شاوێس قولی

دواین نوێکردنەوە: 2026-05-13


لاپەڕەی 205

ئايينی

ناوی (شاوێس قولی کوڕی پیر قەنبەری شاهۆیی)یە. دایکی ناوی (زەڕبانوو خاتوون) بووە. ساڵی ١٤٠٧ز لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (دەرزیان)ی ناوچەی شاخی شاهۆیە. شاعیرێکی دیار بووە و زۆرینەی شیعرەکانی بە شێوەزاری هەورامی بووە. نازناوی شیعری (قرمزی)ی بووە. لە ئەفسانەی یارسانەکاندا، بە پێنجەمین ئەدگاری کردگار لە سەرزەوی دادەنرێت. چیرۆکی لەدایکبوونی یەکێکە لە ئەفسانەکانی نێو ئەدەبیاتی ئاینی یارسان، کە گوایە وەک منداڵێکی باو لەدایکنەبووە، بەڵکو کردگاری شای گێتی لەگەڵ یارانیدا سەرێکی لێدەدەن و ئەم منداڵەی پێدەبەخشن. شاوێس قولی هەر بە ڕەبەنی ماوەتەوە و خێزانی پێکنەهێناوە. ساڵی ١٥١٤ز کۆچیدواییکردووە. لە دیارترین شیعرەکانی چوارینەیەکە کە دەڵیت:

ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد

بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد

من ئەو شێرەنان، چەنی دەستەی کورد

سڵسڵەی سپای زەحاک کەردم ورد

سەرچاوەکان:

  1. مێژووی ئەدەبی کوردی، مارف خەزنەدار، بەرگی یەکەم، دەزگای ئاراس، چاپی دووەم، ٢٠١٠، هەولێر، ل٣١٧-٣٠١٩.
  2. فەلسەفەی یارسان، وەرگێڕانی: بیهزاد خوشحالی (سایتی هەواڵنامەی کتێب: https: //shorturl. at/osuNX ).

ئامادەکردنی: د. هەردی مەهدی میکە

18

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەحمەدی جاف

کەسایەتیی ئاینیی یارسانە. ناوى (ئەحمەد کوڕی فەتاحی جاف)ـە. لە سەرەتای سەدی پێنجەمی کۆچی لە (تەپی سەفای خواروو) لە شارەزوور لەدایکبووە. بە لاوی چووەتە سەرگەت و دەستی بە خوێندن کردووە. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە. کە بابای کوڕی ڕەوش و ڕەوشتی یاری دامەزراندووە، ئەميش چووەتە سەر ڕێ و ڕەوشتی یاری. کەڵام و هۆنراوەکانی لە (کەڵام دەورەی بابا ناووس) لە سەرئەنجامدا کۆکراونەتەوە. لە کۆتايى سەدەی پێنجەمدا کۆچیدواییکردووە و لە سەرگەت بەخاکسپێرراوە.

ئەوڕەنگ

‌شاعیرێکی یارسانییە. ناوی (مەسعوود کوڕی عەبدوڵا)یە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چووتە حوجرە. هێشتا لاو بووە چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوه.‌ لە دەوروبەری ساڵی ١٣٧٩ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (ئەوڕەنگ)ـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

بابا غەیبی هاواری

کەسایەتیی ئایینیی یارسانە. یەکێکە لە حەفتا و دوو پیر و یارانی سان سەهاکی بەرزنجی. لە سەدەی حەوتەمی کۆچی لە گوندى (هاوار)ى نزيک هەڵەبجە لەدایکبووە. بۆ ڕێنوێنی چووەتە شارەزوور و پاشان لە (سەرگەت) گیرساوەتەوە. لە (سەرئەنجام)دا لە کەڵامی بارگەبارگەدا هۆنراوەی تۆمارکراوە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا، کۆچیدواییکردووە و مەزارەکەی لە گوندی سەرگەتە.

بابە قەیسەری هەورامی

شاعیر و تەمبورژەنێکی یارسانییە. له ‌سەرەتای سەدەی چوارەمی کۆچی لە هەورامان لەدایکبووە و لە کۆتایی سەدە هەر لەوێ کۆچیدواییکردووە. لە شارەدێی (تەوێڵە) و (دەودان) خوێندویەتی. موردید و دەروێشی بابەسەرهەنگ بووە و خەرقەی لێ وەرگرتووە. لە جەمخانەدا تەمبوری ژەنیوە و هۆنراوەی بۆ ئاینی یارسان هۆنیوەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

بابا ناوسی جاف

شاعیر و تەمبوورژەنێکی یارسانییە. ناوی (ئیبراهیم کوڕی ئەحمەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٠٨٤ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی خوێندووە و کەوتووەتە سەوداسەری دەروێشی بۆیە لەلای خەڵکانێک بە (بلە شێت) ناوبانگی ڕۆیشتووە. یەکێکە لە پیرانی یارسان و بە (بابا ناوسی جاف) ناسراوە. ناوەڕۆکی هۆنراوەکانی ئامۆژگاریی و پەند و داناییە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا ‌چاپ نەکراون‌. لە دەوروبەری ساڵی ١١٦١ کۆچیدواییکردووە. ‌

باوا سەرهەنگی دەودانی

یەکێکە لە ڕابەرانى ئایينى یارسان. ساڵی ٩٣٥ لە دەوروبەری کێوی شاهۆ لەدایکبووە. سەرەتا بە دەروێشی ژیاوە، پاشان بووەتە پیری ڕێی خوایی و خەڵکی بۆ وەرگرتنی ڕەوشتەکەی هانداوە. ژمارەیەکی زۆر مرید و شوێنکەوتووی لە دەور کۆبووەتەوه، لەوانە(باوا قەیسەری هەورامی، باوا سەرنجی کەلاتی، باواگەرچەکی هەوامی، دایە تەورێزی هەورامی). لە سەردەمی باوا سەرهەنگدا سەردەمی دەرکەوتنی ژن و کاریگەریی ژن بووە لە چالاکییە دینییەکاندا. هۆنراوەکانی خۆی و هەندێک لە یارانی(دەورەی بابا سەرهەنگ) لە (سەرئەنجام)دا نوسراون. لە کۆتایی سەدەی چوارەمی کۆچیدا لە شارۆچکەی (تەوێڵە) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە. دەوروبەری مەزارگەکەی بووە بە گۆڕستانی تەوێڵەییەکان و بە گۆڕستانی (باوا سەرهەنگ) بەناوبانگە.