پیر مووسی، مووسا، ڕوکنەدینی دیمەشقی

دواین نوێکردنەوە: 2026-05-14


لاپەڕەی 193

ئايينی

شاعیرێکی ئایینی یارسانییە. ساڵی ١٢٤١ لە (شام) و لە بنەماڵەیەکی کورد لەدایکبووە. بۆ خوێندن هاتووەتە شارەزوور و هەورامان. لە زۆربەی زانستەکاندا شارەزا بووە. سێیەم یان چوارەم فریشتەیە. لە هۆنراوە دەستووریيەکەی (سان سەهاک)دا، لە ئەرکە دینیەکەیەوە بە (قەڵەمدار، دەفتەردار و قەڵەم زەڕین) ناسراوە. لە دەفتەرە پیرۆزەکانی یارسان و سەرئەنجامدا ناوی هاتووە. لە کۆتاییەکانی سەدەی هەشتەمی کۆچیدا لە (کرند) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە.

سەرچاوەکان:

  1. مێژووی هەورامان، د. محمد امین هورامانی، بەرگی دووەم، سلێمانی، ٢٠١٦، ل٦٥٥.
  2. مێژووی وێژەی کوردی، سدیق بۆرەکەیی، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، هەولێر، ٢٠٠٨، ل١٦٩-١٧١.
  3. سرانجام مجموعه کلامهای یارسان، گرداوەری تحقيق و ویراسته: طیب طاهری، هەولێر، ٢٠٠٠، ل٢٨٠، ٢٨٨، ٢٩٠-٣٣٤.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

18

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەحمەدی جاف

کەسایەتیی ئاینیی یارسانە. ناوى (ئەحمەد کوڕی فەتاحی جاف)ـە. لە سەرەتای سەدی پێنجەمی کۆچی لە (تەپی سەفای خواروو) لە شارەزوور لەدایکبووە. بە لاوی چووەتە سەرگەت و دەستی بە خوێندن کردووە. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە. کە بابای کوڕی ڕەوش و ڕەوشتی یاری دامەزراندووە، ئەميش چووەتە سەر ڕێ و ڕەوشتی یاری. کەڵام و هۆنراوەکانی لە (کەڵام دەورەی بابا ناووس) لە سەرئەنجامدا کۆکراونەتەوە. لە کۆتايى سەدەی پێنجەمدا کۆچیدواییکردووە و لە سەرگەت بەخاکسپێرراوە.

ئەوڕەنگ

‌شاعیرێکی یارسانییە. ناوی (مەسعوود کوڕی عەبدوڵا)یە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چووتە حوجرە. هێشتا لاو بووە چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوه.‌ لە دەوروبەری ساڵی ١٣٧٩ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (ئەوڕەنگ)ـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

بابا غەیبی هاواری

کەسایەتیی ئایینیی یارسانە. یەکێکە لە حەفتا و دوو پیر و یارانی سان سەهاکی بەرزنجی. لە سەدەی حەوتەمی کۆچی لە گوندى (هاوار)ى نزيک هەڵەبجە لەدایکبووە. بۆ ڕێنوێنی چووەتە شارەزوور و پاشان لە (سەرگەت) گیرساوەتەوە. لە (سەرئەنجام)دا لە کەڵامی بارگەبارگەدا هۆنراوەی تۆمارکراوە. لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا، کۆچیدواییکردووە و مەزارەکەی لە گوندی سەرگەتە.

بابە قەیسەری هەورامی

شاعیر و تەمبورژەنێکی یارسانییە. له ‌سەرەتای سەدەی چوارەمی کۆچی لە هەورامان لەدایکبووە و لە کۆتایی سەدە هەر لەوێ کۆچیدواییکردووە. لە شارەدێی (تەوێڵە) و (دەودان) خوێندویەتی. موردید و دەروێشی بابەسەرهەنگ بووە و خەرقەی لێ وەرگرتووە. لە جەمخانەدا تەمبوری ژەنیوە و هۆنراوەی بۆ ئاینی یارسان هۆنیوەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

بابا ناوسی جاف

شاعیر و تەمبوورژەنێکی یارسانییە. ناوی (ئیبراهیم کوڕی ئەحمەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٠٨٤ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی خوێندووە و کەوتووەتە سەوداسەری دەروێشی بۆیە لەلای خەڵکانێک بە (بلە شێت) ناوبانگی ڕۆیشتووە. یەکێکە لە پیرانی یارسان و بە (بابا ناوسی جاف) ناسراوە. ناوەڕۆکی هۆنراوەکانی ئامۆژگاریی و پەند و داناییە. هۆنراوەکانی هێشتا کۆنەکراونەتەوە و لە کتێبێکدا ‌چاپ نەکراون‌. لە دەوروبەری ساڵی ١١٦١ کۆچیدواییکردووە. ‌

باوا سەرهەنگی دەودانی

یەکێکە لە ڕابەرانى ئایينى یارسان. ساڵی ٩٣٥ لە دەوروبەری کێوی شاهۆ لەدایکبووە. سەرەتا بە دەروێشی ژیاوە، پاشان بووەتە پیری ڕێی خوایی و خەڵکی بۆ وەرگرتنی ڕەوشتەکەی هانداوە. ژمارەیەکی زۆر مرید و شوێنکەوتووی لە دەور کۆبووەتەوه، لەوانە(باوا قەیسەری هەورامی، باوا سەرنجی کەلاتی، باواگەرچەکی هەوامی، دایە تەورێزی هەورامی). لە سەردەمی باوا سەرهەنگدا سەردەمی دەرکەوتنی ژن و کاریگەریی ژن بووە لە چالاکییە دینییەکاندا. هۆنراوەکانی خۆی و هەندێک لە یارانی(دەورەی بابا سەرهەنگ) لە (سەرئەنجام)دا نوسراون. لە کۆتایی سەدەی چوارەمی کۆچیدا لە شارۆچکەی (تەوێڵە) کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێش بەخاکسپێرراوە. دەوروبەری مەزارگەکەی بووە بە گۆڕستانی تەوێڵەییەکان و بە گۆڕستانی (باوا سەرهەنگ) بەناوبانگە.