە، بۆ زانا بلیمەتەکانی وڵاتی: پوشکین، وڵاتی جاک لەندن، وڵاتی بایرۆن، وڵاتی جان دارک، وڵاتی بسمارک، وڵاتی گاریباڵدی، وڵاتی ڤان کوخ، وڵاتی، وڵاتی، وڵاتی.. سوپاس بۆ ئەو دیارییەی، کە بەکۆمەڵ سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕێگەی بەغداوە بۆ گوڵ و کۆتر و منداڵ و شیعری کوردستانتان ناربوو.

سەرچاوەکان:

  1. فەرهەنگی خەم، ئازا حەسیب قەرەداخی و حەکیم مەلا ساڵح. چاپی دووەم ٢٠١٩ تاران. ل٨.
  2. کەشکەڵان، مانگانەی گەردوونناسییە،خاوەنی ئیمتیاز سەلام مەنمی، سەرنوسەر تەها مەحمود ڕەشید.ژمارە٤ ساڵی دووم، ٢١ی٣ی٢٠٠٢ ڕیپۆرتاژی. ئا/ڕیوان ل٢.
  3. گفتوگۆی ئامادەکار هومایون ساحێب لەگەڵ میدیا حسێن حسن، لە دایکبووی ١٩٦٠،دواناوەندی، خانەنشینی سەربازی، ٢٢ی٢ی ٢٠٢٥ واتساپ ژمارە٠٧٧٠٢٢٥٣٣٩١.
  4. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (عەلی مستەفا ساڵح) عەلی عابدی لەدایکبوو: ١٩٦٩، بڕوانامە: لسانس، پیشە: مامۆستا، لە ١٨ی ٣ی ٢٠١٨.
  5. دەربەندی پەپوولە، شێرکۆبێکەس، چاپی یەکەم، ستۆکهڵم، ١٩٩١، ل٣٩-٤٠.
  6. ڕوانین بە ڕووناکیدا، لەبارەی (شیعر، ئازادی، ژیان) ڕەفیق سابیر، لە زنجیرەبڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنوس، چاپی یەکەم، ٢٠٢٢، چاپخانە تاران، ل٣٠٨-٣١١.
  7. ئەرشیف و وێنەکانی فیستیڤاڵی یەکەمی هەڵەبجە. فلیمی یادەکە.
  8. کاسێت و تۆماری بەرهەمەکان.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

67

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

گۆران معروف عارف

بە گۆران مەنشاوی ناسراوە، ٧ی ٣ی ١٩٨٠ لە بیارە لەدایکبووە، دواناوەندی ئیسلامی هەلەبجەی ساڵی ٢٠٠٧ تەواوکردووە. بە شداری چەندین ڤیستیڤاڵی لە شارەکانی هەرێم و عێراق کردووە: لەوانە: سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک، بەغداد، ڕانیەو ...هتد.  لە دەرەوەی هەرێمیش بەشداری چەندین ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە. لەوانە: ٢٠١٥ لە تورکیاو  ٢٠١٦ لە ئێران و ٢٠١٧ لە میسر و سعودیەو ٢٠٢٣ لە پاکستان. چەندین خەڵات و بڕوانامەی وەرگرتووە. قورئانی بۆچەندین زاناو قورئانخوین وکەسایەتی دیار خوێندووە. لەوانە: محمود صديق المنشاوي ، د . عبدالفتاح الطاروتي ، أحمد حسنين، شيَخ احمد بن يوسف الازهري ، كمال بةختيار مصري ، مامؤستا  سليمي ، محمد نعمان فليثيني...هتد ئێستا بانگبێژ و قورئانخوێنە لە مزگەوتی ئوسامە لە هەڵەبجە، خێزاندارەو حاوەنی دوو منداڵە، لەهەڵەبجە نیشتەجێێە. 

خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٧٧

حکومەتی عێراقی بۆ پشتیوانی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ناو شاری هەڵەبجە ڕێپێوانێکی بەە قوتابیان و خوێندکاران دروستکرد، دروشمەکان بریتیبوون لە ئەمڕۆ ڕۆژی شادییە، ڕۆژی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە. بە ڵام لە درێژەی ڕێپێوانەکە دورشمەکان دژی حکومەت گۆڕان و بوویە خۆپیشاندانی خوێندکاران و سوکایەتی بە کومەت. لە ئەنجامدا پیاوانی ڕژێم چوونە خوێندنگای شارەزوور و ئەم خوێنکارانە گیران: (عوسمان عەلی بەورە ، مەولود باوەمراد، شێخەی مەلا جەلال، مەحمود محەمەد، نەهرۆ عەبدوڵا زروف، سەلاح ئەفراسیاب) دوار براونەتە ئەمنی سلێمانی و دوو مانگ لە زینداندا بوون.

هەورامانناسی

نووسین: د. عومەرعەبدالعزیز، م. کەمال ئەمین گوڵپی. بابەت: مێژووی هەورامان. چاپی یەکە، ناوەندی ڕێنوێن، ٢٠٢٦، سلێمانی. لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ژیرلایە بۆ کولتور ڕۆشنبیرییە. ناوەڕۆکی پەیوەندار: هەورامان و چەردەیەک لە کولتوور فەرهەنگی  ناوچەی هەورامان، پێکهاتە، جوگرافیاو زمان و ئایین و کەشوهەواو باخداری و پیشەسازی و ناوی شارو شارۆچکەو گوندەکانی هەورامان. کورتەیەکی لەسەر ٢٣ گوندی هەورامان و  باسی ٢٦ زاناو شاعیری ناوچەکەی کردووە. لە گەڵ باسەکانی پیر و ژیرلاو سیاچەمانەو فەرەنجی و کڵاش و کۆمسا و سروشت.

بەمۆ پەروێز عزیزخان

پڕۆفیسۆرە، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە، لە نەوەی ئییبراهیم خانی دەلۆیە. نازاناوی دەلۆیان هەڵگرتووە.  ١ی١ی ١٩٨٠ لە دێی برایم خان لە سەرقەڵای کفری لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٠ لە کۆلیجی یاسای زانکۆی سلێمانی دکتۆرای وەرگرتووە. لە بوارەکانی  کارگێری، وانە وتنەوە، راوێژکاری یاسایی خزمەتی کردووە. لە زانکۆی، ساێمانی، جیهان – ساێمانی، گەشەپێدانی مرۆیی، کەرکووک، کۆلێژی پۆلیس، وانەی وتووەتەوە. خاوەنی دوو کتێب و نۆزدە توێژینەوەیە. ئەندامی سەندیکای مافپەروەرانە. ساڵی ٢٠٠٨-٢٠١٢  ڕاوێژکاری یاسایی بووە لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆیی زانکۆی دیئۆل.-ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە. ڕاوێژکاری پەرلەمان بووە بە گرێبەست. یاریدەدەری زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە بۆ کاروباری کارگێڕی و خوێندکاران بووە. خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە. 

سومەیە قادر حەمەساڵح

بە سومەیە هەڵەبجەیی ناسراوە. ساڵی ١٩٨٧ لە هەلەبجە لە دایک بووە. دەرچووی ١٢ی ئامادەییە. لە ڕادیۆی یەکگرتوو دەستی بەکاری میدیایی کردووە. پاشان لە ڕادیۆی کوردستان نوسینگەی هەلەبجە کاریکردووە. بۆ ماوەی چوار ساڵ ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامە بووە لە ڕادیۆی شارەزوور. لەوانە: بەرنامەی دوانگە، تاکی هۆشیار، ڕێچکە، پرسیار و دیاری، ..هتد. ئێستا لە میدیای نوێ کار دەکات. بەشداری چەندین خولی ڕێکخراوەیی و ڕۆژنامەنووسی کردووەو چەندی بڕوانامەو خەڵاتی بەدەستهێناوە. لەوانە : ڕێکحراوی ئەنجومەنی لاوانی عێراق پڕۆەی بنیاد بە پلەی نایاب. بەرهەمی بەنزاکان دەستپێدەکەمی بڵاوکردووەتەوە. لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

هۆدە

شانۆییە. بەرهەمی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەڵەبجەیە. بە هاوکاری ئۆفیسی کلتوری قوباد تاڵەبانی. نووسین و دەرهێنانی : هۆگۆ هەڤاڵ. بە سوود وەرگرتن لە لە شانۆیی دورگەی پەرتووک. ئەکتەرەکان: هەردی هادی، هامیار حەمەومین، کارۆ سۆران، ڕەزوان حەیدەر، پارسا هەورامان. بەڕێوەبەری بەرهەم: محەمەد عەبدوڵا.دیکۆر : ئەردەڵان کاکەیی. ڕوناکی: سۆزیار حەمید،  هونەری: ساسان فەرهەنگ. گرافیک دیزاین: ڕێبین حەمەومین. ڕۆژانی ٢ی ١٠ی ٢٠٢٦ تا ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٦ لە سەر شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە نماییشکراوە.