تەوێڵە
کتێبخانەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە، مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ٢٠٠٤ دەگەڕێتەوە. بیناکەی لەسەر ڕووبەری (٢٥٠م٢) دروستکراوە. کەوتووەتە گەڕەکی پشت حەوز لە شارەدێی (تەوێڵە). یەکەم بەڕێوەبەری (ناسر عەبدوڵا محەممەد کەریم) بووە، تا ١٢ى ١ى ٢٠١٩ بەردەوامبووە، پاشان (شیروان مەحمود عەبدولڕەحیم) دەبێتە بەڕێوەبەر و تا ئێستاش بەردەوامە، هەشت فەرمانبەری میلاکیان هەیە، لە بینای حکومیدا دەوامدەکەن. ڕووبەری بینای فەرمانگەکە (٣٠٠م٢)یە، لە دوو نهۆم پێکهاتووە. دەکەوێتە گەڕەکی پشتی حەوز (هانەمڵکشا) لە شارەدێی تەوێڵە، ئیش و کاری فەرمانگەکە بریتییە لە خزمەتکردنی خوێنەران و قوتابیان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
حاجی محەممەد بامۆکی
ساڵی ١٩٥٩ لە هەڵەبجە کراوەتەوە. فەرەج عەبدوڵا ساڵح (فەرەجی مام عەبۆل ١٩٤٢-١٩٨٨) ئەمین مەکتەبەی بووە. بە کرێ لە خانووی مامۆستا (ئەحمەدی حەمەی ڕەشیدەفەنی)دا بووە. دەرگاکەی بە تەنیشت قوتابخانەی سدق و دیواری نادیی فەرمانبەرانەوە بووە. پاشان میریی لە ساڵی ١٩٦٢دا و لەسەر ڕووبەری (١٠٠٠م٢) لە گەڕەکی پیرمحەممەد، تەلارێکی بۆ دروستکرد، تا ١٦ی ٣ی ١٩٨٨، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڕوناکبیری بووە، بە هەزاران خەت و دەستنوس و کەشکۆڵی زانایان و مەدرەسە ئایینیەکانی ناوچەکەی لێبووە. لە کیمیابارانەکەدا کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەستکەوتی جەنگ، دەستی بەسەر نزیکەی ١٥٠٠٠ سەرچاوەدا گرت و گواستیەوە بۆ ئێران. ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن (حاجی محەممەدی بامۆکی)یەوە دروستکراوەتەوە. لە ئێستادا نزیکەی ٧٠٠٠٠ هەزار کتێب و گۆڤار و نامیلکەی تێدایە. هۆڵی پێشوازی و خوێندنەوە و ڕاڕەوی دانانی ڕەفەی کتێب و ژووری بەڕێوەبەر و کارگێڕی و پێداویستییەکانی تێدایە. لەگەڵ دەوامی بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەڵەبجەدا.
خورماڵ
کتێبخانەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و لاوانی پارێزگاری هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٠٩ کراوەتەوە. (کامەران ئەحمەد عەزیز) یەکەم بەڕێوەبەر بووە و تائێستا بەردەوامە. بینای کتێبخانەکە نوێیە و ساڵی ٢٠٠٥ لەسەر ڕووبەری (٢٨٠٠م) زەوی دروستکراوە. لە دوو نهۆم پێکهاتووە، کە هەشت هۆڵی گەورەی ١٠ بە ١٥ی هەیە. موڵکی کتێبخانەی گشتییە. کەوتووەتە سەر شەقامی مەحموودخانی دزڵی لەسەر ڕێگەی گشتیی خورماڵ – بیارە. لە ئێستادا فەرمانبەری هەیە.
سیروان
کتێبخانەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانەکانە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری. کەوتووەتە سنوری گەڕەکی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ٢٠١٥ کراوەتەوە. پێنج فەرمانبەری هەیە. (خەیاڵ کەریم ڕەحیم) لێپرسراویەتی. بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ ئاماری کتێبخانەکە، ٦١٥٤ کتێبی کوردی و ٣٨٤٠ عەرەبی و ٣٨٩ ئینگلیزی و ١٩ فارسی تێدایە. لە هۆڵی گۆڤار و ڕۆژنامەکانیشدا، ٦١٤ کوردی و ٣٩٣ عەرەبی و ٣٧ ئینگلیزی، لە هۆڵی منداڵانیش ٣٩٥ گۆڤاری کوردی و ٧١ عەرەبی و ٣ ئینگلیزی لەگەڵ ٦٩٨ کتێبی کوردی و ٦٧ عەرەبی و هەشت ئینگلیزی تێدایە.