زانکۆی هەڵەبجه

دواین نوێکردنەوە: 2026-10-21


یەکێکە لە زانکۆ حکومییەکانی کوردستانی عێراق و سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەى زانستییە. بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ١٦٧٠ی ساڵی ٢٠١٠ بڕگەی یەکەم، مادەی حەوتەم لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٨ و فەرمانی وزاری ن/٦٦٤ ی ساڵی ٢٠١٠، سەبارەت بە دامەزراندنی زانکۆکانی ( هەڵەبجە، ڕاپەرێن، زاخۆ، گەرمیان)، لەلایەن کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری دامەزراندنی دەرچووە و ساڵی ٢٠١١ لە هەڵەبجە دامەزراوە. کەوتوەتە بەردەم گوندی عەبابەیلێ لە ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجە. پێش ساڵی ٢٠١٠ زانکۆی هەڵەبجە فاکەڵتییەکی هەبوو، “فاکەڵتی پەروەردەی بنەڕەتی”، ئەو کات سەر بە زانکۆی سلێمانی بوو، پاشان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە بڕیاری سەرەوە، زانکۆی هەڵەبجەی ڕاگەیاند و بەم شێوەیە، فاکەڵتی پەروەردەی بنەڕەت، زانکۆی سلێمانی جێهێشت و بوو بە زانکۆی هەڵەبجە. لە شوباتی ٢٠١١ سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە دەستبەکاربوو. ئەنجومەنی زانکۆ، کە پێکهاتووە لە سەرۆکی زانکۆ، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، ڕاگری سەرجەم کۆلیژەکان، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی زانکۆ، باڵاترین ناوەندی بڕیاردانە لە زانکۆدا. زانکۆ لە شەش کۆلێژی سەربەخۆی وەک کۆلێژەکانی: (زانست، زانستە مرۆییەکان، پەروەردەی بنەڕەتی، پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان ، یاسا و کارگێڕی، پەروەردەی شارەزوور و بەشی ئەندازیاری) پێکهاتووە. خوێندکار بۆ ماوەی چوار ساڵ دەخوێنێت و لە کۆتایی ساڵی چوارەمدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەردەگرێت. زانکۆی هەڵەبجە دوو کەمپی هەیە، کەمپی یەکەمی دەکەوێتە شاری هەڵەبجە و کەمپی دووەمیشی لە قەزای شارەزوورە، هەروەها چەند سەنتەرێکی هەیە تایبەت بە گەشەپێدانی توانای خوێندکار، توێژینەوە، جێندەرناسی، زمان و پێداگۆجی. لە ماوەی نێوان ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٢ گەشەپێدانی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و لە ژمارەی خوێندکارانی زانکۆ لەو ماوەیەدا سێ خولی دەرچووانی هەڵگری بروانامەی بەکالۆریۆسی هەبووە. دوو خولی خوێندنی باڵا(ماستەر+دکتۆرا)ی هەبووە. زانکۆ دەرفەتی خوێندنی باڵای بۆ ستافی ئەکادیمی و فەرمانبەران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕەخساندووە. یەکێکی تر لە دەستکەوتە گرنگەکانی زانکۆ بریتییە لە چالاککردنەوەی سەنتەری زمان و پێداگۆجی و کردنەوەی ١١ خولی زمانی ئینگلیزی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا و ناسناوی زانستی. لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٢ هەلی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای ڕەخساندووە و لەو ماوەشیەدا سێ خولی دەرچووانی بەکالۆریۆسی هەبووە، کە سەرجەمی ١٦٩٠ خوێندکار بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێبەخشراوە، ٤٣ خوێندکاری خوێندنی باڵای هەبووە. لە ئێستادا ٣٣٠ مامۆستا و ٥٥٠ کارمەند و٣٠٩٤ خوێندکاری هەیە، یەکەم سەرۆکی زانکۆ د. خەسرەو عەبدوڵا عەلی بووە. دواتر هەریەکە لە د. ئاراس ئەحمەد، د. تەحسین عبدالکریم، د. دانا عبدوڵڵا تاهیر، د. مەهاباد کامیل عبدالقادر سەرۆکی بوون. لە ئێستادا د. بەمۆ پەروێز عەزیز. سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە.

سەرچاوەکان:

  1. وەرگرتنی داتا و زانیاری لە سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە، ٩/٧/٢٠٢٤.
  2. سەردانی ئامادەکار (جوهر عزیز احمد) بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتی ئەوقاف و کارو باری ئاینی هەڵەبجە، ٧/٧/٢٠٢٤.
  3. وەرگرتنی زانیاری لە پێگەی فەڕمیی زانکۆی هەڵەبجە لە ئینتەرنێت، ١٠/٧/٢٠٢٤.
  4. بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی هەڵەبجه، لە ٣ی ١٢ی ٢٠٢٢.

ئامادەکردنی: بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی هەڵەبجه

133

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

گۆران معروف عارف

بە گۆران مەنشاوی ناسراوە، ٧ی ٣ی ١٩٨٠ لە بیارە لەدایکبووە، دواناوەندی ئیسلامی هەلەبجەی ساڵی ٢٠٠٧ تەواوکردووە. بە شداری چەندین ڤیستیڤاڵی لە شارەکانی هەرێم و عێراق کردووە: لەوانە: سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک، بەغداد، ڕانیەو ...هتد.  لە دەرەوەی هەرێمیش بەشداری چەندین ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە. لەوانە: ٢٠١٥ لە تورکیاو  ٢٠١٦ لە ئێران و ٢٠١٧ لە میسر و سعودیەو ٢٠٢٣ لە پاکستان. چەندین خەڵات و بڕوانامەی وەرگرتووە. قورئانی بۆچەندین زاناو قورئانخوین وکەسایەتی دیار خوێندووە. لەوانە: محمود صديق المنشاوي ، د . عبدالفتاح الطاروتي ، أحمد حسنين، شيَخ احمد بن يوسف الازهري ، كمال بةختيار مصري ، مامؤستا  سليمي ، محمد نعمان فليثيني...هتد ئێستا بانگبێژ و قورئانخوێنە لە مزگەوتی ئوسامە لە هەڵەبجە، خێزاندارەو حاوەنی دوو منداڵە، لەهەڵەبجە نیشتەجێێە. 

خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٧٧

حکومەتی عێراقی بۆ پشتیوانی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ناو شاری هەڵەبجە ڕێپێوانێکی بەە قوتابیان و خوێندکاران دروستکرد، دروشمەکان بریتیبوون لە ئەمڕۆ ڕۆژی شادییە، ڕۆژی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە. بە ڵام لە درێژەی ڕێپێوانەکە دورشمەکان دژی حکومەت گۆڕان و بوویە خۆپیشاندانی خوێندکاران و سوکایەتی بە کومەت. لە ئەنجامدا پیاوانی ڕژێم چوونە خوێندنگای شارەزوور و ئەم خوێنکارانە گیران: (عوسمان عەلی بەورە ، مەولود باوەمراد، شێخەی مەلا جەلال، مەحمود محەمەد، نەهرۆ عەبدوڵا زروف، سەلاح ئەفراسیاب) دوار براونەتە ئەمنی سلێمانی و دوو مانگ لە زینداندا بوون.

هەورامانناسی

نووسین: د. عومەرعەبدالعزیز، م. کەمال ئەمین گوڵپی. بابەت: مێژووی هەورامان. چاپی یەکە، ناوەندی ڕێنوێن، ٢٠٢٦، سلێمانی. لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ژیرلایە بۆ کولتور ڕۆشنبیرییە. ناوەڕۆکی پەیوەندار: هەورامان و چەردەیەک لە کولتوور فەرهەنگی  ناوچەی هەورامان، پێکهاتە، جوگرافیاو زمان و ئایین و کەشوهەواو باخداری و پیشەسازی و ناوی شارو شارۆچکەو گوندەکانی هەورامان. کورتەیەکی لەسەر ٢٣ گوندی هەورامان و  باسی ٢٦ زاناو شاعیری ناوچەکەی کردووە. لە گەڵ باسەکانی پیر و ژیرلاو سیاچەمانەو فەرەنجی و کڵاش و کۆمسا و سروشت.

بەمۆ پەروێز عزیزخان

پڕۆفیسۆرە، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە، لە نەوەی ئییبراهیم خانی دەلۆیە. نازاناوی دەلۆیان هەڵگرتووە.  ١ی١ی ١٩٨٠ لە دێی برایم خان لە سەرقەڵای کفری لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٠ لە کۆلیجی یاسای زانکۆی سلێمانی دکتۆرای وەرگرتووە. لە بوارەکانی  کارگێری، وانە وتنەوە، راوێژکاری یاسایی خزمەتی کردووە. لە زانکۆی، ساێمانی، جیهان – ساێمانی، گەشەپێدانی مرۆیی، کەرکووک، کۆلێژی پۆلیس، وانەی وتووەتەوە. خاوەنی دوو کتێب و نۆزدە توێژینەوەیە. ئەندامی سەندیکای مافپەروەرانە. ساڵی ٢٠٠٨-٢٠١٢  ڕاوێژکاری یاسایی بووە لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆیی زانکۆی دیئۆل.-ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە. ڕاوێژکاری پەرلەمان بووە بە گرێبەست. یاریدەدەری زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە بۆ کاروباری کارگێڕی و خوێندکاران بووە. خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە. 

سومەیە قادر حەمەساڵح

بە سومەیە هەڵەبجەیی ناسراوە. ساڵی ١٩٨٧ لە هەلەبجە لە دایک بووە. دەرچووی ١٢ی ئامادەییە. لە ڕادیۆی یەکگرتوو دەستی بەکاری میدیایی کردووە. پاشان لە ڕادیۆی کوردستان نوسینگەی هەلەبجە کاریکردووە. بۆ ماوەی چوار ساڵ ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامە بووە لە ڕادیۆی شارەزوور. لەوانە: بەرنامەی دوانگە، تاکی هۆشیار، ڕێچکە، پرسیار و دیاری، ..هتد. ئێستا لە میدیای نوێ کار دەکات. بەشداری چەندین خولی ڕێکخراوەیی و ڕۆژنامەنووسی کردووەو چەندی بڕوانامەو خەڵاتی بەدەستهێناوە. لەوانە : ڕێکحراوی ئەنجومەنی لاوانی عێراق پڕۆەی بنیاد بە پلەی نایاب. بەرهەمی بەنزاکان دەستپێدەکەمی بڵاوکردووەتەوە. لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

هۆدە

شانۆییە. بەرهەمی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەڵەبجەیە. بە هاوکاری ئۆفیسی کلتوری قوباد تاڵەبانی. نووسین و دەرهێنانی : هۆگۆ هەڤاڵ. بە سوود وەرگرتن لە لە شانۆیی دورگەی پەرتووک. ئەکتەرەکان: هەردی هادی، هامیار حەمەومین، کارۆ سۆران، ڕەزوان حەیدەر، پارسا هەورامان. بەڕێوەبەری بەرهەم: محەمەد عەبدوڵا.دیکۆر : ئەردەڵان کاکەیی. ڕوناکی: سۆزیار حەمید،  هونەری: ساسان فەرهەنگ. گرافیک دیزاین: ڕێبین حەمەومین. ڕۆژانی ٢ی ١٠ی ٢٠٢٦ تا ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٦ لە سەر شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە نماییشکراوە.