سەنتەری ئۆتیزم و سەنتەرى شیاندنی خاوەنپێداویستیی تایبەت

دواین نوێکردنەوە: 2026-10-21


سەر بە بەڕێوەبەراتیى گشتیى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتیى هەڵەبجەیە، دەکەوێتە پشت مۆنۆمێنتى شەهیدان، لە نێوان گەڕەکى کیمیابارانى یەک و کیمیابارانى دووە. لە پڕۆژە گرنگ و خێرخوازییەکانى سەرمایەدار شێخ عەلى شێخ عیزەدینە. بە هەموو پێداویستییەکانى ناوییەوە و بەشێوەیەکى سەردەمیانە و بە بڕى دوو ملیۆن دۆلار جێبەجێکراوە. زەویەکەی لەلایەن سەرۆکایەتیى شارەوانیى هەڵەبجەوە لەسەر ڕووبەرى ٢٨٥٠م٢ دابینکراوە. لە بەروارى١٧ى١ى٢٠٢٣ و بە فەرمانى ژمارە ٤٣٣ى وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى، فەرمانى کرانەوەى بۆ دەرچووە و ستافى سەنتەرەکە لە ١٥ى٣ى٢٠٢٣ دەستبەکاربوون. لە هەرکام لە سەنتەری ئۆتیزم و سەنتەرى شیاندنی خاوەنپێداویستیی تایبەت، کە دوو بەشى جیاوازن، پێکهاتووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها یەک ئیدارەى هەیە. ئاوارە نەورۆز فڵامەرز، لەسەرەتاى دامەزراندنی هەر دوو سەنتەرەکەوە تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرە. لە بەشى ئۆتیزمەکەدا چارەخوازان لە سەعات هەشتى بەیانییەوە تاوەکو نیوەڕۆ، لەوێ دەمێننەوە و ڕاهێنانیان پێدەکرێت. لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە ١٧ چارەخوازى ئۆتیزم هەبوون، لە ئێستادا نزیکەى ٤٥ چارەخواز ڕاهێنانیان پێدەکرێت. لەبەشى سەنتەرى شیاندنەکەدا چارەخواز لەگەڵ خێزانەکەى و بۆ ماوەیەکى کاتى ڕاهێنانى پێدەکرێت و چارە وەردەگرێت. تەمەنەکانى ٣ بۆ ١٢ ساڵى وەردەگیرێت، بەڵام لە سەنتەرى شیاندنەکەدا چارەخواز هەر تەمەنێکى هەبێت وەردەگیرێت. بیناى سەنتەرەکە لە دوو نهۆم پێکهاتووە. نهۆمى یەکەم لە ژوورە تاکى و گروپییەکان پێکهاتووە، کە چارەخوازانى ئۆتیزم هەم بەشێوەى تاکى هەم گروپى ڕاهێنانیان پێدەکرێت. چێشتخانە و هۆڵى گەورەى سیمینارى تێدایە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئاوارە نەورۆز فڵامەرز) بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی خاوەنپێداویستیی تایبەت)، ساڵی لەدایکبوون: ١٩٨٣، بڕوانامە: ماستەر لە کلینیکاڵ سایکۆلۆژی، ١٢ی٣ی٢٠٢٥.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (زاید شێخ نەجمەدین محمد)، لە ساڵی ١٩٧٥ لەدایکبووە، بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە شەریعە، پیشە: کاسب، لە هەڵەبجەی شەهید، ١٣ی٣ی٢٠٢٥.
  3. بەیانى ژمارە(٢)ى ساڵى ٢٠٢٣ى وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى بە ژمارە ٤٣٣، لە بەروارى ١٩ى١ى٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: حەمزە محەممەد ساڵح,ڕەنجدەر عومەر عەبدوڵا

66

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

گۆران معروف عارف

بە گۆران مەنشاوی ناسراوە، ٧ی ٣ی ١٩٨٠ لە بیارە لەدایکبووە، دواناوەندی ئیسلامی هەلەبجەی ساڵی ٢٠٠٧ تەواوکردووە. بە شداری چەندین ڤیستیڤاڵی لە شارەکانی هەرێم و عێراق کردووە: لەوانە: سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک، بەغداد، ڕانیەو ...هتد.  لە دەرەوەی هەرێمیش بەشداری چەندین ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە. لەوانە: ٢٠١٥ لە تورکیاو  ٢٠١٦ لە ئێران و ٢٠١٧ لە میسر و سعودیەو ٢٠٢٣ لە پاکستان. چەندین خەڵات و بڕوانامەی وەرگرتووە. قورئانی بۆچەندین زاناو قورئانخوین وکەسایەتی دیار خوێندووە. لەوانە: محمود صديق المنشاوي ، د . عبدالفتاح الطاروتي ، أحمد حسنين، شيَخ احمد بن يوسف الازهري ، كمال بةختيار مصري ، مامؤستا  سليمي ، محمد نعمان فليثيني...هتد ئێستا بانگبێژ و قورئانخوێنە لە مزگەوتی ئوسامە لە هەڵەبجە، خێزاندارەو حاوەنی دوو منداڵە، لەهەڵەبجە نیشتەجێێە. 

خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٧٧

حکومەتی عێراقی بۆ پشتیوانی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ناو شاری هەڵەبجە ڕێپێوانێکی بەە قوتابیان و خوێندکاران دروستکرد، دروشمەکان بریتیبوون لە ئەمڕۆ ڕۆژی شادییە، ڕۆژی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە. بە ڵام لە درێژەی ڕێپێوانەکە دورشمەکان دژی حکومەت گۆڕان و بوویە خۆپیشاندانی خوێندکاران و سوکایەتی بە کومەت. لە ئەنجامدا پیاوانی ڕژێم چوونە خوێندنگای شارەزوور و ئەم خوێنکارانە گیران: (عوسمان عەلی بەورە ، مەولود باوەمراد، شێخەی مەلا جەلال، مەحمود محەمەد، نەهرۆ عەبدوڵا زروف، سەلاح ئەفراسیاب) دوار براونەتە ئەمنی سلێمانی و دوو مانگ لە زینداندا بوون.

هەورامانناسی

نووسین: د. عومەرعەبدالعزیز، م. کەمال ئەمین گوڵپی. بابەت: مێژووی هەورامان. چاپی یەکە، ناوەندی ڕێنوێن، ٢٠٢٦، سلێمانی. لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ژیرلایە بۆ کولتور ڕۆشنبیرییە. ناوەڕۆکی پەیوەندار: هەورامان و چەردەیەک لە کولتوور فەرهەنگی  ناوچەی هەورامان، پێکهاتە، جوگرافیاو زمان و ئایین و کەشوهەواو باخداری و پیشەسازی و ناوی شارو شارۆچکەو گوندەکانی هەورامان. کورتەیەکی لەسەر ٢٣ گوندی هەورامان و  باسی ٢٦ زاناو شاعیری ناوچەکەی کردووە. لە گەڵ باسەکانی پیر و ژیرلاو سیاچەمانەو فەرەنجی و کڵاش و کۆمسا و سروشت.

بەمۆ پەروێز عزیزخان

پڕۆفیسۆرە، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە، لە نەوەی ئییبراهیم خانی دەلۆیە. نازاناوی دەلۆیان هەڵگرتووە.  ١ی١ی ١٩٨٠ لە دێی برایم خان لە سەرقەڵای کفری لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٠ لە کۆلیجی یاسای زانکۆی سلێمانی دکتۆرای وەرگرتووە. لە بوارەکانی  کارگێری، وانە وتنەوە، راوێژکاری یاسایی خزمەتی کردووە. لە زانکۆی، ساێمانی، جیهان – ساێمانی، گەشەپێدانی مرۆیی، کەرکووک، کۆلێژی پۆلیس، وانەی وتووەتەوە. خاوەنی دوو کتێب و نۆزدە توێژینەوەیە. ئەندامی سەندیکای مافپەروەرانە. ساڵی ٢٠٠٨-٢٠١٢  ڕاوێژکاری یاسایی بووە لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆیی زانکۆی دیئۆل.-ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە. ڕاوێژکاری پەرلەمان بووە بە گرێبەست. یاریدەدەری زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە بۆ کاروباری کارگێڕی و خوێندکاران بووە. خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە. 

سومەیە قادر حەمەساڵح

بە سومەیە هەڵەبجەیی ناسراوە. ساڵی ١٩٨٧ لە هەلەبجە لە دایک بووە. دەرچووی ١٢ی ئامادەییە. لە ڕادیۆی یەکگرتوو دەستی بەکاری میدیایی کردووە. پاشان لە ڕادیۆی کوردستان نوسینگەی هەلەبجە کاریکردووە. بۆ ماوەی چوار ساڵ ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامە بووە لە ڕادیۆی شارەزوور. لەوانە: بەرنامەی دوانگە، تاکی هۆشیار، ڕێچکە، پرسیار و دیاری، ..هتد. ئێستا لە میدیای نوێ کار دەکات. بەشداری چەندین خولی ڕێکخراوەیی و ڕۆژنامەنووسی کردووەو چەندی بڕوانامەو خەڵاتی بەدەستهێناوە. لەوانە : ڕێکحراوی ئەنجومەنی لاوانی عێراق پڕۆەی بنیاد بە پلەی نایاب. بەرهەمی بەنزاکان دەستپێدەکەمی بڵاوکردووەتەوە. لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

هۆدە

شانۆییە. بەرهەمی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەڵەبجەیە. بە هاوکاری ئۆفیسی کلتوری قوباد تاڵەبانی. نووسین و دەرهێنانی : هۆگۆ هەڤاڵ. بە سوود وەرگرتن لە لە شانۆیی دورگەی پەرتووک. ئەکتەرەکان: هەردی هادی، هامیار حەمەومین، کارۆ سۆران، ڕەزوان حەیدەر، پارسا هەورامان. بەڕێوەبەری بەرهەم: محەمەد عەبدوڵا.دیکۆر : ئەردەڵان کاکەیی. ڕوناکی: سۆزیار حەمید،  هونەری: ساسان فەرهەنگ. گرافیک دیزاین: ڕێبین حەمەومین. ڕۆژانی ٢ی ١٠ی ٢٠٢٦ تا ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٦ لە سەر شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە نماییشکراوە.