تەوێڵە و ئاوێسەر
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. (١٦٨٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە نێوان چەند چیایەکەوە لەوانە وەک خەڵەفی و پەشتەوبانا و هەرزگا، سەنتەری پیشەی دەستیی هەورامان بووە و چەندین شوێنی تایبەت بەم پیشانەی تێدابووە. دۆڵێکی پڕ باخی گوێز، لە دۆڵی ئاوێسەرەوە بۆ گوندی سۆسەکان و پاڵانیا و جاور، تا نزیکی هاوار درێژدەبێتەوە، شێوازی تەڵانسازی باخەکانی و دیزاین و کەرەستەی خاوی بەکارهاتووی خانوەکانی و تاڤگەی ئاوی ئاودێریکردنی باخەکان، جوانترین دیمەنی تەوێڵەن. تەوێڵە خاوەنی زیاتر لە شەست کانیاوی سروشتییە و چەمی ئاوێسەر، ناوچەکەی سەوزکردووە. ئاوهەوایەکی فێنک لە هاوین و بەفرێکی زۆر لە زستان و دیمەنی جوانی گەڵاڕێزانی پایز و ڕەنگی سەوزی لۆ و کەمای وەرزی بەهار، هۆکارن بۆئەوەی بەدرێژایی ساڵ، گەشتیارێکی زۆر سەردانی بکەن، هەروەها ئاوێسەر شوێنی گونجاوی بۆ گەشتوگوزاری زستانە هەیە، چونکە ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت، کە هەندێک ساڵ گەشتووەتە زیاتر لە دوو مەتر. بۆیە دەبینین گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکەن بۆ وێنەگرتن و شەڕەتۆپەڵ و یاری خلیسکانی سەر بەفر و پیاسە و گەڕان بە نێو بەفردا. جگەلەوەی بونی خانەقای تەوێڵە وەک پێگەیەکی ئاینی، سەرنجی گەشتیارانی لە چەندین وڵاتەوە ڕاکێشاوە و سەردانیدەکەن. چەندین خزمەتگوزاری تێدایە. مەرزی (شوشمێ - تەوێڵە) لە ئێستادا کراوەیە و سەرچـاوەیـەکـی جمـوجـوڵی بـۆ شـوێنەکـە و پـارێـزگای هـەڵـەبجـە دروسـتکردووە.
چاوگ و گوڵان
کەوتووەتە گوندی چاوگ و لەناو دۆڵێکدا هەڵکەوتووە و بەیەکێک لە سەیرانگا دڵڕفێنەکانی نزیک هەڵەبجە دادەنرێت. ئاوی کانیاوەکانی لەشاخەکانی چاوگەوە هەڵدەقوڵێت و پاش ئەوەی دێنە ناو حەوزێکەوە، کە چەندین شوێنی دانیشتنی خێزانی تێدایە. بوەتە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتیاریی ناوچەکە. کافتریا و چایخانە و چێشتخانە و کەبابخانە و پرۆژەی گەشتیاری و شارێکی یاریی مامناوەندی تێدایە. هەرچەند ڕووبەرەکەی نزیکەی ١١ هێکتار زیاترە. بەڵام بەهۆی گرنگیی بەشداریکردنی لە کەرتی گەشتیاریی، ساڵانە باخە هەنارەکانی لەلایەن باخەوانەکانەوە دەکرێنە کەپر و شوێنی گەشتیاری. لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزارەوه، پرۆژەی یاریی منداڵان و سەوزایی و کۆشکی لە چاوگ بە بڕی ٩٢٥٠٠٠٠٠٠ ملیۆن جێبەجێکردووە.
خورماڵ
بەهۆی بوونی قەڵاو شورای کۆنی خورماڵ و سەرچاوەی ئاوی گەنجان و گەڕاوی خورماڵ(کە چارەسەرێکی سروشتی نەخۆشییەکانە)، مزگەوتی گەورەی دێرینی خورماڵ(کە بۆ سەدەی یەکەمی کۆچی و خولەفای ڕاشیدی دەگەڕێتەوە)، هەموو ئەم هۆکارانە وایانکردووه، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە سنوری شارۆچکەی خورماڵ بە ناوچەیەکی گەشتیاری بژمێررێت. بێجگە لەمانەش شاخەکانی دەوروبەری شوێنی سەوزبوونی دەیان جۆری گیای سروشتین و دەهێنرێنە بازاڕەکەی و خواستێکی زۆریان لەسەرە. بە هەزاران هاوڵاتی لە وەرزی بەهاردا ڕووی لێ دەکەن و سەردانیدەکەن.
عەبابەیلێ
کەوتووەتە بەردەم گوندی (عەبابەیلێ) و سێ کیلۆمەتر لە هەڵەبجەوە دوورە. دارستانی چڕوپڕ و گۆرستانی کۆن و مەرقەدی عەبابەیلێ و گۆڕی ناودارانی وەک جافرسان و عادیلەخان و ئەحمەد موختار و تاهر بەگی جاف و چەندین مەلاو ناوداری تری تیدایە. لەبەرئەوە گەشتیاری زۆر ڕووی لێدەکەن و لەبەر نزیکیی ناوچەکە لە هەڵەبجەوە، خەڵکی لە زۆربەی وەرزەکاندا ڕووی لێدەکەن. چەند ساڵێک مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەوێ کراوەتەوە و سێ ڤێستیڤاڵی جەماوەری بە ناونیشانی (مەیلێ بۆ عەواوەیلێ)ی تێدا سازدراوە.
دەریاچەی سیروان
بەشێکی گرنگی ناوچەی گەشتاریی ئاوییە لە پارێزگای هەڵەبجە. بەشەکەی خۆرهەڵاتی دەریاچەی دەربەندیخان دەگرێتەوە و بە سیروان ناسراوە. ١٠کم لە خۆرئاوای شاری هەڵەبجەیە. بەهۆی بوونی بەلەم و ماتۆڕێکی زۆری گەشتیارییەوە لە بەهار و هاویندا خەڵکی ڕووی تێدەکەن و چێژ لە گەشتی نێو ئاو و بینینی دیمەنی باڵدار و مەلەکانی دەوروبەری وەردەگرن. بەو هۆیەوە لە ڕێبەری گەشتوگوزاریی هەڵەبجەدا بە ناوچەی گەشتیاری ژمێرراوە.
نەورۆڵی
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجە، ناوچەیەکی فراوانە و کۆمەڵیک گوندی لەسەرە. بە چەند چیایەکی وەک (باڵامبۆ، نوەر) دەورەدراوە. شوێنی ژیانکردنی چەندین ناوداری وەک مەولەوی و کاک ئەحمەدی پریس و زانایانی مەدرەسەی نێرگزەجاڕ و پریس بووە. چەندین شوێنەواری مێژوویی دەکەونە ناوچەکەوە، وەک گردی بەکراوا، قەڵای گوندە. چەندین ڕوداوی گرنگ تێیدا ئاڕاستەکراون، وەک پەلاماری عومەر پاشای سەردار بۆ چەک داماڵینی حەمەپاشای جاف و سوتانی چرۆستانە. ئیدمۆندز پێیوتووە دۆڵی خۆشبەختەکان. لە بەهاراندا سەردانیکەری زۆرە و لەم ساڵانەدا لەڕێگەی سازدانی ڤیستیڤألی هونەری و کلتوریی نەورۆڵییەوە، زیاتر دەرکەوتووە و ئەگەر چەند خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی گەشتیاری تێدا ئەنجامبدرێت، گەشتیاری زۆرتر ڕووی لێدەکەن.