حەمید بارام حەمەحسێن بارام
بەڕێوەبەری شارۆچکەی بیارەیە. ساڵی ١٩٧٧ لە (ڕومادی) لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە سلێمانی خوێندوە. کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی ١٠ ساڵ پارێزەریی کردووە. وەک نوسەر لە ڕادیۆی نەوا کاریکردووە. بە شێوەی خۆبەخش لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کەمئەنداماندا کاریکردووە. لە ١١ی ٥ی ٢٠١٥ بووە بە بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە و تا ئێستا بەردەوامە. جگە زمانی دایکیی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
حسێن عەلی زەڵمی
ناوی (حسێن عەلی عەبدوڵا)یە و بە (حسێن عەلی زەڵمی) ناسراوه. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (زەڵم)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە گوندی زەڵم، خورماڵ و سیروان و عەربەت و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. تا قۆناغی دوو لەکۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی بەغداد خوێندووە و وازی هێناوه. ساڵی ٢٠٠٨ کۆلێجی یاسا و ساڵی ٢٠٢٢ کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی تەواوکردووه. ساڵی ١٩٩٧ تا ١٩٩٨ بەڕێوبەری ناحیەی خورماڵ بووە. دواتریش و لە کاتی جیاوازدا بەڕێوبەری ناحیەکانی: پێباز، ئاوەسپی، قۆرەتو، مەیدان باوەخۆشێن، وارماوا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵه. لە قایمقامێتی قەزای شارەزوور دەوام دەکات.
دانا نوری محەممەد
ناوی (دانا نوری محەممەد عەلی)یە، ساڵی ١٩٧٣ لە شاری سلێمانی لەدایکبووه. تا قۆناغی ئامادەیی له سلێمانی تەواوکردووه. کۆلێجی یاسای لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٠ بەڕێوبەری ناحیەی خورماڵ بووە. پێشتریش بەڕێوبەری ناحیەی قەرەداغ بووە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە وڵاتی بەریتانیا دەژی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
سمکۆ سالار
ناوی (سمکۆ سالار موشیر)ە. ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە خوێندووە. بەکالۆریۆسی لە یاسادا لە کۆلیژی یاسا و ڕامیاری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. دەرچووی خولی ئەفسەرانە. لە بواری یاساو کارگێڕیدا ٢٢ ساڵ خزمەتی هەیە. وەک بەڕێوەبەری ناحییەکانی (بیارە، خورماڵ، بەمۆ) و چەند جارێکیش وەک قایمقامی هەڵەبجە بە وەکالەت پۆستی هەبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا(٢٠٢٤) بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆیە.
عەبدوڵا عادل ئال قازی
بەڕێوەبەری شارەدێی خورماڵە. لە خێزانی (ئال قازی)ی بەناوبانگن بە زانست و خواپەرستی. ساڵی ١٨٩٣ لە شارى سلێمانی لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی لەوێ تەواوکردووە، قوتابخانەی (ڕوشديیەی سەربازیی) لە بەغداد خوێندووە. دواتر کۆلێژی مافی تەواوکردووە و ساڵی ١٩٢٧ بووە بە بەڕێوەبەری شارەدێی (عەزیزیە). دواتر لە ساڵى ١٩٤٦ کراوە بە بەڕێوەبەری شارەدێی خـورماڵ و چەند شارەدێیەکی تریش.
عوسمان شارباژێڕی
ناوی (عوسمان ئەنوەر محەممەد)ە و بە (عوسمان شارباژێڕی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٠ لە ئۆردوگای شانەدەری لەدایکبووە. لەسەرەتاوە تا قۆناغی ئامادەیی لە سلێمانی خوێندویەتی. کۆلێجی پۆلیسی لە قەلاچۆلان تەواوکردووە و ساڵی ٢٠٠٤ یەکەمین لێپرسروای ڕەگەزنامه و باری شارستانێتیی شارباژێر بووە. دواتر و لەکاتی جیاوازدا کراوە بە بەڕێوبەری ناحییەکانی: سیتەک و زەلان لە سنوری قەزای شارباژێڕ. ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢١ بووە بە بەڕێوبەری ناحیەی خورماڵ بووه. دواتر بووە بە بەڕێوبەری ناحیەی بەکرەجۆ. لە ئێستادا قایمقامی قەزای شارباژێڕە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.