ڕوباری سیروان

دواین نوێکردنەوە: 2026-10-23


یەکێکە لە لقە سەرەکییەکانی ڕوباری دیجلە. سەرچاوەکەی ‌بە دووریى (٤٦کم) کەوتووەتە باکورى شارى سنە. بەرزى ئەوشاخانەى، کە ڕوبارەکەی لێوەى سەرچاوەدەگرێت نزیکەى (٢٣٦٠م)ە له ئاستى ڕووى دەریاوه. لقى سیروان لە دوو لقى تر پێکدێت، کە یەکەمیان لە ڕوبارى (قشڵاق) و دووەمیان ئەو لقەی، کە لە ئەنجامی یەکگرتنی (کاران و ڕخانه) پێکدێت. لە قەراغ زنجیرە شاخەکانى هەورامانى باشورەوە دێت و دەگات بە هەڵەبجە و لەوێ ژمارەیەک کانى تێدەڕژێت. ڕووبەرى حەوزى ڕوبارى سیروان لە نێو هەرێمى کوردستاندا (١١٥٠٠کم)ـە. درێژییەکەی نزیکەی (٤٤٥کم) دەبێت و بەگشتی حەوزی ئاوی ڕوبارەکە بە (٣٢٦٠٠کم٢) خەمڵێنراوە. ئەم ڕوبارە سنوری نێودەوڵەتیی عێراق و ئێران پێکدەهێنێت. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین سەرچاوەی ئاوەکەی لەسەرەتادا بریتییە لە یەکگرتنی (چەمی زرێبار و گردەڵان و گاران) لەگەڵ (چەمی گاوەرۆ و تەنگیبەر و تەنگیسەر) لە نزیک گوندی (ڕوار و نوێن) پاشان بەرەو (بڵ و هەجیج) دێت تا دەگاتە (هیروێ). دواتر چەمی (پاوە و شمشێر) دەڕژێنە ناوی و (دواو) پێکدەهێنن. پاشان لە (پردیوەر) لە گوندی شێخان ئاوی (نەوسود و تەشار) دەڕژێتە ناوی دواتر لە دیوی عێراق لە نزیک گوندی (گریانە) چەمی (تەوێڵە، سۆسەکان، پاڵانیان، هاوار، جاور) دەڕژێنە ناوی. دواتر ناوچەی هەورامان دەبڕێت و (زەڵان و زمکان)یشی تێدەڕژێت و دەریاچەی دەربەندیخانی لەسەر دروستکراوە. زەڵم و تانجەرۆش دەڕژێنە ناو دەریاچەکەوە. لەنێوان مکان و چیای بەمۆ و قەرەداغ دا دەڕوات و چەند ئاوێکی تریشی دێتەسەر، وەک چەمی (دێوانە) و (هەواسان) و (قۆرەتو) و (ئەڵوەند) و (نارین) پاشان دەگاتە شاری دیالە. ناوی سیروان بەپێی لێکدانەوەکان لە (سێ ئاو)ەوە هاتووە. چونکە ئەو سێ چەمەی سەرەوە، کە یەکدەگرن هەر لەوێوە بە ڕوباری سیروان دەناسرێت، تا دەگاتە دیالە. بۆچوونی دیکەپێی وایە لە وشەی (سێر)ەوە هاتووە، کە بە مانای (تێر، پڕ) دێت. وشەکە بووە بە (سێراو) واتە (تێراو) پاشان بووەتە (سیروان).

سەرچاوەکان:

  1. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٢٢.
  2. Haitham A. Hussein,Dependable Discharges Of The Upper And Middle Diyala Basins, Journal of Engineering ٢٠١٠, Volume ١٦, Issue ٢, Pages ٤٩٦٠ -٤٩٦٩.
  3. قضاء حلبجە، دراسە فی جغرافییە الاقلیمیە، عطاء محمدعلاءالدين، مطبعە کوردۆلۆجی، ٢٠٠٨، ص٨١.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید,د. ڕێباز لوقمان مستەفا

123

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

گۆران معروف عارف

بە گۆران مەنشاوی ناسراوە، ٧ی ٣ی ١٩٨٠ لە بیارە لەدایکبووە، دواناوەندی ئیسلامی هەلەبجەی ساڵی ٢٠٠٧ تەواوکردووە. بە شداری چەندین ڤیستیڤاڵی لە شارەکانی هەرێم و عێراق کردووە: لەوانە: سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک، بەغداد، ڕانیەو ...هتد.  لە دەرەوەی هەرێمیش بەشداری چەندین ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە. لەوانە: ٢٠١٥ لە تورکیاو  ٢٠١٦ لە ئێران و ٢٠١٧ لە میسر و سعودیەو ٢٠٢٣ لە پاکستان. چەندین خەڵات و بڕوانامەی وەرگرتووە. قورئانی بۆچەندین زاناو قورئانخوین وکەسایەتی دیار خوێندووە. لەوانە: محمود صديق المنشاوي ، د . عبدالفتاح الطاروتي ، أحمد حسنين، شيَخ احمد بن يوسف الازهري ، كمال بةختيار مصري ، مامؤستا  سليمي ، محمد نعمان فليثيني...هتد ئێستا بانگبێژ و قورئانخوێنە لە مزگەوتی ئوسامە لە هەڵەبجە، خێزاندارەو حاوەنی دوو منداڵە، لەهەڵەبجە نیشتەجێێە. 

خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٧٧

حکومەتی عێراقی بۆ پشتیوانی هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ناو شاری هەڵەبجە ڕێپێوانێکی بەە قوتابیان و خوێندکاران دروستکرد، دروشمەکان بریتیبوون لە ئەمڕۆ ڕۆژی شادییە، ڕۆژی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە. بە ڵام لە درێژەی ڕێپێوانەکە دورشمەکان دژی حکومەت گۆڕان و بوویە خۆپیشاندانی خوێندکاران و سوکایەتی بە کومەت. لە ئەنجامدا پیاوانی ڕژێم چوونە خوێندنگای شارەزوور و ئەم خوێنکارانە گیران: (عوسمان عەلی بەورە ، مەولود باوەمراد، شێخەی مەلا جەلال، مەحمود محەمەد، نەهرۆ عەبدوڵا زروف، سەلاح ئەفراسیاب) دوار براونەتە ئەمنی سلێمانی و دوو مانگ لە زینداندا بوون.

هەورامانناسی

نووسین: د. عومەرعەبدالعزیز، م. کەمال ئەمین گوڵپی. بابەت: مێژووی هەورامان. چاپی یەکە، ناوەندی ڕێنوێن، ٢٠٢٦، سلێمانی. لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ژیرلایە بۆ کولتور ڕۆشنبیرییە. ناوەڕۆکی پەیوەندار: هەورامان و چەردەیەک لە کولتوور فەرهەنگی  ناوچەی هەورامان، پێکهاتە، جوگرافیاو زمان و ئایین و کەشوهەواو باخداری و پیشەسازی و ناوی شارو شارۆچکەو گوندەکانی هەورامان. کورتەیەکی لەسەر ٢٣ گوندی هەورامان و  باسی ٢٦ زاناو شاعیری ناوچەکەی کردووە. لە گەڵ باسەکانی پیر و ژیرلاو سیاچەمانەو فەرەنجی و کڵاش و کۆمسا و سروشت.

بەمۆ پەروێز عزیزخان

پڕۆفیسۆرە، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە، لە نەوەی ئییبراهیم خانی دەلۆیە. نازاناوی دەلۆیان هەڵگرتووە.  ١ی١ی ١٩٨٠ لە دێی برایم خان لە سەرقەڵای کفری لە دایکبووە. ساڵی ٢٠١٠ لە کۆلیجی یاسای زانکۆی سلێمانی دکتۆرای وەرگرتووە. لە بوارەکانی  کارگێری، وانە وتنەوە، راوێژکاری یاسایی خزمەتی کردووە. لە زانکۆی، ساێمانی، جیهان – ساێمانی، گەشەپێدانی مرۆیی، کەرکووک، کۆلێژی پۆلیس، وانەی وتووەتەوە. خاوەنی دوو کتێب و نۆزدە توێژینەوەیە. ئەندامی سەندیکای مافپەروەرانە. ساڵی ٢٠٠٨-٢٠١٢  ڕاوێژکاری یاسایی بووە لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆیی زانکۆی دیئۆل.-ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە. ڕاوێژکاری پەرلەمان بووە بە گرێبەست. یاریدەدەری زانکۆی جیهان –سلێمانی بووە بۆ کاروباری کارگێڕی و خوێندکاران بووە. خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە. 

سومەیە قادر حەمەساڵح

بە سومەیە هەڵەبجەیی ناسراوە. ساڵی ١٩٨٧ لە هەلەبجە لە دایک بووە. دەرچووی ١٢ی ئامادەییە. لە ڕادیۆی یەکگرتوو دەستی بەکاری میدیایی کردووە. پاشان لە ڕادیۆی کوردستان نوسینگەی هەلەبجە کاریکردووە. بۆ ماوەی چوار ساڵ ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامە بووە لە ڕادیۆی شارەزوور. لەوانە: بەرنامەی دوانگە، تاکی هۆشیار، ڕێچکە، پرسیار و دیاری، ..هتد. ئێستا لە میدیای نوێ کار دەکات. بەشداری چەندین خولی ڕێکخراوەیی و ڕۆژنامەنووسی کردووەو چەندی بڕوانامەو خەڵاتی بەدەستهێناوە. لەوانە : ڕێکحراوی ئەنجومەنی لاوانی عێراق پڕۆەی بنیاد بە پلەی نایاب. بەرهەمی بەنزاکان دەستپێدەکەمی بڵاوکردووەتەوە. لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

هۆدە

شانۆییە. بەرهەمی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەڵەبجەیە. بە هاوکاری ئۆفیسی کلتوری قوباد تاڵەبانی. نووسین و دەرهێنانی : هۆگۆ هەڤاڵ. بە سوود وەرگرتن لە لە شانۆیی دورگەی پەرتووک. ئەکتەرەکان: هەردی هادی، هامیار حەمەومین، کارۆ سۆران، ڕەزوان حەیدەر، پارسا هەورامان. بەڕێوەبەری بەرهەم: محەمەد عەبدوڵا.دیکۆر : ئەردەڵان کاکەیی. ڕوناکی: سۆزیار حەمید،  هونەری: ساسان فەرهەنگ. گرافیک دیزاین: ڕێبین حەمەومین. ڕۆژانی ٢ی ١٠ی ٢٠٢٦ تا ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٦ لە سەر شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە نماییشکراوە.